جه‌و گۆڕینێك ژیانی‌ نه‌شمیلی‌ گۆڕی‌
جه‌و گۆڕینێك ژیانی‌ نه‌شمیلی‌ گۆڕی‌ ‌ 4/8/2017
ئازاد جه‌لال

هه‌ناسه‌ قووڵه‌كانی‌ نه‌شمیل له‌ناخێكی‌ حه‌زینه‌وه‌ ده‌هاته‌ ده‌ر. نه‌شمیل ته‌مه‌نی‌ له‌ساڵی‌ بێهوایی نزیكبووه‌ته‌وه‌، خۆزگه‌ بۆ هه‌بوونی‌ ماڵێكی‌ خنجیلانه‌و مێردێك ده‌خوازێ‌..  
ئه‌و خۆزگه‌یه‌ی‌ نه‌شمیل ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و كزی‌ ده‌ڕوات، چونكه‌ وه‌كخۆی‌ ده‌ڵێ‌: «ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ شوو نه‌كه‌م، ئیتر ته‌مه‌نی‌ منداڵبوون نابینمه‌وه‌».
هه‌ر ڕۆژێك نه‌شمیل ده‌نگ‌و باسی‌ خواردنه‌وه‌ی‌ شه‌كراوی‌ هاوڕییه‌كی‌ ده‌بیستێ‌ ئیتر بۆ ئه‌م ده‌بێته‌ تاڵاو و ده‌چێته‌وه‌ نێو پێخه‌فی‌ یاده‌وه‌رییه‌كانی‌‌و مات‌و بێده‌نگی‌ دایده‌گرێ‌، وه‌ك كچێكی‌ مۆمیاكراوی‌ لێدێ‌‌و گوێ‌ بۆ ته‌مه‌نی‌ نائومێدی‌ خۆی‌ هه‌ڵده‌خات. بێئومیدی‌ ڕه‌نگ‌و ڕووخساری‌ نه‌شمیلی‌ به‌ ته‌واوی‌ گۆریوه‌، له‌ئێستادا وه‌ك جاران  نه‌ گرنگی‌ به‌خۆی‌ ده‌داو نه‌ ده‌گه‌ڕێ‌ بۆ بۆن‌و نه‌ ده‌یه‌وێ‌ جارێكی‌ تر هه‌واڵی‌ جوانكردنی‌ قژ و كه‌لوپه‌لی‌ جوانكاری‌ ببیستێ‌. 
پێشتر نه‌شمیل به‌ده‌یانجار ڕه‌نگی‌ قژی‌ به‌ هه‌موو جۆره‌ بۆیاخه‌كان ده‌گۆڕی‌‌و عه‌ده‌سه‌ی‌ ده‌كرده‌ چاو و جوانترین جلی‌ له‌به‌رده‌م كوڕانی‌ گه‌ڕه‌ك ده‌كرده‌ به‌رو جوانترین وێنه‌ی‌ فۆتۆگرافی‌ خۆیشی‌  له‌ئه‌كاونته‌كه‌ی‌ پۆست ده‌كرد، به‌ڵام كه‌س له‌ده‌رگای‌ به‌ختی‌ نه‌دا، ئه‌گه‌ر لێیشی‌ بدایه‌ ئه‌و نه‌یده‌وێرا شوو بكات، چونكه‌ وه‌كخۆی‌ وتی‌: باجی‌ هه‌ڵه‌ی‌ دڵسافی‌‌و خۆشباوه‌ڕی‌ خۆم‌و هه‌لپه‌رستی‌ كوڕێك ده‌ده‌م. 
 ژیان بۆ ئه‌و دووباره‌یه‌و هه‌ر له‌گه‌ڵ دایك و باوكه‌ به‌ساڵاچووه‌كه‌یدا چه‌ندین یادگاری‌ ڕۆژانی‌ گه‌نجی‌ به‌جێهێشتووه‌. له‌ ڕۆژانی‌ جه‌ژندا حوزن سه‌رتاپا جه‌سته‌‌و ڕووی‌ نه‌شمیل  ده‌گرێ‌‌و له‌ژووره‌وه‌ ده‌خزێ‌‌و نایه‌وێ‌ خه‌ڵك ببینێت.

باجی‌ هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌دا
تاوانی‌ نه‌شمیل ته‌نیا ئه‌وه‌ بوو، كه‌ له‌قۆناغی‌ گه‌نجیدا كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه‌، به‌ڵام كه‌س درك به‌م ڕاستیه‌ ناكات، تا ئێستایش نه‌یوێراوه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ی‌ كه‌ به‌سه‌ریدا هاتووه‌ لای‌ نزیكترین كه‌سی‌ خۆی‌، كه‌ دایكی‌‌و كه‌سه‌ نزیكه‌كانیه‌تی‌ باس بكات، ئه‌م دۆخه‌ بۆ ئه‌و بووه‌ته‌ هۆی‌ دروستبوونی‌ بارێكی‌ ده‌روونی خراپ.
دڵسافی‌‌و خۆشباوه‌ڕی‌ نه‌شمیل تووشی‌ كه‌تنێكی‌ كرد كه‌ ده‌ربازبوونی‌ قورسه‌. خه‌م له‌وه‌ ده‌خوات كه‌ كوڕه‌كه‌  بسكه‌ی‌  سمێڵی‌ دێ‌ .

كه‌تنه‌كه‌ چی‌ بوو؟
نه‌شمیل ئه‌و ڕۆژه‌ ته‌مه‌نی‌ 22 ساڵ ده‌بێت، له‌ خوێندن دواكه‌وتبوو، ده‌چێته‌ دوا قۆناغی‌ ئاماده‌یی بازرگانی‌ ئێواران.
 له‌وێ‌ وه‌ك هه‌موو كچه‌كانی‌ هاوڕێی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ كوڕێكدا ده‌به‌ستێ‌. په‌یوه‌ندیه‌كه‌ تا ساڵێك هه‌ر له‌چوارچێوه‌یه‌كی‌ ئاسایدا ده‌بێت. ته‌نیا بینین و نامه‌ گۆڕینه‌وه‌‌و قسه‌. دوای‌ ساڵێك كوڕه‌ پێی‌ لێده‌كاته‌ كه‌وش‌و  به‌نه‌شمیل ده‌ڵێ‌، باشه‌ تۆ خۆ تازه‌ هه‌ر ده‌بیته‌ ژنی‌ من بۆچی‌ نایه‌ت بچینه‌ ده‌ره‌وه‌‌و جه‌وێك بگۆڕین؟ ئه‌م جه‌و گۆڕینه‌ بۆ نه‌شمیل ده‌بێته‌ گۆڕینی‌ سه‌رتاپای‌ ژیانی‌‌و چه‌ندین ساڵه‌ هه‌ناسه‌ی‌ پێ هه‌ڵده‌كێشێ‌.
نه‌شمیل له‌به‌رده‌م وته‌ بریقه‌ داره‌كانی‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا وه‌ك كێچ هه‌ڵده‌له‌رزێ‌. تاسه‌رئه‌نجام هه‌موو متمانه‌یه‌كی‌ پێده‌به‌خشێ‌‌و دواین ڕۆژی‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ نه‌شمیل، كوڕه‌  ده‌یباته‌ ماڵی‌ خۆیان، چونكه‌  ئه‌و ڕۆژه‌ ماڵی‌ باوكی‌ كوڕه‌ ده‌چنه‌ باخه‌كه‌یان‌و ده‌عوه‌تیان بۆ خزمێكیان كردووه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ هاتۆته‌وه‌. له‌ماڵی‌ كوڕه‌  هه‌موو جۆره‌ په‌یوه‌ندیه‌ك له‌نێوانیان ڕووده‌دا، تا كار له‌كار ده‌ترازێنێت‌و ده‌یهێنێته‌وه‌  بۆ ماڵه‌وه‌. به‌ڵام نه‌شمیل هه‌ر له‌نێو سه‌یاره‌كه‌دا داوا له‌ خۆشه‌وسته‌كه‌ ده‌كات تا زووه‌ بێته‌  ماڵیان‌و ماره‌ی‌ بكات‌و  متمانه‌كه‌ی‌ نه‌دۆڕێنێت.
هه‌ر كه‌ نه‌شمیلی‌ خۆشباوه‌ڕ له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ جیاده‌بێته‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ سیمكارته‌كه‌ ده‌شكێنێ‌، ئیتر لێره‌وه‌ نه‌شمیل ده‌كه‌وێته‌ نێو ژیانی‌ دوو ترس: ترسی‌ بوونی‌ منداڵ‌و ترسی‌ داهاتوو كه‌ چیتر ناتوانێ‌ خێزان پێكه‌وه‌ بنێت، چونكه‌ له‌كاتی‌ په‌یوه‌ندیه‌كه‌دا هه‌ستی‌ به‌ گه‌رمیه‌ك له‌نێو ڕانیدا كردووه‌، زۆر به‌قه‌ناعه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: په‌رده‌ی‌ كچێنیم دڕاوه‌.
لێره‌وه‌ ده‌م‌و چاو و ڕووخساری‌  نه‌شمیل به‌ته‌واوی‌ ده‌گۆڕێت، هه‌میشه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكی‌و  ترسدا ده‌ژی‌. ته‌نانه‌ت له‌ماڵیشه‌وه‌ هه‌ستی‌ پێده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌دایكی‌ ده‌ڵێ‌: هۆكاره‌كه‌ی‌ ده‌رنه‌چوونمه‌  له‌مه‌كته‌ب.
هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ر
نه‌شمیل به‌ناچاری‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ توێژه‌رێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ده‌كات دوای‌ باسكردنی‌ كێشه‌كه‌ داوای‌ هاوكاریی‌ ده‌كات بۆ ده‌ربازبوون له‌‌و  ته‌نگژه‌ ده‌روونی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌. به‌ هاوكاری‌ توێژه‌ره‌كه‌ نه‌شمیل ده‌نێردرێته‌ لای‌ پزیشكی‌ ژنان‌و ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ په‌رده‌ی‌ كچێنی‌ نه‌شمیل به‌ته‌وای‌ لا نه‌چووه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ڕووشاوه‌‌و ئازار دراوه‌.  ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌مه‌ جێگه‌ی‌ خۆشحاڵیه‌ بۆ نه‌شمیل، به‌ڵام هه‌ر له‌مه‌راقدا ده‌مێنێته‌وه‌.

كوڕه‌كه‌ ده‌دۆزنه‌وه‌
هه‌ر چۆن بێت به‌ناونیشان‌و ڕه‌نگی‌ سه‌یاره‌‌و ئه‌و وه‌سفانه‌ی‌ نه‌شمیل بۆ توێژه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌كات باخه‌كه‌‌و شوێنی‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌شی‌ ده‌دۆزنه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك ده‌چن خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ نه‌شمیل ژنی‌ هێنابوو.  نه‌شمیل له‌ پێناوی‌ پاراستنی‌ كه‌رامه‌تی‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یدا داو ده‌كات ئه‌گه‌ر سه‌ر به‌هه‌وێش بێت هه‌ر بیهێنێت ڕازییه‌. كوڕه‌كه‌ زۆر ده‌پاڕێته‌وه‌ كه‌  ژنه‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌ بزانێت ده‌تۆرێ‌‌و بۆ تا هه‌تایه‌ حه‌یای‌ ده‌چێت، به‌ڵام نكوڵی‌ له‌ ئیشه‌كه‌ ناكات‌و ده‌ڵێ‌: چه‌ند پاره‌ ئه‌ڵێن ئه‌یده‌م. چۆن چاره‌سه‌ری‌ ده‌كه‌ن بیكه‌ن، به‌ڵام ژیانم لێ‌ تێك مه‌ده‌ن. 
دوای‌ بێئومێد بوون له‌ كوڕه‌كه‌ نه‌شمیل داوا له‌ توێژه‌ركه‌ی‌ ده‌كات كه‌ هاوكاری‌ بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ پیاوێك تا بۆ ماوه‌یه‌ك بیهێنێ ئیتر ئه‌گه‌ر ته‌ڵاقیشی‌ بدا ئاساییه‌، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ ئیتر نه‌شمیل وه‌كخۆی‌ ده‌ڵێ‌: له‌و دێوه‌زمه‌یه‌ی‌ شه‌وی‌ په‌رده‌ ناترسێ‌‌و له‌و دوودڵیه‌ ڕزگاری‌ ده‌بێت، به‌ڵام چۆن ئه‌و پیاوه‌ بدۆزێته‌وه‌؟ نازانن. ئێستا له‌بیری‌ ئه‌وه‌دایه‌ ئه‌گه‌ر له‌ شه‌وی‌ په‌رده‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ئاشكرابوو ژیانی‌ به‌ كوشتن كۆتایی دێ‌. 
نه‌شمیل ئێستا ته‌مه‌نی‌ كه‌وتۆته‌ كۆتایی بێئومێدییه‌وه‌ له‌ (45) لا ده‌دا‌و گڵۆپی‌ پرته‌قاڵی‌ بۆ ژیانی‌ خۆی‌ هه‌ڵكردووه‌. 
له‌و ماوه‌ زۆره‌دا چه‌ند جارێك داوكاری‌ هاتووه‌ چه‌ند هه‌نگاوێكیش چوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك بیر له‌و شه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئیتر ئه‌ستێره‌ی‌ به‌ختی‌ له‌كوژانه‌وه‌ ده‌دا. به‌دوای‌ تروسكایی ئه‌ستێره‌ی‌ كاروانه‌وه‌یه‌. ئاخۆ ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ی‌ نه‌شمیل هه‌ڵدێ‌. یان ئه‌ویش  ڕووناكایی خۆر ده‌یكا به‌ ژێر لێوه‌ و ده‌یخه‌ینه‌ دوتوێی‌ زاكیره‌ی‌ خۆی‌‌و كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ هانای‌ بۆ هێناوه‌ تا هاوكاری‌ بكات. داهاتوو وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌.... 
تێبینی‌: ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ راسته‌قینه‌یه‌‌و له‌ كه‌یسی‌ تایبه‌تی‌ توێژه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌, ته‌نیا ناوه‌كه‌ خوازراوه‌ له‌به‌ر پاراستنی‌ شكۆ‌و ناوبانگ و داهاتووی‌ خاوه‌ن كه‌یسه‌كه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP