قه‌یرانی‌ قه‌ته‌ر هۆكار و لێكه‌وته‌كانی‌
قه‌یرانی‌ قه‌ته‌ر هۆكار و لێكه‌وته‌كانی‌ ‌ 12/8/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان 
قه‌یرانی‌ قه‌ته‌ر هۆكار و لێكه‌وته‌كانی‌، له‌ ژووری‌ توێژینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و له‌لایه‌ن (به‌همه‌ن ئه‌حمه‌د)ه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ و له‌ دووتوێی‌ 40 لاپه‌ڕه‌دایه‌، نوسینه‌كه‌ به‌پشت به‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كان، باس له‌و قه‌یرانه‌ ده‌كات كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا له‌نێوان قه‌ته‌ر له‌لایه‌ك و هه‌ریه‌ك له‌ (سعودیه‌ و ئیمارات و به‌حره‌ین و میسر) له‌لایه‌كی‌ تر، دروست بوو. 
نوسینه‌كه‌ خۆی‌ له‌چه‌ند پێرستێكدا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ دیارترینیان «هێزی‌ ئابوری‌ قه‌ته‌ر، و سه‌رمایه‌گوزارییه‌ گه‌وره‌ و جیهانییه‌كانی‌ قه‌ته‌ر و وڵاتانی‌ كه‌نداو، و هۆكاره‌كانی‌ پچڕاندنی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ وڵاتی‌ قه‌ته‌ر، پرۆژه‌كه‌ی‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو ئاینده‌ی‌ هێز له‌ ناوچه‌كه‌دا، سیناریۆكانی‌ قه‌یرانی‌ قه‌ته‌ر».    
به‌پێی‌ ئه‌و نوسینه‌ی‌ ژووری‌ توێژینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد، پشتی‌ به‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ستووه‌، «ره‌گوڕیشه‌ی‌ قه‌یرانی‌ قه‌ته‌ر و به‌ تایبه‌تی‌ كێشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ سعودیه‌، بۆ 62 ساڵ به‌ر له‌ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش كاتێك له‌ ساڵی‌ 1955باوكی‌ میری‌ ئێستای‌ قه‌ته‌ر (شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئال سانی‌) كوده‌تای‌ به‌سه‌ر باوكیدا كرد كه‌ دۆستی‌ سعودیه‌ بوو، دواتریش هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌و، یه‌كه‌م كاروانی‌ گازی‌ سروشتی‌ قه‌ته‌ر ره‌وانه‌ی‌ بازاڕه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ كرا». هه‌نارده‌كردنی‌ گازی‌ سروشتی‌ وه‌ك له‌ نوسینه‌كه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو، سه‌ره‌تایه‌ك بووه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی‌ قه‌ته‌رییه‌كان و ئاره‌زووی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ له‌ وڵاتانی‌ دیكه‌ی‌ كه‌نداو. 
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، له‌ نوسینه‌كه‌دا باس له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ قه‌ته‌ر له‌ ئێران كراوه‌ كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركێشییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ كه‌نداو و به‌ تایبه‌تیش سعودیه‌ داده‌نرێت، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌یشی‌ له‌و گروپ و ره‌وتانه‌ی‌ كه‌ ئێران پشتگیرییان ده‌كات. 
«ته‌قینه‌وه‌ی‌ ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ پرسێكی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ وڵاتی‌ ئێران ده‌ستیپێكرد، به‌ تایبه‌تی‌ دوای‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا بۆ وڵاتانی‌ كه‌نداو، داوای‌ راگرتنی‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی‌ داعش و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ژمونی‌ ئێرانی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كردبوو، وڵاتی‌ قه‌ته‌ریش ئه‌و داوایه‌ی‌ ره‌تكردبووه‌وه‌، به‌ڵام دواتر ته‌واوی‌ زانیارییه‌كانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ قه‌ته‌رییه‌وه‌ ئاشكرا كرا، ئه‌وه‌ش وڵاتانی‌ كه‌نداوی‌ گه‌یانده‌ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ له‌ڕووی‌ دیپلۆماسی‌ داراییه‌وه‌، قه‌ته‌ر په‌راوێز بخه‌ن»، چونكه‌ وه‌ك له‌ نوسیكه‌دا ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ پێیانوابووه‌ وڵاتی‌ قه‌ته‌ر به‌ مه‌به‌ست ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ئاشكرا كردووه‌ و ئامانجی‌ سه‌ره‌كیشی‌ له‌و كاره‌ بریتی‌ بووه‌ له‌ ده‌رخستنی‌ راستگۆیی‌ و دڵسۆزی‌ بۆ ئێرانییه‌كان. 
وێرای‌ خستنه‌ڕووی‌ هۆكاره‌كانی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ و لێكه‌وته‌كانی‌، له‌ كۆتایی‌ نوسیكه‌دا ئاماژه‌ به‌ رۆڵی‌ ئێرانی‌ كراوه‌ كه‌ «به‌ ته‌واوه‌تی‌ خۆی‌ تێكه‌ڵاوی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوری‌ و سیاسییه‌كانی‌ قه‌ته‌ر كردووه‌، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری‌ سیاسه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات، ئه‌مریكاش له‌لایه‌ك به‌هێزكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ سعودیه‌ به‌پێویست ده‌زانێت، له‌لایه‌كی‌ تر به‌هۆی‌ بوونی‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ و سه‌رچاوه‌ی‌ زۆری‌ سروشتی‌ كه‌ زۆر گه‌مه‌ی‌ سیاسی‌ پێ‌ یه‌كلایی‌ ده‌كرێته‌وه‌، نایه‌وێت ده‌ستبه‌رداریی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر ببێت»، هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه‌ی‌ له‌سه‌ره‌وه‌ خراونه‌ته‌ڕوو، له‌ نوسینی‌ «قه‌یرانی‌ قه‌ته‌ر هۆكار و لێكه‌وته‌كانی‌ ئاماژه‌یان پێكراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ژووری‌ سیاسی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌. 
روسیاش وه‌ك ئاماده‌كاریی‌ (قه‌یرانی‌ قه‌ته‌ر هۆكار و لێكه‌وته‌كانی‌) باسی‌ ده‌كات، به‌هۆی‌ گرێدانی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ خۆی‌، پشتگیری‌ سیاسه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ قه‌ته‌ر ده‌كات. 
ئه‌وه‌ی‌ به‌ڕوونی‌ له‌ نوسینكه‌ی‌ ژوری‌ توێژینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌باره‌ی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌كه‌وه‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌، «قه‌یرانه‌كه‌ گرێدراوی‌ چه‌ندین پرسی‌ ئابوری‌ و سیاسی‌ ناوچه‌كه‌ و جیهانه‌، به‌ڵام چه‌قی‌ ململانێكان له‌نێوان قه‌ته‌ر و سعودیه‌دایه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان شه‌ڕی‌ بردنه‌وه‌ی‌ زۆرترین ده‌سه‌ڵات و هه‌ژمون له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌كه‌ن». 
هه‌ر به‌پێی‌ نوسینه‌كه‌، چاره‌سه‌ری‌ پرسه‌كه‌ راسته‌وخۆ به‌ستراوه‌ به‌ ویستی‌ لایه‌نه‌كان بۆ خۆدوورگرتن له‌ ململانێی‌ جه‌مسه‌ره‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ واقیعی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست كه‌ نوقمی‌ ململانێ‌ و شه‌ڕی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و ئاگری‌ تیرۆر بووه‌». 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP