مه‌كته‌بی سیاسی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی یه‌كێتی‌وئاڵوگۆڕو پڕکردنەوەی پۆسته‌کان تاوتوێ ده‌كات
به‌م نزیكانه‌ سه‌ركردایه‌تی كۆده‌بێته‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی یه‌كێتی‌وئاڵوگۆڕو پڕکردنەوەی پۆسته‌کان تاوتوێ ده‌كات ‌ راپۆرتی، هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌‌ 16/2/2017
ئه‌مڕۆ 16/2/2017، مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك كۆده‌بێته‌وه‌و به‌پێی لێدوانی ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ كوردستانی نوێ، «له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نه‌خشه‌ڕێگه‌ی یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ری كۆی كێشه‌كان‌و ئاڵوگۆڕی پۆسته‌ حكومی‌و حزبییه‌كان‌و پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌ به‌تاڵه‌كانی یه‌كێتی» تاوتوێ ده‌كرێن.

یه‌كێتی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری كۆی كێشه‌كان هه‌یه‌
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ ده‌بێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ 11/2/2017، مه‌كته‌بی سیاسی به‌سه‌رپه‌رشتی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی، له‌ ماڵی سه‌رۆك مام جه‌لال، كۆبۆوه‌.
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك، گرنگترین ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌كته‌بی سیاسی روونكرده‌وه‌و له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، وتی: كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ تاوتوێكردنی ره‌شنووسی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی یه‌كێتییه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كۆی كێشه‌كان»، وتیشی: نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌ پاش ئه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی تاوتوێی ده‌كات، ده‌خرێته‌ به‌رده‌م كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی، سه‌ركردایه‌تیش له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌م نزیكانه‌ ده‌كرێت په‌سه‌ندی ده‌كات، «ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ پاش په‌سه‌ندكردنی، به‌ ئاگاداری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی، ده‌بێته‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ره‌سمی یه‌كێتی بۆ ساڵی 2017 به‌مه‌به‌ستی یه‌كخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كورد».
ورده‌كاریی گۆڕانكاری له‌ پۆسته‌كاندا
سه‌عدی پیره‌ زانیاریی له‌باره‌ی ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه‌، خسته‌ڕوو «ته‌وه‌رێكی دیكه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ئاڵوگۆڕی پۆسته‌ حكومی‌و حزبییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت»، شێوازی گۆڕانكارییه‌كانیشی روونكرده‌وه‌ «ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ له‌و پۆستانه‌دا ده‌بێت كه‌ پێویستیان به‌ گۆڕانكارییه‌، یان ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌و پۆستانه‌دان‌و خۆیان داوای گۆڕانكارییان كردووه‌، یان ئه‌نجامی مانه‌وه‌ی كه‌سێكه‌ له‌ پۆستێكدا بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر، ئه‌گه‌ر پێویست به‌ گۆڕانكاریی بكات، ده‌گۆڕدرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و پۆستانه‌ی كه‌ هی یه‌كێتین‌و به‌ به‌تاڵی ماونه‌ته‌وه‌، پڕ ده‌كرێنه‌وه‌».
گۆڕانكارییه‌كان چۆن ده‌كرێن؟، له‌ وه‌ڵامدا ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی له‌ لێدوانه‌كه‌یدا بۆ كوردستانی نوێ به‌م شێوه‌یه‌ باسی شێوازی گۆڕانكارییه‌كانی كرد «بۆ گۆڕانكاری‌و پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌ به‌تاڵه‌كان، سی ڤی ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان بۆ پۆسته‌كان كاندید ده‌كه‌ن، هه‌مووی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی كۆده‌كرێنه‌وه‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی مه‌كته‌بی سیاسیدا تاوتوێ ده‌كرێن‌و پاشان ده‌درێن به‌ تیمێكی شاره‌زاو تایبه‌ت‌و پۆلێن ده‌كرێن»، ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌ «گۆڕانكارییه‌كان بۆ رازیكردنی هیچ لێپرسراوو كه‌سێك نییه‌، به‌ڵكو گۆڕانكاریی بۆ پێشخستن‌و گه‌شه‌پێدانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌. له‌و گۆڕانكارییانه‌ش گرنگیی ده‌درێت به‌ پشكی گه‌نجان».

رزگار عه‌لی: به‌م نزیكانه‌ یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی‌و لایه‌نه‌كانی دیكه‌شدا كۆده‌بێته‌وه‌
به‌رده‌وام بوونی كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگه‌ی یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌ كاتێكدایه‌، به‌پێی زانیارییه‌كانی كوردستانی نوێ، پێده‌چێت هه‌فته‌ی داهاتوو سه‌ردانه‌كانی وه‌فدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌ستپێبكاته‌وه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ كوردستانی نوێ، په‌یوه‌ندیی كرد به‌ ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی پارتییه‌وه‌، له‌ وه‌ڵامدا زانیارییه‌كه‌ی ره‌تنه‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو هیچ لێدوانێك بدات، له‌ به‌رامبه‌ردا، رزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: به‌م نزیكانه‌ وه‌فدی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و لایه‌نه‌كانی دیكه‌شدا كۆده‌بێته‌وه‌.
 ساماڵ عه‌بدوڵڵا: پێویسته‌ گۆڕانكاریی له‌هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌دا به‌ یه‌ك پاكێج بكرێت
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی  چڕبوونه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، له‌ دوو رۆژی رابردوودا 14/2/2017، سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبوونه‌وه‌و ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌ كه‌ « ده‌بێت هه‌وڵی ته‌واو بدرێت بۆ زووتر چاره‌سه‌ركردنی كۆی كێشه‌كان‌و باشتركردنی بژێوی خه‌ڵك». له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌، ساماڵ عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌ش به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ندین میكانیزم كرا بۆ جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی رێكه‌وتننامه‌كانی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، « دوو رێكه‌وتن له‌نێوان یه‌كێتی‌و گۆڕاندا هه‌یه‌ ئه‌وانیش رێكه‌وتننامه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیی پارێزگاكانی سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی گه‌رمیان‌و راپه‌ڕین، رێكه‌وتننامه‌ی سیاسیی نێوان هه‌ردوولا»، وتیشی: بۆ رێكه‌وتننامه‌ی یه‌كه‌م ته‌ئكید له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ندانه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ هێشتا جێبه‌جێنه‌كراون، بۆ رێكه‌وتننامه‌ی سیاسیش باس له‌وه‌كرا ئه‌و لیژنانه‌ی كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتننامه‌كه‌ پێكهێنرابوون، كارا بكرێنه‌وه‌و ئیش‌و كاره‌كانی خۆیان بكه‌ن. ته‌ئكیدیش له‌ په‌له‌كردن له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسییه‌كان‌و قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم كرایه‌وه‌. راشیگه‌یاند: له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌ی كاك مه‌سعود-ەوە، هه‌ردوولا پێشوازیمان لێكردووه‌و چاوه‌ڕێی گه‌ڕی دووه‌می دانیشتنه‌كانین، «وه‌كو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌خت له‌ جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه‌ وه‌كو خۆی ده‌كه‌ینه‌وه‌و پێمان وایه‌ پێویسته‌ گۆڕانكاریی له‌هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌دا به‌ یه‌ك پاكێج بكرێت».
تێڕوانینی گۆڕان بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی‌و پارتی
له‌باره‌ی تێڕوانینی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانەوە بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی‌و پارتی، ساماڵ عه‌بدوڵڵا وتی: یه‌كێتی خۆی باسی له‌وه‌كردووه‌ كه‌ تائێستا هیچ رێكه‌وتنێكی نوێ نه‌كراوه‌ له‌گه‌ڵ پارتی، یه‌كێتی پێیباشه‌ رێكه‌وتن‌ گشتگیر بێت‌و به‌ ره‌زامه‌ندیی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بێت، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ش وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكرێت، «بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌ ته‌ئكید رێگر نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێشتر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوپه‌یمانیی ستراتیژیی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌ئكیدمان له‌ رێكه‌وتنی نێوان یه‌كێتی‌و گۆڕان كردۆته‌وه‌، یه‌كێتیش له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شدا ته‌ئكیدیان له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ كردۆته‌وه‌»، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا « وه‌كو یه‌كێتی‌و گۆڕان رێكه‌وتین له‌سه‌ر كاراكردنی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتننامه‌كانی نێوانمان. بڕیاریشدرا كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌ش بكرێن به‌ كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وری‌و هه‌ر 15 رۆژ جارێك كۆبوونه‌وه‌ بكرێت». 
به‌پێی زانیارییه‌كانی كوردستانی نوێ-ش، دوای كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی هاوبه‌شی یه‌كێتی‌و گۆڕان، پێده‌چێت هێرش‌و لێدوانی هه‌ندێك له‌ هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كێتی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، له‌پێناوی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كاندا، خاوببنه‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP