هه‌موو كوردێك زۆر باش ده‌زانێت‌و ده‌بینێت كه‌ رابه‌رایه‌تیتان چه‌نده‌ گرنگه
ئه‌حمه‌د تورك له‌نامه‌یه‌كدا بۆ سه‌رۆك مام جه‌لال: هه‌موو كوردێك زۆر باش ده‌زانێت‌و ده‌بینێت كه‌ رابه‌رایه‌تیتان چه‌نده‌ گرنگه ‌ 12/2/2017
له‌نامه‌یه‌كدا بۆ سه‌رۆك مام جه‌لال؛ ئه‌حمه‌د تورك سیاسه‌تمه‌داری ناسراوی كورد، گرنگیی رۆڵ‌و پێویستیی به‌ڕێزیانی دووپاتكردۆته‌وه‌ له‌پڕۆسه‌ی سیاسی‌و ئاشتی‌و دیموكراسیدا، هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێزیشیانی به‌گرنگ وه‌سفكردووه‌ له‌ئاشتبوونه‌وه‌و دیالۆگ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌قی نامه‌كه‌یه‌:

به‌نرخ‌و گه‌وره‌م مام جه‌لال-ی میلله‌تی كورد دۆستی دێرینی خۆم
له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه‌ به‌قۆناغێكی مێژووییدا تێده‌په‌ڕین، ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م كه‌ ئێوه‌ چه‌نده‌ پێویستن‌. خه‌بات‌و به‌رگریی 60 ساڵه‌ی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌تان له‌پێناو ماف‌و ئازادیی، له‌پێناو داهاتووی ئازادیی گه‌له‌كه‌مان، هه‌میشه‌ بۆ ئێمه‌ دره‌وشاوه‌یه‌‌و رێگامانی رووناك كردۆته‌وه‌. وه‌ك ئه‌و به‌ڵێنه‌ی له‌كاتی دامه‌زراندنی كۆماری مه‌هاباتدا درا، له‌سه‌رده‌می سیاسه‌تی ئه‌مڕۆشمان هه‌مان یه‌كگرتوویی‌و پێكه‌وه‌یی زۆر پێویسته‌و له‌م نێوه‌نده‌شدا شوێنتان ئه‌وه‌نده‌ گرنگ‌و پڕبایه‌خه‌، كه‌ ناتوانرێت پڕبكرێته‌وه‌.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا، كه‌ له‌جوگرافیاكه‌ماندا گۆڕان‌و وه‌رچه‌رخانه‌كان بوونه‌ ده‌رفه‌تێكی مسۆگه‌رو له‌ده‌ستنه‌چوو، له‌هه‌مانكاتدا پشێوی روویداوه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتی گرنگ به‌ده‌ستهاتووه‌ بۆ بنیاتنانی داهاتووی خه‌باتی ماف‌و ئازادییه‌كانمان‌و دیموكراسی، بۆ ئه‌وه‌ش باجی زۆر دراوه‌، هه‌موو كوردێك زۆر باش ده‌زانێت‌و ده‌بینێت كه‌ رابه‌رایه‌تیتان چه‌نده‌ گرنگه‌. گه‌لی كوردو كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی ده‌زانن كه‌ له‌ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانتان له‌ساڵی 1993دا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیادا، لایه‌نه‌كانتان ئاڕاسته‌كرد بۆ ئاگربه‌ست. له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ پێویستن‌ بۆ ده‌سته‌به‌ری یه‌كگرتوویی له‌نێوان كورداندا، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ هاوكارییه‌كانتان بۆ ئاشتی‌و یه‌كگرتوویی له‌هه‌موو سه‌رده‌مێكدا بۆته‌ رووناكی بۆ ئێمه‌.
ده‌زانم كه‌ به‌هۆی كێشه‌ی ته‌ندروستیتانه‌وه‌ ناتوانن سیاسه‌تی چالاك ئه‌نجامبده‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ بوونتان هێزو گه‌رموگوڕیمان پێده‌به‌خشێت. ئومێده‌وارم‌و له‌خوا ده‌پاڕێمه‌وه‌ ته‌ندروستیتان باش بێت؛ رابه‌رایه‌تیمان بكه‌ن‌و هاوكارمانبن له‌بڕیاردانی دروستدا. به‌ر به‌جه‌نگ‌و گروپ گروپێنه‌ ناگیرێت‌‌و له‌مكاته‌دا، كه‌ گه‌یشتۆته‌ توندترین ئاست، یه‌كگرتوویی هێزو زمانی ئاشتی له‌هه‌موو كات زیاتر به‌هادارتره‌.
زۆر خوازیارم دووباره‌ بتانبینمه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌م له‌وڵات له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌كراوه‌، چانسی ئه‌وه‌م نییه‌ ئێوه‌ی گه‌وره‌و به‌ڕێزم له‌ئامێزبگرم. ره‌نگه‌ له‌داهاتوودا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ رێكبكه‌وێت‌و خه‌مم بڕه‌وێته‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی رێزمدا

برای خۆت
ئه‌حمه‌د تورك
مێردین 8/2/2017


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7228
30/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌رازیل یه‌كه‌مین هه‌ڵبژارده‌ی مۆندیالی روسیایه‌ 30/3/2017
‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌رده‌وامه‌ 30/3/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مۆنالیزا زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كات؟ 29/3/2017
‌ سه‌وزه‌مه‌نی له‌ جه‌مسه‌ری باكوور 29/3/2017
‌ ماره‌ قاوه‌ییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر دوورگه‌یه‌كی ئۆقیانووسی هێمن 29/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP