دوای‌ داعش چێژ له‌ ژیان وه‌رده‌گرن
دوای‌ داعش چێژ له‌ ژیان وه‌رده‌گرن ‌ 13/5/2017
به‌ خۆیان‌و ئاڵا ره‌شه‌كه‌یانه‌وه‌، روو بكه‌نه‌ هه‌ر شوێنێك، كپ‌و خامۆش، كڕ‌و بێ ده‌نگ ده‌بێت، هیچ ده‌نگێكی‌ ئازاد سریته‌ی‌ لێ نایه‌ت، ره‌نگه‌كان كوێر ده‌بنه‌وه‌‌و جگه‌ له‌ ره‌ش‌و سپی‌ هیچتر نابینرێت، ماته‌م‌و خه‌مۆكی‌‌و په‌ژمورده‌یی روخساری‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و شوێنه‌ داده‌پۆشێت، به‌ واتایه‌كی‌ دیكه‌ له‌هو له‌عه‌ب، خۆشی‌، كامه‌رانی‌، به‌ختیاری‌، چێژ وه‌رگرتن له‌ ژیان. به‌ خۆیان‌و ئاڵا ره‌شه‌كه‌یانه‌وه‌ داعش‌و داعشییه‌كان روو بكه‌نه‌ هه‌ر شوێنێك ژیانی‌ تێدا نامێنێت. پێچه‌وانه‌كه‌شی‌ هه‌ر راسته‌، داعش‌و ئاڵا ره‌شه‌كه‌ی‌ له‌ هه‌ر شوێنێك ده‌ركران، له‌و شوێنه‌دا پێكه‌نین ده‌ژێته‌وه‌. خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌ دانیشتوانی‌ شاری‌ موسڵ به‌ كۆمه‌ڵ هوروژمیان برد بۆ ناوچه‌ی‌ شه‌لالات له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شاری‌ موسڵ، دوای‌ سێ ساڵ بۆ یه‌كه‌م جار هه‌ندێك ئازادی‌‌و كات به‌سه‌ر بردنی‌ ساده‌یان تاقی‌ كرده‌وه‌، ئاخر سێ ساڵ بوو له‌ بن سێبه‌ری‌ حوكمی‌ رێكخراوی‌ داعشدا لێیان قه‌ده‌غه‌ كرابوو، ئێستا سه‌ما ده‌كه‌ن‌و جلوبه‌رگی‌ ره‌نگاوڕه‌نگیان له‌به‌ر كردووه‌. دی‌ جه‌ی‌‌و مۆنتاربۆی‌ گه‌وره‌یان هێناوه‌ له‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كانیان دایان ناوه‌‌و گۆرانی‌‌و میوزیك گرمه‌ی‌ دێت، منداڵان بازبازێنیانه‌، خۆیان فڕێ ده‌ده‌نه‌ ئاوه‌كه‌وه‌، یان سواری‌ پاسكیله‌كانیان ده‌بن‌و باڵ ده‌كه‌نه‌وه‌‌و پێ ده‌كه‌نه‌وه‌‌و خه‌نی‌ ده‌بن، هه‌ندێكیان سواری‌ ئه‌سپ ده‌بن.
 دیمه‌نه‌كه‌ زیاتر له‌ سه‌یرانێكی‌ به‌ كۆمه‌ڵ ده‌چێت، نزیكه‌ی‌ دوو هه‌زار كه‌سێك له‌و سه‌یرانگایه‌ خۆیان له‌به‌ر تیشكی‌ خۆر هه‌ڵخستووه‌‌و چێژ له‌ ژیان وه‌رده‌گرن، له‌ كاتێكدا شه‌ڕی‌ هێزه‌كانی‌ عیراق به‌ هاوكاری‌ ئه‌مریكا‌و هێزی‌ هاوپه‌یمانی‌ به‌رامبه‌ر به‌ داعش به‌رده‌وامه‌، شه‌ڕه‌كه‌ ته‌نها 20 كیلۆمه‌ترێك له‌ كه‌ناری‌ خۆرئاوای‌ دیجله‌وه‌ دووره‌. 
موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر‌و كچه‌كه‌یدا هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌یران له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ لقه‌كانی‌ دیجله‌، ئه‌و ده‌ڵێ: ئێمه‌ له‌ ماڵه‌كانی‌ خۆماندا گه‌مارۆ درابووین، قه‌تیس مابووین، به‌ڵام ئێستا خۆشحاڵین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌توانین بێینه‌ ده‌ره‌وه‌. موئه‌یه‌د باسی‌ داعشی‌ ده‌كرد‌و ده‌یوت: ئه‌وان به‌رده‌وام لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردین، شتی‌ وایان لێ ده‌پرسین كه‌ هیچ مانای‌ نه‌بوو. ئه‌وه‌ی‌ باسی‌ ده‌كات سێبه‌ری‌ ره‌شی‌ داعشه‌، كه‌ له‌ 2014وه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ر شاری‌ موسڵدا گرتووه‌، تا له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م ساڵدا ناوچه‌و گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ به‌ری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شاره‌كه‌یان لێ خاوێن كرایه‌وه‌.
ئه‌م رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌، تێڕوانینی‌ خۆی‌ بۆ ئیسلام‌و شه‌ریعه‌ت‌و بیری‌ ته‌كفیری‌‌و توندڕه‌وانه‌ی‌ خۆی‌ له‌و سێ ساڵه‌دا سه‌پاندبوو، ئه‌ندامانی‌ ئه‌م رێكخراوه‌ پێیان وایه‌ پیاو ده‌بێ ریش داهێڵێ‌و ژن ده‌بێ نیقاب بپۆشێت، هه‌ر كه‌سیش سه‌رپێچی‌ كردبێ، سزای‌ توندی‌ وه‌رگرتووه‌. ئێستا رۆژگاریان به‌سه‌ر چووه‌، ژنان جلوبه‌رگی‌ ئاڵ‌و واڵا‌و ره‌نگاو ره‌نگ له‌به‌رده‌كه‌ن‌و له‌ خۆشیان هه‌لهه‌له‌ لێ ده‌ده‌ن، به‌رگی‌ ره‌شیان فڕێ دا، ئه‌و به‌رگه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش سه‌پاندبووی‌ به‌سه‌ریاندا.
محه‌مه‌د ئه‌بو قاسم ده‌ڵێ: ئێستا ژیان زۆر خۆشه‌، له‌ بن ده‌ستی‌ داعشدا نه‌مان ده‌وێرا له‌ جێی‌ خۆمان ببزوین، له‌ سه‌رده‌می‌ داعشدا هه‌موو شتێك قه‌ده‌غه‌ بوو، ئه‌وان له‌ ریشی‌ كورتی‌ پیاوان‌و نیقاقی‌ ژنانیان ده‌پرسییه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌موومان دڵخۆشین. محه‌مه‌د باسی‌ ئه‌وه‌ی‌ كرد، كه‌ له‌ بن ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌واندا ئه‌گه‌ر بهاتنایه‌ بۆ سه‌یرانگاكانیش، پێیان ده‌وتن سه‌ر هه‌ڵمه‌بڕن‌و ده‌م‌و چاوتان داپۆشن، مه‌منوعه‌، حه‌رامه‌، قه‌ده‌غه‌یه‌، بڤه‌‌و مه‌كه‌یه‌. هاوسه‌ری‌ محه‌مه‌د واته‌ دایكی‌ قاسم حیجابێكی‌ په‌مه‌یی‌ له‌به‌ر كردووه‌‌و وتی‌: ئه‌وان له‌سه‌ر كورت‌و درێژیی پانتۆڵی‌ پیاوه‌كان‌و له‌سه‌ر ریش‌و نیقاب‌و روپۆش گێچه‌ڵیان پێ ده‌كردین، به‌ قامچی‌ لێیان ده‌داین، ئه‌و كات ژیان دۆزه‌خێك بوو بۆخۆی‌، ئێستا له‌ به‌هه‌شتداین.
شه‌ڕ جێ په‌نجه‌ی‌ خۆی‌ به‌ هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ جێ ده‌هێڵێت، ناوچه‌ی‌ شه‌لالاتیش له‌ ئاسه‌واری‌ شه‌ڕ بێبه‌ش نییه‌، به‌ درێژایی ئه‌و رێگایه‌ی‌ ده‌چێته‌ سه‌یرانگاكه‌ هه‌ر ئۆتۆمبێلی‌ سوتاو‌و شكاوه‌، هه‌ندێكیان ئه‌وه‌نده‌ی‌ جێ فیشه‌ك پێوه‌یه‌، كراوه‌ به‌ بێژنگ. ئێستا ئازادی‌ له‌وێ هه‌یه‌‌و هێزه‌ عیراقییه‌كان خاڵی‌ پشكنینیان له‌سه‌ر رێگای‌ سه‌یرانگاكه‌ داناوه‌‌و گه‌شتی‌ به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ بۆ پاراستنی‌ گه‌شتیاره‌كان. دیمه‌نێكی‌ زۆر جیاوازه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ جاران، ئێستا هاووڵاتیان پێ ده‌كه‌نن، وێنه‌ی‌ سێلفی‌ ده‌گرن، نێرگه‌له‌ ده‌كێشن، ریزیان به‌ستووه‌ بۆ كڕینی‌ بابۆڵه‌ی‌ چه‌ورمه‌‌و مریشكی‌ برژاو. ئێستا موسه‌نا ئه‌رشه‌د قژی‌ هێشتۆته‌‌و زنجیری‌ له‌ مل كردووه‌، كه‌ وێنه‌ی‌ دۆلاری له‌سه‌ره‌، به‌ر له‌وه‌ی‌ بچێته‌وه‌ ناو هاوڕێكانی‌ بۆ سه‌ما كردن، موسه‌نا وتی‌: زۆر زۆر خۆشحاڵین كه‌ له‌ ده‌ستی‌ داعش رزگارمان بووه‌، بۆ ماوه‌ی‌ سێ ساڵ نه‌یان هێشت جلوبه‌رگێكی‌ هاوچه‌رخانه‌ به‌ دڵی‌ خۆمان له‌به‌ر بكه‌ین، ئه‌وان دوو برایان كوشتم، ماڵی‌ خه‌ڵكیان وێران كرد.
كاتێك له‌و دیمه‌نه‌ی‌ ئێستای‌ سه‌یرانگاكه‌ ورد ده‌بینه‌وه‌‌و ده‌نگی‌ قاقای‌ پێكه‌نین‌و گۆرانی‌‌و میوزیك ده‌بیستین، جیاوازییه‌كی‌ زۆر له‌ نێوان تاریكی‌‌و رووناكیدا به‌دی‌ ده‌كه‌ین، دوو دیوی‌ ژیان ده‌بینین، دێوێكیان گه‌ش‌و پڕ له‌ رووناكییه‌‌و دیوه‌كه‌ی‌ تر ره‌شی‌ قه‌ترانییه‌‌و بۆنی‌ مه‌رگ‌و دۆزه‌خی‌ لێ دێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7347
22/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ جارێكی تر هالیپ شكستی هێنا بچێته‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندییەوە 22/8/2017
‌ ریاڵ مه‌درید گرێبه‌ستی كه‌ریم بنزیمه‌ نوێ ده‌كاته‌وه‌ 22/8/2017
زانست
‌ هەسارەیەك لە زەوی نزیك دەبێتەوە 21/8/2017
‌ نۆكیا 8 ركابەریی ئایفۆن و گالاكسی دەكات 21/8/2017
‌ پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا 21/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP