په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ عیراق‌و توركیا باش ده‌بن؟
په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ عیراق‌و توركیا باش ده‌بن؟ ‌ 13/5/2017
مركز البیان للدراسات والتختیط

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعشه‌وه‌، كه‌ له‌ 2014دا به‌شێكی‌ زۆری‌ له‌ خاكی‌ عیراق داگیر كرد، توركیا هه‌وڵی‌ دا رۆڵی‌ گرنگ له‌ ناوچه‌كه‌دا بگێڕێت، ئه‌وه‌بوو له‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2015دا هێزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ هێنایه‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ باشیقه‌ له‌ باكووری‌ موسڵ، ئه‌م هێزه‌ به‌ رووكه‌ش ئامانجی‌ پشتیوانی‌ كردن له‌ عیراق له‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ داعشدا، سه‌دان چه‌كداری‌ سوپای‌ نارد بۆ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ عیراق هاواری‌ لێ هه‌ستا‌و داوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزی‌ داگیركه‌ری‌ توركیای‌ كرد له‌ خاكه‌كه‌ی‌‌و له‌ دوای‌ ئه‌وه‌ش شه‌ڕه‌ قسه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی‌ توركیا‌و عیراقدا ده‌ستی‌ پێ كرد.
گرژی‌‌و ئاڵۆزییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات به‌رده‌وام بوو، حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عیراق ره‌خنه‌ی‌ له‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ سوپای‌ توركیا بۆ خاكه‌كه‌ی‌ گرت‌و وا لێكی‌ دایه‌وه‌ كه‌ زیان به‌ سه‌روه‌ری‌ عیراق ده‌گه‌یه‌نێت‌و له‌وانه‌شه‌ ببێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ جه‌نگێكی‌ هه‌رێمیی هه‌ڵبگیرسێنێت، هه‌روه‌ها عیراق توركیای‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد، كه‌ رێگه‌ به‌ چه‌كدارانی‌ داعشی‌ بیانی‌ ده‌دات له‌ خاكه‌كه‌یه‌وه‌ تێپه‌ڕن له‌ سوریا ببنه‌ ئه‌ندامی‌ داعش. به‌ڵام ئه‌نكه‌ره‌ وای‌ پشان ده‌دا، كه‌ به‌غدا هێزه‌كانی‌ توركیای‌ بانگهێشت كردووه‌ بۆ پشتیوانی‌ كردن له‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ داعشدا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر واش بێت، توركیا هۆكار‌و پاڵنه‌ری‌ قوڵتر‌و دوورتری‌ هه‌یه‌ له‌م پشتیوانی‌ كردنه‌ سه‌ربازییه‌ی‌ له‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ داعشی‌ تیرۆریستدا.
لای‌ ئه‌ردۆگان‌و به‌ پێی‌ سیاسه‌ته‌كه‌ی‌، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ جددی‌ چالاكییه‌كانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستانه‌ كه‌ ئه‌و به‌ به‌شێك له‌ تیرۆر ناوی‌ ده‌بات. ئه‌م سیاسه‌ته‌شی‌ ده‌یه‌وێ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بقۆزێته‌وه‌‌و جێ پێی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر خاكی‌ عیراق بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌وێوه‌ له‌ كورده‌كانی‌ باكوور بدات. ئه‌ردۆگان به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌دات بیانوو بۆ ره‌فتاره‌كانی‌ له‌ باكووری‌ عیراق بهێنێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام خه‌یاڵی‌ لای‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستانه‌‌و له‌ خه‌یاڵی‌ ئه‌ودا پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌م ره‌فتارش له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نی‌ سیاسییه‌وه‌ له‌ كوردستانی‌ عیراق پشتیوانی‌ لێ ده‌كرێ‌و ئه‌و لایه‌نه‌ هه‌ست ده‌كات بوونی‌ توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ شه‌رعیه‌تی‌ هه‌یه‌.
ئه‌ردۆگان خۆی‌ وا وێنا ده‌كات، كه‌ گوایه‌ پارێزه‌ری‌ سوننه‌یه‌، له‌به‌رامبه‌ری‌ به‌شار ئه‌سه‌دی‌ عه‌له‌وی‌ له‌ سوریا‌و زۆرینه‌ی‌ شیعه‌ له‌ عیراق‌و ئێراندا، هه‌روه‌ها وای‌ ده‌بێنێت كه‌ ده‌رفه‌تی‌ له‌بار له‌ ئاراده‌یه‌ بۆ ئاشكرا كردنی‌ گرژی‌‌و ئاڵۆزی‌ تایه‌فی‌ له‌ باكووری‌ عیراق، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات تا جه‌ماوه‌ری‌ خۆی‌ له‌ ناو سوننه‌ی‌ موسڵ‌و به‌ تایبه‌ت توركمانه‌كاندا زیاد بكات.
هێزی‌ تایبه‌تی‌ توركیا له‌ساڵی‌ 2003وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ عیراق دژی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان كارده‌كه‌ن‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌ژموونی‌ توركیا فراوان بكه‌ن، ئه‌ردۆگان-یش پێی‌ وایه‌ بوونی‌ هێزی‌ سوننه‌ زۆر پێویسته‌ بۆ پاراستنی‌ سوننه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، له‌ دوای‌ نه‌مانی‌ داعش، له‌گه‌ڵ رێگرتن له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی‌ شه‌پۆلێكی‌ تری‌ ئاواره‌ بۆ ناو توركیا، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌وڵه‌كانی‌ حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عیراق بۆ یه‌كسختنی‌ پێكهاته‌ ئایینی‌‌و ره‌گه‌زییه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ لاواز ده‌كات، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئێستا له‌ شه‌ڕی‌ موسڵدا هه‌موو لایه‌نه‌كان یه‌كیان گرتووه‌ دژی‌ یه‌ك دوژمن، كه‌ ئه‌ویش داعشه‌.
توركیا بێ ئه‌وه‌ی‌ به‌خۆی‌ بزانێت، پشتیوانییه‌كانی‌ بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كورده‌كان له‌ ساڵی‌ 2014وه‌ به‌ رێژه‌ی‌ 40% ناوچه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان زیاد بكه‌ن. به‌و شێوه‌یه‌ش توركیا بێ ئه‌وه‌ی‌ به‌خۆی‌ بزانێت به‌شدار بووه‌ له‌ زیاد كردنی‌ داواكاریی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌ڵام حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی‌ دژی‌ ئه‌م نیازه‌یه‌‌و خوازیاره‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عیراق بمێنێته‌وه‌.
تا ئه‌و كاته‌ی‌ هێزه‌كانی‌ توركیا له‌ باكووری‌ عیراقدا بن، هیچ ئه‌گه‌رێك له‌ ئارادا نییه‌ بۆ باش بوونی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان توركیا‌و عیراق، چونكه‌ توركیا به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌دات له‌ عیراقدا بمێنێته‌وه‌ بۆ كۆنترۆڵ كردنی‌ چالاكییه‌كانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان‌و له‌ هه‌مان كاتدا سنووردانان بۆ هه‌ژموونی‌ ئێران. حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی-ش به‌رده‌وام رێوشوێنی‌ توند ده‌گرێته‌به‌ر دژی‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ توركیا بۆ سه‌ر خاكه‌كه‌ی‌. له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 2018ی‌ عیراقیشدا، حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عیراق زۆر هه‌وڵ ده‌دات رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش تێك بشكێنێت‌و توركیاش ناچار بكاته‌ هێزه‌كانی‌ خۆی‌ له‌ باكووری‌ عیراق بكشێنێته‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7301
23/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP