سه‌رما كـۆبوونه‌وه‌ی‌ سیاسییه‌كانی‌ سڕ نه‌كردووه‌
«چیتر كوردـتان، به‌رگه‌ی پۆستگۆڕین ناگرێت، ده‌بێ هه‌وڵی‌ گۆڕانكاری له‌سیاسه‌تدا بدرێت» سه‌رما كـۆبوونه‌وه‌ی‌ سیاسییه‌كانی‌ سڕ نه‌كردووه‌ ‌ 10/2/2017
میرۆس مه‌نسور:
به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و كه‌شو هه‌وا سارد‌و زستانه‌ سه‌خته‌ پڕ به‌سته‌ڵه‌ك‌و سه‌هۆڵ به‌ندانه‌ی‌ باشووری‌ كوردستانی‌ گرتۆته‌وه‌ له‌م دوو هه‌فته‌یه‌ی‌ دواییدا، جمجۆڵی‌ سیاسی‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ دروستكردنی‌ سازانی‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ ئه‌و به‌شه‌ی‌ كوردستان هه‌یه‌ بۆ تێپه‌راندنی‌ ئه‌و قه‌یرانانه‌ی‌ له‌ نموونه‌ی‌ دارایی‌ و متمانه‌ی‌ نێوان لایه‌نه‌كان پتر له‌ دوو ساڵه‌ له‌ ئارادان، گه‌رموگڕییه‌كی‌ زۆرتری‌ پێوه‌ دیاره‌ به‌ به‌راورد به‌ دوو مانگی‌ رابردوو.
هه‌ر له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م دوو هه‌فته‌یه‌دا، چه‌ندین دیداری‌ سیاسیه‌كان له‌ ئاستی‌ باڵای‌ حیزبه‌ گه‌وره‌‌و بچووكه‌كان هه‌بووه‌، سه‌رباری‌ كۆبوونه‌وه‌ ره‌سمییه‌كانیش سیاسه‌تكار‌و سه‌ركرده‌ حیزبییه‌كان بۆنه‌ نیشتمانی‌‌و نه‌ته‌وه‌یی‌ و حیزبییه‌كانیش ده‌قۆزنه‌وه‌ بۆ باسكردن له‌ چاره‌سه‌ر كردنی‌ قه‌یرانه‌كانی‌ هه‌رێم‌و مه‌سه‌له‌ی‌ تێپه‌راندنی‌ قۆناغی‌ چه‌قبه‌ستووی‌ لێكتراوانی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان‌و سست بوونی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌‌و ئیداری‌ له‌م هه‌رێمه‌دا. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك هێزی‌ سیاسی‌ له‌ نموونه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان پرۆژه‌ی‌ هه‌یه‌ بۆ تێپه‌راندنی‌ قۆناغی‌ ئێستا.

یه‌كگرتوو: حه‌قی موتڵه‌ق لای كه‌س نییه‌
ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ «حكومه‌تی هه‌رێم فه‌شه‌لی هێناوه‌ له‌ زۆر بواردا.» هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانیش به‌ به‌شدار ده‌زانێت له‌ خولقاندنی‌ ئه‌م دۆخه‌ی‌ ئێستا «هه‌مومان به‌شدارین له‌ دروست كردنی ئه‌م دۆخه‌‌و ده‌بێت هه‌ر ئێمه‌ش چاره‌سه‌ری بكه‌ین».
سه‌لاحه‌دین به‌هادین، سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ ساڵیادی راگه‌یاندنی حیزبه‌كه‌یدا، گفتوگۆیه‌كی كراوی‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ رۆشنبیران‌و میدیاكارانی‌ كوردستان ساز كرد. له‌وێدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ كاتی هاتووه‌ ناكۆكیه‌كانی لایه‌نه‌كانی كوردستان بوه‌ستێت. پێویسته‌ گشت لایه‌نه‌كان به‌ زوترین كات له‌گه‌ڵ یه‌ك هاوكار بن بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی وڵات.»هه‌مومان به‌شدارین له‌ دروست كردنی ئه‌م دۆخه‌ ده‌بێت هه‌رئێمه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ین. حه‌قی موتڵه‌ق لای كه‌س نییه‌ و باتلی موتله‌قیش لای كه‌س نییه‌.».

پارتی‌ حیزبی‌ شیوعی‌ راده‌سپێرێت
به‌ گوێره‌ی‌ لێدوانی‌ ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی (رێگا) رایگه‌یاند: داوامان له‌حزبی شیوعی كردوه‌ له‌م قۆناغه‌دا كه‌ په‌رته‌وازه‌یی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه‌، هه‌مان رۆڵی هه‌بێت كه‌ له‌شه‌ڕی ناوخۆدا رۆڵی ئاشته‌وایی و لێكنزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی بینی‌و په‌رته‌وازییه‌كه‌ كه‌متر بكاته‌وه‌».
له‌ پاش ئه‌و داوایه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌،  وه‌فدێكی حزبی شیوعی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.كاوه‌ مه‌حمود، سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی كوردستان، سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی‌ كردو له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی‌ كارگێری‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ كۆبوونه‌وه‌. 
به‌ بڕوای‌ سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی كوردستان: به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ئارادایه‌ چیتر كوردستان، به‌رگه‌ی پۆستگۆڕین ناگرێت، به‌ڵكو ده‌بێ هه‌وڵبدرێت گۆڕانكاری له‌سیاسه‌تدا بكرێت‌و سیستمی كوردستان به‌دامه‌زراوه‌یی بكرێت. 
هه‌ر په‌یوه‌ست به‌ دید‌و بۆچوون‌و كۆششه‌كانی‌ حیزبی‌ شیوعی‌ كوردستان، رۆژی‌ 2ی‌ ئه‌م مانگه‌ سكرتێری‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ حیزبه‌كه‌ ل كۆڕێكدا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ میدیاكاران‌و رۆشه‌نبیرو هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك كادیره‌ حیزبه‌كه‌ش ئاماده‌یبوون، دید‌و بۆچوونی‌ حیزبی‌ شیوعی‌ كوردستانی‌ له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ ئێستای‌ كوردستان‌و ته‌نگژه‌ سیاسی‌‌و ئابورییه‌كانی‌ هه‌رێم خسته‌ روو.
كۆڕه‌كه‌ كه‌شوهه‌وای‌ دوای‌ گۆنگره‌ی‌ نوێی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ پێوه‌ دیار بوو، د. كاوه‌ مه‌حمود زۆتر باسه‌كه‌ی‌ ته‌رخان كردبوو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ دۆخی‌ قه‌یراناوی‌ هه‌رێم‌و ده‌رهاویشه‌‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ ئه‌و دۆخه‌‌و ئاسۆی‌ چاره‌سه‌ربوون. دووپاتی‌ كرده‌وه‌ كه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ هانی‌ دیالۆگی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌دات له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هاوڵاتی‌‌و ره‌زامه‌ندی‌ لاینه‌كانیش بێت به‌ گشتی‌.

پرۆژه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ شیوعیدا،  مه‌لا به‌ختیار؛ زانیاریی له‌باره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ هه‌شت خاڵییه‌ خسته‌ڕوو، كه‌ یه‌كێتی؛ له‌پێناوی گفتوگۆو گه‌یشتن به‌سه‌ره‌نجامێك خستوویه‌تییه‌ڕوو، راشیگه‌یاند: یه‌كێتی؛ هه‌تا ساغبوونه‌وه‌ی هه‌موو جومگه‌كان، به‌عه‌قڵانی‌و به‌ئارامی گفتوگۆده‌كات‌و «به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش یه‌كێتی؛ ناچێته‌ ژێرباری هیچ رێككه‌وتنێكی ناهاوسه‌نگ.»به‌و پێیه‌ی‌ وه‌ك ئه‌و وتی‌: یه‌كێتی له‌سیاسه‌تدا مۆراڵی هه‌یه‌و له‌هاوكێشه‌كان‌و له‌سیاسه‌تیش هه‌مه‌لایه‌نه‌ بیرده‌كاته‌وه‌‌و به‌كارو كاردانه‌وه‌ هه‌ڵوێست وه‌رناگرێت، ئه‌وه‌ش به‌و ئامانجه‌ی رێككه‌وتنێكی گشتی له‌كوردستاندا به‌دیبێت‌.

سۆسیالیست: كێشه‌كان له‌سه‌ره‌وه‌ن
هه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه‌، وه‌فدێكی حزبی سۆسیالیستی كوردستان، كه‌ محه‌مه‌دی‌ حاجی‌ مه‌حمود سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرد سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسیی  یه‌كێتی‌ كرد به‌ مه‌به‌ستی‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دۆخی ناوخۆی كوردستان‌و گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ری كێشه‌و قه‌یرانه‌كان‌و تێپه‌ڕاندنی قۆناغی ئێستا.
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود؛ له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ وتی: ئه‌وه‌ی پێمانبكرێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كان، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌و پارتی؛ وه‌ك دوو هێزی بنه‌ڕه‌تی، ده‌یكه‌ین‌و ئاماده‌ین هاوكارتان بین.
به‌ بڕوا‌و بۆچوونی‌ سكرتێری‌ سۆسیالیست «كێشه‌كانی كوردستان له‌ناو خه‌ڵكدا نین، به‌ڵكو له‌سه‌ره‌وه‌یه‌و كێشه‌كانیش سیاسین نه‌ك ئایدۆلۆژی‌و له‌نێوان كه‌سایه‌تیی حزبه‌كان‌و هه‌ندێك له‌حزبه‌كاندایه‌‌. محه‌مه‌دی‌ حاجی‌ مه‌حمود ئه‌ركی‌ ئێستای‌ سیاسه‌تكاران‌و سه‌ركرده‌كانی‌ كوردستان له‌وه‌دا ده‌بینته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌رێك رێكبكه‌ون بۆ ده‌رباز بوون له‌ كێشه‌‌و قه‌یرانه‌كانی‌ هه‌رێم‌و تێپه‌راندنی‌ ئه‌و قۆناغه‌. 

یه‌كێتی‌ چاره‌سه‌ری‌ كاتی‌ ناوێت
مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی ده‌ڵێ‌: یه‌كێتی‌ نیشتمانیی‌ له‌پێناوی چاره‌سه‌رێكی ستراتیجی له‌كوردستاندا، له‌ڕه‌هه‌ندی ستراتجییه‌وه‌ له‌ڕووداوه‌كان ده‌ڕوانێت، له‌پێناوی گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ریش ئاماده‌ی رێككه‌وتنین به‌مه‌رج.
مه‌رجه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وه‌یه‌ «له‌نێوان سلێمانی‌و هه‌ولێر، هاوسه‌نگی هه‌بێت، له‌نێوان پارتی‌و یه‌كێتی‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، چاره‌سه‌رمان ده‌وێت، نه‌ك قوڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان.»
د. كاوه‌ مه‌حمود، سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی كوردستان: له‌باره‌ی كێشه‌كان‌و چۆنێتی چاره‌سه‌ریان له‌كوردستان‌و له‌به‌غدا ده‌ڵێ‌: هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ركردنی مه‌ترسییه‌كان په‌یوه‌ندیی به‌یه‌كتره‌وه‌ هه‌یه‌و ناكرێت به‌داماڵراوی ته‌نها سه‌یری یه‌كێك له‌پرسه‌كان بكه‌ین. چ قه‌یرانی سیاسی، یان ئابووری، یان نه‌وت‌و غاز، یان بنیاتنانی دیموكراسی له‌ناو خۆماندا.
سه‌لاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری‌ یه‌كگرتوو ده‌ڵێ‌: خه‌می‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ نه‌كرێته‌ كێشه‌یه‌كیتر و وه‌ك و فریشته‌ سه‌یری خۆمان نه‌كه‌ین و به‌رامبه‌ره‌كه‌شمان شه‌یتان بێت، به‌ڵكو هه‌مومان له‌و گۆڕه‌پانه‌ ده‌ژین و ده‌بێت هه‌موشمان به‌شداربین له‌چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ی له‌ گۆڕه‌بانه‌كه‌ ده‌گوزه‌رێت.
ته‌رح‌و پرۆژه‌ و هه‌وڵه‌كان زۆر‌و جیاوازن له‌ رووی‌ تێروانین‌و خاوه‌ن‌و چۆنیه‌تییه‌وه‌، به‌ڵام ئامانجی‌ گشتی‌ هه‌مووان له‌ یه‌ك خاڵدا یه‌كانگیر ده‌بێت، كه‌ ده‌رباز كردنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌ له‌و قه‌یرانه‌ ئابووری‌، سیاسی‌، ئیدارییه‌ی‌ پتر له‌ دوو ساڵه‌ تا دێ‌ قورسایی‌ سه‌ر شانی‌ هاوڵاتی‌ له‌م هه‌رێمه‌دا قورسترن ده‌كه‌ن‌و ژیان له‌ سستبوونه‌وه‌ به‌ره‌و سستتر بوون ده‌به‌ن. له‌ تێكڕای‌ باسوخواسی‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ قه‌یرانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ سیاسییه‌ له‌ كێشمه‌‌و نه‌گونجانی‌ نێوان چه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌‌و دروست بوونی‌ سازان‌و ئاشته‌وایی‌ نه‌گونجاوه‌كان چاره‌سه‌ر بوونی‌ هه‌موو قه‌یرانه‌كانی‌ دیكه‌ مسۆگه‌ر ده‌كات، ئه‌وه‌ هیواكان به‌ ئاسۆی‌ روونی‌ چاره‌سه‌ر كه‌م ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كه‌ تا ئه‌م چركه‌ساته‌ به‌ مه‌رجه‌وه‌ باس له‌ ده‌ستبردن بۆ گرێ‌ كوێره‌كان ده‌كه‌ن. به‌مه‌ش هه‌تا ئه‌وان ده‌ست به‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و گرێیانه‌ ده‌كه‌ن خه‌ڵكی‌ هه‌رێمه‌كه‌ له‌ مووچه‌خۆری‌ ئاساییه‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ی‌ له‌ ئاستی‌ ئه‌وپه‌ری‌ خۆشگوزه‌رانیدا بوون باجی‌ ئه‌و مه‌رجكارییه‌ ده‌ده‌ن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7276
25/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 25/5/2017
‌ ته‌نیا هه‌نگاوی كۆتایی ماوه‌ 25/5/2017
زانست
‌ بیری یاقوب چاڵێكی ده‌م كراوه‌ له‌ ته‌كساس 25/5/2017
‌ هۆكاری سێیه‌كی مردنی مرۆڤ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 25/5/2017
‌ دایكێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ ٣٨ منداڵی هه‌یه‌ 25/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP