ئامارێكی‌ وردی‌ جینۆسایدی‌ ئێزدیــیه‌كان له‌سه‌رده‌ستی‌ داعش 2014
ئامارێكی‌ وردی‌ جینۆسایدی‌ ئێزدیــیه‌كان له‌سه‌رده‌ستی‌ داعش 2014 ‌ 6/8/2017
یه‌که‌ی هه‌واڵ و ڕاپۆرت
ئه‌م ئاماره‌ی‌ به‌رده‌ست له‌ دووخشته‌ی‌ تایبه‌ت جێگای‌ كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ توێژه‌رو نووسه‌ر داود موراد خه‌تاری‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ به‌دواداچوونی‌ مه‌یدانی‌ و سه‌رچاوه‌ی‌ راسته‌وخۆی‌ شوێنی‌ رووداوه‌كه‌و قوربانیه‌كان به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئاماده‌ی‌ كردوه‌و ئێمه‌ش جارێكی‌ تر، به‌ زمانی‌ كوردی‌ ئاماده‌مان كردوه‌ته‌وه‌و له‌كۆتایی‌ هه‌ریه‌كێك له‌ خشته‌كاندا، په‌راوێزو سه‌رنجی‌ وردمان داناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌كان تێكه‌ڵ نه‌بن و سوودی‌ خۆیان هه‌بێ‌، یان ئه‌گه‌ر بویسترێ‌ به‌كاربهێنرێت به‌مه‌به‌ستی‌ خزمه‌تكردنی‌ دۆسییه‌ی‌ جینۆسایدی‌ ئێزدییه‌كان و سه‌لماندن و پشڕاستكردنه‌وه‌ی‌ تاوانه‌كه‌ له‌لایه‌ن «داعش»وه‌. 
ده‌كرێ‌ بۆ ئێستا 2014 بۆ 2017 به‌ یه‌كێك له‌ راستترین و سه‌لمێنراوترین ئاماره‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كان دابنرێ‌ و پشتی‌ پێبه‌سترێ‌، چونكه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانه‌كه‌وه‌ «داود» سه‌ربازو عه‌وداڵێكی‌ وون بووی‌ پڕۆژه‌ی‌ دۆكۆمێنتكردنی‌ تاوانه‌كانی‌ داعشه‌ دژ به‌ ئێزدیدی‌ و پێكهاته‌كانی‌ تر له‌ شه‌نگال و ده‌شتی‌ موسڵ. 
په‌راوێز: 
1-ئه‌م ئاماره‌ ده‌توانرێ‌ له‌ ساڵی‌ 3-8-2014 كه‌ سه‌ره‌تای‌ تاوانه‌كه‌یه‌ بۆ 3-8-2017 كه‌ ده‌كاته‌ سێ‌ ساڵ تێپه‌ڕبون به‌سه‌ر ئه‌نجادانی‌ تاوانه‌كه‌ی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش پشتی‌ پێبه‌به‌سترێ‌. چونكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئاماره‌ وردو زانستیه‌كان.
2-به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌ خشته‌كه‌ بۆمان روون ده‌بێته‌وه‌، ته‌واوی‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ ئێزدییه‌كانی‌ لێ‌ نیشته‌جێ‌ بوه‌ له‌ قه‌زای‌ شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری‌ به‌تایبه‌ت و ده‌شتی‌ موسڵ به‌گشتی‌، بوون به‌ ئامانجی‌ داعش و بێ‌ سڵمینه‌وه‌و ده‌ستپاراستن هێرشی‌ كردوه‌ته‌ سه‌ریان، كوشتن، بێ‌ سه‌روشوێنكردن، رفاندن، تاڵانكردن، و هتد
3-له‌كۆی‌ سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی‌ كۆمه‌ڵكوژكراون و رفێنراون، سی‌ و یه‌ك مه‌سیحی‌ و موسڵمان روو به‌ڕووی‌ كوشتن یان ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ بوونه‌ته‌وه‌، واته‌ شه‌ش هه‌زارو پێنج كه‌س له‌وانه‌ی‌ كۆمه‌ڵكوژكراون یان رفێنراون و بێسه‌رو شوێن بوون، یاخود گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ یان لای‌ داعش ده‌ستبه‌سه‌رن و بوون به‌ قوربانی‌، له‌ پێكهاته‌ی‌ ئێزیدییه‌كاننن. 
4-گووندی‌ كۆچۆ، به‌رزترین رێژه‌ی‌ قوربانی‌ له‌ناو قوربانیه‌كان، له‌ كۆمه‌ڵكوژكردن و رفاندن و بێسه‌روشوێنكردن تۆماركردوه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ داعش ئه‌م گوونده‌ی‌ كردبوه‌ ئامانج و به‌دڕندانه‌ترین شێوه‌ به‌ربوه‌ گیانیان و تا ئێستاش وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ‌ «180» ژن و پیاوو مناڵیان بێ‌ سه‌رو شوێنن و هیچ له‌باره‌یانه‌وه‌ نازاندرێ‌. 
5-سه‌رنجی‌ ناوی‌ ئۆردگاكان بده‌، ناوه‌ عه‌ره‌بیه‌كان هی‌ سه‌رده‌می‌ به‌عسی‌ فاشین و بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌عس تێكڕای‌ ناوچه‌ كورد نشین و كوردستانیه‌كانی‌ خستبوه‌ چوارچێوه‌ی‌ راگوازستن و ته‌عریبه‌وه‌. واتا له‌ سه‌رده‌می‌ حكومڕانی‌ به‌عسیشدا، ئێزدییه‌كان وه‌ك كوردو پێكهاته‌یه‌كی‌ ئاینی‌ جیاواز، له‌به‌رده‌م راگوازستن و ته‌عه‌ریبدابوون و تاوانلێكراو بوون.
6- سه‌رچاوه‌ی‌ تریش هه‌یه‌ جیا له‌م زانیاریانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ كه‌فه‌رمین و هی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ ناساندنی‌ جینۆسایدی‌ ئێزدییه‌كان و پێكهاته‌كانی‌ تر، له‌م ئامارانه‌وه‌ نزیكن بۆ نموونه‌ ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، له‌ 3-8-2014 بۆ كۆتایی‌ مانگی‌ 5-2017 «6417» كه‌س له‌ژن و پیاوو مناڵ تۆماركراون، كه‌له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێنراون و بێ‌ سه‌روشوێنكراون. تا كۆتایی‌ مانكی‌ 5-2017 «3001» كه‌سیان لێ‌ رزگاركراون و هاتوونه‌ته‌وه‌، «324» پیاو، «1082 « ژن، «791» كچی‌ مناڵ، «804» مناڵی‌ كوڕ. واتا تا ئێستا «3416» ژن و پیاوو كچ و مناڵ له‌لای‌ داعش ماونه‌ته‌وه‌ یان بێ‌ سه‌روشوێنن. 
په‌راوێز:
1-بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ رووفاتی‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كان، له‌م خشته‌یه‌و له‌ ریزبه‌ندی‌ یه‌كه‌م به‌ژماره‌ «45» گۆڕی‌ به‌ كۆمه‌ڵ دیاریكراون، زۆرترین ژماره‌ی‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌ گووندی‌ «كۆچۆ»ن، كه‌ ژماره‌یان «17» گۆڕه‌و رووفاتی‌ قوربانیه‌كانیان له‌ خۆگرتوه‌.
2-لیستی‌ ناوی‌ ئه‌و تاوانبارو تۆمه‌تبارانه‌ی‌ تاوانی‌ كۆچۆیان ئه‌نجامداوه‌، له‌به‌رده‌ستی‌ ئێمه‌دا هه‌یه‌و ژماره‌یان زیاتر له‌ «50» تیرۆریستی‌ رێكخراوی‌ داعشه‌. 
3-ئه‌م تاوانه‌ی‌ داعش بوه‌ته‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ «380000» سێسه‌دو هه‌شتا هه‌زار، ئێزیدی‌، جگه‌ له‌ پێكهاته‌كانی‌ تر، ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ربن و بكه‌ونه‌ شاروشارۆچكه‌كانی‌ كوردستان و زنجیره‌چیای‌ شه‌نگال و رۆژئاوای‌ كوردستان و باكووری‌ كوردستان و به‌ ئێستاشه‌وه‌ ژیانێكی‌ سه‌خت بی‌ ڕێبكه‌ن.
4-رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ ئاسه‌وارێكی‌ ئاینی‌ ئێزدییه‌كان نه‌هێڵێ‌، «68» مه‌زارگای‌ ئاینی‌ و پیاوانی‌ ئاینی‌ ئێزدییه‌كانی‌ ته‌قاندوه‌ته‌وه‌و تێك شكاندوه‌، وه‌ك له‌ ریزبه‌ندی‌ دووه‌می‌ خشته‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێ‌. 
5-جگه‌ له‌وانه‌ی‌ ئاواره‌ی‌ ناو باشووری‌ كوردستان و رۆژئاوای‌ كوردستان و باكووری‌ كوردستان بوون، «10000» هه‌زار هاوڵاتی‌ ئێزدیدی‌ شوێن و زێدی‌ خۆیانیان جێهێشتوه‌و ره‌ویان كردوه‌ بۆ ئه‌وروپاو ئه‌مریكا.
6-ژماره‌یه‌كی‌ ترسناك له‌ناو ئه‌م خشته‌یه‌ رامانده‌وه‌ستێنێ‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانه‌كه‌ له‌لایه‌ن داعش «1770» مناڵ بێباوك ماونه‌ته‌وه‌، «427» مناڵ بێدایك ماونه‌ته‌وه‌، «365» مناڵ نه‌دایكیان نه‌باوكیان نه‌ماوه‌، «220» مناڵ خوار «18» ساڵ له‌ ژێرده‌ستی‌ داعشدان، كۆی‌ گشتی‌ ئه‌و مناڵانه‌ی‌ بێ‌ باوك و بێ‌ دایك ماونه‌ته‌وه‌، «2745» مناڵن. 
7-ته‌نیا زیانه‌ ئابوورییه‌كانی‌ هه‌ردوو شارۆچكه‌ی‌ «به‌عشیقه‌و به‌حزانی‌» به‌ پێی‌ ئه‌و به‌دواداچوونانه‌ی‌ كراوه‌، به‌ «000، 000، 000، 126» ملیار دیناری‌ عێراقی‌ خه‌مڵینراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ زیانی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ی‌ تر كه‌ له‌خشته‌ی‌ یه‌كه‌م ئاماژه‌یان پێكراوه‌ وه‌ك قه‌زای‌ شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری‌، ئۆردگاكان و گوونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ریان، كه‌ ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ مه‌یدانی‌ بۆبكرێ‌ و به‌ وردی‌ تۆماربكرێن ده‌گاته‌ سه‌دان ملیار دینار. چونكه‌ داعش جگه‌ له‌ ئه‌نجامدانی‌ كرده‌ی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ «جینۆساید» ژێرخانی‌ ئابووری‌ ناوچه‌كه‌شی‌ خسته‌ چوارچێوه‌ی‌ وێرانكردن و پرۆسه‌ی‌ تاڵانكردنه‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ ناوچه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی‌ باشووری‌ كوردستان و بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ پێویستی‌ به‌ ملیاره‌ها دۆلاره‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ دۆخی‌ پێش ئه‌نجامدانی‌ تاوانه‌كه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP