لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ داوای پێكـــهـێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كه‌ن
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ داوای پێكـــهـێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كه‌ن ‌ راپۆرتی، تارق كه‌مال‌ 14/2/2017
دوو ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌  هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ كرد به‌ پارێزگا، به‌ڵام تائێستا بڕیاری پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌، خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیش داوای هه‌رچی زووتر جێ به‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌كه‌ن.

گرفتەکان
له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كراون، به‌ڵام بێ ئه‌نجام بووه‌‌.
ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ رایگه‌یاند: رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌ن سیاسییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ هۆكاری‌ پێكنه‌هێنانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئه‌و پارێزگایه‌یه‌، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پارتی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شداریی سیاسی نه‌كردووه‌، ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد، نوسراوی‌ تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی‌ هه‌یكه‌لی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نێردراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌وانیش نوسراویان كردووه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و ئه‌وه‌یان نووسیوه‌ كه‌ «ناوه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌مان بۆ ناردن به‌بێ پارتی، ئه‌وه‌ش مانای وایه‌ نوسراوه‌كه‌ جێبه‌جێ مه‌كه‌ن».
ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری وتی:» ئه‌و جێگه‌یانه‌ی بڕیاری لێده‌درێت پارتین، بۆیه‌ كاره‌كان راگیراون، برایانی پارتی خۆیان به‌شداری ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ناكه‌ن، به‌پێی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن پارتی سێ كورسیان به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام داوای چوار كورسی ده‌كه‌ن.

هیچ بیانوویه‌ك نییه‌ بۆ دواخستنی‌ ئه‌نجومه‌ن
سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌، حه‌سه‌ن عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی‌و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان وتی: به‌داخه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌یوتوانیوه‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن بخاته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌   هه‌نگاوه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌ پێكهێنانی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌ سستی‌ به‌ڕێوه‌بچن، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هیچ بیانوویه‌ك نییه‌ بۆ دواخستنی دروستبوونی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، جگه‌ له‌ململانێی سیاسی.‌ وتیشی‌: بۆ ئه‌و پرسه‌ تا ئێستا 35 كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی‌ كردووه‌، ئه‌وان ته‌نیا یه‌ك قسه‌ ئه‌كه‌ن، كه‌ ئه‌ڵێن: پارتی ده‌بوو له‌وه‌ گه‌وره‌تربێـت كه‌ دامابێت بۆ یه‌ك كورسیی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ جه‌ماوه‌ری پارتی به‌و هه‌نگاوه‌ی لقی هه‌ڵه‌بجه‌یان نیگه‌رانن، وتیشی: ره‌خنه‌شم له‌یه‌كێتیی ئه‌وه‌یه‌ با له‌گه‌ڵ پارتی رێكبكه‌وێت له‌به‌ر خاتری هه‌ڵه‌بجه‌، كاك قوباد-یش سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌یه‌‌و ده‌كرێت بێتە لامان‌و كێشه‌كانمان بۆ یه‌كلابكاته‌وه‌. 
هۆکارەکان
نزار مه‌حمود باژێروانی مه‌كۆی گۆڕان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، رایگه‌یاند هۆكاری‌ پێكنه‌هێنانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی له‌ناو رێكه‌وتنه‌كه‌دا نییه‌، داوای ئیستحقاقی زیاتر له‌وه‌ی خۆی ده‌كات‌و ئه‌و نوسراوانه‌ی كراوه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵه‌بجه‌ راگیراوه‌‌و په‌كخراوه‌،  وتیشی: پارتی ده‌یه‌وێت وه‌ك ئێمه‌و یه‌كێتی كورسی هه‌بێت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئێمه‌‌و یه‌كێتی دوو ئه‌وه‌نده‌ی پارتی ده‌نگمان هێناوه‌، هه‌روه‌ها تا ئێستاش كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران پێكهێنراوه‌، بۆیه‌ داوامان كردووه‌ كاك قوباد ببینین.
یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كاره‌ ئیدارییه‌كان
سدیق ئه‌حمه‌د لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی‌: داوامان له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ به‌ تایبه‌ت جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، ببینین بۆ كۆبوونه‌وه‌‌و یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كاره‌ ئیدارییه‌كان، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌زانین بریتییه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ نوسراوه‌كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی برایانی پارتی به‌شدارنین، بۆیه‌ كاره‌كان به‌ڕێناكرێت.

قوباد تاڵه‌بانی په‌یامێك ئاڕاسته‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات
لەلایەکی دیکەوە لەچەند رۆژی رابردوودا، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی‌ ئاراسته‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كرد به‌بۆنه‌ی یادی دوو ساڵه‌ی ده‌رچوونی بڕیاری بوون به‌پارێزگایه‌وه‌، کە تێیدا هاتووە: ئه‌مڕۆ دوو ساڵ به‌سه‌ر بڕیاره‌ گرنگه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یوه‌ست به‌ په‌سه‌ندكردنی یاسای ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، تێده‌په‌ڕێت. به‌ شانازییه‌وه‌، یه‌كێك له‌ شه‌ره‌فه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی ئێمه‌ وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌ردێكمان له‌سه‌ر به‌ردی بناغه‌ی به‌ پارێزگا بوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید دانا.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە وه‌ك هه‌میشه‌ ده‌یڵێنه‌وه‌و جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ كه‌سوكارمان له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی پایته‌ختی ئاشتی، كه‌ به‌رده‌وام ده‌بین‌و هه‌موو توانایه‌كی خۆمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ له‌ پێناو زیاتر كاراكردنی ته‌واوی دامووده‌زگا حكومییه‌كان له‌و پارێزگایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سیمای یاسایی‌و شایسته‌ی خۆی وه‌ر بگرێت وه‌ك پارێزگایه‌ك..
مێژووی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدو كه‌سوكاره‌كه‌مان له‌و پارێزگایه‌، ناسراوه‌ له‌ ئاستێكی پایه‌ بڵند له‌ قوربانیدان، ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ هێشتا ئه‌وه‌ی كراوه‌ له‌ ئاستی چاوه‌روانیدا نییه‌، ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ زۆرترو زیاتری بۆ بكه‌ین تا ده‌گاته‌ ئاستی شایسته‌ی دانیشتوانیی كه‌ من پێم وایه‌ هه‌رچییه‌ك بكرێت هه‌ر كه‌مه‌و له‌ ئاستی گیانفیدایی‌و قوربانیدانیدا نییه‌.

گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا به‌رده‌وامه‌
هاوكات ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر لێپرسراوانی‌ یه‌كه‌می‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و ئه‌ندامانی‌ پێشنیازكراوی‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ جگه‌ له‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی كۆبوونه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنی‌ دواكه‌وتنی‌ پێكهێنانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌، نوێنەری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش رایگه‌یاند: مه‌به‌ست له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ فشار دروستكردنه‌ بۆسه‌ر حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ زوویی بڕیار له‌ ده‌ستبه‌كاربوونی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بدات. 
له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌ییدا ئه‌ندامانی‌ پێشنیازكراو بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا هه‌ڵه‌بجه‌ یاداشتێكیان ئاراسته‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كردو رایانگه‌یاند: ئه‌ندامانی‌ پێشنیازكراو به‌ مووچه‌ی‌ ئێستای‌ خۆیانه‌وه‌ ئاماده‌ن بۆ راپه‌ڕاندنی‌ كاره‌كان، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بوونی‌ ئه‌نجومه‌ن گرفتێكی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو.

له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌ییه‌دا ده‌قی‌ یاداشتی‌ ئه‌ندامانی‌ پێشنیازكراوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ خوێنرایه‌وه‌ كه‌ تێیدا هاتبوو:»ئێمه‌ وه‌ك ئه‌ندامانی‌ پێشنیازكراو بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وێڕای‌ گلله‌یی‌و نیگه‌رانیمان له‌ سست به‌ڕێوه‌چوونی‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ته‌واوكردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ دروستكردنی‌ پارێزگا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ پارێزگاكه‌مان رایده‌گه‌یه‌نین: ئێمه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ چاومان بڕیبێته‌ پۆست‌و پله‌و ئیمتیازات، ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ چاوه‌ڕێی ئیمزاكردنی‌ تۆماری‌ ناوه‌كانین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ خزمه‌تی‌ پارێزگاكه‌مان بكه‌ین‌و پڕۆسه‌ی‌ دروستكردنی‌ پارێزگاكه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر رێڕه‌وی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌.
هه‌روه‌ها نیگه‌رانی‌ خۆشیان له‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌ كه‌ ئێستا ئه‌و كارانه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ ئه‌نجومه‌نه‌وه‌، یان له‌ بۆشیدان یان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن.
له‌كۆتایی یاداشته‌كه‌یاندا ئه‌ندامانی‌ پێشنیازكراوی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌ڵێن: «به‌ هێشتنه‌وه‌ی‌ ئه‌م دۆخه‌ی‌ پارێزگاكه‌ به‌ تایبه‌ت نه‌بوونی‌ ئه‌نجومه‌ن وا ده‌كات كه‌ ئێمه‌ نائاماده‌بین له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ پارێزگاكاندا، وه‌ك پارێزگایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ بچینه‌ پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌ پارێزگاكردنی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

گردبوونه‌وه‌‌  
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ له‌ یادی تێپه‌ڕبوونی دوو ساڵ به‌سه‌ر به‌ پارێزگابوونی شاره‌كه‌دا، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی هه‌ڵه‌بجه‌ خۆپیشاندانیان كردو تێیدا گله‌یی‌و گازنده‌ی خۆیان ئاراسته‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كانی شاره‌كه‌ كرد له‌سه‌ر رێكه‌نه‌كه‌وتنیان بۆ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌.
به‌شداربووان ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان گرت كه‌ دوو ساڵ به‌سه‌ر به‌ پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ تێده‌په‌ڕێت، له‌كاتێكدا هێشتا له‌و پارێزگایه‌ حزبه‌كان رێكنه‌كه‌وتوون له‌سه‌ر پێكهێنانی پێكهاته‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP