ئه‌حمه‌د تورك بۆ مام جه‌لال: خه‌باتی ئێوه‌ له‌پێناوی ئازادی‌و داهاتووی گه‌له‌كه‌مان بۆته‌ رۆشنكه‌ره‌وه‌ی رێگای ئێمه‌
باكوور هه‌ر چاوی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌ی به‌ڕێزتانه‌ ئه‌حمه‌د تورك بۆ مام جه‌لال: خه‌باتی ئێوه‌ له‌پێناوی ئازادی‌و داهاتووی گه‌له‌كه‌مان بۆته‌ رۆشنكه‌ره‌وه‌ی رێگای ئێمه‌ ‌ 12/2/2017
یه‌كه‌ی راپۆرت‌و هه‌واڵ
كوردانی باكوور به‌ئومێده‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال؛ له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردۆوه‌ خستنییه‌گه‌ڕ بۆ داڕشتنی بناغه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كوردو ده‌وڵه‌تی توركیا‌و هێشتاش ئه‌و هه‌وڵانه‌ وه‌ك بناغه‌و نه‌خشه‌ڕێی چاره‌سه‌ریی؛ لێی ده‌ڕوانرێت، به‌وپێیه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا سه‌رۆك مام جه‌لال؛ توانی هه‌ردوو لایه‌نی كێشه‌كه‌ بخاته‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی، كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چه‌ند بخایه‌نێت، دواجار چاره‌سه‌ركردنی ده‌بێت هه‌ر په‌نا بۆ رێگه‌ی دیالۆگ‌و لێكتێگه‌یشتن ببرێت. له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر به‌ره‌وپێشچوون‌و پاشه‌كشه‌یه‌كی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ریی نێوان كوردانی باكوور‌و ده‌وڵه‌تی توركیا، هه‌ر وه‌فدێكی پارته‌ كوردییه‌كان‌و رووناكبیرانی باكووری كوردستان، كه‌ له‌ماوه‌كانی رابردوودا سه‌ردانی باشووریان كردووه‌، ته‌ئكیدیان له‌پێویستیی ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ كردۆته‌وه‌، كه‌ ئه‌ندازیاره‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال-ه‌و له‌حزووری خۆیدا‌و له‌بۆنه‌ جیاجیاكاندا ئاماژه‌یان به‌و رۆڵه‌ گرنگه‌ی ئه‌و كردووه‌.

مام جه‌لال-ی كورد
نوێترین لێدوان سه‌باره‌ت به‌گرنگیی ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌و ئه‌و رۆڵه‌ گرنگه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال؛ له‌و نامه‌یه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، كه‌ ئه‌حمه‌د تورك هاوسه‌رۆكی گه‌وره‌ شاره‌وانیی ماردین دوای ئازادبوونی له‌زیندان له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال-ی كردووه‌. له‌به‌شێكی نامه‌كه‌یدا ئه‌حمه‌د تورك به‌ده‌سته‌واژه‌ی «به‌نرخ‌و گه‌وره‌م مام جه‌لال-ی كورد» ده‌ستیپێكردووه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌م قۆناغه‌دا چه‌نده‌ پێویستیان به‌ خه‌باتی شه‌ست ساڵه‌ی به‌ڕێزیان هه‌یه‌ له‌پێناوی ئازادی‌و داهاتووی گه‌له‌كه‌ماندا، كه‌ بۆته‌ رووناكییه‌ك‌و رێگای ئه‌وانی رۆشنكردۆته‌وه‌.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه‌ كه‌ هه‌موو كوردێك ده‌زانێت رۆڵی رابه‌رایه‌تیی مام جه‌لال چه‌نده‌ گرنگه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا، هه‌روه‌ها نووسیوێتی: «چ گه‌لی كورد‌و چ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌وه‌ ده‌زانن، كه‌ له‌ئه‌نجامی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی 1993 كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیادا كردتان، هه‌موو لایه‌نه‌كانتان ئاراسته‌كرد بۆ ئاگربه‌ست».

رابه‌رایه‌تیمان بكه‌ن‌و هاوكارمان بن
له‌كۆتاییشدا نووسیوێتی: «ئه‌گه‌رچی ده‌زانم دۆخی ته‌ندروستیتان بواری ئه‌وه‌تان پێنادات، كه‌ سیاسه‌تی چالاكانه‌ ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بوونتان گه‌رموگوڕیمان پێ ده‌به‌خشێت، بۆیه‌ له‌خوا ده‌پاڕێمه‌وه‌ ته‌ندروستیتان باش بێت‌و رابه‌رایه‌تیمان بكه‌ن‌و هاوكارمان بن له‌ دانی بڕیاری دروستدا».
ناردنی ئه‌م نامه‌یه‌ی ئه‌حمه‌د تورك له‌كاتێكدایه‌، كه‌ به‌بۆنه‌ی ئازادبوونییه‌وه‌ له‌زیندانی ده‌وڵه‌تی توركیا، وه‌فدێكی یه‌كێتی به‌سه‌رۆكایه‌تیی به‌هرۆز گه‌ڵاڵی نوێنه‌ری ی.ن.ك له‌ئه‌نقه‌ره‌، سه‌ردانیان كردبوو.

گه‌شبینی به‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی 
پڕۆسه‌ی ئاشتی
له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌‌و پێشبینییه‌كانیشی بۆ ئه‌گه‌ری ئازادبوونی په‌رله‌مانتاران‌و سه‌رۆك شاره‌وانی‌و سه‌ركرده‌و چالاكوانه‌ كورده‌كانی دیكه‌ی باكوور، له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستانی نوێ، به‌هرۆز گه‌ڵاڵی رایگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی رۆژی هه‌ینیی رابردوو 3/2/2017 ئه‌حمه‌د تورك ئازادكراوه‌، بۆ رۆژی دواتر سه‌ردانی كردووه‌و به‌ناوی سه‌رۆك مام جه‌لال‌و هه‌ڤاڵان كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د‌و مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی، سڵاوی پێ گه‌یاندووه‌.
له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌شدا كه‌ ئاخۆ ده‌شێت ئازادكردنی ئه‌حمه‌د تورك، ئازادكردنی په‌رله‌مانتاران‌و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ كورده‌كانی دیكه‌شی به‌دوادابێت، به‌هرۆز گه‌ڵاڵی؛ وتوویه‌تی: «ئومێدده‌كه‌ین‌و گه‌شبینین به‌وه‌ی له‌دوای ئه‌و ریفراندۆمه‌ی، كه‌ بڕیاره‌ مانگی نیسان له‌توركیا به‌ڕێوه‌بچێت، دۆخی ئه‌و وڵاته‌ هێورببێته‌وه‌و پڕۆسه‌ی ئاشتی‌و چاره‌سه‌رییش به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ده‌ستپێبكاته‌وه‌و ئه‌وانی دیكه‌ش ئازادبكرێن».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7252
27/4/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 27/4/2017
‌ نهێنی ئاهه‌نگێڕانه‌كه‌ی میسی ئاشكرابوو 27/4/2017
زانست
‌ جیهانێكی نهێنی به‌كتریا له‌ گه‌رماوه‌كاندا 27/4/2017
‌ چۆن بیابان له‌ ئه‌فریقا سه‌ریهه‌ڵداوه‌؟ 27/4/2017
‌ چین..ڕووبارێك له‌ ئاڵتوون دۆزرایه‌وه‌ 27/4/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP