سەرۆک مەعسوم، پیاوە ژیر و بێدەنگەكە
سەرۆک مەعسوم، پیاوە ژیر و بێدەنگەكە ‌ 7/8/2017
عەبدلواحد دوكانی
دوای نەخۆشییەكەی جەنابی مام جەلال، كە كاریگەرییەكی قوڵی لەسه‌ر پرۆسەی سیاسیی عیراق و رووداوەكانی هەرێمی كوردستان دانا و، هاوكات وەك مۆتەكەیەك بەسەر دڵی هەمووماندا نیشت، مەگەر باشتربوونی رەوشی تەندروستی سەرۆك تاڵەبانی كەمێك ئۆخژنیمان پێ ببەخشێ ئەگینا نەك هەر پرسی كورد لە بەغدا گورزێكی گەورەی بەركەوت، بەڵكو تەواوی عیراق كەوتە ناو جۆرێك لە تاریكی كە ئەوسەری دیار نەبێت، تەنانەت پێكهاتەی عەرەبیش پێش ئێمە بەر كاریگەری نەبوونی حیكمەتی سەرۆك تاڵەبانی كەوتوون، هەر بۆیە لە دوای ئەو مێژووەوە، بڕیاری سەركردایەتی سیاسی كورد بە كاندیدكردنی د.فوئاد مەعسوم بۆ شوێنپێگەی تاڵەبانی تەواو هاوسەنگ و بەر ئەنجامی خوێندنەوەی هەلومەرجە بابەتیەكانی عیراق و ناوچەكەش بوو، ئەمەش نەك هەر لەبەر پاشخانی شۆڕشگێڕی و كاریگەری سەرۆك مەعسوم لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی كورد دا، بەڵكو خۆشی پیاوێكی زیرەك و هێمن و خوێندەوارێكی دەگمەنی ئەم سەدەیەی عیراق و، وێڕای ئەوەی لە دوای پرۆسه‌ی ئازادی عیراقەوە ئامادەگییەكی تەواو و بێ پسانەوەی هەبووە لە رەسمكردنی سیاسەتی عیراق و یەكێكیش بووە لە داڕێژەران و نووسەرانی دەستوری ئەم وڵاتە، لە لایەكی دیكەشەوە ناوبراو خاوەنی تۆڕێكی فراوانی پەیوەندییە لەناو لایەنە سیاسییە عیراقییەكان و توانستی خوێندنەوەی كارەكتەرە سیاسییەكانی لە ئاستێكی بەرزدایە.
لە دەسپێكی ئەم میكانیزمەوە، ئەوە دەزانرا كە پڕكردنەوەی جێگای مام قورسە، بەڵام نزیكی و هاوڕێیەتی و ئەزموونی د.فوئاد لە مام لە سەرەتای كاری سیاسیان بە یەكەوە، ژمارەیەكی زۆر ئەو گرێ كوێرە سیاسیانەی كردەوە كە خەڵك پێی وابوو ئەستەمە، هەر بۆیە هەنگاوی ژیرانە و سروشتی هێمنانەی مەعسوم زوو كاریگەری جێهێشت و توانی جارێكی دیكە لایەنە كاریگەر و ناكۆكەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی عیراق لە دەوری مێزەكەی خۆی كۆبكاتەوە.
بەپێی ئەوەی گەرمترین باس و خواسی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسی مەسەلەی ریفراندۆمە لە هەرێمی كوردستان و خه‌ڵكی بەلایانەوە گرنگە كە بۆچوونی هەمووان بزانن، دەمه‌وێت ئەوە بیر بهێنمەوە كە د.فوئاد لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نێردە دیپلۆماسیەكان لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئەوەی بە روونی وت كە ریفراندۆم كارێكی ئاساییە و بەڵام كورد بڕیاری نەداوە كە لە عیراق جیا بێتەوە و ئەو بابەتە دەبێ كاری بۆ بكرێ بەگفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی وزەمینە بڕەخسێنرێت و هەروه‌ك سەركردەكانی كوردیش دوپاتیان كردۆتەوە كە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نییە لە ئێستادا و لەكۆبوونەوەكەش ئەوەی وت كە حكومەتەكانی عیراقی كەمتەرخەمیان كردووە لە بەرامبەر جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ ی دەستورو بەشێكی زۆری كەڵەكەبووی ئەم كەمتەرخەمیەیە.
سەردەمی سەرۆكایەتی دكتۆر فوئاد، زەمەنێكی دژوار و هەستیاری ناو پرۆسەی  سیاسی عیراقە، بە تایبەتی پەیدابونی گروپی تیرۆریستی داعش و داگیركردنی بەشێكی پڕ بایەخی خاكی عیراق ئاسۆی روداوەكانی لە رووی سیاسی، ئابوری، سەربازی و تەنانەت كۆمەڵایەتیش بە ئاراستەیەكی نەرێنیدا برد، هەر بۆیە روبەڕووبونەوەی ئەو دۆخە دژوارە و هەڵسوكەوت لەگەڵ وەها رەوشێكدا پێویستی بە ژیری و هێمنیەكی قوڵ هەبوو بە تایبەتی لە كاری سەرۆكایەتی كۆماردا، ئەمە جگە لەوەی لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە (٢٠٠٣) ئەم ماوەی سەرۆكایەتی مەعسوم بە تەنگژاویترین ساتەكانی دۆخی ئابووری عیراق ناسێنراوە، بە دیاریكراوی دابەزینی نرخی نەوت كە بڕبڕە پشتی ئابووری ئەم وڵاتە پێكدەهێنێت ئەركەكانی بۆ هەمووان قورستر كرد.
خاڵێكی جەوهەری دیكە، پەیوەست بە پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر و تێكچوونی رایەڵە سیاسیی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند، ئەركی د.فواد مەعسوم-ی وەك كوردێك كە لە پێگەیەكی گرنگی عیراقیدایە و نوێنەرایەتیەكی كاریگەری سەروەری خاكی عیراق لە لایەك و بەرژەوەندییەكانی كورد لە لایەكی دیكە دەكا دژوارتر كرد، هەرچەندە بۆ مێژوو پێویستە بوترێ سەرۆك مەعسوم لە پلانی كار و دیداری لەگەڵ لایەنە ناكۆكەكانی كورد و پێكهاتەكانی عەرەبی شیعە و سونە لە خەمی چارەسەری كێشەكان و دۆزینەوەی دەرچەی دەربازبون بووە و بە تایبەت هەوڵێكی زۆر هەبووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی دارایی هەرێم و كێشەی مووچە و ئەو كێشە هەنووكەییانەی هاووڵاتی كورد بە دەستیەوە دەناڵێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان كۆبونەوەی جدی و گفتوگۆی پڕ بەرهەمی ئەنجامداوە.
لێرەوە، ئەگەرچی بە هۆی ناكۆكی زۆری پارتە سیاسیە كوردییەكان و قەیرانی سیاسیی و دارایی هەرێمی كوردستان، تەركیز لەسەر كارەكانی سەرۆك كۆمار وەك پێویست نیە، بەڵام هەوڵە نەپساوەكانی جێی تێڕامانن و كاریگەریی زۆریان بەسەر نزیككردنەوەی بۆچوونە دوورەكان و دوبارە گەڕانەوەیان بۆسەر مێزی گفتوگۆ هەبووە، بڕواشم وایە هەوڵەكانی رۆڵی كرداری خۆی هەبووە ئەگەرنا ئەو كێشانەی ئێستا هەن،  قەبارەیان گەورەتر دەبوو. 
دیوێكی دیكەش هەیە، كە زۆرجار لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشێك لە میدیاكان دەبینرێ  رەخنەی ناجۆر ئاراستەی دكتۆر فوئاد مەعسوم دەكرێ كە بێدەنگە و رۆڵی كەمە لە پرسە سیاسیەكانی عیراقدا، ئەم حاڵەتەش دوو دیوی هەیە، دیوێكیان ئەرێنیە و خەڵك ئومێدیان بەو كارەكتەرە سیاسییە هەیە و چاوەڕێی هەوڵ و كۆششی زیاتری لێدەكەن بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام دیووەكەی دیكەش زۆرجار لە نەبوونی بڕی پێویستی هۆشیاری سیاسیی و بەرپرسیارێتی ئەو پۆستەوەیە لە هەیكەلی حوكمی عیراقدا. هەر بۆیە، لێرەوە دەمەوێت هەڵوەستەی زیاتر لەسەر ئەم پرسە بكەم.
گومان هەڵنەگرە، یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی نیشاندان و سەرخستنی هەر كەسێك بۆ بەرپرسیارێتی لە دنیای پێشكەوتوی ئەمڕۆدا پشتیوانی ئامرازەكانی میدیایە، بەڵام بە هۆی ئەم رەوشە خراپە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی عیراق و هەرێمی كوردستان دەگوزەرێ، رەنگە میدیاكان نەیانتوانی بێت بابەتیانە روماڵی ئەرك و بەرپرسیارێتیەكان بكەن، ئەگەر ئەوەش كرا بێت بە دڵنیاییەوە لاواز و بێ كاریگەر بووە، بە تایبەتی بەهۆی خراپی پەیوەندی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كە رەنگدانەوەی زۆری هەبووە، نەك تەنیا میدیای ئەهلی و ئازاد، بەڵكو راگەیاندنەكانی حزبەكەی سەرۆك كۆماریش (میدیای یەكێتی) پێناچێ توانیبێتی رۆڵی د.فواد وەك سەردەمی سەرۆك تاڵەبانی بۆ خەڵك و شەقامی كوردی و عیراقیش بگوازنەوە و هۆكار بن بۆ سەرخستنی ئەركەكانی هاوڕێكەی مام.
سەرەڕای ئەوەی بە پێی سروشتی كەسی خۆی، مەعسوم جیاواز لە كارەكتەرە سیاسییەكانی دیكەی عیراق كەمتر بڕوای بە نیشاندانی خۆی هەیە و ئەركەكانی وەك پرسێكی ئەخلاقی و مێژویی سەیر دەكا، هەر بۆیە زۆرجار هەوڵ و چالاكی و ماندوبوونە راستەقینەكانی ناگەنە خەڵك، كە دڵنیام ئەگەر كارەكتەرێكی دیكە ئەم پۆستە گرنگەی هەبوایە دەیان هەزار دۆلاری بۆ پڕوپاگەندە و ریكلامی سیاسیی خۆی تەرخان دەكرد.
 ئەم تایبەتمەندییەش لە رووی شكڵییەوە نەك تەنها زیانی لە خۆی داوە، بەڵكو بۆ ئێمەش لە راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار، هەندێ جار بەو هۆیەوە زیانمەند بوین و خەڵكانێك هەبوون پێیانوابوە كەمتەرخەمین لە گەیاندنی كارو چالاكییەكان، وەلێ لە زۆر باردا خۆی بە راسته‌وخۆ، یان ناراستەوخۆ پێمانی وتوە «ئەوە ئەركی سەر شانمە جێبەجێی دەكەم و نامەوێت بیكەمە منەت بەسەر خەڵك و میدیاوە».
 ئەگەرچی ئەم تایپە لە بیركردنەوەی بۆ ناو بازنەی دەسەڵات بە تایبەت لە رۆژهەڵاتدا، دەگمەن و نموونەی زۆر نییە، بەڵام بێگومان لە واقعدا ئەوە بەرپرسیارێتی راستەقینەی سەرۆك و بەرپرسەكانە بەرامبەر خەڵك كە بێ ئەوەی چاویان لە چاوی خەڵك بێت، بۆ خزمەتی خەڵك تێبكۆشن و ئەگەریش لایەنی دژ هەبێ بۆ شاردنەوەی راستییەكان، بەڵام وەك دەوترێ راستی راستیە و ئەگەریش ئەمڕۆ لە ژێر دار و پەردووی ژاوەژاودا گومبوبێ، بەیانی لەگەڵ خۆردا بەر روناكی دەكەوێتەوە.
لەم گۆشەیەوە پێمخۆشە ئەوەش بڵێم بەپێی دەستووری عیراق، سەرۆك كۆمار پارێزەری دەستوور و سەروەرییەكانی وڵاتە و ئەركەكانی بە روونی دیاریكراوە، بۆیە ئەویش لەو چوارچێوەیەدا راستگۆ بووە لەگەڵ خۆی و خەڵك و ئەركەكەی، لە سەرەتاوە تا ئێستاش كاریگەری نەرێنی بەسەر پرۆسەی سیاسیی عیراق و هەرێمی كوردستان نەبووە و ئەگەر هۆكاریش نەبوبێ بۆ لێكنزیكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان وێستگەی كۆكردنەوەی بە یەك گەیشتنی ئاراستە جیاوازەكان بووە، هەر بۆیە ئەگەر ئەمڕۆش ئەو هەوڵانە وەك خۆی نەبینرێ، دڵنیام لە داهاتودا روون دەبێتەوە كە بە شانازیەوە عیراقییەكان باسی لێوەدەكەن و دەبێتە جێگای سەربەرزیش بۆ كورد و لە بەردەم كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لە وەها دۆخێكی پڕ دژواردا راستگۆیانە مامەڵەی لەگەڵ بیروباوەڕەكانی كردوە و ئەم خاڵەش متمانەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر سیاسیی و فیگەرە كاریگەرەكانی  ناو خەباتەرەواكەی تۆكمەتر دەكات.
لەم كۆتایەشدا پێویستە خاڵێكی دیكەی سەرۆك مەعسوم باس بكرێ، كە جگە لەوەی لە ترۆپكی دەسەڵاتی عیراقدایە و دەسەڵاتێكی كاریگەری هەیە، بەڵام خۆشبەختانە ناوەكەی لە كەدار نەكراوە بە لەكەی دارایی و دەستكەوتی كەسی، كە ئەم خاڵەش بۆ ئەم ناوچەیە و عیراقیش كە لە گەندەڵییەكی گەورەوە گلاوە جیاكارییەكی گەورەیە، بە تایبەتی لەم دۆخەدا كەمن ئەو سەرۆكانەی دەتوانن پاك و بێ گەرد بەرامبەر گەل و پارت و هەوادارانیان بمێننەوە و وەفادار بن بەرامبەر مێژوو و ئایندەیان، ئەمەش شانازییەكی گەورەیە بۆ خۆی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، كە خۆی یەكێکە لە دەستەی دامەزرێنەرانی ئەو پارتە شۆڕشگێرە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP