یەڵدرم: ریفراندۆمی كوردستان توركیا سەرگەرم دەكات
بەرپرسێكی پەكەكە: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جەنگی سێیەمی جیهانی بەرێوەدەچێت یەڵدرم: ریفراندۆمی كوردستان توركیا سەرگەرم دەكات ‌ 7/8/2017
شوان داودی وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبارەی ئایندەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە شاری کەرکوک و ئەو هەوڵ و گفتوگۆیانەی لەبارەیەوە دەدرێت، بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە بەردەم گرفتێکداین چونکە ئەوانەی گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین دان نانێن بە دەستووردا لە لایەک و لە لایەکیترەوە، کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وەڵامیان پێ نییە، هەموو رۆژێک دەڵێن ئێمە دیراسەی دەکەین و دواتر شتێکیتر دەڵێن.

گفتوگۆکان ئاسان نین
شوان داودی ئەو هۆکارانەی بە ئاستەنگ لە بەردەم گفتوگۆکان زانی و وتی: کفتوگۆکان ئاسان نییە و ئێمە بەردەوامین لەگەڵیان، هەفتەی رابردوو کۆبونەوەمان لە ئاستی باڵای بڕیاری سیاسی لە کەرکوک ئەنجامدا، لە پێناوی ئەوەی بگەینە بڕیارێک، دوو شەویش لە سەریەک لە ماڵی سەرۆکی پەرلەمان د.سەلیم جبوری لە ژێر چاودێری خۆیدا کۆبونەوەکان کراوە، ئەوان لەگەڵ دەستورنین و سیقەیان بە کۆمسیۆن نییە، وەڵامی کوردیش ئەوەیە لە دەرەوەی دەستوورو یاسا ئێمە نارۆینە ژێر قسەی ئەوان و ئەوە مافێکی دەستووریە خەڵکی ئەو شارە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، جگە لە دەستوور ئێمە بەهیچی تر رازینین، دەبێت ئەو مافە لە دەستی خەڵکی کەرکوک بێت نەک خەڵکیتر.

بەرنامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
وتیشی: بە پێی بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیار بوو ئەم هەفتەیە ئەو پرۆژە یاسایە بڕیاری لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا بەڵام بە هۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان دواکەوتووە و ئەوەش رێگە دەدات بە گفتوگۆی زیاتر.
وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد ئەو خاڵانەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت گرنگترینیان چارەنووسی کەرکوکە، تا ڕادەیەک لەسەر ناوچەکانیتر گفتوگۆ کراوە و کۆمسیۆنیش سەربەخۆیە ئێمە ناتوانین دەستێوەردان بکەین، نیمچە رێکەوتن کراوە بەڵام لە بارەی کەرکوکەوە ئێمە قبوڵمان نییە بدرێتە دەستی ئەنجومەنی نوێنەران.

بەو شێوەیە هەڵبژاردن ناکەین
وتیشی: پێمانوتوون ئێمە وەک کورد بەو شێوەیە هەڵبژاردن ناکەین، دەبێت مافی خەڵکی تێدا دەستەبەر برێت. ئاگاداریشمان کردوون ئێمە وەک کورد لە ئێستایە زۆرینەی پارێزگا و پارێزگارمان هەیە ئەگەر هەڵبژاردن بکرێ لە قازانجی ئێوەیە.
لە بارەی مەرجەکانیشەوە وتی : ئەوان دەڵێن دەبێت چارەنووسی ئەو شارە وەک خۆی بمێنێتەوە تا ئەنجومەنی نوێنەران بڕیار دەدات، ئێمەش قبوڵمان نییە، وتومانە دەبێت بە پێی دەستوربێت، دواتر دەستوور دەیخاتە یاساوە و بە پێی یاسا دەدرێتەوە ئەنجومەنی پارێزگا و پاشان لەوێوە خەڵک بڕیاری لەسەر دەدات، دەبێت راپرسی بکرێت لەسەر چارەنوسی ئەو شارەو ئەوە مافێکی دەستووريیە.
شوان داودی باسی لە مەترسيیەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم کرد لە کەرکوک و وتی : لە بەردەم دوو رێگەداین، یەکەم ئەوەیە لە هەرێم ریفراندۆم ئەنجام بدرێت و لە کەرکوک نەکرێت ئەوەش مەترسیدارە بۆ کەرکوک، لەبەر ئەوە دەبێت بکرێت چونکە ئەوە دانپێدانانە کە هەرێم دەستبەرداری کەرکوک دەبێت، بۆیە زۆر پیویستە بکرێت و لە کاتی کردنیشی مەترسیدارە، چونکە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی، کە ئەو ئامارانە دەکرێتە پێوەر بۆ هەڵبژاردنەکان و راپرسی کورد %٥٢ی ئەو شارە پێکدەهێنێت، واتە عەرەب و تورکمان و نەتەوەکانی تر %٤٨ پێکدەهێنن، ئەوانیش لەگەڵ راپرسیدا نین و دەنگی نادەنێ و دژی ریفراندۆمن، کەواتە دەمێنێتەوە ئەو %٥٢ کوردە، ئەگەر لەو %٥٢ە لە %٣ دەنگ نەدات یاخود بەشداری نەکات و لەئەگەری دەنگدان بە نەخێر، کەرکوک دەدۆڕێین و زۆر مەترسیدارە، چونکە لە ئەنجامدا تاهەتایە ئەو شارە لە دەست دەدەین.

گرەنتی سەرکەوتنی ریفراندۆم
شوان داودی بە پێویستی زانی بە بەرنامە گرەنتی سەرکەوتنی ریفراندۆم لە کەرکوک بکرێت، کەرکوک وەک هیچ ناوچەیەکیتر نییە، نابێت مەوزوعی لیست و جیاوازی تێدا بکرێت و دەبێت پرۆژەی تایبەرتمان بۆی هەبێت و گفتوگۆ لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بکرێت.
هاوكات ئەندامێكی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان دەڵێت، سەرباری ناڕەزایەتیە دەركیەكان، سوورین لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم.

ئێستا كاتێكی‌ گونجاو نییە
هۆشیار زێباری‌ سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتان لە بارەی ریفراندۆمی هەرێم بە ئاژانسی كۆنای كوێتی راگەیاندوە: ویلایەتە یەكگرتووەكانی‌ ئەمەریكا پێی‌ وایە ئێستا كاتێكی‌ گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم بە هۆی‌ شەڕی‌ دژ بەداعش، لە كاتێكدا ریفراندۆم رێگری‌ لە كورد ناكات لە دژایەتیكردنی‌ داعش، بەڵكو دەبێتە هۆی‌ سەقامگیری‌ لە ناوچەكەدا.
وتیشی، ئەگەر ئەنجومەنی‌ پارێزگاكان لە كەركوك یاخود هەر ناوچەیەكی‌ كێشە لەسەر داوایان كرد بەشداربن لەپرۆسەی‌ ریفراندۆمدا ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەنجامدەدرێت و رێز لە رای‌ ئەو ئەنجومەنانە دەگرین.
ئاماژەی‌ بەوەش كرد، حكومەتە یەك لە دوای‌ یەكەكانی‌ عێراق، پابەندی‌ دەستوور نەبوون و كوردیان ناچاركردووە كە ئەم هەنگاوە بنێت.

لە داهاتوویەكی نزیكدا
لە لایەكی ترەوە، سەرۆك وەزیرانی توركیا دەڵێت، لە داهاتوویەكی نزیكدا ریفراندۆمی هەرێم توركیا سەرگەرم دەكات و ئاشكراشی دەكات، ئێستا توركیا دژی رێكخراوەكانی بزوتنەوەی خزمەت و پەكەكەو داعش دەجەنگێت.
بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا سەرپەرشتی كۆبونەوەی شورای باڵای سەربازیی لەكۆشكی چانكایا لە ئەنقەرە كردو رایگەیاند، لە ئێستادا توركیا دژ بە سێ رێكخراوی جیاواز كاردەكات، ئەو سێ رێكخراوەش بریتین لە رێكخراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بزووتنەوەی خزمەتی فەتحوڵڵا گولەن و رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
وتیشی: توركیا لە ناوەندی ناوچەیەكدایە كە لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەمنییەوە روداوی گرنگی تیادا رودەدات، لەو جوگرافیا زەحمەتەشدا هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ سەر ئاسایشمان جێگەی باسە.

بیرۆكەی ریفراندۆم لە باكوری عیراق
ئاماژەشیكردوە، ئەو هەڕەشانەی لەسەر توركیان هێشتا تەواو نەبون، بابەتی دوورگەكانی ئیجە لەگەڵ یۆنان، پرسی قوبرس، بیرۆكەی ریفراندۆم لە باكوری عیراق و داهاتوی سوریا هەمویان لە داهاتویەكی نزیكدا توركیا سەرگەرم دەكەن.
هاوكات دوران كاڵكان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە تەلەفزیۆنی نیوز چەناڵی راگەیاند، ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جەنگی سێیەمی جیهانی بەرێوەدەچێت، بۆیە دۆخی سیاسی سوریا و كوردستان پێویستی بە شرۆڤە و ڕوانگەیەكی نوێ هەیە، ئەو كەسانەی دەتوانن ئەم گۆڕانكاریانە لە بەرچاوبگرن و شرۆڤەكەیان بە پێی داڕێژن زۆر كەمن.
ئاماژەشی كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بە بەڕێوەبەراتی ئەردۆغانەوە گرت و دەستیكرد بەئاستەنگ دروستكردن لە بەردەم پێكهێنانی یەكێتی نەتەوەیی، پێكهێنانی یەكێتی دیموكراتی نەتەوەیی لە كۆنگرەی نەتەوەییدا هەموو لایەن و حزبەكانی كوردستان و گەلی كوردی پێش دەخست، تەنانەت پارتیشی پێش دەخست، بەڵام ڕێگای هەڵەی گرتە بەر و بەشوێن ئاكەپە كەوت.
دوران كالكان لەبارەی ریفراندۆمەوە وتی، پارتی لەگەڵ ئاكەپە ڕێكدەكەوێت و بەشداری كۆبوونەوەی یەكێتی نەتەوەیی نابێت پاشان دەڵێت ڕیفراندۆم بەڕێوەدەبەم، بانگەشەی پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دەكات لە باشوری كوردستان، ئەم قسانە ناوەشێتەوە، بەڵكو پروپاگەندەیەكی سیاسییە.
لە لایەكی ترەوە، شاندێكی راگەیاندنكارانی كۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەن بۆ پیرۆزباییكردن لە سەركەوتنەكانی شەڕی موسڵ.

سەركەوتنەكانی موسڵ
ئاژانسی میهر بڵاویكردۆتەوە، لە دیدارێكدا لەگەڵ ئەو شاندە، عەبادی رایگەیاندوە: سەركەوتنەكانی شەڕی موسڵ بەهۆی یەكڕیزی عیراقەوە بووە، پێكەوە رووبەڕووی رەوتە لەڕێلادەرەكان دەبینەوە، هەروەها هاوكارییەكانی گەلی عیراق بۆ هێزە میللـییەكان و سوپا هۆكاری سەركەوتنەكان بون.
لە بارەی پرسی ریفراندۆمیشەوە، عەبادی رایگەیاندوە، هەڵوێستی بەغدا لەو بارەیەوە روونەو پێمانوایە ئەو پرسە لەوە مەترسیدارترە كە نایاسایی بێت و كێشەی نوێ دروستدەكات، هەموو لایەنەكانی عیراق رێز لە كوردەكان دەگرن و هەر هەنگاوێكی لەو شێوەیەش پێویستە لە چوارچێوەی دەستوری عیراقدا بێت كە پەیماننامەیەكی نیشتمانیی هەمووانە، هەروەها بەرژەوەندی كوردەكانیش لە عیراق لە جیابونەوە و دەرچون لە یەكڕیزی عیراقدا نییە، بەڵكو لە فیدرالیەتدایە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP