شازادە چی بەسەرهات ؟
شازادە چی بەسەرهات ؟ ‌ ئامادەکردنی: بورهان ئەمین‌ 15/8/2017
لەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستبەسەرکردنی »محەمەدی کوڕی نایف» جێگری پێشووی مه‌لیکی سعودیه‌،‌له‌ لایەن شاسەلمانی ئامۆزایەوە،زۆر لە کەناڵە میدیایی و سیاسیەکانەوە پرسیار لەچارەنوسی دەکرێ و ئاماژە بەوە دەکەن کە لەدوای لادرانی لەجێنشینی وڵات، هەموو ده‌سەڵات‌و بگرە ئازادیەکانیشی لێسەنراوەتەوەو ناهێڵن لە ماڵەوە بچێتە دەرەوەو کۆتوبەندیان کردووە، لە تازەترین بەدواداچونیشدا ڕێکخراوی «هیومان ڕاتس ۆچ» داوای لەبەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە کە روونکردنەوە لە سەر ئەم کەیسەبدەن و چارەنوسی دیاری بکەن.

لەکودەتا دەترسن
لەو کاتەی لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو بەبڕیارێکی «شاسەلمان» میر محەمەد دوورخرایەوەو لەجێی ئەودا کوڕەکەی خۆی دانا،ئیدی لەبەرچاوان وون بوو هەرزوو کەناڵە جیهانیەکان هەواڵی دەستبەسه‌رکردنیان بڵاوکردەوە،هه‌رچه‌نده‌ دەسەڵاتدارانی  وڵات سەرلەبەری ئەو هەواڵەیان ڕەتکردەوە،دواتر دەنگوباسی ناو کۆشک دزەیان کردو ئاماژەیان بەوە کردوە کەشازادەی پێشوو لەژێر چاودێری تونددایە و ناتوانێت بەئازادی بجوڵیتەوەو پەیوەندی بەدونیای دەرەوە بکات،ئەمەش لەترسی ئەوەیە نەبادا لە کاردانەوەی بڕیارەکەدا لەناوبنەماڵەد کودەتا دروست ببێ و باری ناوخۆی وڵاتەکەیان لێ تێکبچێت،ڕۆژنامەی» بێڵد»ی ئەڵمانی هۆکاری سەرەکی بەشدارینەکردنی شاسەلمان‌و وەفدی سعودیش لەکۆڕبەندی گی ٢٠ کەلەمانگی ڕابردوو لە هامبۆرگی ئەڵمانی سازدرا،بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە نەیانویستوە وڵاتەکەیان بەجێبێڵن لەترسی ڕودانی کودەتاو تێکچوونی باری ناوخۆی وڵات.

داوایکردوە بیبەنە سویسرا
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ڕۆژنامەی»هۆف پۆست»ئاشکرای کردوە جێگۆڕکێی شازادەکان پێشترو چەند مانگێک لەمەوبەر لەنێوبنەماڵەی فەرمانڕەوادا ڕێککەوتنی لەسەرکراوەو محەمەدی کوڕی نایف لەبەرامبەر وەرگرتنی ١٠٠ ملیار دۆلار ڕازی بووە دەستبەرداری شازادەیی ببێ، بەڵام دواتر بچێتە دەرەوەی وڵات و لەوێ دابنیشێت، ڕۆژنامەی»ۆڵ ستریت جۆڕناڵ»ی ئەمریکیش ئاشکرایکردوە، کەداوایکردوە لەگەڵ خێزانەکەو ماڵ ومناڵەکەیدا بیگوازنەوە بۆ سویسراو لەوێ نیشتەجێی بکەن، به‌ڵام شا قەبوڵی نەکردوەو پێی وتووە،دەبێ لەژێرچاودێری بنەماڵەی دەسەڵاتداردا بمێنیتەوە، تا ئەو کاتەی خۆیان بڕیار دەدەن.

داوای دیاریکردنی 
چارەنوسی دەکرێت
لەتازەترین ڕاپۆرت و نامەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی»هیومان ڕاتس وۆچ» کە کۆتایی مانگی ڕابردو دەریکردووە داوا لەدەسەڵاتی سعودیە دەکات کە چارەنوسی ئەو پیاوە دیاری بکەن، هەرچەندە ئەو کەسایەتیە لەسەردەمی دەسەڵاتی لە وەزارەتی ناوخۆدا توندوتیژترین بەرپرسی ئەمنی بەرامبەر بەهاوڵاتایانی سعودی و ئازادی و سەربەستی لێ زەوتکردون،بەڵام ئەوان پێیان باشە دەسەڵات واز لەسەرکوتکردن و دەستەمۆکردنی خەڵک بێنێ و لاپەڕەی ئاشتەوایی و ئازادیی و دەستبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ بکاتەوە، ڕێکخراوەکە داوا لە دەسەلاتی ئەو وڵاتە دەکات کەشوێن بزرکردن و دەست بەسەرداگرتنی شازادەی پێشوو، بەبێ دادگاو تۆمەتی ڕەسمی لەبەرامبەر یاسادا، پێچەوانەی حوکم و عورفە نێودەوڵەتیەکانەو دەبێ دەسەڵات ئەوە یەکلایی بکاتەوە کە ئەگەر تاوانی هەیە بە یاسا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێ و ئەگەر بێ تاوانیشە ئازادیی بۆ فەراهەم بکرێت.

لێی دەترسن
بەپێی رۆژنامەی «گاردیان»ی بەریتانیش بێت شازادەی دەرکراو لەدەسەڵاتدا پیاوێکی زۆر زاڵم وڕق ئەستور بووە بەرامبەر بە ڕەخنەگران و نەیارانی بنەماڵەی پادشایەتی و هەرچی ناڕەزایی دەربڕیبایە، فەرمانی ئەشکەنجەو سێدارەدانی بۆ دەرکردووە بەتایبەتیش کەلە٢٠١١ وەزیری ناوخۆی وڵات بووە، هەر ئەویش نەخشە داڕیژەری گەمارۆدانی وڵاتی قەتەر بووە،بنەماڵە دەزانن چەندە خوێنڕێژو ستەمکارە،بۆیە نایانەوێ کۆتوبەندەکانی لەسەرلابەن و ئازادیی بکەن،مەترسی ئەوەیان هەیە تۆڵەی خۆی بکاتەوە.

دەمێکە کێشە 
لەناو بنەماڵەدا هەیە
«نیۆیۆرک تایمز»ی ئەمریکیش زانیاری ئەوەی خستۆتەڕوو کە لەو ساڵانەی دواییدابە بەردەوامی لەسەر دەسەڵات کێشە لەنێوان کوڕەکەی شاسەلمان و کوڕەکەی نایفدا هەبووە، هەندێکجار گەیشتۆتە ئەوەی خەنجەر لەیەکتری دەربێنن ، ئەوان کێشەی سەرەکی ناو بنەماڵەی فەرمانڕەوا بوون،لەماوەی پانزە ساڵی ڕابردودا محەمەد دەسەڵاتی ڕەهای هەبووە، بۆیە کە شازادەی بچوک گەورە بووە، تەماحی چۆتە دەسەڵات و باوکیشی بۆ دوای خۆی ئامادەی کردووە،ئێستاش لەدوای دەرکردنیدا کێشەکان قوڵتر بونەتەوەو مەترسی ئەوە لە ئارادایە کودەتایان بەگژداچونەوەیەکی سەربازی یان ئەمنی بکاو دەسەڵاتی وڵات تێکبشکێنێت بۆیە دەستبەسەریان کردوە.

نەیاریان زۆربووە
کەناڵە میدیایی و دیپلۆماتییەکان ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە لەوەتەی»محەمەدی کوڕی سەلمان» وەک شازادەو جێنشین دەستبەکاربووە، ئەو وڵاتە ئەوەندەی تر خەڵکی کۆتو بەندکردوەو ئازادی لێوەرگرتوون ،کەسیش ناوێرێت باسی مافەکانی خۆی بکات، بەتایبەتیش لەدۆسیەی گەمارۆدانی وڵاتی قەتەر لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا ئێستا نەیاری زۆربوەو بەرپرسان لەهەموو جۆرە خۆپیشاندان یان تەقینەوەیەکی جەماوەری کودەتایەک لەناو بنەماڵەی فەرمانڕەوادا دەترسێن و هەمووشتێکیان سنوردار کردووە.

سعودیە شەڕه‌نگێزە
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی «شپیگل ئۆنلاینە»ی ئەڵمانی لەڕاپۆرتێکیداباسی سیاسەتی شەڕه‌نگێزی ئەو دەسەڵاتە دەکات لەدژی قەتەر، لەلایەک ئێران لەلایەک تر، تەنها لە پێناو سەپاندنی هەژمونی خۆی لەناوچەکەو جیهاندا،ماڵپەڕەکە دەڵێت: سعودیە بە پشتیوانی ئەمریکا ئەو هەنگاوانە دەنێ و گرێبەستە زەبەللاحەکانی چەک و سەودا سەری  ئابوری وبەرژەوەندیەکان وایکردووە بەرپرسانی ئەمریکا چاوپۆشی لە هەموو که‌موکورتیەکانی ئەو وڵاتە لەکوشتوکوشتارەکانی یەمەن و هاوکاریکردنی تیرۆریستان و ئیسلامیە ڕادیکالیەکان و بڵاوکردنەوەی بیری وەهابیەت بکەن و لە بەرامبەردا ملیارەها دۆلار لەو وڵاتە وەرگرن،باسی ئەوەشی کردووە،کە شازادەی لەسەرکارلادراو یەکێک بووە لەوانەی نەخشە داڕێژەری سیاسەتی شانشین و دیکاتۆریەت و داپڵۆسین بوەو ئیستا ئەویش هەمان ئەو سیاسەت و ڕەفتارە توندو تیژانەی لەگەڵدا دەکرێ کە پێشتر لەگەڵ نەیارانیدا دەیکرد.

ئەمریکاو سعودیە ڕێککەوتون
ڕۆژنامەی «واشنتۆن پۆست»ی ئەمریکیش زانیاری ئەوەی خستۆتەروو کە شازادەی دەرکراو پێشتر لەئەمریکا خوێندویەتی و پەیوەندی باشی لەگەڵ دەزگای ئیستخباراتی FBI هەبوەو تەلی ئەو کاتی ڕێکخراوی قاعیدەو چۆنیەتی دروستبونی داعش و ڕێخکراوە تیرۆریستیەکانی ناوچەکەی لایە، بۆیە لابردنی ئەو کەسایەتییە و دەستبەسەرکردنی بریتییە لەگرێبەستێکی نهێنی نێوان ئەمریکیەکان وسعودیەکان.

سه‌رچاوه‌:ئاژانسه‌کان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP