هه‌مووان له‌سه‌ر گرنگیی كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان یه‌ك هه‌ڵوێستن
هه‌مووان له‌سه‌ر گرنگیی كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان یه‌ك هه‌ڵوێستن ‌ راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ 10/8/2017
پرسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان كه‌ ماوه‌ی ساڵێك و ده‌ مانگه‌ له‌ كارخراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ گه‌رمه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، پرسه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستێك كه‌ ته‌نانه‌ت بڕیار له‌سه‌ر رۆژی كاراكردنه‌وه‌كه‌ش دراوه‌.  
هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كان
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌رده‌وام جه‌ختی له‌ «كاراكردنه‌وه‌ی بێمه‌رجی په‌رله‌مان» كردۆته‌وه‌، له‌ دوو رۆژی رابردووشدا، نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ «هیچ مه‌رجێكمان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان نه‌ماوه‌»، بۆ دوا بڕیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌موولایه‌ك چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕانن كه‌ بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ بكرێت. هاوكات یه‌كگرتووی ئیسلامیش به‌رده‌وام ته‌ئكیدی له‌ «كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان كردۆته‌وه‌»، ئه‌نجومه‌نی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش دوێنێ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ته‌ئكیدی له‌ پێویستی «ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و درێژه‌دان به‌ كاری یاسادانان و چاودێری» كرده‌وه‌. 
په‌كخستنی‌ په‌رله‌مان هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا كاریگه‌ری خراپی هه‌بوو
له‌باره‌ی گرنگیی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانیشه‌وه‌، نیعمه‌ت عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كوردستان به‌ كوردستانی‌ نوێ-ی راگه‌یاند: په‌كخستنی‌ په‌رله‌مان هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا كاریگه‌ری خراپی  بۆ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی‌ كوردستان دروستكرد، پێویست بوو زووتر بڕیاری كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بدرێت، چونكه‌ په‌رله‌مان ده‌زگایه‌كی‌ شه‌رعی گرنگه‌و ناكرێ كوردستان بێ په‌رله‌مان بێت، «ئێستاش ده‌بێت ئه‌وله‌ویه‌ت بدرێت به‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی‌ پرسی ریفراندۆم چوارچێوه‌یه‌كی‌ یاسایی وه‌ربگرێت»، وتیشی: بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان رێڕه‌وی‌ خۆی وه‌ربگرێت پێویسته‌ له‌و شوێنه‌ ده‌ست به‌كاره‌كانی‌ بكاته‌وه‌ كه‌ په‌كخراوه‌، گرنگیشه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ته‌نیا له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان رێكنه‌كه‌ون، به‌ڵكو له‌سه‌ر چۆنێتی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ كاره‌كانی‌ په‌رله‌مانیش رێكبكه‌ون».
گرنگیی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان
ئارێز عه‌بدوڵڵا له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستانی‌ نوێ قسه‌ی له‌سه‌ر گرنگیی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان كردو وتی‌: كاتێك په‌رله‌مان كارا ده‌كرێته‌وه‌ ته‌نیا بۆ ده‌ركردنی‌ یاساو بڕیار نابێت، به‌ڵكو بۆ كۆمه‌ڵێك شته‌ له‌وانه‌ نیشاندانی‌ یه‌كڕیزیی‌ نیشتمانی، ده‌ركردنی یاسای پێویست، چاودێری كردنی حكومه‌ت و پڕۆسه‌ی‌ ریفراندۆم.
رۆڵێكی‌ گرنگی‌ ده‌بێت
هاوكات ته‌لار له‌تیف ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ كوردستانی‌ نوێ-ی راگه‌یاند: به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی‌ كوردستان رۆڵێكی‌ گرنگی‌ ده‌بێت لە باشكردنی‌ ئه‌م بارودۆخه‌و گوزه‌رانی خه‌ڵك له‌سه‌روی‌ هه‌مووشیانه‌وه‌ نه‌هێشتنی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی یاسا بۆ هه‌رێمی كوردستان، «گرنگیشه‌ په‌رله‌مان كار بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تیی‌  هه‌رێم بكات»، راشیگه‌یاند: كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌بێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ چاودێری له‌سه‌ر حكومه‌ت و  دانانی‌ سنوورێك بۆ ئه‌و پێشێلكاریه‌ یاساییانه‌ی‌  له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كراون.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP