هه‌ڵوێستی‌ له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌  
ئه‌مریكا چاره‌نووسی‌ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌داته‌ ده‌ست روسیا
هه‌ڵوێستی‌ له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌ ئه‌مریكا چاره‌نووسی‌ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌داته‌ ده‌ست روسیا ‌ 10/7/2017
له‌كاتێكدا هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ سوریا له‌چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ له‌ پێشڕه‌ویدان و له‌به‌ره‌كاندا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه‌ و له‌ سنوره‌كانی‌ عیراق نزیك بونه‌ته‌وه‌، ریكس تیلرسۆن وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا وه‌ك «فۆرین پۆلیسی‌» ئاماژه‌ی‌ پێكردووه‌، به‌ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرس سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ چاره‌نوسی‌ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی‌ سوریا له‌ ده‌ستی‌ روسیادایه‌. 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ لێدوانه‌كه‌ی‌ تیلرسۆن به‌ پاشه‌كشه‌كردنی‌ هه‌ڵوێستی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ داده‌نرێت له‌و رووه‌وه‌، به‌ڵام محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ره‌عد ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گه‌لی‌ سوریا، ئه‌و لێدوانه‌ی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا به‌ ده‌ستدرێژی‌ داده‌نێت و پێیوایه‌ چاره‌نوسی‌ سه‌رۆكی‌ سوریا ته‌نیا له‌ده‌ستی‌ گه‌لی‌ سوریادایه‌. 
ره‌عد به‌ ئاژانسی‌ «سپۆتینك»ی‌ روسی‌ راگه‌یاندووه‌»گه‌لی‌ سوریا وه‌ك گه‌لانی‌ تری‌ هه‌ر وڵاتێك له‌ وڵاتانی‌ تری‌ جیهان،  خاوه‌نی‌ بڕیاره‌ و بۆخۆی‌ شه‌رعیه‌ت ده‌داته‌ هه‌ر سه‌رۆكێك كه‌ ده‌یه‌وێت، بۆیه‌ ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ ته‌نیا تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ن و بۆ شێواندنی‌ خۆڕاگری‌ سوریایه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا». 
به‌ وته‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ سوریا»وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ڕێی‌ ئه‌و لێدوانه‌وه‌، ده‌یه‌وێت رۆڵی‌ ئه‌رێنی‌ روسیا بشێوێنێت كه‌ له‌ پشتیوانیكردن له‌ گه‌لی‌ سوریا بینیویه‌تی‌ و ده‌یه‌وێت به‌بێ‌ گوێدانه‌ هیچ بنه‌مایه‌ك، تۆمه‌ته‌كان ئاراسته‌بكات، چونكه‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا گه‌لی‌ سوریا بۆخۆی‌ خاوه‌نی‌ بڕیاری‌ یه‌كه‌م و كۆتایه‌، لێره‌شدا ده‌توانین پڕوپاگه‌نده‌كانی‌ خودی‌ ئه‌مریكا بهێنینه‌وه‌ له‌ڕووی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ دیموكراتی‌ له‌ جیهان كه‌ ده‌ڵێت، گه‌ل به‌ ته‌نیا خاوه‌نی‌ بڕیاری‌ دیاریكردنی‌ چاره‌نوسی‌ خۆی‌ و هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكه‌كه‌یه‌تی‌». 
سه‌باره‌ت به‌ پاشه‌كشه‌كردنی‌ هه‌ڵوێستی‌ ئه‌مریكاش كه‌ پێشتر ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر پێویستی‌ رۆیشتنی‌ ئه‌سه‌د ده‌كرده‌وه‌ و له‌ئێستادا بیرۆكه‌ی‌ بوونی‌ ئه‌سه‌د قبوڵ ده‌كات، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ره‌عد ده‌ڵێت: «ئه‌وه‌ی‌ به‌دواداچوونی‌ هه‌بێت بۆ رووداوه‌كان له‌ سوریا، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كانه‌ ده‌بینێت كه‌ سوپای‌ عه‌ره‌بی‌ سوری‌، و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ به‌ده‌ستیانهێناوه‌، و ده‌بینێت شاره‌كانی‌ سوریا به‌شێوه‌یه‌كی‌ ته‌واوه‌تی‌ رووله‌ سه‌قامگیریی‌ ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ش، نه‌یارانی‌ ناچاری‌ كردووه‌ پاشه‌كشه‌ له‌و لێدوانانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌به‌ر دووباره‌بونه‌وه‌یان بێزاركه‌ر بوون».  
ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ گه‌لی‌ سوری‌ رونیده‌كاته‌وه‌،» راستی‌ هه‌ڵوێستی‌ حكومه‌تی‌ سوریای‌ 6 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ دیاریكردنی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ كۆمه‌ك و پشتیوانیان له‌ تیرۆر ده‌كرد، له‌ئێستادا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ململانێكانی‌ كه‌نداو ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌نێو خۆیاندا تۆمه‌تی‌ كۆمه‌ككرنی‌ تیرۆریان رووبه‌ڕووی‌ یه‌كتر كرده‌وه‌ و نهێنییه‌كانی‌ یه‌كتریان له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاشكرا كرد، ئه‌وه‌ش راستی‌ هه‌ڵوێستی‌ سوریا ده‌رده‌خات، هه‌روه‌ها دیپلۆماسی‌ سوریا و روسیا توانیان ئه‌و وێنه‌یه‌ بۆ جیهان رۆشنتر بكه‌ن له‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ بوون پشتیوانیان له‌ تیرۆر ده‌كرد». 
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ سوریا، پێشبینی‌ كردووه‌، شه‌ڕه‌كانی‌ دژ به‌ «داعش» له‌ سوریا مانگێك یان هه‌ندێك زیاتر بخایه‌نن و دواتر نه‌مانی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ «داعش» له‌ سوریادا رابگه‌یه‌نرێت، چونكه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و، سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ سوپای‌ سوریا له‌ قوڵایایی‌ بادیه‌ و گه‌یشتنی‌ به‌ هه‌ندێك ناوچه‌ له‌سه‌ر سنوره‌كانی‌ عیراق، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی‌ سوپای‌ عیراق بۆسه‌ر سنوره‌كانی‌ سوریا، وایانكردووه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌ستییان به‌سه‌رداگیراوه‌، گه‌مارۆدراوبن. 
ره‌عد باسی‌ له‌ گه‌یشتنی‌ سوپای‌ سوریا كرد بۆ ناوچه‌كانی‌ قوڵایی‌ بادیه‌، و ریفی‌ باشوور و خۆرئاوا به‌ره‌و ره‌قه‌، هه‌روه‌ها گه‌یشتنی‌ سوپا بۆ سنوره‌ ئیدارییه‌كانی‌ دێر ئه‌لزور، بۆیه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی‌ پێكردووه‌» له‌ماوه‌ی‌ مانگێكدا رێكخراوی‌ داعش به‌ هه‌مان شێوه‌ی‌ عیراق، له‌سوریاش له‌ناوده‌برێت و كۆتایی‌ دێت». 
سوپای‌ عه‌ره‌بی‌ سوری‌ كه‌ له‌ به‌ره‌كانی‌ دژ به‌ داعش سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ تۆمارده‌كات، هێزكانی‌ سوریای‌ دیموكراتیش، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌دژی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌پێشڕه‌ویدان و له‌ئێستادا چونه‌ته‌ نێو شاری‌ ره‌قه‌ كه‌ به‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ «داعش» له‌سوریادا داده‌نرێت، به‌ رزگاركردنی‌ ئه‌و شاره‌ش له‌ چنگی‌ تیرۆریستانی‌ رێكخراوه‌كه‌، ده‌كرێت بڵێین داعش به‌ ته‌واوه‌تی‌ له‌سوریادا روو له‌ پوكانه‌وه‌ و نه‌مان ده‌كات، و خۆری‌ هه‌ژموونی‌ رێكخراوی‌ «ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌»، به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چێت. 
له‌گه‌ڵ ئاوابوونی‌ خۆری‌ داعش و پوكانه‌وه‌ی‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ سوریا، جارێكی‌ تر پرسی‌ مانه‌وه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ و پێده‌چێت له‌مجاره‌دا، ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا كه‌ پێشتر جه‌ختی‌ له‌سه‌ر پێویستی‌ رۆیشتنی‌ ئه‌سه‌د ده‌كرده‌وه‌، گۆڕانكاریی‌ ته‌واه‌وه‌تی‌ به‌سه‌ر هه‌ڵوێستیدا هاتبێت و خۆی‌ دابێته‌ ده‌ست ئه‌و واقیعه‌ ره‌خساوه‌ی‌  له‌ئێستادا روسه‌كان له‌ سوریادا خولقاندویانه‌ كه‌ پێداگری‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كه‌نه‌وه‌. 

ململانێ‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ سوریا
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ و هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ سوریا و دۆخی‌ ئاڵۆزی‌ ئه‌و وڵاته‌، فیتالی‌ نئومكین پسپۆڕی‌ ده‌ركه‌وتووی‌ روسی‌ له‌ بواری‌ كێشه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ند پێیوایه‌، هۆكاریی‌ گه‌وره‌بوون و فراوانبوونی‌ ململانێ‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ سوریا، وابه‌سته‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئێران و «ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان»ه‌ كه‌ پشتیوانی‌ له‌ ئیسرائیل ده‌كات. 
نئومكین كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ زانستی‌ په‌یمانگای‌ خۆرهه‌ڵاتناسی‌ سه‌ر به‌ ئه‌كادیمیای‌ روسییه‌، له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ «ئه‌رگۆمێنتی‌ ئی‌ فاكتی‌» ده‌ڵێت، تره‌مپ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، هه‌ڵوێستێكی‌ روونی‌ له‌به‌رانبه‌ر ئێراندا خسته‌ڕوو، له‌مڕۆشدا هه‌وڵده‌دات، ئێرانییه‌كان و حزبوڵڵا له‌ ناوچه‌كانی‌ باشووری‌ سوریا به‌ تایبه‌ت وه‌ده‌ربنێت. 
به‌ وته‌ی‌ نئومكین، ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ بۆته‌ رێخۆشكه‌ر بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ نوێ‌ دابمه‌زرێنێت و چه‌كه‌ نوێیه‌كانی‌ له‌ باشووری‌ سوریا و ناوچه‌ی‌ ته‌نه‌ف و له‌ نزیك دێرئه‌لزور له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ دابنێت، چونكه‌ ئه‌و ناوچانه‌ گرنگییه‌كی‌ وه‌هایان بۆ لایه‌نه‌كانی‌ نێو ململانێكه‌ نه‌بوو، به‌ڵام په‌ره‌سه‌ندنه‌كان «وابه‌سته‌ی‌ ئه‌و سیاسه‌تانه‌ن كه‌ واشنتۆن له‌ دژی‌ ئێران ده‌یانگرێته‌به‌ر». 
ئه‌و پسپۆڕە ده‌ڵێت»زۆربوونی‌ چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ سوریا، تا ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ زۆر مایه‌ی‌ گێچه‌ڵن بۆ روسیا، به‌ڵام ئه‌مریكاییه‌كان باش ده‌زانن، روسه‌كان له‌به‌ر ئه‌و وێككه‌وتنانه‌ له‌ سوریا، جه‌نگی‌ جیهانی‌ به‌رپا ناكه‌ن، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌مریكاییه‌كان نایانه‌وێت له‌گه‌ڵ روسیادا بچنه‌ جه‌نگه‌وه‌ له‌پێناو سوریادا، چونكه‌ له‌ئێستادا ئێران له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی‌ ئه‌واندایه‌». 
پسپۆڕه‌ روسه‌كه‌ له‌و دیمانه‌یه‌دا باس له‌ سه‌ردانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ تره‌مپیش ده‌كات بۆ سعودیه‌ و ده‌ڵێت، ئه‌و سه‌ردانه‌ راگه‌یاندێكی‌ روونی‌ ئه‌مریكا بوو بۆ چوونه‌ نێو به‌ره‌ دژ به‌ ئێران و پشتیوانی‌ بوو له‌ به‌ره‌ی‌ حكومه‌ته‌ سونییه‌كان، وێڕای‌ ئه‌وانه‌ش، مشتمڕێكی‌ زۆر له‌ نێوه‌نده‌كانی‌ ئه‌مریكادا هه‌یه‌، به‌ ئامانجی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌تی‌ رێككه‌وتنی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێرانی‌ كه‌ پێشتر ئیداره‌كه‌ی‌ ئۆباما ئیمزای‌ كردبوو. 

«واشنتۆن مه‌به‌ستی‌ ئێرانه‌» 
وه‌ك فیتالی‌ نئومكین ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌، واشنتۆن كاریی‌ گێچه‌ڵكردن له‌ دژی‌ ئێران ئه‌نجام بدات، تا به‌ره‌و هه‌ڵسوكه‌وتی‌ هه‌ڵه‌شه‌یی‌ بیبات و دواتر هاوپه‌مانییه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ لێدانی‌ ئێران كۆبكاته‌وه‌، یان لانی‌ كه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌كارهێنانه‌وه‌ی‌ سزا ئابورییه‌كان که‌ پێده‌چێت كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ نه‌رێنی‌ له‌لایه‌ن ئێرانییه‌كانه‌وه‌ به‌دوادابێت. 
پسپۆڕه‌ روسه‌كه‌ ده‌ڵێت»له‌ئێستادا هه‌ندێك هێزی‌ دیاریكراو هه‌ن له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ له‌ پشت سیاسه‌تی‌ دژایه‌تیكردنی‌ ئێران و روسیاوه‌ن، و پێیانوایه‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ روسیای‌ سه‌ركه‌وتوو له‌ ئێران و توركیا له‌ یه‌ك كاتدا، مایه‌ی‌ دروستبوونی‌ سێگۆشه‌یه‌كی‌ نوێیه‌ كه‌ له‌ئێستادا له‌نێو رووداوه‌كانی‌ سوریادا به‌دیده‌كرێت، ئه‌وه‌ش مایه‌ی‌ مه‌ترسیه‌ بۆ واشنتۆن كه‌ پێده‌چێت وه‌ك گه‌مه‌كرێكی‌ سه‌ره‌كی‌ رۆڵی‌ خۆی‌ له‌ناوچه‌كه‌ له‌ده‌ستبدات. 
نئومكین دێته‌ سه‌ر باسی‌ ته‌نگژه‌كان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر و ده‌ڵێت:»ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ هێنده‌ی‌ تر ئاگره‌كه‌ی‌ خۆشكرد، چونكه‌ ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ توركیا ده‌خاته‌ دۆخێكی‌ زۆر تایبه‌ته‌وه‌، و ده‌ریده‌هێنێت له‌ به‌ره‌ سونییه‌ موحافیزكاره‌ به‌هێزه‌كه‌ و زیاتر له‌ روسیا و ئێرانی‌ نزیك ده‌كاته‌وه‌». 

پاراستنی‌ ئیسرائیل وه‌ك ئه‌وله‌ویه‌ت 
له‌ كۆتاییدا فیتالی‌ نئومكین پێیوایه‌، تره‌مپ له‌ هه‌موو سه‌رۆكه‌كانی‌ تری‌ ئه‌مریكا زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی‌ ئاسایشی‌ ئیسرائیل و پشتیوانی‌ له‌و وڵاته‌ بكاته‌وه‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست. 
سه‌باره‌ت به‌ ئیسرائیلیش، ئێران و به‌ تایبه‌ت چالاكییه‌كانی‌ له‌ باشووری‌ سوریا، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سه‌ره‌كییه‌ بۆ ئاسایشی‌ ته‌لئه‌بیب و حزبوڵڵاش وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی‌ دووه‌م له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌بینرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك نئومكین ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، «هه‌ڵسوكه‌وتی‌ دڕندانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ مامه‌ڵكردنی‌ له‌گه‌ڵ سوریادا رونده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی‌ به‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ ئیسرائیله‌وه‌ هه‌یه‌». 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7321
23/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بۆڵت له‌ له‌نده‌ن به‌شداری 200 مه‌تر ناكات 23/7/2017
‌ بۆندێكی بۆ ماوه‌ی‌ 5 وه‌رز له‌گه‌ڵ چێڵسی ئیمزاكرد 23/7/2017
زانست
‌ بۆ گه‌رمای هاوین خواردنه‌وه‌ی ئاوی شله‌تێن باشه‌ 23/7/2017
‌ ته‌نه‌ ئاڵۆزه‌كانی گه‌ردوون، ئامانجی به‌ هێزترین ته‌لسكۆبی جیهانه‌ 23/7/2017
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP