مه‌كته‌بی سیاسی: به‌رده‌وام ده‌بین بۆ پاراستنی ئێزدییه‌كان ‌و مافه‌كانیان
مه‌كته‌بی سیاسی: به‌رده‌وام ده‌بین بۆ پاراستنی ئێزدییه‌كان ‌و مافه‌كانیان ‌ 3/8/2017
په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ یادی جینۆسایدی ئێزدییه‌كاندا

(3)ی ئابی ساڵی 2014و رۆژانی دواتر، رێكخراوی تیرۆریستی داعش، شه‌نگال‌و ده‌وروبه‌ری داگیركردو ترسناكترین تاوانی دژی كوردانی ئێزدی‌و پێكهاته‌كانی تری ئه‌و ناوچه‌یه‌، وه‌ك مه‌سیحی‌و شه‌به‌ك‌و كاكه‌ییه‌كان ئه‌نجامدا.
له‌م تاوانه‌ وه‌حشیگه‌رییه‌دا، هه‌زاران هاووڵاتی مه‌ده‌نی بێتاوان له‌ژن‌و مناڵ‌و پیرو گه‌نج، كۆمه‌ڵكوژكران‌و به‌ هه‌زاران ژن‌و كچ‌و منداڵ رفێنران‌و بێسه‌روشوێن كران‌و دوور له‌هه‌موو به‌هاو مافه‌كانی مرۆڤ له‌ڕووی جه‌سته‌یی‌و ده‌روونییه‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌دران. ده‌یان هه‌زار ئێزدیش له‌ زێدی خۆیان ئاواره‌بوون‌و سه‌روه‌ت‌و ماڵیان به‌تاڵانبران.
له‌مێژووی دوورو نزیكدا، ئێزدییه‌كان به‌هۆی ئاین‌و كوردبوونیانه‌وه‌، له‌لایه‌ن شۆڤێنی‌و توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌، ده‌یان جار رووبه‌ڕووی فه‌رمانی قڕكردن بوونه‌ته‌وه‌.
له‌یادی سێ ساڵه‌ی ئه‌م بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ مه‌رگباره‌دا، جارێكی تر ئیدانه‌ی تاوانی جینۆسایدكردنی خوشك‌و برایانی كوردی ئێزدی ده‌كه‌ین، سه‌ری رێز له‌ئاست گڵكۆی هه‌موو شه‌هیدان‌و قوربانیه‌كان‌و كه‌سوكاره‌ سه‌ربه‌رز‌و خۆڕاگره‌كانیان داده‌نه‌وێنین. له‌سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگایه‌تی‌و له‌خه‌باتی سیاسی‌و یاسایی‌و ئیداریی به‌رده‌وام ده‌بین بۆ پاراستنی ئێزدییه‌كان‌و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانیان.
له‌كاتێكدا بیره‌وه‌ریی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان به‌رزڕاده‌گرین، به‌قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان‌و هه‌موو تێكۆشه‌رانی ناو سه‌نگه‌ری تێكشكاندنی تیرۆریستان، داعش له‌ په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگدایه‌و به‌شێكی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی داگیری كردبوون، ئازادكراون‌و به‌شێكیشیان هێشتا له‌ژێر چنگیاندا ماون. ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ژن‌و كچ‌و منداڵه‌ رفێنراوه‌ ئێزدییه‌كان له‌لای داعش ده‌ستبه‌سه‌رن‌و دوور له‌هه‌موو به‌ها مرۆییه‌كان هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ‌‌و له‌ڕووی‌ ده‌روونی‌و جه‌سته‌ییه‌وه‌ ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌. هه‌روه‌ك ژماره‌یه‌كی زۆریش له‌ئاواره‌یی‌و له‌ناو كه‌مپ‌و خێوه‌تگاكاندا ده‌ژین.
له‌یادی‌ جینۆسایدی‌ شه‌نگال دا، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، پێویسته‌ تاوانه‌كانی داعش دژ به‌ ئێزدی‌و پێكهاته‌كانی تر، له‌به‌ر رۆشنایی یاساو رێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڕه‌سمی وه‌ك تاوانی جینۆسایدو دژی مرۆیی‌و جه‌نگ بناسرێن، ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌كه‌ش رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌، قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری قوربانییه‌كان‌و زیانلێكه‌وتووان بكرێته‌وه‌، هه‌وڵی بێوچانیش بدرێ بۆ رزگاركردنی ته‌واوی ئه‌و ژن‌و كچ‌و منداڵانه‌ی تائێستا له‌ژێرده‌ستی داعشدان، گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌ هه‌ڵبدرێنه‌وه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كه‌ ئه‌رشیف بكرێن، ناوچه‌ی جوگرافی به‌ركه‌وتووی تاوانه‌كه‌ش ئاوه‌دان‌و نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌و ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان.

دروودو سڵاو بۆ گیانی پاكی شه‌هید‌و قوربانییه‌كان
نه‌فره‌ت له‌تیرۆرو تیرۆریستان

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسیی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
3/8/2017


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP