وەکو جاران... یەکێتی بۆ ئایندە بێت
وەکو جاران... یەکێتی بۆ ئایندە بێت ‌ 13/5/2017
(1)
روومان له‌ یادی 42 ساڵه‌ی یه‌كێتییه‌‌و یه‌كێتییه‌كان به‌و هه‌موو گیروگرفته‌ی ناوخۆی حزب‌و هی كوردستانیش به‌ گه‌رمی‌و گوڕییه‌وه‌ خۆیان بۆ یاده‌كه‌ ناوه‌ته‌وه‌. هیچ شتێك ئه‌م یاده‌ مه‌زنه‌ له‌بیر یه‌كێتییه‌كان ناباته‌وه‌‌و دۆخی ناخۆشی ئێستاش باعسی یادكردنه‌وه‌یه‌كی توند‌وتۆڵ‌و سه‌رباره‌ بۆ ئه‌وه‌ی یاده‌كه‌ تینوتاو بداته‌ هه‌موو لایه‌ك، یه‌كێتی كارایی‌و كاریگه‌ری خۆی بۆ كوردستانی جێی ئومێد‌و بیانووی جه‌وهه‌ری دامه‌زراندنی خۆی بخاته‌وه‌ گه‌ڕ. ئاخر وێستگه‌ی یاد بۆ یه‌كێتییه‌كان بۆ له‌بیركردنی زام‌و برینه‌كانی هه‌ناوی یه‌كێتی‌و ده‌ره‌وه‌ی نییه‌، به‌ڵكو بۆ ده‌ستپێكێكی نوێیه‌ كه‌ وێستگه‌ی پێشووی تێپه‌ڕێنێ، وێستگه‌ی شایانی 42 ساڵه‌ی یه‌كێتی ‌و شایسته‌ی ته‌مه‌نی داهاتووی یه‌كێتی بێت ئه‌گه‌ر بخوازین كوردستان پایه‌دار‌و ئامانجه‌كانی كوردایه‌تی‌و دیموكراتی له‌ مه‌نزڵگه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی بگیرسێته‌وه‌. روومان له‌ یادی یه‌كێتییه‌‌و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ یه‌كێتییه‌كان چالاكی‌و بۆنه‌‌و رێوره‌سم بۆ یاده‌ مه‌زنه‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ن. له‌ راگه‌یاندنه‌وه‌، له‌م شه‌ممه‌وه‌‌و له‌ داموده‌زگاكانی تری یه‌كێتیشه‌وه‌ یان پێشتر، یان رۆژێكی دواتر، ده‌ستپێكی چالاكییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون.
(2)
گه‌ره‌كه‌  له‌ پێشدا ناونیشان شرۆڤه‌ بكه‌ین تا گوزارشتێكی ته‌واو بێت له‌ ناوه‌رۆكی یاده‌كه‌‌و ویستی یه‌كێتییه‌كان بۆ ئه‌م وێستگه‌یه‌: «وه‌كو جاران یه‌كێتی بۆ ئاینده‌ بێت» واتا رابردوویه‌كی دێرین‌و ئه‌مرۆیه‌كی به‌رجه‌سته‌مان هه‌یه‌‌و دوارۆژێكی جێی ئومێد ده‌خوازین كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئیراده‌ی یه‌كێتییه‌كان خۆیانه‌وه‌. خۆیان ده‌توانن ئه‌و ئاینده‌یه‌ وا لێبكه‌ن كه‌وی‌و ماڵی ده‌ستی ئیراده‌ی یه‌كێتی بێت. وه‌كو جاران وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی رابردوو هه‌ر نۆستالیژیا ده‌بوو ئه‌گه‌ر جارانی یه‌كێتی له‌ منداڵدانی خۆیدا مژده‌ی بۆ دوارۆژ نه‌بوایه‌. یانی له‌ 1975 بۆ 1976 كه‌ ده‌ستپێكی شۆرشه‌و یه‌كێتی وای هێنا كه‌ شتێكی نوێ بێت، رێبازێكی نوێ بێت له‌ چێوه‌ی شۆرشێكی نوێدا. بۆ مافی چاره‌نووس بێت كه‌ ئامانجی وه‌دی هاتووی ئاینده‌یه‌.(بۆ ئاینده‌ بێت) جۆرێك له‌ پێداگری‌و سووربوونی تێدایه‌ كه‌ یه‌كێتی هه‌ر له‌مڕۆدا پێ كوته‌ نه‌كات‌و بۆ ئاینده‌ (بێت). ده‌كرا بڵێین یه‌كێتی ئاینده‌یه‌، یان یه‌كێتی بۆ ئاینده‌یه‌
به‌ڵام (بێت) هه‌م مانای شتێكه‌ كه‌ به‌دی نه‌هاتووه‌، كه‌ ده‌شێ به‌دی بێت‌و ده‌شێ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ئیراده‌ی خۆ تاودانه‌وه‌ی نه‌بێت، له‌ دوای چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی، ئه‌وا ئه‌و (بێت)ه‌ نه‌یه‌ت.
(3)
بۆئه‌وه‌ی وا (بێت) مه‌رج هه‌یه‌ كه‌ گه‌وره‌تریشیان یه‌كێتی وه‌كو جارانی لێ بێته‌وه‌ نه‌ك به‌ مانای ئه‌وه‌ی حزبێكی ئاینده‌خواز به‌ره‌و دوێنێ‌و  جاران بڕواته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ مانای ئه‌وه‌ی رۆحی ئاینده‌خوازی خۆی بژێنێته‌وه‌. (بێت) ویستی ئاینده‌خوازیه‌‌و جگه‌ له‌ ته‌مه‌نا‌و داخوازی، ئه‌مر ‌و ئیراده‌شی تێدایه‌. مژده‌یه‌كی گه‌شبینه‌‌و له‌هه‌مان كاتدا ره‌خنه‌یه‌كی په‌نهانه‌ كه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا یه‌كێتی كێشه‌ی هه‌یه‌‌و ناتوانێ به‌ ڕه‌هایی به‌ڵێن بدات كه‌ وابێت. به‌ڵكو مه‌رجداره‌ به‌وه‌ی تینوتاو بداته‌ به‌رخۆی‌و پێشی یاده‌كه‌ یان له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ماڵی بۆنخۆشی یاده‌كه‌دا ئیراده‌ی پته‌و بێته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناوخۆ‌و كێشه‌كانی كوردستان. دیدی ره‌خنه‌گرانه‌‌و ئیراده‌ی مژده‌خوازی خه‌سڵه‌تێكی یه‌كێتییانه‌. خه‌سڵه‌تی حزبه‌كه‌ی مام جه‌لاله‌ كه‌ قانونی گه‌شه‌كردنی ژیان چاك ده‌ناسێت‌و له‌ (1975) ه‌وه‌ به‌پێی قۆناغه‌كه‌ وه‌ڵامی (یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان بۆچی) ده‌داته‌وه‌. هه‌ر جاره‌‌و هه‌ر سه‌رده‌مه‌ جوابێكی جیاواز ده‌داته‌وه‌ چونكه‌ قۆناغی نوێ وا ده‌سه‌پێنێ كه‌ (بۆیه‌) ی نوێ بچه‌سپێنێ. جه‌وهه‌ری ئه‌و نامیلكه‌ی مام ئه‌وه‌یه‌ له‌هه‌ر ده‌ورانێك ناسنامه‌ی دۆست‌و دوژمن، شه‌رایتی عه‌ینی‌و مه‌وزوعی كوردستان ‌و ده‌وروبه‌ری لێك بدرێته‌وه‌‌و كه‌ره‌سته‌ی پێویستی خه‌بات له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا بخرێته‌گه‌ڕ. یانی له‌هه‌ر ده‌ورانێك یه‌كێتی بۆ ئاینده‌ بێت‌و رووی له‌وێ بێت. 
(4)
هه‌ڵبه‌ته‌ ئاهه‌نگه‌كانی یادكردنه‌وه‌ بۆ خۆغافڵكردن نیه‌ له‌و كێشانه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵكو بۆ ته‌ئكیدكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر یه‌كێتی بوون، یه‌كێتی ناوه‌كه‌ی به‌ خۆوه‌یه‌تی (أتحاد)ه‌. نه‌ وه‌حده‌ی بێ ره‌نگ، نه‌ ته‌فره‌قه‌، به‌ڵكو (ئیتحاد) ی هاوپێناوه‌ جیاوازه‌كانی رێبازی مافی چاره‌نووسی، رێبازی مام جه‌لاله‌.
ئه‌م یه‌كێتییه‌ی هه‌موو وزه‌كانی كورده‌واری خسته‌گه‌ڕ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی (بۆچی) سه‌رده‌می ده‌ستپێك، له‌سه‌رێتی هه‌موو وزه‌كانی كورده‌واری ئه‌مرۆش بخاته‌ گه‌ڕ بۆ (بۆچی) ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش. كێشه‌‌و ناكۆكی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌وه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ی ره‌خنه‌یه‌كی خودی له‌ خودی خۆی بگرێت كه‌ به‌شی ئه‌و ‌و ئێمه‌‌و هه‌مووان له‌ كه‌موكوڕییه‌كان چییه‌؟ ده‌كرێ وێستگه‌ی 42 ساڵه‌ به‌شی ئه‌بده‌یتكردنه‌وه‌ بۆ قۆناغی دادێ بكات. بینینی كێشه‌كان به‌رێی ئوسوڵی خۆی، دوور له‌ چاوی جه‌مسه‌رگیری‌و كوتله‌به‌ندی. به‌ڵكو چاوی نۆرماڵی ته‌فویزی دیموكراتی نێوان دوو كۆنگره‌‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانی حزبایه‌تی، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌س نییه‌، به‌ڵكو (یه‌كێتی) بوون‌و یه‌ك ریزی ئاتاجێكی حزبی‌و كوردستانیانه‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی ئاره‌زوو ‌و حه‌زێكی پیاوچاكان بێت. بێ له‌وه‌ سیاسه‌تێكی نه‌زۆك ده‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ ئاوه‌ز و مه‌نتیق‌و حزبایه‌تی كردنیش ناگونجێت.
ره‌خنه‌ له‌خۆگرتن، پاش چه‌رده‌یه‌ك له‌ سه‌نگه‌ربه‌ندی ره‌خنه‌ لێك گرتن، ژینگه‌یه‌كی تر فه‌راهه‌م ده‌كات كه‌ یه‌كێتی به‌ سینه‌یه‌كی پاكژه‌وه‌ هه‌ناسه‌ بدات تا زه‌مینه‌ی ئیستحقاقه‌ حزبی‌و نیشتمانییه‌كه‌ له‌بارتر بێت.
(5)
كورد میلله‌تێكی گوناحه‌‌و كوردستانیش، له‌م دووڕیانی سه‌ربه‌خۆییه‌دا، جگه‌ له‌ (یه‌كێتی) هیچ ئامرازێكی تری نییه‌. (یه‌كێتی) وه‌كو حزب‌و (یه‌كێتی) وه‌كو رێی یه‌كێتی ریزه‌كانی گه‌ل‌و یه‌كێتی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی. كورد (ناتۆ)‌و ئه‌تۆمی نییه‌ خۆی پێوه‌ با بدات كورد (یه‌كێتی)‌و ویستی یه‌كێتێتی هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك قه‌ڵا پاڵی پێوه‌ بدات.
(6)
 له‌پاڵ خه‌یاڵی خۆشی یاد‌و ئاهه‌نگ گه‌ره‌كه‌ واقیع بجوڵێنین‌و ده‌ستپێشخه‌ر بین.
كێشه‌كانی كوردستان به‌ چاوی ره‌خنه‌‌وه‌ ستایشی یه‌كێتی ده‌كات كه‌ غیابی ئاماده‌گی به‌هێزی سه‌رده‌می مام وایكردووه‌ نیشتمان گرفتدار بێت. به‌ڵام شه‌رت نییه‌ كوردستان تاسه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و غیابه‌ی یه‌كێتی ویستی ره‌وای خۆی بۆ چاره‌سه‌ر په‌ك بخات.
(7)
كه‌وابێ له‌به‌ر كورد‌و كوردستان‌و ئینجا له‌به‌ر یه‌كێتی خۆشی ده‌بێ یه‌كێتییه‌كان یاد بكه‌نه‌وه‌‌و به‌ باشی بیر بكه‌نه‌وه‌. تا وه‌كو جاران یه‌كێتی بۆ ئاینده‌ بێت. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP