رەهەندەکانی کۆمەڵکوژی موسڵمانه‌کانی بۆرما
رەهەندەکانی کۆمەڵکوژی موسڵمانه‌کانی بۆرما ‌ 6/9/2017
ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
ماوه‌یه‌که‌ موسڵمانانی بۆرما یان که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ی رۆهینگا له‌ بۆرما، رووبه‌روی کۆمه‌ڵکوژی بوونته‌وه‌و هه‌زاران هاوڵاتی  به‌ناچاری ماڵو شوێنی خۆیان جێهێشتووه‌و به‌ره‌و وڵاتانی دراوسێ رایانکردووه‌. دیاره‌ کێشه‌ی رۆهینگا له‌مڕۆدا بۆته‌ بابه‌تێکی گرنگی میدیاکان، جگه‌له‌وه‌ش هه‌ندێک ده‌وڵه‌تیش وه‌کو موزایه‌ده‌یه‌کی سیاسی بۆ خۆیان به‌کاریده‌هێنن. له‌م رپۆرته‌ کورته‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین، که‌مێک له‌ره‌گوریشه‌ی ئه‌م کێشه‌یه‌ بدوێم و که‌مێک زانیاریش له‌باره‌ی ئه‌م کێشه‌یه‌وه‌ بخه‌ینه‌ روو.

رۆهینگا کێن
رۆهینگا که‌مه‌نه‌ته‌وه‌یه‌کن له‌ وڵاتی بۆرما یان «میانمار» ده‌ژین و ژماره‌یان ده‌گاته‌ نزیکه‌‌ی  2 ملیۆن  و  زۆرینه‌یان له‌ هه‌رێمی  راکین رۆژئاوای بۆرما ده‌ژین. ره‌گوریشه‌یان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆسه‌ر به‌نگالییه‌کان، زۆربه‌شیان موسڵمانن. 

بۆرما له‌ کوێویه‌
بۆرما یان میانمار وڵاتێکه‌ ده‌که‌وێته‌ باشوری رۆژئاوای کێشوه‌ری ئاسیا، وڵاتێکی هه‌ژاره‌و‌ له‌ساڵی 1937 ه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌ به‌ریتانیا وه‌رگرتووه‌، ژماره‌ی دانیشتوانی 51 ملیۆن که‌سه‌و له‌ 80% یان سه‌ر به‌ئایینی بودین، له‌5% یان موسڵمانن و 6% یان  مه‌سحین جگه ‌له‌ بوونی کۆمه‌ڵێک ئاینی تر. 

کۆمه‌ڵکوژ ده‌کرێن
دیاره‌ رۆهینگا گه‌لێکی دێرینی بۆرمان، مێژوو کولتورێکی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌. به‌ڵام ماوه‌ی  چه‌ندین ساڵه‌، له‌لایه‌ن رژێمه‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانی بۆرماوه‌ ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می حکومی سه‌ربازیدا که‌له‌ ساڵی 1988 تاوه‌کو 2010 به‌رده‌وام بوو. به‌ڵام بۆچی رۆهینگا له‌ناو ده‌برێن؟ 

کۆڵۆنیالیستی به‌ریتانیا
لێره‌دا کۆڵۆنیالیستی به‌ریتانیا رۆڵێکی نێگه‌تیفی هه‌بووه‌، چونکه‌ له‌کاتی داگیرکردنی بۆرمادا، به‌شێکی زۆری له‌ کارمه‌ند و به‌رپرسانی بۆرما، به‌نگالیه‌کان بوون، که‌ کۆڵۆنیالیستی به‌ریتانی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابوون، جگه‌له‌وه‌ش کۆڵۆنیای به‌ریتانیا، رێگه‌ی بۆکۆچی به‌نگالییه‌کان بۆ بۆرما و هه‌رێمی راکین خۆشكرد. ئه‌‌مه‌ش جۆره‌ رقێکی لای بۆرمییه‌کان به‌تایبه‌تی بوذییه‌کان له‌دژی موسڵمانه‌کان چاند. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ به‌ریتانیا له‌هه‌موو شوێنێک هه‌وڵیداوه‌، که‌مه‌نه‌ته‌وه‌یه‌ک حوکمی کۆڵۆنیاکانی بکات، ئه‌م کێشه‌یه‌ ته‌نها له‌ بۆرما نییه‌ ، بگره‌ له‌ مالیزیا و هیندستان و عیراقیش، هه‌مان سیاسه‌تی ده‌گرته‌ به‌ر. له‌ مالیزیا له‌رێگه‌ی چینییه‌ بوذییه‌کانه‌وه‌ حکومی مالیزیای ده‌کرد، له‌ هیندستانیش، ده‌یویست سوود له‌ موسڵمانه‌کان وه‌ربگرێت، له‌عیراقی خۆشمان، حوکمی راده‌ستی سوونه‌ کرد، له‌ کاتێکدا‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی عیراق ، شیعه‌و کوردبوون. 

حکومی سه‌ربازیی و فاشیزم
دیاره‌ وڵاتی بۆرما تاماوه‌یه‌کی زۆر حوکمێکی سه‌ر‌بازیی و دیکتاتۆری هه‌بوو، ئه‌م حوکمه‌ش قاڵبێکی فاشیزمانه‌ی هه‌بوو، له‌ وڵاتێکی دواکه‌وتووی ئاسیاشدا، هه‌میشه‌ زۆرینه‌ هه‌وڵی له‌ناوبردنی که‌مینه‌ ده‌دات، رۆهینگاش، که‌مینه‌ ‌بوون، هه‌ربۆیه‌ زووکرانه‌ نیشانه‌ بۆ فاشیزمه‌ بۆرمییه‌کان، لێره‌شدا پیاوانی ئایینی بودی رۆڵێکی ئێجگار نێگه‌تیڤیان بینی و هه‌میشه‌ تۆمه‌تی خیانتکارییان بۆ موسڵمانه‌کان داده‌تاشی و ده‌ڵێن ئه‌وان به‌ ئه‌سڵ خه‌ڵكی بۆرما نین  وکۆچه‌رین. هه‌ربۆیه‌ به‌پێی یاسای ساڵی 1982، زۆربه‌ی رۆهینگه‌کان، ناسنامه‌ی نیشتمانیان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه‌و به‌خه‌ڵكی بۆرما حساب ناکرێن. 

هه‌ڵمه‌تی راونان  و ده‌رکردن
دیاره‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ رۆهینگاکان روبه‌‌روی نه‌مان و پاکتاوکردن ده‌بنه‌وه‌، له‌نێوان ساڵانی 1991 تا 1992 نزیکه‌ی 250 هه‌زار رۆهینگا به‌ره‌و به‌نگلادیش رایانکرد و ماڵو شوێنی خۆیان جێهێشت. دیسانه‌وه‌ له‌ساڵی 2012  دووباره‌ جه‌نگ وململانێی له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی بودییه‌کان ده‌ستیپێکرد و نزیکه‌ی 140 هه‌زار که‌س ئاواره‌بوون. ئه‌مساڵیش له‌ 25 ئابدا دووباره‌‌ موسڵمانه‌کانی بۆرما رووبه‌روی راونان بونه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌پاش ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک چه‌کدرای روهینگا، په‌لاماری 20 بنکه‌ی پۆلیسیان دا، دواتر سوپای بۆرما که‌وته‌ په‌لاماردانی خه‌ڵکی و کۆمه‌ڵکوژییه‌کی نوێ له‌دژیان ده‌ستیپێکردووه‌. به‌پێی دوایین ئاماری نه‌ته‌وه‌یه‌گرتووه‌کانیش بێت، نزیکه‌ی 87 هه‌زار که‌س به‌ره‌و به‌نگلادیش رایانکردووه‌. 
جیهان  بێده‌نگه‌
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ له‌چاو تاوانه‌کانی سووپا و رژێمی بۆرما به‌رامبه‌ر به‌ رۆهینگه‌کان، جیهان بێده‌نگه‌، راسته‌ لێره‌و له‌وێ ره‌خنه‌ی توند ده‌گیرێت،به‌ڵام به‌پێی پێویست نییه‌، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌  ئاون سان سوچی سه‌رۆک وه‌زیرانی بۆرما له‌ رۆژئاودا وه‌کو داکۆکه‌ری ئازادی ناسراوه‌و ساڵی1990 خه‌ڵاتی ساخارۆفی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بۆ ئازادی فکر و  1991 خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی وه‌رگرتووه‌. که‌چی ئه‌م خانمه‌ سه‌رۆکی حکومه‌تێکه‌، که‌ کۆمه‌ڵکوژی که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌کات!.
کێشه‌ی رۆهینگا و موزایه‌ده‌ی سیاسی
له‌گێتی ئیسلامیدا سۆزێکی زۆر بۆ کێشه‌ی رۆهینگاکان هه‌یه‌، به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌، به‌شێکی زۆری حکومته‌کان که‌ خۆیان دیکتاتۆرن و که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌کانی تر ده‌چه‌وسێننه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت کێشه‌ی رۆهینگا وه‌کو موزایه‌ده‌ی سیاسیی به‌کاربهێنن، بۆنموونه ‌ئه‌ردۆغانی سه‌رۆکی تورکیا، به‌ده‌نگی به‌رز دژی چه‌وسانه‌وه‌ی رۆهینگاکانه ده‌وه‌ستێته‌وه‌‌، به‌ڵام له‌ وڵاته‌که‌ی خۆیدا، کۆمه‌ڵکوژی به‌رامبه‌ر کورد ده‌کات و له‌ سوریاش هه‌موو که‌س ده‌زانێت که‌ چۆن هاوکاری چه‌ته‌کانی داعش و به‌ره‌ی نووسره‌ ده‌کات. 
به‌داخه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ئێستا هیچ هیوایه‌ک نییه‌ ، که‌ئه‌م گه‌له‌ بێکه‌سه‌ له‌چنگی فاشیزمی بۆرمی رزگاربکات و که‌سیش نازانێت تاچه‌ندی تر به‌رده‌وام ده‌بێت. 
سه‌رچاوه‌:  ئاژانسه‌کان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP