به‌ڵێ ره‌خنه‌ له‌ مام جه‌لالیش ره‌وایه‌‌و هه‌قیشه‌
به‌ڵێ ره‌خنه‌ له‌ مام جه‌لالیش ره‌وایه‌‌و هه‌قیشه‌ ‌ 15/7/2017
نووسینی: مام جه‌لال
گۆڤاری دیموكراسی له‌ ژماره‌ی 22/ ساڵی 2/ ئه‌یلوولی 1993 ی خۆیدا، وتارێكی بڵاوكردۆته‌وه‌ به‌ناونیشانی (له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسی دا ره‌خنه‌ له‌ سه‌ركرده‌ش ره‌وایه‌). وا ئێمه‌ش تكا له‌ كوردستانی نوێی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین ده‌قه‌كه‌ی بڵاوكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ته‌علیقه‌ی به‌نده‌شدا.
1- جارێ له‌ پێشه‌وه‌ با عینوانه‌كه‌ بۆ گۆڤاری دیموكراسی به‌ڕێز راست بكه‌ینه‌وه‌. كۆمه‌ڵگای دیموكرات نه‌ك كۆمه‌ڵگای دیموكراسی واته‌-المجتمع الدیموقراطي-دیموكراسی یانی (الدیموقراطیة‌) –دیموكرات یانی (دیموقراطي). مه‌گه‌ر نووسه‌ر نیازی «مجتمع الدیموقراطیة‌» بووبێت ئه‌گینا نه‌یپێكاوه‌، با زاراوه‌ عیلمیه‌كانی بێگانه‌ راست به‌كار بهێنین.
2- به‌ڵێ ره‌خنه‌ له‌ مام جه‌لال-یش هه‌ق‌و ره‌وایه‌. مام جه‌لال هیچ كاتێك نه‌ خۆی به‌ هه‌وراز (به‌ مانای تفضیل) ی‌.ن.ك داناوه‌‌و نه‌ ی‌.ن.ك –یش ئاماده‌ بووه‌ مام جه‌لال وا دابنێت. مام جه‌لال پێی وایه‌ كه‌ (جگه‌ له‌ به‌شه‌ تایبه‌تیه‌كه‌ی خۆی) ئه‌ویتری كه‌ هه‌ره‌ زۆره‌كه‌یه‌ له‌ ژین‌و هه‌یبه‌ت‌و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌تی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ی‌.ن.ك ‌و بۆ شه‌هیدان‌و تێكۆشه‌رانی ی‌.ن.ك. مام جه‌لال ئه‌وه‌نده‌ گێل‌و نه‌فام نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ش خۆی لێ نه‌گۆراوه‌-كه‌وا تێبگات ئه‌و مناره‌یه‌ی له‌سه‌ری وه‌ستاوه‌‌و خه‌ڵكیش له‌و به‌رزیه‌ی مناره‌كه‌دا ده‌یبینێت-جا مناره‌كه‌ چه‌ند به‌رز‌و بڵندیش بێت-باڵای به‌رزی خودی خۆیه‌تی- یا ته‌نانه‌ت مناره‌ی ته‌كیه‌ی تاڵه‌بانی كه‌ركوكیشه‌!! به‌ڵكو مناره‌كه‌ مناره‌ی ی‌.ن.ك-ه‌ به‌ لاشه‌ ‌و باڵای خه‌باتگێره‌كانی بنیاتنراوه‌‌و به‌ خوێنی گه‌شی شه‌هیده‌كانیش كه‌ره‌سته‌كانی گیراونه‌ته‌وه‌. مام جه‌لال زۆرجار بۆ كادیرانی ی‌.ن.ك وای‌ باس كردووه‌ كه‌ گه‌ر بێت‌و بیكه‌یته‌وه‌ پارێزه‌ر جه‌لال تاڵه‌بانی‌و چاكترین‌و كه‌شخه‌ترین ئۆفیسی پارێزه‌ریشی بۆ دابین بكه‌یت‌و له‌ كه‌ركوكیش بێت. ئه‌وا پۆلیسێكی میری راپێچه‌كی ده‌دات بۆ زیندان‌و هیچیشی پێ ناكرێت‌و كه‌میش له‌سه‌ری هه‌ڵده‌ده‌نێ! بۆیه‌ له‌ سه‌رێكه‌وه‌ گۆڤاره‌كه‌ راست ده‌كات كه‌ ی‌.ن.ك یان كادره‌كانی ی‌.ن.ك نابێ هێرش بۆ سه‌رخۆیان به‌ راست‌و ره‌وا بزانن‌و بۆ سه‌ر مام جه‌لال ناڕه‌وا، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ش نییه‌ كه‌ له‌ ژیانی حزبایه‌تی‌و نێوانی حزب‌و هێزه‌كان دا دواجار تیر ده‌گیرێته‌ لێپرسراوی یه‌كه‌م. مه‌گه‌ر  هه‌ڵه‌‌و لادانه‌كه‌ وا گه‌وره‌ بێت كه‌چی تێدا نه‌مابێته‌وه‌. بۆ وێنه‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر گۆڤاری دیموكراسی پله‌كه‌ی دوایی كه‌ی هێرشه‌ بۆ سه‌ر مامۆستا باوه‌دین نوری. ئه‌ی كه‌واته‌ بۆچی هێرش‌و ره‌خنه‌‌و گله‌یی له‌ مام جه‌لال هه‌ق‌و ره‌وایه‌؟ 
به‌ڵێ هه‌ق‌و ره‌وایه‌ سه‌باره‌ت به‌م راستییانه‌ی خواره‌وه‌:
1-مام جه‌لال سیاسییه‌، سیاسییه‌كی دیار‌و چالاكیشه‌، هه‌ڵوێسته‌كانی، بیروڕا‌و بۆچوونه‌كانی كاری خۆیان زۆر یان كه‌م-ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كۆمه‌ڵ‌و رووداوه‌كان‌و ژیانی سیاسی‌و ره‌نگه‌ ئابووری‌و هتدیش.. كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌گرنه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وانیش هه‌قیانه‌ له‌سه‌ر خۆیان هه‌ڵبده‌نێ واته‌ هه‌قی خۆیانه‌ ر ره‌ئی خۆیانی له‌سه‌ر بده‌ن، به‌ ره‌خنه‌ بێت، یان به‌ په‌سنكردن بێت. به‌ نه‌فرین بێت، یان به‌ ئافه‌رین. با مام جه‌لال سیاسه‌ت نه‌كا، له‌ كاروباری گشتی كۆمه‌ڵدا ده‌وری نابێ ئه‌وسا ره‌نگه‌ كه‌م كه‌س ئه‌سڵه‌ن هه‌ر ناویشی بهێنن مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ره‌خنه‌ی كار نه‌كردن‌و هه‌ندێكیش هەر وەک نەخۆشی كار نه‌كردنی ئه‌ویان بێت.
2- چونكه‌ مام جه‌لال ئینسانه‌، هه‌موو ئینسانێكیش هه‌ڵه‌ هه‌ر ده‌كا. ته‌نانه‌ت پێغه‌مبه‌ری مه‌زنی ئیسلام (ص) ره‌خنه‌ی لێ گیراوه‌؟ بۆچی له‌ به‌نده‌كانی ساده‌ی خوا ره‌خنه‌ نه‌گیرێت؟
3- مام جه‌لال داوای خه‌باتی شۆڕشگێرانه‌‌و زانستانه‌ ده‌كات. هه‌ردوو ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌ نه‌ك هه‌ر به‌ هه‌ق ده‌زانن، به‌ڵكو به‌ واجبیشی داده‌نێن.
4- مام جه‌لال خۆی داوای دیموكراسی ده‌كات‌و داوای سه‌ربه‌ستییه‌ دیموكراتییه‌كان ده‌كات، كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ره‌خنه‌ به‌ هه‌ق‌و به‌ ره‌وا‌و بگره‌ به‌ واجبیش ده‌زانن.
5- مام جه‌لال خۆی وای نیشان داوه‌ كه‌ دژی «فه‌ردپه‌رستی» عبادة‌ الفرد» واته‌ دژی پیاهه‌ڵگوتن‌و هه‌ڵدان‌و شاباش به‌ سه‌رهه‌ڵدانی تاكه‌ كه‌سه‌، ئه‌مه‌ش دیسان ره‌خنه‌‌و گله‌یی ده‌كاته‌ ره‌وا‌و واجبیش.
6- مام جه‌لال له‌ ژیانی سیاسی دوورودرێژی خۆیدا هه‌ندێ هه‌ڵه‌ی دیاری كردووه‌‌و هه‌ندێ جاریش به‌شداری هه‌ندێ هه‌ڵه‌ی دیاری تر بووه‌. بۆیه‌ هه‌ق‌و ره‌وایه‌ ره‌خنه‌ی لێ بگیرێت.
7- مام جه‌لال خۆی به‌ سۆسیالیستی دیموكرات داده‌نێت، هه‌ردوو وشه‌كه‌ش ره‌خنه‌‌و گله‌یی حه‌ڵال ده‌كه‌ن‌و به‌ ره‌وا‌و هه‌ق‌و پێویستیشیان ده‌زانن. خۆی له‌ خۆیدا بیروباوه‌ڕی سۆشیالیستی بیروباوه‌ڕێكی ره‌خنه‌گرانه‌یه‌. دیموكراسیش له‌ پێشه‌وه‌ ده‌كاته‌ هه‌قی ده‌ربڕینی بیروڕای جیاجیا‌و جیاواز‌و رایه‌كه‌ی تر‌و ره‌خنه‌‌و گله‌یی له‌ هه‌موو شتێك.
خوێنه‌واری خۆشه‌ویست.....
من به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵ گۆڤاری دیموكراسی دا هاوده‌نگم كه‌ ده‌ڵێ:
«ئێمه‌ داوا له‌ هه‌موو سه‌ركرده‌‌و كاربه‌ده‌ستانی حزبه‌ سیاسییه‌كان‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ به‌رانبه‌ر ره‌خنه‌گرتن له‌ خۆیان‌و خه‌ڵكی دیكه‌ش هه‌ڵوێستێكی شارستانیانه‌ی هاوچه‌رخیان هه‌بێ، به‌ ره‌خنه‌ ته‌نگه‌تاو نه‌بن‌و خه‌نجه‌ر له‌ ره‌خنه‌گران هه‌ڵنه‌كێشن».
به‌ڵام هه‌قه‌ ئه‌م راستییانه‌ی خواره‌وه‌ش دووپات بكه‌ینه‌وه‌:
1- ره‌خنه‌ له‌م رۆژانه‌دا ئه‌بێ ره‌خنه‌یه‌كی مه‌سئولانه‌‌و دوربینانه‌ بێت، تا بزانین چه‌نده‌ خێری خه‌ڵك‌و دیموكراسی‌و چه‌نده‌ش خێری دوژمنی تێدایه‌.
2- ره‌خنه‌ هه‌ر بۆ ره‌خنه‌ نه‌بێت، ره‌خنه‌ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ نه‌بێت به‌ ره‌خنه‌گرتن خۆمان ده‌رخه‌ین.
3- ره‌خنه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌‌و كه‌م‌وكورتی‌و لادان‌و لایه‌نه‌ خراپه‌كان‌و چاره‌سه‌ركردنیان بێت له‌ پێناوی چه‌سپاندنی دیموكراسی‌و رزگاری ته‌واوی نیشتمان‌و گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی دا بێت.
دیسان هه‌رچۆنێك بێت، هه‌ر ره‌خنه‌گرتن له‌ خۆمات كردن‌و سه‌ركزۆڵه‌ كردن‌و چاوپۆشین له‌ راستیی. زۆر زۆر زۆر باشتره‌، چونكه‌ بێ ره‌خنه‌‌و ره‌خنه‌ له‌ خۆگرتن ژیانی دیموكراسی‌و رزگاریمان بۆ نابێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌قه‌ ره‌خنه‌ له‌ توندوتیژی گۆڤاری «دیموكراسی»ش بگرین له‌ باس كردنی یان باشتر بڵێین له‌ په‌لاماردانی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی خۆیان له‌ دژی نووسینه‌كه‌ی ئه‌وان ده‌ربڕیووه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ دیموكراسی خۆشی ئیعتراف ده‌كا كه‌ نه‌ ناوی خۆیان گوتووه‌‌و نه‌ ئه‌درێس»واته‌ مه‌رایی‌و ماستاوچێتی»یان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو ئه‌وانیش راوبۆچوونیان بووه‌- با راستیش نه‌بووبن- هه‌قه‌ مامۆستا به‌هائه‌دینی شێخ نووری ئه‌و ئایاته‌ پیرۆزه‌ی له‌بیر با- هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌و هێشتا نه‌شبۆته‌ ئه‌ندامی نه‌قابه‌ی حاجیه‌كانی كوردستان. كه‌ ده‌فه‌رموێ «وبشر عبادی الذین یستمعون القول فیتبعون احسنة» با هه‌ر كه‌ی قسه‌ی خۆی بكات. هه‌رچی ده‌یه‌وێ بیڵێت. با هه‌موو كه‌س هه‌موو قسه‌یه‌كی خۆیان بكه‌ن‌و ئێمه‌ش هه‌ر گوێ ده‌ده‌ینه‌ هه‌موویان، به‌ڵام هه‌ر هه‌ره‌ باشه‌كه‌یان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین.
گوته‌یه‌كی تریشم له‌گه‌ڵ دیموكراسی دا ئه‌مه‌یه‌: كه‌ نه‌ هه‌قه‌‌و نه‌ ره‌وایه‌ یه‌كسه‌ر به‌راورده‌كه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن پێ بكه‌ن‌و بۆ بكه‌ن، چونكه‌ به‌ راستی فه‌رقه‌كه‌ وه‌ك فه‌رقی نێوان «الثری‌»‌و «الثري» وایه‌ واته‌ عارد‌و ئاسمانی فه‌رقه‌: خۆڵ‌و پیر‌و ناگه‌نه‌وه‌ یه‌ك. ئه‌گینا ئه‌وسا ئێمه‌ش به‌ دیموكراسی ده‌ڵێین، «ئه‌ی كێروشكان به‌ چی ده‌گرێ؟!».
با كوردستانی خۆشه‌ویست بكه‌ینه‌ گوڵزاری دیموكراسی، با له‌ باخی كوردستاندا چه‌ندین گوڵی جوان‌و ره‌نگاوره‌نگ –بپشكون- بێگومان گوڵیش بێ دڕك نابێت.
ئەم وتارەی هەڤاڵ مام جەلال پێشتر لە کوردستانی نوێ ژمارە (501)  5/10/1992 بڵاوکراوەتەوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7321
23/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بۆڵت له‌ له‌نده‌ن به‌شداری 200 مه‌تر ناكات 23/7/2017
‌ بۆندێكی بۆ ماوه‌ی‌ 5 وه‌رز له‌گه‌ڵ چێڵسی ئیمزاكرد 23/7/2017
زانست
‌ بۆ گه‌رمای هاوین خواردنه‌وه‌ی ئاوی شله‌تێن باشه‌ 23/7/2017
‌ ته‌نه‌ ئاڵۆزه‌كانی گه‌ردوون، ئامانجی به‌ هێزترین ته‌لسكۆبی جیهانه‌ 23/7/2017
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP