داعش به‌ره‌و کۆتایی ده‌چێت
داعش به‌ره‌و کۆتایی ده‌چێت ‌ 30/8/2017
یه‌که‌ی هه‌واڵ و سیاسه‌ت
له‌چه‌ند مانگی پێشوودا هێرشه‌کان بۆسه‌ر چه‌ته‌کانی داعش له‌ سوریاو عیراق و لوبنان چڕتربوونه‌ته‌وه‌و هه‌تاوه‌کو دێتیش، گورزی زیاتر به‌م رێکخراوه‌ تاوانکارییه‌ ده‌که‌وێت، هه‌ربۆیه‌ ته‌مه‌نی داعش به‌ره‌و کۆتایی و نه‌مان ده‌چێت. 

عیراق
له‌پاش سێ ساڵ له‌ حکومی تاوان و تۆقاندن و توندڕه‌ویی له‌ به‌شێکی زۆری خاکی عیراقدا، به‌ڵام ئه‌مساڵ سوپای عیراقی به‌ هاوکاری هێزی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی، توانی گورزی کوشنده‌ له‌م رێکخراوه‌ بوه‌شێنێت و به‌شێکی زۆری خاکی عیراق رزگاربکات، به‌تایبه‌تی له‌پاش ئازادکردنی شاری موسڵ، که‌ به‌ قه‌ڵایه‌کی سه‌ختی خۆیان داده‌نا، هێنده‌ی تر سنووری حوکمڕانی داعش له‌ عیراق به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت. 

راماڵینی کۆتایی
له‌ عیراقدا داعش به‌ره‌و راماڵینی کۆتایی ده‌چێت و له‌ئێستادا سوپای عیراقی توانیی شارۆچکه‌ی ته‌لعه‌فه‌ریش بگرێته‌وه‌وله‌ پاککردنه‌وی کۆتایی نزیک بۆ‌ته‌وه‌، دوایین مۆڵگه‌یان حه‌ویجه‌یه‌، که‌ئه‌ویش وه‌کو شوێنه‌کانی تریش به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات. 

سوریا
 له‌سوریاش که‌ساته‌وه‌ختێک له‌80% ی خاکی سوریای داگیرکردبوو، له‌ئێستادا به‌ره‌و نه‌مان‌و کۆتایی هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌وه‌ش له‌سێ قۆڵه‌وه‌، له‌باکووره‌وه‌، هێزه‌کانی سوریای دیموکرات، له‌ رۆژئاواو باشووریشه‌وه‌، سوپای سوریاو له‌ سه‌رسنووری لوبنانیش، سوپای لوبنان و حزبوڵڵا په‌لاماری ده‌ده‌ن. 

پایته‌ختی خه‌لافه‌ت نامێنێت
ره‌ققه‌ که‌به‌ پایته‌ختی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی داعش داده‌نرا، له‌ئێستادا خۆی له‌به‌رده‌م هێرشێکی گه‌وره‌ی هێزه‌کانی سوریای دیموکرات ده‌بینێته‌وه‌، که‌ ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کان هاوکاری ده‌که‌ن ، له‌سه‌ر ئه‌رز و له‌ئاسمانه‌وه‌، په‌لامارده‌درێت و به‌مزووانه‌ش به‌ته‌واوه‌تی شاره‌که‌ رزگار ده‌کرێت. به‌رزگارکردنی ره‌ققه‌ که‌ پایته‌ختی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی داعشه‌، چ له‌رووی سیاسیی و مه‌عنه‌ویشه‌وه‌، گورزی کوشنده‌ ده‌بێت بۆسه‌ر چه‌ته‌کانی داعش و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ ناوچه‌که‌.

سوپای سوریا 
له‌باشوور و رۆژئاواوه‌، چه‌ته‌کانی داعش رووبه‌رووی هێرشێکی گه‌وره‌ی سوپای سوریاو هاوپه‌یمانه‌کانی ده‌بنه‌وه‌، که‌ ئێران و روسیا و حزبوڵڵا پشتگیری ده‌که‌ن، له‌ئێستادا له‌ پارێزگای دیر الزور، له‌سێ قۆڵه‌وه‌ سوپای سوریا هێرشی بۆ ده‌کات و پێده‌چێت ئه‌و پارێزگایه‌ش له‌ده‌ستبدات. جگه‌له‌وه‌ش داعش به‌شێکی زۆری سنوره‌کانی له‌گه‌ڵ عیراق  و ئوردونیش، له‌ده‌ستداوه‌. 

لوبنان
ماوه‌ی مانگێکیشه‌‌ داعش له‌سه‌ر سنووری لوبنان به‌تایبه‌تی ناوچه‌ی « عرسان» رووبه‌روی هێرشێکی گه‌وره‌ی سوپای لوبنان و حزبوڵڵا بۆته‌وه‌، هه‌ر‌ئه‌مش وایکرد به‌رگه‌ی ئه‌و هێرشه‌ نه‌گرێت و له‌ئه‌نجامی رێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ حزبوڵڵا، چه‌کداره‌کانی له‌ناوچه‌که‌ بکشێنێته‌وه‌و به‌ره‌و رۆژئاوای سوریا هه‌ڵبێت. 

ده‌ر‌ئه‌نجام
له‌ ده‌رئه‌نجامی  کۆتاییدا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که‌ئه‌مڕۆ به‌پێچه‌وانه‌ی سێ ساڵی پێشوو، ئه‌ستێره‌ی به‌ختی چه‌ته‌کانی داعش له‌ناوچه‌که‌ به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چێت. لێ هه‌روه‌کو زۆرێک له‌چاودێرانی سیاسی  و ئه‌منیش پێیان وایه‌، راسته‌ داعش له‌رووی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت، که‌ جارێکی تر ئه‌م رێکخراوه‌ تاوانکارییه‌ ناتوانێت گورز بوه‌شێنێت، هه‌ربۆیه‌ بۆ بنه‌بڕکردنی داعش، پێویسته‌ کۆمه‌ڵێک رێوشوێنی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینی و سیاسی  ویاسایی گرنگ دابڕێژرێت، بۆئه‌وه‌ی جارێکی تر رێکخراوێکی له‌وجۆره‌ له‌ناوچه‌که‌ دروست نه‌بێته‌وه‌یان چالاک نه‌بێت.
سه‌رچاوه‌:-ئاژانسه‌کان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP