سەرۆکە گەنجەکە سێ مانگی تەواو کرد
سەرۆکە گەنجەکە سێ مانگی تەواو کرد ‌ ئامادەکردنی: بورهان ئەمین‌ 24/8/2017
پێش سێ مانگ «ئیمانوئێل ماکرۆن» وەک سەرۆکی نوێی فەرەنسا هەڵبژێردراو بە هەگبەیەکی پڕ لە هیواو ئامانجی کۆمەڵگەکەی چووە،کۆشکی ئەلێزی‌و وەک گەنجێکی نوێخوازو کارا خۆی نواند،ئێستا لەدوای ١٠٠ ڕۆژ لەوەرگرتنی ئەو پۆستە باڵایە چاودێرانی سیاسی ئەو ماوەیە هەڵدەسەنگێنن و بەرهەمی ئیشوکارو بەرنامەکەی دەخەنە بەردەم کۆمەڵگەی فەرەنسی و ڕەخنەی لێدەگرن،بەپێی ئەنجامی ڕاپرسی و هەڵسەنگاندنی میدیاو ئەو چاودێرانه‌،ماکرۆن بەهۆی ئەوەی لەو ماوەیە زیاتر بایەخی بەکاروباری دەرەوە داوەو نەپڕژاوەتە سەر خەم و کێشەکانی ناوخۆ بۆیە ئاستە جەماوەریەکەی دابەزیوەو ئەگەر وابڕوات زیاتریش دادەبەزێ، ئەو دروشم و بەرنامانەی کەلەبانگەشەکەو لەدەستپێکی وەرگرتنی پۆستەکەی هەڵیکردبوو، دەبێتە هۆکارێکی هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتی و سەروەری خۆی لەدەست دەدات.
ئه‌زموونێکی نوێی حوکمڕانی
ڕۆژنامەی بەرلینە زایتۆنگی ئەڵمانیا لەڕاپۆرتێکیدا دەڵێت: ماکرۆن وەک گەنجێکی تازە دەرکەوتو لەئەنجامی باوەڕنەمانی کۆمەڵگەی فەرەنسی بەسەرکردەو پارتە سیاسی و کلاسیکیەکانی گۆڕەپانی سیاسی وڵاتەکەدا،سەرکەوتنێکی بێ وێنەی هێناو ڕێژەیەکی زۆری دەنگی فەرەنسیەکانی هێنا،بەو هیوایەی کەببێتە ئەزمونێکی نوێ و ڕەچەشکێنی سیستەمی سەرکردەکانی پێشخۆی و ئەو سۆزو پەیمانانەی کەبەخەڵکیدا جێبەجێیان بکا، کەچی لەچەند مانگی یەکەمیدا وا خەریکە خەونی دەنگدەرانی لەبار دەباو لەزۆر ناوەند، دەنگی ناڕەزایی لەدژیدا بەرز دەکەنەوە.

ڕەواجی زۆر دابەزیوە
بەپێی تازەترین ڕاپرسی پەیمانگای ئیفوب کە پێگەی فرانس پرێس ئاشکرایکردوە ماکرۆن پشیگیری  ٣٦٪ ی فەرەنسیەکانی بەدەستهێناوە،لەکاتێکداپێشتر ٦٢٪ ی بەدەستهێنابو، پێگەی «تاگیشەو» پێیوایە ئەمە وەک ئەوەی «جاک شیراک»ی دەشوبهێنێ کەلەساڵی ١٩٩٥ هەمان دابەزینی ئاستی جەماوەری بەخۆوەبینی.

خەمی میللەت
هۆکاری دابەزینی وا لێکدەدرێتەوە کە ئەو سەرۆکە لەو ماوه‌یە نەیتوانیوە خەمی کۆمەڵگە بکاتە ئەجێندای هەوڵ و کارەکانی وچارەسەریان بکات لەوانەش کرێی کاری ڕۆژانەی کاسبکارو فەرمانبەرانی حکومەت و دابەزاندنی باج و زیادکردنی یارمەتی بۆکرێی خانوو وشوققەی نیشتەجێبون.
کەمکردنەوەی بودجەی سوپا
بڕیارەکەی ماکرۆن بەکەمکردنەوەی بودجەی سوپای وڵات بەبڕی نزیکەی یەک ملیار یۆرو وایکرد کەکێشەیەکی زۆری بۆ دروست بێت لەگەڵ  «بیر دی فیلیە»سوپاسالاری ئەرکان وسەرەنجام سوپاسالار،ئیدانەی بڕیارەکەی کردو دەست لەکارکێشایەوە.

ژنەکەشی هۆکارە
جگە لەوەش بڕیاری بەخشینی نازناوی خانمی یەکەمی فەرەنسا بە»بریجیت ماکرۆن»ی هاوسەری ئەمەش ناڕەزاییەکی زۆری لەنێوەندی سیاسی و ڕوناکبیری دروستکردو زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس نامەیەکی ناڕەزاییان پێشکەش کۆشکی ئەلیزی کردو داوایان کرد کە فەرەنسا وەک ئەمریکای لێ نەکاو ئەو پارەیەی لەو پۆستە خەرجی دەکات، بەخۆرایی بەفیڕۆی نەدات،چونکە پێیان وابوو کە ئەو بڕیارە کاری نەرێنی دەکاتە سەر باش بەکارهێنانی دارایی وسامانی وڵاتەکە چونکە کە ئەو نازاناوەی دا بەهاوسەرەکەی ئەو کات بەفەرمیش بودجەو خەرجیات و دایەرەو فەرمانگەی تایبەتی بۆ دابیندەکرێ و ئەوانیش بەزیادی دەزانن.

سیاسەتی سکهەڵگوشین
دیسانەوە نیازو بەرنامەی لەکەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتاران بەڕێژەی  سێیەک ودەرکردنی بڕیارێکی حکومی بە کەمکردنەوەی یارمەتی دارایی کرێی نیشتەجێبون ئەمانە بە سیاسەتی سکهەڵگوشین وڕەزیلی بۆ بژێوی ڕۆژانەی هاوڵاتیان لەقەڵەمدران وکاری خراپی کردۆتە سەر ڕای گشتی.
ئازادی میدیا
نێوەندەڕۆژنامەگەری ومیدیاکانی وڵات هەست بەجۆرە دەستێوەردان و تەگەرەیەکی حکومی دەکەنەوە لەبواری ئازادی ڕادەربڕین و پەخش وبڵاوکردنەوە، بۆیە ٢٣ کەناڵی میدیا بە بیرخەرەوەیەک بۆڕای گشتی، ڕەخنەیان لەحکومەت گرتوەو ئەمەش پرسیاری خستۆتەسەر ئازادی میدیا لەفەرەنسادا.

سیاسەتی دەرەوە
لەدوای ڕۆژێک لەدەستبەکاربونی ماکرۆن سەردانی ئەڵمانیای کردو لەلایەن مێرکلەوە پێشوازی گەرمی لێکراو بەیەکەوە بەدرێژی باسیان لە چاکسازی ناوچەی دراوی یۆرۆ و چۆنیەتی گەشەپێدانی یەکێتی ئەوروپاو باشکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات و چەندی کێشەی جیانیش کرد، بەپێی ماڵپەڕی دۆیچەڤێللا بێت ئەو سەردانە بەسەردانێکی پڕ بایەخ وبەرهەم وەسفکراو وەک سەرۆکێکی لێهاتوو بە ئەزمون نمایشکرا.

ئاگربەستی لیبیا
فرانس پرێس نوسیویەتی: «ماکرۆن» لەده‌ستپێکی دەستبەکاربونیدا توانی ژمارەیەک لایەنی ناکۆكی لیبی وەک «خەلیفەعەنتەر» لەگەڵ «فایز سەراج»سەرۆکی ئێستای وڵاتەکە کۆبکاتەوەو ناوبژیان لەنێواندا بکات، ئەم هەوڵەی دانوستان و ئاگربڕێکی لێکەوتەوەو دەستکەوتێکی بۆ فەرەنسا بەدەستهێنا ئەویش بەکردنەوەی چەند خیوەتگایەکی کۆچبەران لەسەر خاکی لیبیاو هەڵوێستی تازەی لەمەڕ کێشه‌ی سوریا ئەمانە بونە جۆرەسەرکەوتنێک لەسیاسەتی دەرەوەیدا.
پێشوازی تره‌مپ
هەرلەوماوەیە لەپێشوازیێکی شاهانەو سەربازیانەی «دۆناڵدتره‌مپ»ی سەرۆکی ئەمریکا، لەپاریس تایبه‌ت بە باشکردنی نێوان هەردوو وڵات و دروستبونی جۆرە تێگەیشتنێک لەهەڵوێستی ئەمریکا بەکشانەوەی لە ڕێککەوتننامەی ژینگە،ئەمەش بووە هۆی نزیکبونەوەی زیاترلەتره‌مپ وناوبانگێک بۆخۆی.
ماوەی داهاتوو
لەگەڵ کۆتایی پشووی هاوینەو دەستپێکردنەوەی ژیانی سیاسی و کۆبونەوەکان لەم وڵاتە، پێدەچێت مشتومڕێکی زۆر لەسەر چاکسازی لەسەر یاسای کار دروست ببێ چونکە بەپێی پڕۆژەی پیشنیازکراو لەبەرژەوەندی خاوەن کارو کۆمپانیاکانەو لەئێستاوە سەندیکاو ریکخراوە کرێکاریەکان خۆیان ئامادەکردووە خۆپیشاندان ناڕەزایەتی دەرببڕن، هەمانکات چاوەڕواندەکرێت بڕیاری بودجەی ساڵی ٢٠١٨ و کەمکردنەوەی بەبڕی ١١ ملیار یۆرو لەچاو ئێستا ئەویش شەڕەقسەو کێشەیەکی زۆر بەدوای خۆیدا بێنێت، ئەو دەنگە ناڕەزاییانەو دژبە بەرنامەکانی ماکرۆن کاریگەری خراپ دەکەنە سەر پێگەی جەماوەری و موسداقیەتی ئەو دروشمانەی کەلە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەدەنگدەرانی دابوون.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP