لە سێیەم ساڵیادی  كارەساتی شنگال دا هەموو ناوچەكانیان رزگاركراوە، كەچی ناتوانن بگەڕێنەوە
لە سێیەم ساڵیادی كارەساتی شنگال دا هەموو ناوچەكانیان رزگاركراوە، كەچی ناتوانن بگەڕێنەوە ‌ سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ 3/8/2017
سێ‌ ساڵ بەسەر مەرگەساتی شنگال و ئێزیدییەكان تێپەڕی، كەچی هێشتا سەدان هەزاریان لەژێر كەپرو خێمەو لەئۆردوگاكاندا ژیان بەسەردەبەن، نە رۆژیان لێ ئاوا دەبێت و نە شەویان لێ دەبێتەوە، لەلایەك لەدەستدانی كەسوكارو چیرۆكە تراژیدییەكانی رۆژانی یەكەمی هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی ئیسلامیی، لەلایەكی دیكە ژیانی كولەمەرگی ئۆردوگاو ژێر خێمەو رەشماڵی ئاوارەیی! ئەوانەیشی روویان لە ووڵاتانی ئەوروپا كردووە، جگە لەغوربەت، چاوەڕوانیی دەركەوتنی چارەنوسی كەسوكاریان ماندوی كردوون، بۆیە بەشێك لەوانەی رۆیشتبون گەڕاونەتەوە بۆ ئۆردوگاكان و دەیانەوێ‌ هەرچۆنێك بێت كەسوكاریان ببینەوە.
سێ‌ ساڵە یادی مەرگەساتی شنگال دەكەینەوە، هەموو ناوچەكانی ئێزیدخان (خاكی ئێزیدیان) ئازادكراوە، كەچی هێشتا سەدان هەزار كەس لەئۆردوگاكانی ئاوارەیی لە دهۆك و زاخۆو ناوچەكانی دیكەی كوردستان دەژین، جگە لەچەند هەزاركەسێك ئەوانی دیكە نەگەڕاونەتەوە! لێرەدا هەقە بپرسین:

بۆ نەگەڕاونەتەوە؟ یان بۆ ناگەڕێنەوە؟
بەقسەی ئێزیدییەكان تائێستا ئەو ناوچانەی ئازادكراون خزمەتگوزاریی بۆ نەگەڕاوەتەوە ناتوانن لەناوچەكانی خۆیان بەم بارودۆخە ژیان بگوزەرێنن، نە ئاویان هەیەو نەكارەباو نەخزمەتگوزارییەكانی شارەوانیی!
تائێستا ئامارێكی دیاریكراو بەردەست نییە، بەڵام بەپێی سەرژمێریی كەمپەكان زیاتر لە 360 هەزار كوردی ئێزیدیی ئاوارەبوون، لەو ژمارەیە دیارنییە چەندیان گەڕاونەتەوە، چەند هەزار كەسێك گەڕاوەتەوە شارۆچكەی سنون و خانەسۆر و ئەو گوندو دێهاتانەی ناوچەكە، بەڵام ژمارەیەكی ئێجگار كەم دانیشتوانی شنگال گەڕاونەتەوە، ئەوانەیشی لەماوەی دوو مانگی رابردوو لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبی لەباشوری شنگال لەدەست داعش رزگاركران، ژمارەیەكی زۆر كەم خەڵكی بۆ گەڕاوەتەوە، بەبڕیارێكی كاربەدەستانی ناوچەكە، ئەوانەی دەگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی حەشدی شەعبیدایە وەك تەل بەنات و تەل عوزێرو سیبا شێخدرێ و ..تد بۆیان نییە جارێكی دیكە بێنەوە سنوری پێشمەرگە، ئەوانەیشی پەیوەندییان بە حەشدی شەعبییەوە كردووە، بەڕەسمیی خێزانەكانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەكە دەردەكرێن و رەوانەی سنوری ژێر ركێفی حەشدی شەعبی دەكرێن.
تائێستا ژمارەیەكی زۆر خێزانی ئێزیدی ئاگاداركراونەتەوە شوێنی نیشتەجێبونیان بگوێزنەوە ژێر كۆنترۆڵی حەشدی شەعبی، لەنێوانیاندا شێرزاد میر فاروق برازای میر تەحسین میری ئێزیدیان.

43 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە
لەمەرگەساتی شنگالدا هەزاران هاوڵاتی كورد بونە قوربانیی، كۆمەڵكوژیی و جینۆسایدی كورد كرا، تیرۆرستانی دەوڵەتی ئیسلامیی، هەزاران كەسیان بەزیندویی خستە ژێرخاك و بەكۆمەڵك شەهید كرد تەنها لەبەرئەوەی موسڵمان نەبوون و كوردبوون، تائێستا 43 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە، بەپێی ئاماری سەرەتایی زیاتر لە 6 هەزار كەس لەژن و منداڵ و پیرو لاو كەوتە بەردەستیان و لەو ژمارەیە نیوەیان رزگاربوون و گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان.
لەگەڵ دەستپێكی رزگاركردنی موسڵ لەلایەن سوپای عیراق و حەشدی شەعبییەوە، هەموو چاوەڕی بوین ژمارەیەكی زۆر لە كچ و ژن و منداڵ و مێری كورد لەدەست داعش رزگاربكرێن، بەڵام هەتا موسڵیش رزگاركرا ئەو كچانەی لەدەست تیرۆرستانی داعش رزگاركران، ژمارەیان زۆر دیاریكراوبوو، واتە تەنها چەند كەسێك راگەیەنراوە ئەویدیكە دیارنییە، ئەمەش ئەو گومانە زیاتر دەكات كە زۆربەی ئەوانەی كەوتنە دەست تیرۆرستانی داعش نەماون، ئەگەرچی هیوایەك هەیە لەدوای كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات لە سوریا ژمارەیەكی زۆرتر لە كچ و ژن و منداڵانی كورد رزگاربكرێن.

بۆچی پێشمەرگە ئەو ناوچانەی رزگارنەكرد؟
بەرلە سێ‌ سێ‌ ساڵ ئێزیدخان بەتەواوی كەوتە ژێر كۆنترۆڵی دڕندەكانی دەوڵەتی ئیسلامیی، بەڵام لە كۆتایی 2015 دوای بۆردومانی بەردەوامی فرۆكەكانی هاوپەیمانان، هێزی پێشمەرگە كۆنترۆڵی شنگالی كرد، بەڵام ناوچەیەكی بەرفراوانی خاكی كوردستان لەباشوری شنگال رزگارنەكرا، سەرباری داواكاری زۆر، بەڵام هێزی پێشمەرگە هێرشی نەكرد بۆ رزگاركردنی ئەو ناوچانە! لە ماوەی چەند مانگی رابردوو هێزەكانی حەشدی شەعبی ئەو ناوچانەیان خستەژێر كۆنترۆڵی خۆیان و ئامادەنین بیگەڕێننەوە بۆ هەرێمی كوردستان، كە بە لە 40% خاكی شنگال و لە 50% سنوری ئێزیدخان مەزندە دەكرێت، بۆیە لێرەدا پرسیار دەكرێت، بۆچی پێشمەرگە ئەو ناوچانەی رزگارنەكرد؟ چ لایەنێك رێگر بوو؟ یان هێزی پێشمەرگە ئەو توانایەی نەبوو؟ ئەمانە پرسیارن پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ووڵامی بداتەوە.
بەتەواوی دیار نییە ئەگەر ئێزیدییەكان گەڕانەوە سەر شوێن و واری خۆیان چی نوێ‌ روودەدات، بەڵام پێشبینی دەكرێت هەندێ‌ گۆڕان لەناوچەكە بێتە پێشەوە لەبەرەنجامی ئەو بارودۆخەی لەناوچەكە دروستبو.
توڕەبونێكی بەكول و بێدەنگی ئێزیدییەكان هەیە لەپرسی لەدەستدانی ناوچەكانیان و ئەو مەرگەساتەی بەسەریان هات، لەلایەكی دیكە بارودۆخێكی سیاسی زۆر ئاڵۆز لەناوچەكە دروستبووەو ئاوێتە بەژمارەیەكی زۆر هێزی چەكداریی جیاواز، كە بەردەوام ئەگەری گرژیی لێدەكرێت.

بەهەموو شێوەیەك دەچەوسێنرانەوە
لەدوای روخانی سەدام، ئێزیدییەكان بەهەموو شێوەیەك دەچەوسێنرانەوە، لەلایەك لەبەرئەوەی كورد بوون، لەلایەن عەرەبی ناوچەكەو موسڵ دەچەوسێنرانەوە، بەوهۆیەوە دەیان و سەدانیان لێ‌ شەهیدكرا، رووداوی كوشتنی نزیكەی 23 هاوڵاتیی ئێزیدیی لە 2007 تەنها لەبەرئەوەی كوردی ئێزیدیی بوون.
لەلایەكی دیكە، بەهۆی ئاینەكەیانەوە روبەرووی چەوساندنەوەی زۆربوون، تەنانەت لەلایەن كوردی موسڵمانەوە لەناوچەكە، كە ئێزیدییەكان پێیان دەڵێن «كرمانج» بۆیە دەبینین چەندین رووداوی سەیر لەناوچەكەو لەشارەكانی دهۆك و زاخۆ و شارەكانی دیكە رویداوە، لەدوای رووداوی كوشتنی «پاكیزە دوعا» دەیان كرێكاری ئێزیدیی لەشارەكانی كوردستان دەركران چونكە ئێزیدیی بوون.
لەرووی سیاسییەوە روبەرووی چەوساندنەوە بوون، بۆنمونە لەئەنجومەنی پارێزگای موسڵ كورد لەكۆی 11 كورسی 6ی لەئێزیدییەكان بوو، كەچی لەدابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان لەپشكی كورد، یەك پۆستیان بەئێزیدییەكان نەداوە، یان دەبینین لەشارێكی وەك شێخان، كه‌ بەپایتەختی ئێزیدییەكان هەژماردەكرێت، لەكۆی نزیكەی 20 فەرمانگەی حكومەت، زۆربەی بەڕێوبەران ئەو فەرمانگانە كوردی موسڵمانن و لەناوچەكانی دهۆك و زاخۆو ئاكرێ هاتوون!

بوونی چه‌ندین هێزی جیاواز
ئێستا شنگال لەناوچەیەكی سەربازیی دەچێت، جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر كەم خەڵگەراوەتەوە، دەیان بارەگای حزبیی و سەربازیی جیاوازی لایەنە سیاسییەكانی لێیە، ئەمەش یەكێكە لەكێشە هەرە ئاڵۆزەكانی شارەكەو ناوچەكە، كە گومانی گرژیی و ناكۆكی لەناوچەكە زیادكردووە.
جگە لەهێزێكی هاوبەشی سەربەوەزارەتی پێشمەرگە كە چوار لیوایە، هاوكات هێزەكانی یەكەی حەفتا-ی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هێزەكانی زێرەڤانیی و یەكەی هەشتا-ی پارتی دیموكراتی كوردستان، هێزێكی زۆری یەبەشە كە هێزێكی نزیكی پارتی كرێكارانی كوردستانن، هێزی پاراستنی شنگال ئەوانیش هەر سەربەپارتی دیموكراتی كوردستانن، هێزی پاراستنی ئێزیدخان.
هەروەك بەمدواییە پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی بۆ عەرەبەكانی شەممەرو جحێش و هۆزە عەرەبەكانی ناوچەكە دروستكردووە، ئەمەش بۆتە جێی مشتومڕێكی زۆر بەتایبەت ئێزیدییەكان زۆر نیگەرانن و پێیانوایە بەشێك لەوانەی لەو هێزانەدان عەرەبی شۆڤینین و دەستیان هەبووە لەو كارەساتەی بەسەریان هات.
بونی ئەو هەموو هێزەو هەریەكەیان سەربەلایەنێكی سیاسی، بێگومان لێكەوتەی خراپ بەدوایخۆیدا دێنێت، نەخاسمە هەریەك لەو هێزانە هەڵگری ئەجێندای حزبی و شەخسی و هەندێكیان ئیقلیمین، بۆیە ئەگەری پێكدادان و گرژیی لەناوچەكە لەهەموو كاتێكدا هەیە، هەروەك لەماوەی رابردوو چەندینجار پێكدادان و گرژیی لەنێوان هێزەكان بووە، بەتایبەت لەنێوان هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو هێزانەی نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان.
بونی ئەو هەموو هێزەو دروستبونی گرژیی لەناوچەكە، پرسی گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكەی ئاڵۆز كردووە، بۆیە دەكرێت بڵێین لەدوای ئەو كارەساتەی خەڵكی ناوچەكە لەسەر دەستی تیرۆرستانی داعش بەسەریان هات، ئەمجارە خەڵكەكە بونەتە قوربانیی ململانێیەك كە پەیوەندی بەوانەوە نییە، ململانێیەكە لەنێوان گروپ و لایەنە سیاسییە ركابەرەكان و سەرەنجام خەڵكی ناوچەكە لێی زیانمەندن.

حەشدی شەعبی
جگە لەململانێ ناوخۆییەكەی كوردستان، هاوكات حەشدی شەعبی لەباشوری شنگال و لەوناوچانەی كە بەمدواییە كۆنترۆڵی كردوون، هێزێكی گەورەی بۆ كوردانی ئێزیدیی بەناوی ئێزیدخان پێكهێناوە، ئەو هێزە لە نێوان هەزار بۆ هەزارو پێنجسەد چەكدار دەبێت و مەشقی سەربازییان پێدەكرێت و چەكی قورسی وەك دەبابەو كەتیبەی تۆپهاوێژو فرۆكەی بێفرۆكەوانیان خراوەتە بەردەست، گوایە بۆ پاراستنی ناوچەكانیان، بەڵام لەبنەڕەتدا دروستكردنی ئەم هێزە لەچوارچێوەی ئەجێندایەكی ئیقلیمیی و سیاسیی دیاریكراوەو بۆ زیاتر قوڵكردنەوەی ناكۆكی كوردو كوردو سود وەرگرتنە لەتوڕەیی خەڵكی ناوچەكە بەهۆی ئەو كارەساتەی بەسەریان هات و ئەو هێزانەی لەناوچەكە بوون بەرگرییان لێنەكردن.
بونی هێزێكی گەورەی حەشدی شەعبی لەناوچەكەو چەكداركردنی بەشێك لە كوردانی ئێزیدیی، نیگەرانی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نیگەرانی زۆری لێكەوتۆتەوە، چونكە ناوچەكە بەنفوزی خۆیان دادەنێن و پێیانوایە دروستكردنی هێز بۆ ئێزیدییەكان بۆ مەرامێكی تایبەتەو رەنگە سبەی لەچوارچێوەی ئەجێندای سیاسی شەڕی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان پێبكەن.
دووەم پێكهاتەن لە هەرێمی كوردستاندا
تائێستا شنگال بەڕەسمیی نەگەڕاوەتەوە سەر هەرێمی كوردستان، لەدوای تەلەعفەر، بەگەورەترین قەزای سەر بەپارێزگای موسڵ دادەنرێت، ژمارەی دانیشتوانەكەی لە 270 هەزار كەس تێپەڕ دەكات.
تائێستا ئامارێكی وورد بەردەست نییە، بەڵام كۆی ژمارەی دانیشتوانیان لە باشوری كوردستان زیاتر نیوملیۆن كەس دەبێت، بەقسەی خۆیان ژمارەیان لە كوردستان لەنێوان 11% بۆ لە 12%ی دانیشتوانی كوردستان دەبێت، ئەمەش ئەوە دەگەینێت كە دووەم پێكهاتەن لە هەرێمی كوردستان لەرووی ئاینییەوە لەدوای ئیسلام، بۆیە ئێستا گروپێك لەناو ئێزیدییەكان دروستبون دەیانەوێ‌ بەڕەسمیی باسوخواسێكی نوێ‌ لەگەڵ حوكمڕانانی هەرێم بكەنەوە كە ئەوان دەیانەوێ‌ وەك پێكهاتەیەكی جیاواز بەشداریكردنیان لە حوكمڕانیی روون و ئاشكرابێت.
ئەوان دەڵێن ئەگەر كلدۆ ئاشوریی و توركمان لەهەرێمی كوردستان ژمارەی دەنگەكانیان لەناو سندوقدا نەگاتە 30 هەزار دەنگ و 10 كورسی كۆتایان پێدرابێت لە پەرلەمانی كوردستان! بۆچی ئێمە لەحوكمڕانیی كوردستان وەك پێویست بەشداریمان پێناكرێت؟

جارێكی دیكە روبەرووی قڕكردن نەبنەوە
ئەو گروپە لەگەڵاڵەكردنی رەشنوسی پێشنیازی نوێیان بۆ لایەنە سیاسییەكان پێیەو  جموجۆڵیان دەستپێكردووەو ئەندامانیشیان لەهەموو لایەنەكان تێدایە، یەكێك لەو داوایەیان دەیانەوێ‌ لانیكەم ناوچەكەیان لەرووی ئیدارییەوە تایبەتمەندیی خۆی هەبێت و هاوكات گرەنتییەكیشیان پێبدرێت جارێكی دیكە روبەرووی ئەو قڕكردنە نەبنەوە، ئەمە جگە لە ئاوەدانكردنەوەو ئاساییكردنەوەی ناوچەكەیان وەك زەمینەیەك بۆ گەڕانەوەی خەڵكەكەیان بۆسەر خاك و واری خۆیان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP