جه‌نگی‌ یه‌مه‌ن 8 هه‌زار كوژراو و چه‌ندان ملیۆن ئاواره‌ی‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌
نه‌هامه‌تییه‌كان له‌ نێوان شه‌ڕ و كۆلێرادا جه‌نگی‌ یه‌مه‌ن 8 هه‌زار كوژراو و چه‌ندان ملیۆن ئاواره‌ی‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ ‌ 4/8/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
هه‌زار كه‌س كوژراون و چه‌ندان ملیۆن كه‌سی‌ تر  ئاواره‌بوون. 
له‌ دوایین رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی‌ نێوان حوسییه‌كان و سوپای‌ یه‌مه‌نی‌ كه‌ له‌لایه‌ن شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودییه‌وه‌ پشتیوانی‌ لێده‌كرێت، زیاتر له‌ 40 كه‌س له‌ نزیك به‌نده‌ری‌ مه‌خا سه‌ر رۆخی‌ ده‌ریای‌ سور، كوژران.  
شه‌ڕوپێكدادانه‌كان له‌ ده‌وروبه‌ری‌ بنكه‌ی‌ خالیدی‌ كوڕی‌ وه‌لید له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ مه‌خا چڕبوونه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌ حكومییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سعودیه‌وه‌ پاڵپشتی‌ ده‌كرێن، ناوچه‌كه‌یان له‌ چنگی‌ حوسییه‌كان ده‌رهێنا. 
فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان و شایه‌تحاڵه‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌، ته‌كید له‌سه‌ر كوژرانی‌ 16 چه‌كداری‌ حوسییه‌كان و حه‌وت سه‌ربازی‌ سوپا ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ یه‌كه‌م پێكداهه‌ڵپژانی‌ نێوانیان له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ مه‌خا كه‌ به‌ رێڕه‌وی‌ سه‌ره‌كی‌  ئاوی‌ بۆ بازرگانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ داده‌نرێت و له‌ئێستادا له‌ژێر كۆنترۆڵی‌ سوپادایه‌. 
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، له‌ پارێزگای‌ ته‌عز كه‌ نزیكه‌ی‌ 40 كیلۆمه‌تر له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ (المخا)ه‌وه‌ دووره‌، 20 سه‌ربازی‌ یه‌مه‌نی‌ له‌هێرشێكی‌ حوسییه‌كاندا بۆسه‌ر بنكه‌ی‌ خالیدی‌ سه‌ربازی‌، كوژران. 
هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوودا ئاماژه‌ی‌ به‌ هێرشێكی‌ حوسییه‌كان كرد له‌ڕێی‌ به‌له‌مێكی‌ بۆمڕێژكراوه‌وه‌ كه‌ به‌پێی‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ بێت، هێرشه‌كه‌ هیچ زیانێكی‌ لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ حوسییه‌كانه‌ كه‌ ده‌ڵێن له‌ هێرشه‌كه‌دا كه‌شتییه‌كی‌ جه‌نگی‌ ئیماراتی‌ تێكشكێنراوه‌.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ رایگه‌یاندبوو كه‌ رێگه‌ی‌ له‌ موشه‌كێكی‌ بالیستی‌ گرتووه‌ له‌ نزیك شاری‌ مه‌ككه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی‌ وه‌رزی‌ حه‌ج، هه‌ڵدرابوو. 
یه‌مه‌ن له‌ ساڵی‌ 2014وه‌ شه‌ڕێكی‌ خوێناوی‌ له‌نێوان حوسییه‌كان و هێزه‌ حكومییه‌كاندا به‌خۆوه‌ده‌بینێت، سه‌نعای‌ پایته‌ختیش له‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ هه‌مان ساڵدا له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه‌ كۆنترۆڵ كرا. 
له‌گه‌ڵ ده‌ستوه‌ردانی‌ سعودیه‌ش كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هاوپه‌یمانییه‌كی‌ سه‌ربازی‌ كرد له‌ مانگی‌ ئاداری‌ 2015 بۆ پشتیوانی‌ له‌ هێزه‌ حكومییه‌كانی‌ سه‌ر به‌ سه‌رۆك عه‌بد ره‌به‌ مه‌سنور هادی‌، هێنده‌ی‌ تر ناكۆكییه‌كانی‌ قوڵتر كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ  ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ حوسییه‌كان بۆ زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ هه‌ژارترین وڵاتانی‌ جیهان داده‌نرێت. 

په‌نای‌ كۆلێرا و نه‌هامه‌تییه‌كانی‌ تری‌ یه‌مه‌نییه‌كان 
ناكۆكییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن، بونه‌ مایه‌ی‌ كوژرانی‌ 8000 كه‌س و ئاواره‌بوونی‌ چه‌ندان ملیۆنی‌ تر، ئه‌وه‌ش وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ رۆخی‌ برسێتی‌ و نه‌خۆشییه‌كانی‌ وه‌ك كۆلێرا و مه‌لاریا نزیككرده‌وه‌. 
رێكخراوی‌ ته‌ندروستی‌ جیهانی‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌هۆی‌ په‌تای‌ كۆلێراوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ راگه‌یاند و به‌پێی‌ رێكخراوه‌كه‌ش، ژماره‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ی‌ 2000 كه‌س. 
رێكخراوی‌ ته‌ندروستی‌ جیهانی‌ له‌ راپۆرتێكیدا رایگه‌یاندووه‌»419 هه‌زار و 804 حاڵه‌تی‌ تۆمار كردووه‌ كه‌ گومان ده‌كرێت توشی‌ په‌تای‌ كۆلێرا بوبن له‌ یه‌مه‌ن، له‌گه‌ڵ تۆماركردنی‌ نزیكه‌ی‌ 2000 كه‌سی‌ تر كه‌ له‌ مانگی‌ نیسانی‌ رابردووه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌هۆی‌ ئه‌و په‌تایه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌». 
راپۆرته‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ له‌ كۆی‌ 22 پارێزگا له‌ 21 پارێزگادا تۆماركراون، له‌كاتێكدا پارێزگاكانی‌ حجه‌ و حه‌دیده‌ و ئه‌بیه‌ن، زۆرترین حاڵه‌تی‌ گیانله‌ده‌ستدانیان به‌هۆی‌ ئه‌و په‌تایه‌وه‌ تێدا تۆماركراوه‌. 
هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ زیاتر له‌ 405 هه‌زار حاڵه‌ت له‌دوای‌ توشبونیان به‌ په‌تاكه‌، چاكبونه‌ته‌وه‌. 
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، شاشتی‌ جاران وته‌بێژی‌ پرۆگرامی‌ خۆراكی‌ جیهانی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ،هۆشداریی‌ ده‌دات له‌ مه‌ترسی‌ برسێتی‌ داهاتوو له‌ یه‌مه‌ن و داواده‌كات هه‌وڵه‌كان بۆ فه‌راهه‌مكردنی‌ یارمه‌تییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ هاولاتیانی‌ یه‌مه‌نی‌، چڕبكرێنه‌وه‌.   
«بی‌ بی‌ سی‌» له‌ زاری‌ جارانه‌وه‌ بڵاویكردووه‌،»ده‌كرێت ته‌نیا 30%ی‌ یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان كه‌ پێشكه‌ش به‌ یه‌مه‌ن ده‌كرێن فه‌راهه‌م بكرێن»، داواشی‌ له‌ كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كردووه‌ هاوڵی‌ زیاتر بۆ فه‌راهه‌مكردنی‌ یارمه‌تی‌ و پێداویستییه‌كان بخاته‌گه‌ڕ. 
وته‌بێژی‌ پرۆگرامی‌ خۆراكی‌ جیهانی‌ ده‌ڵێت»60%ی‌ یه‌مه‌نییه‌كان نازانن له‌كوێوه‌ ژه‌مه‌ خۆراكی‌ داهاتوویان ده‌سته‌به‌ربكه‌ن». 
 
خۆڕاده‌ستكردنی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ قاعیده‌ 
ناسه‌قامگیری‌ و دروستبوونی‌ جه‌نگ له‌ هه‌ر وڵاتێكدا، رێخۆشكه‌رن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان، یه‌مه‌نیش له‌دوای‌ ساڵی‌ 2011وه‌، بووه‌ ئه‌و خاكه‌ به‌پیته‌ی‌ كه‌ له‌باربوو بۆ ده‌ركه‌وتن و هاتنه‌كایه‌ی‌ ئه‌و گروپانه‌. 
رێكخراوی‌ قاعیده‌ كه‌ به‌ رێكخراوێكی‌ تیرۆریستی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان داده‌نرێت، وه‌ك یه‌كێك له‌و گروپه‌ دیارانه‌ی‌ له‌ یه‌مه‌ن ده‌ستییان به‌ چالاكییه‌كانیان كرد، ده‌ركه‌وت. 
له‌ سه‌ره‌تاوه‌ قاعیده‌ توانی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ باشووری‌ وڵاتی‌ یه‌مه‌ن كۆنترۆڵ بكات، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌و گورزه‌ ئاسمانیانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ له‌ رێكخراوه‌كه‌ وه‌شێنران، توانرا هه‌ڵپه‌و خواسته‌ نه‌شیاوه‌كانی‌ له‌قاڵب بدرێن و چالاكییه‌كانی‌ سنورداربكرێن. 
به‌ لاوازبوونی‌ رێكخراوه‌كه‌ و پاشه‌كشه‌كردنی‌ تواناكانی‌ له‌و وڵاته‌، له‌ دوایین پێشهاتدا «خالید عه‌بدولنه‌بی‌» سه‌ركرده‌ی‌ دیاریی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ خۆی‌ راده‌ستی‌ هێزه‌كانی‌ پشتێنه‌ی‌ ئه‌منی‌ كرد له‌ ناوچه‌ی‌ یافع له‌ باشووری‌ یه‌مه‌ن. 
جه‌لال روبه‌یعی‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ تایبه‌ته‌كان له‌و ناوچه‌یه‌ رایگه‌یاندبوو، خالید عه‌بدولنه‌بی‌ سه‌ركرده‌ی‌ ده‌ركه‌وتووی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ خۆی‌ راده‌ستی‌ هێزه‌كانیان كردووه‌. 
به‌ وته‌ی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌، هێزه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ پارێزگاریی‌ له‌ عه‌بدولنه‌بی‌ ده‌كه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی‌ راده‌ستی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێوشوێنی‌ پێویست بگیرێته‌به‌ر. 
روبه‌یعی‌ داوای‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ تری‌ قاعیده‌ كرد، خۆیان راده‌ستی‌ هێزه‌كانی‌ سوپا و ئاسایش بكه‌ن له‌و پارێزگایانه‌ی‌ رزگاركراون. 
خالید عه‌بدولنه‌بی‌، به‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ ده‌ركه‌وتووه‌كانی‌ رێكخراوی‌ قاعیده‌ داده‌نرێت له‌كاتی‌ شه‌ڕی‌ ئه‌بیه‌ن له‌نێوان ساڵانی‌ 2011 و 2012ی‌ نێوان سوپا و قاعیده‌ كه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ر شاره‌كانی‌ جه‌عار و زنجباردا گرتبوو، هه‌روه‌ها به‌ یه‌كێك له‌ داواكراوه‌كانی‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مریكاش داده‌نرێت. 
خالید عه‌بدولنه‌بی‌ كه‌ به‌ «ئه‌بو به‌سیری‌ یه‌زیدی‌» ده‌ناسرێت، حوكمی‌ ئیماره‌تی‌ جه‌عاری‌ ده‌كرد و یه‌كێكه‌ له‌و «جیهادی‌»یانه‌ی‌ به‌شدارییان له‌و جه‌نگه‌دا كرد كه‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوان عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ یه‌مه‌ن و ئیخوان موسلیمین له‌ هاوینی‌ 1994 له‌ دژی‌ باشوورییه‌كان به‌رپایان كرد، له‌و ده‌مه‌شدا عه‌بدولنه‌بی‌ داوای‌ كردبوو به‌رپرسانی‌ عه‌ده‌ن بكوژرێن به‌و هۆیه‌ی‌ سۆسیالیستن. 

هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ یه‌مه‌ن 
هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سعودیه‌، له‌ ماوه‌ی‌ نێوان (25ی‌ ئادار و 12ی‌ نیسانی‌ 2015)، هه‌ڵمه‌تێكی‌ سه‌ربازیی‌ له‌ژێر ناوی‌ گه‌رده‌لولی‌ (حه‌زم) له‌ دژی‌ حوسییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن ده‌ستپێكرد و دواتر ناوی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ به‌ «پرۆسه‌ی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ هیوا» گۆڕی‌. 
هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌، جگه‌ له‌ سعودیه‌ وڵاتانی‌ (كوه‌یت و به‌حره‌ین و قه‌ته‌ر و ئیمارات و میسر و ئوردن و مه‌غریب و سودان و سنگال)ی‌ له‌خۆگرتبوو. 
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ حوسییه‌كان له‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ 2014دا به‌ پاڵپشتی‌ هێزه‌كانی‌ گاردی‌ كۆماری‌ و هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ سه‌ر به‌ عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح، ده‌ستییان به‌سه‌ر سه‌نعای‌ پایته‌خت و زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی‌ یه‌مه‌ندا گرت، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ عه‌بد ره‌به‌ مه‌سنور هادی‌ (به‌ سه‌رۆكی‌ شه‌رعی‌ داده‌نرێت) دروستبوو، بۆیه‌ هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ «وه‌ك ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات»، بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ شه‌رعیه‌ت و سه‌قامگیریی‌ و ئارامی‌ بۆ یه‌مه‌ن هه‌وڵه‌كانی‌ له‌ڕێی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانییه‌وه‌ له‌ دژی‌ حوسییه‌كان و هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ عه‌لی‌ عه‌بدوڵڵا ساڵح خستووه‌ته‌گه‌ڕ و «كار بۆ رێگرتن له‌ فراوانبوونی‌ هه‌ژمونی‌ ئێرانی‌ ده‌كات له‌ ناوچه‌كه‌». 
هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ رابردوودا، له‌ڕێی‌ هێرشه‌كانییه‌وه‌ له‌ دژی‌ حوسییه‌كان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ یه‌مه‌ن، وه‌ك رێكخراوی‌ هیومان رایتس وۆچ باسی‌ ده‌كات، پێشێلكارییه‌كی‌ زۆریی‌ كردووه‌ و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ مه‌ده‌نییه‌كان بونه‌ته‌ قوربانی‌ ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ی‌ كه‌ هاوپه‌مانییه‌كه‌ ئه‌نجامیاندا، وێڕای‌ كاولكارییه‌كی‌ به‌رفراوان له‌ دامه‌زراوه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌دا كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ په‌تای‌ كۆلێرا له‌ یه‌مه‌ندا داده‌نرێت. 
به‌پێی‌ دوایین پێشهاتیش، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ شۆڕشگێڕی‌ حوسییه‌كان، داوای‌ رێكه‌وتنی‌ ئاگربه‌ستی‌ له‌ سعودیه‌ كردووه‌ له‌ماوه‌ی‌ وه‌رزی‌ حه‌ج و پێیباشبووه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ كه‌عبه‌ی‌ پیرۆز ئیمزا بكرێت.
محه‌مه‌د عه‌لی‌ حوسی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ شۆڕشگێڕی‌ حوسییه‌كان،ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كردووه‌ته‌وه‌ به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ڕێی‌ راگرتنی‌ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌كان له‌ هه‌مووو به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ و لابردنی‌ گه‌مارۆكان. 
سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ شۆڕشگێڕی‌ حوسییه‌كان، داواشی‌ كردبوو، رێگه‌ به‌ حاجیانی‌ یه‌مه‌ن بدرێت فه‌ریزه‌ی‌ حه‌ج ئه‌نجام بده‌ن و له‌ماوه‌ی‌ وه‌رزی‌ حه‌جدا رێز له‌و رێوڕه‌سمه‌ پیرۆز بگیرێت، ره‌تیشكرده‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ درك به‌وه‌ ناكه‌ن جه‌نگییان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.
ئه‌و به‌رپرسه‌ حوسییه‌ به‌پێویستی‌ زانی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سعودیه‌ بیسه‌لمێنن كه‌ دوژمنكار نین و كار بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر ده‌كه‌ن. 
تاوه‌كو نوسینه‌وه‌ی‌ ئه‌م دێڕانه‌، هیچ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ له‌لایه‌ن حوسییه‌كان، یان حكومه‌تی‌ شه‌رعی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و بانگهێشته‌وه‌ ده‌رچوبێت. 
ئه‌و بانگهێشته‌ بێ‌ پێشینه‌یه‌، له‌نێوه‌ندی‌ چڕبوونه‌وه‌ی‌ شه‌ڕوپێكدادانه‌كانه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ره‌كانی‌ نێو خاكی‌ یه‌مه‌ن و شریتی‌ سنوری‌ سعودیه‌. 

هێرشه‌ موشه‌كییه‌كان بۆسه‌ر سعودیه‌
له‌ده‌ستپێكردنی‌ جه‌نگه‌وه‌ له‌ یه‌مه‌ن و په‌رسه‌ندنی‌ مه‌یدانی‌ و سه‌ربازیی‌ له‌و وڵاته‌، سعودیه‌ له‌ ساڵی‌ 2015وه‌ رووبه‌ڕووی‌ ده‌یان هێرشی‌ موشه‌كی‌ بووه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك له‌و موشه‌كانه‌ له‌ بنكه‌ی‌ «شا فه‌هد» و هه‌ندێكی‌ ترییان له‌ شاری‌ مه‌ككه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌، به‌ر له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكاش له‌ مانگی‌ ئایاری‌ رابردوو، موشه‌ یه‌مه‌نییه‌كانی‌ جۆری‌ «بوركان 2»گه‌یشته‌ ده‌وروبه‌ری‌ ریازی‌ پایته‌خت. 
هه‌روه‌ها موشه‌كه‌كانی‌ یه‌مه‌ن، توانیان زۆرێك له‌ پێگه‌ ستراتیژییه‌كانی‌ سعودیه‌ له‌نێوخۆی‌ ئه‌و وڵاته‌دا بكه‌نه‌ ئامانج، ده‌ركه‌وتووترینیان به‌ئامانجگرتنی‌ بنكه‌ی‌ «شا سه‌لمان»ی‌ سه‌ربازیی‌ بوو له‌ ساڵی‌ 2017. 
به‌ وته‌ی‌ شارزایانی‌ سه‌ربازیی‌، یه‌مه‌ن خاوه‌نی‌ جبه‌خانه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ موشه‌كی‌ جۆری‌ زه‌وی‌ به‌ زه‌وییه‌، و له‌ موشه‌كه‌ سۆڤیه‌تییه‌ كۆنه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان پێكدێت و ده‌ركه‌وتووترینیشیان موشه‌كه‌كانی‌ «جۆری‌ «سكۆد»ه‌ كه‌ یه‌مه‌ن له‌كاتی‌ جه‌نگی‌ سارددا له‌ یه‌كێتی‌ شۆڤیه‌تی‌ وه‌رگرتبوو (له‌و ده‌مه‌دا مۆسكۆ پشتیوانی‌ له‌ كۆماری‌ یه‌مه‌نی‌ دیموكراتی‌ میللی‌ ده‌كرد و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ و موشه‌كی‌ جۆراوجۆری‌ ته‌كتیكی‌ ده‌دا به‌و وڵاته‌).   
به‌ هه‌مان شێوه‌ سوپای‌ یه‌مه‌نی‌ باشوور له‌ ساڵی‌ 1980، وه‌ك راپۆرته‌ ئه‌مریكاییه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ ئاماژه‌یان پێكردووه‌، موشه‌كه‌كانی‌ جۆری‌ «توچكا» تائێستاش له‌ یه‌مه‌ن بونیان هه‌یه‌ و له‌ئێستادا له‌ده‌ستی‌ ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌دان كه‌ له‌ دژی‌ سعودیه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ن، وێڕای‌ موشه‌كه‌كانی‌ جۆری‌ «سكۆد» و «لۆنا ئێم»ی‌ سۆڤیه‌تی‌. 
راپۆرته‌ ئه‌مریكاییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ یه‌مه‌ن له‌دوای‌ پرۆسه‌ی‌ یه‌كگرتنیشه‌وه‌، بڕێكی‌ زۆر موشه‌كی‌ جۆری‌ «خفاسۆن-6»ی‌ له‌ ساڵی‌ 2000دا له‌ كۆریای‌ باكوور كڕیوه‌. 
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ جه‌نگی‌ یه‌مه‌نی‌، هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌سه‌ركردایه‌تی‌ سعودیه‌، هه‌وڵیداوه‌ سیستمه‌ موشه‌كییه‌كانی‌ یه‌مه‌ن تێكبشكێنێت و سه‌كۆكانی‌ هه‌ڵدانی‌ موشه‌كه‌ بالیستییه‌كان له‌ناوببات، به‌ڵام به‌هۆی‌ ده‌ستپێشخه‌ریی‌ حوسییه‌كان له‌ گۆڕینی‌ شوێنی‌ ئه‌و موشه‌كانه‌ و جێگه‌ی‌ عه‌مباركردنیان، ئه‌و هه‌وڵه‌ شكستیهێنا. 
ئیڤان كۆنولۆڤ پسپۆڕی‌ روسی‌ به‌ (RT) راگه‌یاندبوو «یه‌مه‌نییه‌كان ئه‌زمونێكی‌ دوودرودریژییان له‌ به‌كارهێنانی‌ موشه‌كه‌كاندا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ خاڵێكی‌ به‌هێز داده‌نرێت له‌ ململانێكلانیاندا له‌گه‌ڵ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ له‌ڕووی‌ شاره‌زایی‌ و كارامه‌ییان له‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و موشه‌كانه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ تواناكانیان، وێڕای‌ وردییان له‌ به‌كارهێنان و پێكانی‌ راسته‌وخۆی‌ ئامانجه‌كان». 
كۆنولۆڤ ده‌ڵێت «هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌سه‌ركردایه‌تی‌ سعودیه‌، گه‌یشتوونه‌ته‌ بنبه‌ست،و سعودیه‌ش له‌به‌ر یه‌ك هۆكار گه‌یشتووته‌ بنبه‌ست: هه‌رگیز به‌سه‌ر حوسییه‌كاندا سه‌رناكه‌وێت. حوسییه‌كان باشترین شه‌ڕكه‌رن له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست. یه‌مه‌نییه‌كان جه‌نگه‌كه‌یان بۆ نێو خاكی‌ سعودیه‌ گواستووه‌ته‌وه‌. قسه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر هێرشه‌ موشه‌كییه‌كان نییه‌، بگره‌ توانیویانه‌ پرۆسه‌كانی‌ جه‌نگی‌ پارتیزانی‌ له‌ پارێزگاكانی‌ یه‌مه‌ن- عه‌سیر، جه‌زران و نه‌جران كه‌ سعودیه‌ له‌ ساڵی‌ 1934خستبونیه‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی‌ رێكبخه‌ن، به‌ڵام تائێستاش دانیشتوانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ یه‌مه‌نیین. 
سێرگی‌ سیریبرۆڤ شرۆڤه‌كاری‌ ستراتیژی‌ پێیوایه‌،» به‌كارهێنانی‌ موشه‌كه‌كان له‌لایه‌ن یه‌مه‌نییه‌كانه‌وه‌ هه‌روا به‌ هه‌وانته‌ نییه‌، له‌ڕێی‌ ئه‌و موشه‌كانه‌وه‌ یه‌مه‌نییه‌كان پرسه‌كه‌یان و ئه‌و جه‌نگه‌ی‌ له‌ دژیان به‌رپاكراوه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو، وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ فاكته‌رێكی‌ نمایشكردن و وروژاندنی‌ جۆش و خرۆشی‌ یه‌مه‌نییه‌كانه‌ تا هه‌ست به‌ شانازیی‌ پرسه‌ دادپه‌روه‌ره‌كه‌یان و بوونی‌ هێزێكی‌ ده‌ستباڵا بكه‌ن به‌ڕووی‌ هێزێكدا كه‌ له‌وان به‌ ده‌ستباڵاتر داده‌نرێت». 
به‌ وته‌ی‌ سیریبرۆڤ «پاڵپشتی‌ سعودیه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ ناشه‌رعی‌ و پڕچه‌ككردنی‌ گروپه‌ یه‌مه‌نییه‌ توندڕه‌وه‌كان و دروستكردنی‌ ململانێ‌ تایه‌فه‌گه‌ریی‌ و مه‌زهه‌بییه‌كان، سعودیه‌ ناگه‌یه‌ننه‌ ئاكام و بگره‌ هێنده‌ی‌ تر ئه‌و ئاگره‌ خۆ ده‌كات كه‌ پزیسكه‌كه‌ی‌ خۆیسی‌ ده‌گرێته‌وه‌». 
ئه‌و پسۆڕه‌ روسه‌ وایده‌بینێت كه‌ «له‌ئێستادا جه‌نگ له‌ یه‌مه‌ن هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر شانشینی‌ سعودیه‌، ئه‌وه‌ی‌ دوای‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت و به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ تێچووه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ سعودیه‌، وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌مه‌ن بووه‌ته‌ هێزێكی‌ ستراتیژی‌ له‌ ناوچه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ له‌قكردنی‌ سه‌قامگیریی‌ ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌ و ره‌نگه‌ ببنه‌ مایه‌ی‌ به‌رده‌وامبوونی‌ (به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌)، به‌ڵام له‌مجاره‌دا له‌ وڵاتانی‌ كه‌نداوی‌ عه‌ره‌بی‌».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP