بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ توركیا له‌ قه‌ته‌ر... ترسێكی‌ بێ‌ بنه‌ما
بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ توركیا له‌ قه‌ته‌ر... ترسێكی‌ بێ‌ بنه‌ما ‌ 10/7/2017
ئیحسان فه‌قێ‌* 

«ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ داواكارییه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ روون نه‌خشه‌یان بۆ داڕێژرابوو، له‌پێناو گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی‌ ئاشتیانه‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ گه‌یاندنی‌ سزا و زیانێكی‌ بێ‌ سنورن». 
ئه‌وه‌ كۆمێنتی‌ «جیمس دوروسی‌» توێژه‌ری‌ سیاسه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌ له‌ زانكۆی‌ «راجارتنام» له‌ سنگافوره‌ له‌باره‌ی‌ داواكارییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو كه‌ بۆ قه‌ته‌ر ره‌وانه‌كرابوون وه‌ك مه‌رجێكی‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌. 
ئه‌وه‌ی‌ ته‌ماشای‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ بكات، تێده‌گات كه‌ ناكرێت جێبه‌جێ‌ بكرێن، سیمای‌ ملپێكه‌چكردن و لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ ئیراده‌ی‌ سیاسی‌ ده‌گه‌یه‌نن، پاشان قبوڵكردنی‌ واتای‌ به‌هه‌ده‌ردانی‌ سه‌روه‌ریی‌ قه‌ته‌رن‌. 
 كۆی‌ گشتی‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ چاوه‌ڕوانكراوبوون، جگه‌ له‌ مه‌رجی‌ تایبه‌ت به‌ داخستنی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ توركیا و راگرتنی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ سه‌ربازی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ له‌سه‌ر خاكی‌ قه‌ته‌ری‌، كه‌ پێده‌چێت له‌پاش دانانی‌ لیستی‌ مه‌رجه‌كان ئه‌و مه‌رجه‌ش زیاد کرابێت. 
تائێستا وڵاتانی‌ كه‌نداو رونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ دروستیان له‌باره‌ی‌ ئه‌و داواكارییه‌ بێ‌ بنه‌مایانه‌وه‌ نه‌خستووه‌ته‌ڕوو، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كاروبارێكی‌ تایبه‌تی‌ نێوان قه‌ته‌ر و توركیایه‌. 
ده‌ركه‌وتووترین ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ پێشكه‌شكران، له‌سه‌ر زاری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌حره‌ینه‌وه‌ بوون له‌شێوه‌ی‌ تویته‌كانی‌ سه‌ر تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر، كه‌ له‌ هه‌ندێكیاندا رایگه‌یاندبوو، «هه‌ندێك له‌ هێزه‌ ئیقلیمییه‌كان هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن گه‌ر گومانیان وابێت به‌ ده‌ستوردان مه‌سه‌له‌كه‌ چاره‌سه‌رده‌بێت، به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌وه‌دایه‌ رێز له‌ سیستمی‌ ئێستای‌ ئیقلیمی‌ بگرن»، هۆشداریشی‌ دابوو له‌باره‌ی‌ هێنانی‌ سوپا بیانییه‌كان و چه‌ك و زریپۆشه‌كان و ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ دانابوو كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و، به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ قه‌ته‌ر. 
قسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ روون مه‌به‌ستی‌ توركیایه‌، به‌ڵام ئه‌و رقه‌ به‌رانبه‌ر به‌ په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و ده‌وحه‌ كه‌ گه‌یشته‌ ئاستی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سه‌ربازی‌ دابنرێت، مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمانه‌ له‌م كاته‌دا، چونكه‌ هه‌ماهه‌نگییه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا سیمایه‌كی‌ ده‌ركه‌وتووی‌ هه‌بوو، كه‌سیش به‌وشێوه‌یه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر نه‌ده‌كرد، بۆیه‌ شیاوه‌ بپرسین ده‌بێت چ گۆڕانكارییه‌ك هاتبێته‌ئارا؟ بگره‌ ئه‌و وه‌زیره‌ به‌حره‌ینیه‌ له‌ دوایین سه‌ردانی‌ بۆ توركیا رایگه‌یاندوو كه‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ توركیا له‌ قه‌ته‌ر، بۆ پاراستن و پارێزگاریی‌ ئاسایشی‌ هه‌موو كه‌نداوه‌. 
ده‌كرێت بڵێین، ئایا ره‌وانه‌كردنی‌ هێزه‌كانی‌ توركیا بۆ قه‌ته‌ر، بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ خواسته‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ تری‌ كه‌نداو؟ ئایا خواستێكی‌ شاردراوه‌ هه‌بووه‌ بۆ گۆڕینی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ قه‌ته‌ر و دانانی‌ ئیداره‌یه‌كی‌ سه‌ر به‌ وڵاتانی‌ تری‌ كه‌نداو، به‌ڵام جموجۆڵه‌كانی‌ توركیا بونه‌ مایه‌ی‌ شكستخواردنی‌ ئه‌و هه‌وڵه‌؟ 
ناتوانین به‌ ته‌واوه‌تی‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كان بده‌ینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌و پرسیارانه‌ وه‌ك شیكارییه‌كی‌ چاوه‌ڕوانكراو بۆ ئه‌و داواكارییه‌ بێ‌ بنه‌مایانه‌ خۆیان سه‌پاندووه‌.  
ئه‌وانه‌ داواكاریی‌ بێ‌ بنه‌مان، چونكه‌ بونی‌ سه‌ربازی‌ توركیا تاكه‌ بونی‌ سه‌ربازی‌ نیه‌ له‌سه‌ر خاكی‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو، بۆچی‌ وڵاتانی‌ هاریكاریی‌ كه‌نداو داوای‌ داخستنی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ فه‌ره‌نسا ناكه‌ن له‌ ئیمارات؟ بۆچی‌ قسه‌ له‌سه‌ر میوانداریكردنی‌ ئه‌بو زه‌بی‌ ناكرێت بۆ سه‌رۆكی‌ كۆمپانیای‌ «بلاك وۆته‌ر» كه‌ رۆڵێكی‌ گوماناوی‌ هه‌یه‌ بۆ پێكهێنانی‌ هێزێك تا پرۆسه‌ی‌ تایبه‌ت له‌نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیمارات ئه‌نجام بدات. بۆچی‌ داوای‌ داخستنی‌ ئه‌و بنكه‌ ئه‌مریكاییانه‌ ناكرێت كه‌ له‌ كه‌نداو بڵاوه‌یان پێكراوه‌؟ 
ئه‌گه‌ر وڵاتانی‌ كه‌نداو، بوونی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ توركیا به‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری‌ كه‌نداودا داده‌نێن، ئه‌وا داواكردنیان له‌ ده‌وحه‌ بۆ داخستنی‌ ئه‌و بنكه‌یه‌ و پچڕاندنی‌ په‌یوه‌ندی‌ سه‌ربازی‌ له‌گه‌ڵ توركیا، ده‌ستوردانه‌ له‌كاروباری‌ تایبه‌تی‌ نێوان دوو ده‌وڵه‌ت كه‌ خاوه‌نی‌ مافی‌ سه‌روه‌ریی‌ خۆیانن.  
هه‌ندێك هه‌وڵیاندا بیانوو بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ بوونی‌ سه‌ربازی‌ له‌ قه‌ته‌ر بهێننه‌وه‌، به‌وه‌ی‌، بوونی‌ هێزێكی‌ وه‌ها نا لۆژیكییه‌ له‌گه‌ڵ بوونی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مریكایی‌ كه‌ سه‌قامگیریی‌ و ئاسایش زامن ده‌كات و رێگه‌ به‌ روودانی‌ هیچ ته‌نگژه‌یه‌ك نادات له‌و ده‌وڵه‌ته‌ كه‌ بنكه‌كه‌ی‌ له‌خۆگرتووه‌، به‌ڵام بۆچی‌ قه‌ته‌ر پشت به‌وه‌ ببه‌ستێت، له‌كاتێكدا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا كڵۆپی‌ سه‌وزی‌ هه‌ڵكرد تا ئه‌و هێرشه‌ بكرێته‌ سه‌ر قه‌ته‌ر، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ی‌ هێنده‌ی‌ تر پشتیوانی‌ له‌و بۆچوونه‌ ده‌كات، ته‌ئكیدكردنه‌وه‌كانی‌ «نیكی‌ هیلی‌» باڵێوزی‌ ئه‌مریكا بێت له‌كاتی‌ دانیشتنی‌ گوێگرتن له‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ له‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكایی‌، (وێڕای‌ په‌یوه‌ندی‌  پته‌وی‌ نێوان ئه‌مریكا و قه‌ته‌ر و بوونی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مریكایی‌ له‌سه‌ر خاكی‌ قه‌ته‌ر، به‌ڵام ده‌ستپێكی‌ كاره‌كان سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا له‌ناوبردنی‌ تیرۆره‌)، به‌ وته‌ی‌ نیكی‌ هیلی‌: « قه‌ته‌ر كۆمه‌كی‌ تیرۆری‌ كردووه‌، ده‌زانین كارێكی‌ زۆری‌ بۆ حه‌ماس كردووه‌، له‌وبڕوایه‌دام سه‌رۆك بیه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ ته‌واوه‌تی‌ داعش و تیرۆر له‌ناوببات». 
ئاماژه‌كه‌ روونه‌ له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر قه‌ته‌ر په‌سه‌ند ده‌كات، به‌وپێیه‌ی‌ كۆمه‌كی‌ تیرۆر ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌دوورنازانرێت ئه‌مریكا رازیی‌ ببێت وڵاتانی‌ تری‌ كه‌نداو ده‌ستوردانی‌ سه‌ربازی‌ له‌قه‌ته‌ردا بكه‌ن، وێڕای‌ ئه‌و راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانیانه‌ی‌ ئاماژه‌ به‌ خواستی‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ له‌ قه‌ته‌ره‌وه‌ بۆ وڵاتێكی‌ تری‌ كه‌نداو، هه‌موو ئه‌وانه‌ پشتیوانی‌ له‌و بیرۆكه‌یه‌ ده‌كه‌ن كه‌ وای‌ له‌ قه‌ته‌ر كرد به‌پێی‌ رێككه‌وتنی‌ به‌رگری‌ هاوبه‌ش داوای‌ هێنانی‌ هێزی‌ توركیا بكات كه‌ كارێكی‌ سروشتییه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی‌ به‌ڵێننامه‌ و نه‌ریته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌. 
قسه‌كردن له‌سه‌ر ته‌ماحه‌كانی‌ توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ رۆڵی‌ عوسمانی‌ كۆن، جگه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی‌ نادروست كه‌ جیاوازیی‌ و ناكۆكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ خسته‌نێوان عه‌ره‌ب و توركه‌وه‌ چی‌ دی‌ نییه‌، واقع گه‌واهی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ توركیا ده‌ستی‌ به‌سه‌ر وڵاتانی‌ كه‌نداو و بگره‌ هه‌موو جیهانی‌ عه‌ره‌بیدا گرتووه‌ له‌ڕێی‌ ئه‌و هێزه‌ نه‌رمه‌ی‌ به‌كاری‌ ده‌هێنێت، بۆیه‌ پێویستی‌ به‌ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ سه‌ربازیی‌ نییه‌ بۆ گێچه‌ڵكردن به‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو، به‌ تایبه‌ت كه‌ توكیا په‌یوه‌ندییه‌كی‌ پته‌وی‌ له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ هاریكاریی‌ كه‌نداودا هه‌یه‌ و به‌ تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ سعویه‌. 
توركیا له‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ سفكردنه‌وه‌ی‌ ململانێكان و باشكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ دراوسێكان به‌نده‌، لایه‌نی‌ ئاكاریشی‌ خستووه‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و سیاسه‌تانه‌وه‌ كه‌ لای‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتان نییه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ پشتیوانیكردنی‌ له‌ قه‌ته‌ر به‌وپێیه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ هێرشێكی‌ نه‌شیاو بووه‌ته‌وه‌ و هاوپه‌یمانێكی‌ به‌خشنده‌یه‌ و گه‌لی‌ توركیا و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یشی‌ شه‌وی‌ كوده‌تاكه‌ له‌یاد ناكه‌ن كه‌ قه‌ته‌ر هه‌ر له‌یه‌كه‌م ساته‌وه‌ پشتیوانی‌ له‌ توركیا كرد، له‌كاتێكدا وڵاتانی‌ تر خۆشحاڵ بوون و پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ كوده‌تا ده‌كرد و بگره‌ هه‌واڵی‌ درۆ و ناڕاستیان له‌ هه‌واڵه‌كاندا بڵاوده‌كرده‌وه‌، هه‌ندێكی‌ تریش چاوه‌ڕوان بوون تا له‌سه‌ر ئاكامی‌ رووداوه‌كان لیدوان و هه‌ڵوێستی‌ خۆیان بخه‌نه‌ڕوو. 
گه‌ر به‌زمانی‌ به‌رژه‌وه‌ندی نێوان وڵاتان له‌گه‌ڵ یه‌كدی‌ بدوێین، به‌ڵێ‌ هاوڕام، هه‌موو وڵاتێك هه‌وڵ بۆ به‌دیهێنانی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ده‌دات، ئه‌وه‌ش هیچ نه‌نگییه‌كی‌ تێدا نییه‌، به‌ڵام جیاوازه‌ وڵاتێك هه‌وڵ بۆ هێنانه‌دی‌ ده‌ستكه‌وت بدات له‌سه‌ر بنه‌مای‌ قازانج بۆ هه‌موان، یان لانی‌ كه‌م زیان به‌ ئه‌وانی‌ تر نه‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ وڵاتێك كه‌ هه‌وڵ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ بدات له‌سه‌ر حیسابی‌ وڵاتانی‌ تر، به‌بێ‌ گوێدانه‌ هیچ نه‌ریت و ئاكارێك.   

 نوسه‌رێكی‌ ئوردونییه‌ 

سه‌رچاوه‌:
له‌ ماڵپه‌ڕی‌ تورك پرێس وه‌رگیراوه‌     


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
‌ ئه‌ندریه‌ واردی پاڵه‌وانی جیهان وازهێنانی راگه‌یاند 24/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP