په‌ره‌سه‌ندنه‌ نوێكانی دۆخی شنگال دوای هاتنی حه‌شدی شه‌عبی
په‌ره‌سه‌ندنه‌ نوێكانی دۆخی شنگال دوای هاتنی حه‌شدی شه‌عبی ‌ 18/5/2017
كاوه‌ عه‌زیز حه‌مه‌
هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌باشوری شنگال به‌ته‌واوی نزیكبونه‌ته‌وه‌و چه‌ند گوندو ئۆردوگایه‌كی كوردانی ئێزدیان گه‌مارۆداوه‌، پێده‌چێت به‌مزوانه‌ به‌ته‌واوی له‌ده‌ست داعش رزگاری بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا پارتی دیموكراتی كوردستان به‌م هه‌نگاوه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ناڕازییه‌و لێدوان‌و به‌یاننامه‌و په‌یامی ناڕازییان گه‌یاندۆته‌ به‌غدا، به‌و پێیه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ كوردنشینن‌و پێویسته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ رزگاریان بكات.
ئاڵۆزیی سیاسیی ناوچه‌كه‌
ئه‌و سنووره‌ی تائێستا له‌ژێر ده‌ستی داعشه‌و ده‌كه‌وێته‌ خوار قه‌زای شنگال، نزیكه‌ی له‌ 40% سنووری خاكی شنگال ده‌بێت، ماوه‌ی سێ ساڵه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعشدایه‌و تائێستا له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ رزگارنه‌كراوه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵیشدا هه‌موو ناوچه‌ كوردستانییه‌كان رزگاركران، به‌ڵام ئه‌و ناوچانه‌ی خوار شنگال كه‌ بریتین له‌ ئۆردوگایه‌ك‌و ژماره‌یه‌ك گوندی گه‌وره‌ی كوردان كه‌ نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌س دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی‌و ئێستا ئاواره‌ن له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو (ته‌ل به‌نات‌و ته‌ل قه‌سه‌ب‌و گر عوزێرو سیبا شێخ خدرو قابوسییه‌و ..هتد) هێشتا رزگار نه‌كراون.
پرسی رزگاركردنی ناوچه‌كانی باشوری شنگال راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌و ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان هێزه‌كانی نزیك په‌كه‌كه‌و هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه‌، هه‌ندێك پێیانوایه‌ ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌ست به‌هێرشی رزگاركردنی ئه‌و ناوچانه‌ بكات، ئه‌وا هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌ (یه‌كینه‌کانی پاراستنی شنگال) به‌شداری ده‌كه‌ن‌و، ده‌بنه‌ خاوه‌نی پێگه‌و نفوزی زیاتر له‌ناوچه‌كه‌ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌ك خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ رزگاربكرێن، ئه‌وا خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌وحاڵی خۆیان‌و ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری رێكخستنه‌كانی ئه‌و هێزانه‌ی نزیكن له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان.
هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی ئێزدیان له‌چوارچێوه‌ی رێكخستنی حه‌شدی شه‌عبی پێكهێناوه‌و به‌شدارییان پێكردوون له‌رزگاركردنی ناوچه‌كانیان‌و ئێستا گه‌مارۆی چه‌ند ناوچه‌یه‌كیانداوه‌و هاوكات سه‌نگه‌ریان به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌كه‌ لێداوه‌، ئه‌مه‌ش گۆڕان‌و پێشكه‌وتنی نوێیه‌ له‌ناوچه‌كه‌ كه‌ خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كرێت.
گریمانه‌كان، بۆ قۆناغی داهاتوو
هه‌ندێك پێیانوایه‌ ئه‌و ناوچانه‌ دوای رزگاركردنیان راده‌ستی ئه‌و هێزه‌ی ئێزدییه‌كان ده‌كرێت كه‌ ناوچه‌كه‌ رزگارده‌كه‌ن، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن ناوچه‌كه‌ جگه‌ له‌و هێزه‌ی ئێزدییه‌كان هاوكات به‌شداری به‌و هێزه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ نزیكن له‌په‌كه‌كه‌ به‌ناوی (یه‌به‌شه‌) بۆ ئیداره‌دانی ناوچه‌كانی خوار شنگال.
سه‌عید حه‌سه‌ن فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌ له‌ شنگال به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند، ئه‌وان له‌م قۆناغه‌دا به‌شداری له‌ رزگاركردنی ناوچه‌كانی خوار شنگالدا ناكه‌ن، چونكه‌ بیانو ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست هه‌ندێ هێزی سیاسی له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، تا بیانو بداته‌ ده‌ست وڵاتانی هه‌رێمه‌كه‌ به‌تایبه‌ت توركیا، تا هێرشبكاته‌ سه‌ر شنگال‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی زیاتر ماڵوێرانییان به‌سه‌ر بێت. ئه‌و وتی: ئێمه‌ هێزمان هه‌یه‌و ئاماده‌ین، به‌ڵام نامانه‌وێ ره‌وشی ناوچه‌كه‌ ئاڵۆز بكه‌ین. وتیشی: خه‌ڵك له‌كه‌مپه‌كان له‌ ماڵوێرانیی‌و كوله‌مه‌رگیدا ده‌ژین، بۆیه‌ له‌م قۆناغه‌دا ئێمه‌ گرنگی به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌ده‌ین بۆ ناوچه‌كانی خۆیان.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ هاتونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌و، ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ست داعشیان ده‌ستپێكردووه‌، ده‌ڵێن ئێمه‌ هاتووین بۆ له‌ناوبردنی داعش‌و دواتر ناوچه‌كه‌ راده‌ستی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ین.
ناكرێ به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا بمێنێته‌وه‌
موراد شێخ كالۆ به‌رپرسی ئه‌و هێزه‌ی ئێزدییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ پێكهێنراوه‌، هاوكات راوێژكاری مه‌هدی موهه‌ندس به‌رپرسی یه‌كه‌می حه‌شدی شه‌عبی له‌عیراق، به‌كوردستانی نوێی وت: ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر رزگاركردنی ناوچه‌كان‌و وتی: دوای ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر ئێزدییه‌كاندا هات، ده‌بو له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا ناوچه‌كانیان له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ رزگاربكرایه‌، وتیشی: خۆ ناكرێت ئێمه‌ رزگاری نه‌كه‌ین‌و ئه‌وانیش رزگاری نه‌كه‌ن‌و چاوه‌ڕێ بكه‌ین كوردانی ئێزدی به‌مشێوه‌یه‌ ژیان ببه‌نه‌سه‌ر.
كالۆ؛ روونیكرده‌وه‌ كه‌ دوای رزگاركردنی ناوچه‌كان ئه‌و ناوچه‌یه‌ راده‌ست به‌خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت‌و خۆیان ده‌توانن ناوچه‌كانیان له‌تیرۆرستان بپارێزن، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌واندا هات كاره‌ساتێكی گه‌وره‌بوو، ئێستا پێویسته‌ بپارێزرێن، وتیشی: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ئێزدییه‌كانین ئه‌وانه‌ی ناڕازیی بوون ده‌بوایه‌ رزگاریان كردبا.
له‌ماوه‌ی چوار رۆژی رابردووی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌، چه‌ند ناوه‌ندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ناڕازیبوونی خۆیان ده‌ربڕی‌و، به‌پێی زانیارییه‌ك ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی ده‌ستیپێكردووه‌ بۆ رزگاركردنه‌كه‌، كه‌مێك خاوبۆته‌وه‌، چونكه‌ گفتوگۆ له‌گۆڕێدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه‌كه‌.

هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له‌ئارادان
دیوێكی دیكه‌ی لێكدانه‌وه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وناوچانه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست هێزێكی هاوبه‌شی حه‌شدی شه‌عبـی‌و ئه‌و هێزانه‌ی نزیكن له‌ په‌كه‌كه‌، ئه‌وا كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر رۆژئاوای كوردستان ده‌بێت‌و هاتن‌و چوونی به‌رپرس‌و كاربه‌ده‌ستانی رۆژئاڤای كوردستان بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق‌و بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاسان ده‌بێت‌و چیتر پێویستیان به‌ڕێگای دیكه‌ نابێت، هاوكات نزیكبوونه‌وه‌ی زیاترو هاوكاری‌و هه‌ماهه‌نگی (سیاسی و بازرگانیی) له‌نێوان كاربه‌ده‌ستانی به‌غداو رۆژئاوای كوردستان دروستببێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی خوار شنگال كه‌ ناوچه‌ی جێناكۆكن‌و به‌ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 ناوده‌برێن، بكه‌وێته‌ ده‌ست هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌وا پرسی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆسه‌ر هه‌رێم زه‌حمه‌تتر ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌وتنه‌ ده‌ست ئه‌و هێزانه‌، ئه‌وا لێپرسراوێتیی له‌ده‌ستدانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هێزه‌كانی پارتی كه‌ له‌دوای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ‌و ده‌وروبه‌ری له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2016ه‌وه‌ تائێستا هیچ جموجۆڵێكیان نه‌كرد بۆ رزگاركردنی ئه‌و ناوچه‌ كوردستانیانه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7397
23/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بێڵد چاره‌سه‌ره‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی‌ یۆب هاینكس ئاشكرا ده‌كات 23/10/2017
‌ كۆنتا كۆتایی به‌ وه‌رزی یاریكردنی ده‌هێنێت 23/10/2017
زانست
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017
‌ تایبەتمەندییەكانی نۆكیا 8 23/10/2017
‌ دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟ 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP