توركیای‌ هاوچه‌رخ له‌ ئه‌تاتوركه‌وه‌ بۆ ئه‌ردۆغان
چاوخشانێك  به‌ مێژووی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا و ره‌وته‌ سیاسییه‌كانیدا
توركیای‌ هاوچه‌رخ له‌ ئه‌تاتوركه‌وه‌ بۆ ئه‌ردۆغان چاوخشانێك به‌ مێژووی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا و ره‌وته‌ سیاسییه‌كانیدا ‌ 10/7/2017
به‌شی‌ دوانزەیەم 

توركیا یه‌ك ده‌وڵه‌ته‌، به‌ڵام فره‌ نه‌ته‌وه‌ و ناسنامه‌یه‌، دانیشتوانی‌ ئیسته‌نبوڵ جیاوازن له‌گه‌ڵ دانیشتوانی‌ ئه‌نقه‌ره‌ و ئه‌زمیر، به‌ هه‌مان شێوه‌ جیاوازییه‌كی‌ زۆر له‌نێوان ئه‌و شارانه‌ و شاره‌ كوردییه‌كانی‌ وه‌ك ئامه‌د و ماردیندا هه‌یه‌. 
هه‌ر ناوچه‌ و شارێك له‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئاڵۆزه‌دا له‌ڕووی‌ جوگرافیا و مێژووییه‌وه‌ كه‌سێتی‌  و ناسنامه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ خۆی‌ هه‌یه‌، كاتێكیش بته‌وێت له‌ تورك و نه‌ته‌وه‌كانی‌ تری‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ توركیا تێبگه‌یت، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانیت كه‌ توركه‌كان وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا زۆر شانازیی‌ به‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن. 
ئه‌وان نه‌ك به‌ ته‌نیا شانازیی‌ به‌ ئیسلام و شارستانی‌ و ته‌لارسازیی‌ و مێژووی‌ هونه‌ر و دیموكراتی‌ و كرانه‌وه‌ی‌ كلتوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و روو وه‌ڕگه‌رانیان به‌ره‌و ئه‌وروپادا ده‌كه‌ن، بگره‌ به‌بێ‌ جیاوازیی‌ له‌گه‌ڵ دواندنی‌ تاكێكی‌ توركدا،  هه‌موو ئه‌وانه‌ت بۆ باس ده‌كات به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ باشترینیان بخاته‌ڕوو، یان جیاكارییان له‌نێواندا بكات.

ریفراندۆم: كۆتایی‌ حوكمی‌ عه‌سكه‌ر و ده‌ستپێكردنی‌ سه‌رده‌مێكی‌ نوێی‌ عوسمانیزم 

له‌ 16ی‌ نیسانی‌ 2017، گه‌لانی‌ توركیا بۆ هه‌مواركردنی‌ ده‌ستوری‌ وڵاته‌كه‌یان، ریفراندۆمیان ئه‌نجامدا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش روویان له‌ سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان كرد. 
پێشتر حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدان، پرۆژه‌ یاسایه‌كی‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خستبووه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌، به‌و هۆیه‌ی‌ حزبه‌كه‌ش خاوه‌نی‌ زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ توركیایە، به‌ پاڵپشتی‌ هه‌ندێك لایه‌نی‌ تر، پرۆژه‌ یاساكه‌ په‌سه‌ندكرا و ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم بۆ مه‌به‌ستی‌ فراوانكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌كانی‌ سه‌رۆك كۆمار و گۆڕینی‌ سیستمی‌ وڵاته‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانییه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌، سه‌ریگرت. 
دره‌نجامی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ حزبی‌ داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په‌) كۆتایی‌ هات و  ده‌سته‌واژه‌ی‌ «به‌ڵێ‌» بۆ هه‌مواركردنی‌ ده‌ستور به‌رێژه‌ی‌ 51%، سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ستهێنا. 
          
هه‌ڵوێستی‌ حزبه‌كه‌كانی‌ توركیا 
دوابه‌دوای‌ ریفراندۆمه‌كه‌، حزبی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ ئۆپۆزسیۆن، به‌ بیانووی‌ ساخته‌كردن و پێشێلكاریی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، داوای‌ له‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ كرد، ده‌ره‌نجامی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ پوچه‌ڵ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ رۆژی‌ یه‌ك شه‌ممه‌ 16ی‌ نیسانی‌ 2017 ئه‌نجامدرا، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ره‌تكرانه‌وه‌ و ته‌ئكید له‌سه‌ر بێخه‌وشی‌ ریفراندۆم و دره‌نجه‌مه‌كه‌ی‌ كرایه‌وه‌. 
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی‌ توركیا، ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ به‌ مێژوویی‌ وه‌سفكرد كه‌ «كۆتایی‌ به‌ مێژوویه‌كی‌ دوورودرێژی‌ ده‌ستوه‌ردانه‌ سه‌ربازییه‌كان هێنا»، كاردانه‌وه‌كانیش جیاوازبوون له‌نێوان پیرۆزبایی‌ كردن له‌ ئه‌ردۆغان و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی‌ كه‌ لایه‌نه‌ ئه‌وروپاییه‌كان خراانه‌ڕوو. 
بوڵند تیزجان جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حزبی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ له‌ لێدوانێكی‌ بۆ رۆژنامه‌وانان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ رایگه‌یاند»له‌ زۆر ناوچه‌وه‌ سكاڵای‌ ئه‌وه‌مان پێگه‌یشتووه‌ كه‌ به‌ نهێنی‌ رێگه‌ له‌ هاوڵاتیان گیراوه‌ ده‌نگ بده‌ن»، ئاماژه‌ی‌ به‌ پرۆسه‌ی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كانیش كرد به‌شێوه‌ی‌ نهێنی‌ له‌ چه‌ندان ناوه‌ندی‌ ده‌نگدان كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و، رێگه‌ به‌ چاودێران نه‌دراوه‌ بۆ ماوه‌ی‌ كاتژمێر و نیوێك سه‌رپه‌رشتی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كان بكه‌ن، تا ئه‌و كاته‌ی‌ ئه‌و سكاڵایه‌ قبوڵكرا كه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌یانه‌وه‌ پێشكه‌ش كرابوو. 
تیزجان ده‌ڵێت»قبوڵكردنی‌ كارتی‌ ده‌نگدانی‌ به‌بێ‌ مۆر له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، پێشێلكارییه‌كی‌ راشكاوانه‌ی‌ یاسابوو، بۆیه‌ هیچ ده‌رچه‌یه‌ك نییه‌ بۆ كۆتایهێنان به‌و مشتومڕانه‌ی‌ له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی‌ ریفراندۆم و ته‌نگژه‌كان دروستبوون‌، جگه‌ له‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ دره‌نجامه‌كان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌». 
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حزبی‌ گه‌لی‌ كۆماری‌ باسی‌ له‌و سكاڵایانه‌ش كردبوو كه‌ پێشكه‌ش به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ شاره‌وانی‌ و لیژنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنیان كردووه‌، كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و، به‌پێی‌ ئاكامی‌ سكاڵاكان، ده‌چنه‌ دادگای‌ ده‌ستوری‌ و دادگای‌ ئه‌وروپایی‌ بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ تر. 
كلیچدار ئۆغڵۆش سه‌رۆكی‌ حزبه‌كه‌ له‌و ده‌مه‌دا رایگه‌یاند، ئه‌و رێوشوێنه‌ی‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ دوایین ساتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ئاماژه‌ی‌ پێكرا و ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر شیاوی‌ كارته‌ بێ‌ مۆره‌كان كرده‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ ده‌نگدان، گومان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ شه‌رعیه‌تی‌ ریفراندۆم دروست ده‌كه‌ن. 
به‌ هه‌مان شێوه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان (هه‌ده‌په‌)ش، ئاماژه‌ی‌ به‌و ساخته‌كاریانه‌ كردبوو كه‌ له‌میانی‌ ده‌نگدانه‌كه‌دا ئه‌نجامدراون‌، به‌ تایبه‌ت له‌و میكانیزمانه‌ی‌ كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌  هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ گیرانه‌به‌ر. 


ساخته‌كاریی‌ له‌پرۆسه‌كه‌دا ره‌تده‌كرێته‌وه‌   
له‌به‌رانبه‌ردا و له‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌، سه‌عدی‌ جۆفن سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان‌، ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر دروستی‌ ده‌ره‌نجامی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی‌ به‌ قورسی‌ روودانی‌ ساخته‌كاریی‌ كرد له‌ كارته‌كانی‌ ده‌نگدان كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا به‌كارهێنران، «به‌ تایبه‌تیش كه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ له‌ كاغه‌زێكی‌ تایبه‌ت دروستكراوه‌». 
جوفن هاوڵاتیانی‌ توركیای‌ دڵنیاكرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ گه‌ر هه‌ر ساخته‌كارییه‌ك كرابێت، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ‌ ئاشكرابووه‌ و نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر دره‌نجامی‌ ریفراندۆمی‌ هه‌مواركردنی‌ ده‌ستور. 
جۆفن، ره‌تیكرده‌وه‌ بڕیاری‌ پشتبه‌ستن به‌ كارته‌كانی‌ ده‌نگدان و ئه‌و دۆخه‌ی‌ وایكرد له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ مۆرنه‌كرێن، له‌دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ بوبێت، و وتی‌»بڕیاره‌كه‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی‌ ده‌نگدتانه‌وه‌ بووه‌، بۆیه‌ ناكرێت ئه‌و بڕیاره‌ هیچ واتایه‌كی‌ تر هه‌ڵبگرێت»، ره‌تیشكرده‌وه‌ كارته‌ ساخته‌كان له‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگداندا قوبڵكرابن. 
به‌پێی‌ دره‌نجامه‌كانی‌ دە‌نگدان له‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ توركیا كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا، كۆی‌ گشتی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌نگیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌مواركردنی‌ ده‌ستور و گۆڕینی‌ سیستمی‌ په‌رله‌مانی‌ بۆ سیستمی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ دابوو، گه‌یشته‌ 24 ملیۆن و 763 هه‌زار و 516  كه‌س، له‌به‌رانبه‌ردا 13 ملیۆن و 511 هه‌زار و 155 كه‌س به‌ «نه‌خێر» ده‌نگیان دابوو. 
به‌پێی‌ ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ ئه‌نادۆڵیش، رێژه‌ی‌ 51.3%ی‌ به‌شداربوانی‌ رفراندۆمه‌كه‌ به‌ «به‌ڵێ‌» ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر پێدانی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ فراوانتر به‌ سه‌رۆك كۆمار دابوو، به‌ڵام سێ‌ شاره‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ توركیا كه‌ له‌ ئیسته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌ و ئه‌زمیر پێكدێن، به‌ «نه‌خێر» ده‌نگیاندابوو. 
له‌نێوه‌ندی‌ ئاهه‌نگه‌ میللییه‌كانی‌ توركیا كه‌ پشتیوانیان بۆ هه‌مواركردنه‌ ده‌ستورییه‌كان ده‌ربڕی‌، ئه‌ردۆغان ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ به‌ مێژوویی‌ وه‌سفكرد و وتی‌، كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ سه‌ر ئاینده‌ی‌ وڵات هه‌یه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌ داخستنی‌ ده‌روازه‌كانیش كرد به‌ڕووی‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ سه‌ربازیی‌ له‌ حكومه‌ته‌كاندا له‌ توركیا و داوای‌ له‌ وڵاته‌ بیانییه‌كان كرد، «رێز» له‌ دره‌نجامی‌ ده‌نگدانه‌كان بگرن. 
دوا به‌دوای‌ ئه‌وه‌ش‌، به‌پێی‌ كه‌ناڵی‌ (سی‌ ئێن ئێن تورك)، ئه‌ردۆغان له‌ كۆشكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌، سەرپەرشتی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ كردووه‌. 

كاردانه‌وه‌كان 
له‌دوای‌ ته‌وابوونی‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌مواره‌ ده‌ستورییه‌كان و سه‌ركه‌وتنی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ (ئاكه‌په‌) و به‌ره‌ی‌ «به‌ڵێ‌»، ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ و ئیسلامی‌، پیرۆزباییان له‌ ئه‌ردۆغان كرد به‌بۆنه‌ی‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ ریفراندۆمه‌وه‌، به‌ڵام جان كڵود یونیكه‌ر سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆنی‌ ئه‌وروپایی،  فیدریكا موگرینی‌ به‌رپرسی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا، یوهانس هان كۆمیسیاری‌ سیاسه‌تی‌ دراوسێكانی‌ ئه‌وروپا و دانوستانه‌كانی‌ فراوانكردن، به‌یاننامه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شیان ده‌كرد و تێیدا رایانگه‌یاند»هه‌مواره‌ ده‌ستورییه‌كان، به‌تایبه‌ت جێبه‌جێكردنی‌ پراكتیكی‌، هه‌ڵسه‌نگاندنێكه‌ له‌به‌ر رۆشنایی‌ پابه‌ندبوونه‌كانی‌ توركیا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی‌ كاندید بۆ هاتنه‌ نێو یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا و بوون به‌ ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئه‌وروپا». 
له‌ مۆسكۆ، دیمتری‌ بوسكۆڤ وته‌بێژی‌ كرملین، داوای‌ كرد رێز له‌ دره‌نجامه‌كانی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ توركیا بگیرێت، به‌ رۆژنامه‌وانانی‌ راگه‌یاند، ئه‌و رێوشوێنه‌ كاروبارێكی‌ ناوخۆیی‌ توركیایه‌. 
لای‌ خۆیه‌وه‌، ئه‌نگێلا مێركڵ راوێژكاری‌ ئه‌ڵمانیا، داوای‌ له‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی‌ توركیا كرد، هه‌وڵه‌كانی‌ خۆی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ «دیالۆگێك كه‌ له‌سه‌ر رێزگرتن به‌ندبێت» له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌ سیاسییه‌كانی‌ توركیا ده‌ستپێبكات. 
مێركڵ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ كورتدا كه‌ به‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ سیگمار گابرێڵ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌ریان كرد، رایانگه‌یاند»حكومه‌تی‌ ئه‌ڵمانیا چاوه‌ڕوانی‌ حكومه‌تی‌ توركیا ده‌كات له‌پاش هه‌ڵمه‌تێكی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ قورس، له‌ئێستادا هه‌وڵ بۆ ئه‌نجامدانی‌ دیالۆگێك بدات  كه‌ له‌سه‌ر رێزگرتن به‌ند بێت، له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌».   
هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتبوو» حكومه‌تی‌ ئه‌ڵمانیا رێز له‌ مافی‌ پیاوان و ژنانی‌ توركیا ده‌گرێت له‌ دیاریكردنی‌ ده‌ستوریی‌ وڵاته‌كه‌یان»، جیاوازیی‌ كه‌می‌ رێژه‌ی‌ بردنه‌وه‌ی‌ ریفراندۆمه‌كه‌یشی‌ وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی‌ روون بۆ قوڵی‌ دابه‌شبوون له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی‌ توركیادا وه‌سفكردبوو.
مێركڵ رایگه‌یاندبوو چاوه‌ڕوانی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ یه‌كه‌می‌ چاودێرانی‌ ئه‌وروپایی‌ ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ شێوازی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ ده‌نگدانه‌كه‌ و گومانی‌ خۆیشی‌ نه‌شاردبووه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌و ریفراندۆمه‌ی‌ له‌ توركیادا ئه‌نجامدرا. 
به‌ر له‌وه‌، كۆمیسیۆنی‌ ئه‌وروپا، جه‌ختی‌ له‌سه‌ر پێویستی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ توركیا كردبووه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ته‌وافوقێكی‌ نیشتیمانی‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواره‌ ده‌ستورییه‌كان له‌به‌ر رۆشنایی‌ ئه‌و جیاوازییه‌ كه‌مه‌ی‌ له‌لایه‌ن لایه‌نگران‌ و نه‌یارانی‌ هه‌مواره‌ ده‌ستورییه‌كه‌دا ده‌ركه‌وت له‌ ریفراندۆمه‌كه‌دا‌. 
به‌ بۆچوونی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئه‌وروپاش»پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی‌ توركیا به‌ وردی‌ بیر له‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ داهاتووی‌ بكاته‌وه‌ و ره‌چاوی‌ ده‌ره‌نجامه‌ لێكنزیكه‌كانی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ بكات». 
ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا كه‌ له‌و ده‌مه‌دا كاندیدی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بوو، رایگه‌یاند» نابێت ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ توركیا ببێته‌ مایه‌ی‌ كۆنترۆڵكردنی‌ ته‌واوه‌تی‌ ده‌سه‌ڵات، له‌حاڵه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنیشم به‌ سه‌رۆك، ده‌ستی یارمەتی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ درێژ ده‌كه‌م كه‌ بڕوایان به‌ دیموكراتی‌ هه‌یه‌». 
لای‌ خۆیه‌وه‌ سباستیان كۆرز وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌مسا رایگه‌یاند»به‌ره‌چاوكردنی‌ ده‌ره‌نجامی‌ كۆتایی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ توركیا، مه‌ودای‌ دابه‌شبوونی‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌سه‌ر دووبه‌ره‌ی‌ جیاوازدا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش واده‌كات هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا هێنده‌ی‌ تر ئاڵۆزبكات». 
خه‌یره‌ت فێڵده‌رز سیاسه‌توانی‌ هۆڵه‌ندیش، ده‌ره‌نجامی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ به‌»هه‌ڵبژاردنی‌ زیاتری‌ توركیا بۆ ئیسلامی‌ و تۆتالیتاریی‌» وه‌سفكرد. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
‌ ئه‌ندریه‌ واردی پاڵه‌وانی جیهان وازهێنانی راگه‌یاند 24/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP