كڕینی‌ كاره‌كه‌ره‌كان له‌ڕێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌
له‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو بازاڕی‌ ره‌ش په‌یدابووه‌ كڕینی‌ كاره‌كه‌ره‌كان له‌ڕێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ ‌ 8/9/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
كرێكارانی‌ بیانی‌ له‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ده‌چێت جێگه‌ی‌ مشتومڕه‌، له‌ئێستاشدا دروستكردنی‌ سیستمێك كه‌ ئه‌و كه‌رته‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات و سه‌رپه‌رشتی‌ بازاڕێكی‌ ره‌ش ده‌كات بۆ كاره‌كه‌رانی‌ ناوماڵ كه‌ له‌ڕێی‌ تۆڕی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ كڕین و فڕۆشتنیان پێوه‌ده‌كرێت. 
«بی‌ بی‌ سی‌» ئاشكرای‌ كردووه‌ كه‌ ده‌یان گروپی‌ نهێنی‌ له‌سه‌ر فه‌یسبوك هه‌ن و كار بۆ بازدان به‌سه‌ر یاساكان و لیسته‌ دیاریكراوه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كه‌ن، له‌نێوان ئه‌و نامانه‌ی‌  له‌نێوان ئه‌ندامانی‌ گروپه‌كاندا ئاڵوگۆڕ كراون، گوزارشتی‌ سه‌یر سه‌یر به‌كارهێنراون له‌وانه‌: 
«به‌شوێن كاره‌كه‌رێكدا ده‌گه‌ڕێم كه‌ ڤێزای‌ سه‌ردان یان گه‌ستوگوزاریی‌ هه‌بێت تا كاربكات و له‌شوێنی‌ كاره‌كه‌ی‌ وه‌ك كاره‌كه‌ر ژیان به‌سه‌رببات». 
«تا كاتی‌ سه‌فه‌ركردنم له‌مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م، زۆر به‌خێرایی‌ پێویستم به‌ كاره‌كه‌رێكه‌ بۆ كاركردن، بۆ ماوه‌ی‌ مانگێك یان دوو مانگ یان سێ‌ مانگ». 
«پێویستم به‌ كاره‌كه‌رێكی‌ ناوماڵه‌، هیندی‌ بێت یان فلیپینی‌  بۆ به‌خێوكردنی‌ منداڵێكی‌ ساوای‌ دوو مانگه‌». 

یاساكان پێشێل ده‌كرێن 
وێڕای‌ هۆشداریدان له‌ پێشێل نه‌كردنی‌ یاساكان له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیارانی‌ گروپه‌كانه‌وه‌، ئه‌و نامانه‌ وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ چوونه‌ نێو بازاڕه‌ ره‌شه‌كان به‌كارده‌هێنرێن كه‌ له‌سه‌ر تۆڕی‌ ئینته‌رنێت گه‌شه‌كردن به‌خۆوه‌ده‌بینن و له‌ زۆر كاتیشدا بونه‌ته‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت دادگایی‌ كردنیشیان لێبكه‌وێته‌وه‌. 
له‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ و زۆرێك له‌ وڵاتانی‌ تری‌ كه‌نداو، كرێكارانی‌ وڵاتانی‌ ئاسیا و ئه‌فریقا ده‌توانن ڤێزا له‌ڕێی‌ سیستمی‌ بارمه‌ته‌ «كه‌فیل»وه‌ ده‌ستبخه‌ن. 
ئه‌و سیستمه‌ كرێكاره‌ بیانییه‌كان كه‌ كارده‌كه‌ن و له‌شوێنی‌ كاره‌كه‌یان ده‌ژین، به‌ خاوه‌ن كاره‌كانه‌وه‌ گرێده‌دات و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ماوه‌ی‌ مانه‌وه‌یان دیاریی‌ ده‌كرێت. 
 زۆربه‌ی‌ رێوشوێنه‌كانی‌ كاركردن له‌ڕێی‌ ئاژانسه‌ فه‌رمییه‌كانی‌ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن، به‌ڵام ئه‌و بازاڕه‌ ره‌شانه‌ی‌ له‌ گه‌شه‌كردندان له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان، رێگه‌یان بۆ هه‌ندێك له‌ كارمه‌ندان و كرێكاره‌كان خۆشكردووه‌ باز به‌سه‌ر سیستمه‌ یاساییه‌كاندا هه‌ڵبده‌ن. 
فانی‌ ساراسواتی‌ له‌ رێكخراوی‌ «مافی‌ كۆچبه‌ران» كه‌ رێكخراوێكی‌ مافپه‌روه‌ره‌ و باره‌گاكه‌ی‌ له‌ قه‌ته‌ره‌ ده‌ڵێت:» هۆكاریی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌پشت كارپێكردنی‌ كاره‌كه‌ره‌كان له‌ڕێی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌ن كاره‌كان پێیانوایه‌ ده‌ستخستنی‌ كرێكار و كاره‌كه‌ره‌كان له‌ڕێی‌ ئاژانسه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ تێچووی‌ زۆره‌ و گرانه‌». 
   به‌ وته‌ی‌ ساراسواتی‌: «له‌ماوه‌ی‌ گرێبه‌سته‌كه‌دا، ده‌بێت 2500 بۆ 5000 دۆلار بده‌یت، به‌ڵام گه‌ر رووبكه‌یته‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هیچ بڕێك له‌و پاره‌یه‌ ناده‌یت». 
له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌كرێت كرێكاره‌كانیش سودمه‌ندبن، یه‌كێك له‌ ژنه‌ چالاكوانه‌ سعودییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ «بی‌ بی‌ سی‌» راگه‌یاندووه‌:»كاره‌كه‌ره‌كانیش ده‌كرێت سودمه‌ندبن و ده‌كرێت له‌ڕێی‌ ده‌ستخستنی‌ خاوه‌ن كاره‌وه‌ له‌ڕێی‌ ئینته‌رنێت و به‌شێوه‌ی‌ نایاسایی‌، كرێكانیان دوو هێنده‌بێت. خاوه‌ن كار له‌ بازاڕی‌ ره‌ش كه‌ له‌ باجێكی‌ زۆری‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ كارپێكردن قوتاریی‌ ده‌بێت، ده‌توانێت پاره‌یه‌كی‌ باش بداته‌ كرێكار و كاره‌كه‌ره‌كان». 
نه‌وال هۆساوی‌ ده‌ڵێت: «به‌داخه‌وه‌ پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وایان كردووه‌ زۆر به‌ قورسی‌ خێزانه‌كان بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ یارمه‌تی‌ ده‌سته‌به‌ربكه‌ن». 
ده‌یان گروپ هه‌ن له‌سه‌ر تۆڕی‌ كۆمه‌یه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك كه‌ هه‌زاران ئه‌ندامیان هه‌یه‌، له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ئه‌و كچ و ژنانه‌ی‌ به‌شوێن كاردا ده‌گه‌ڕێن وه‌ك كاره‌كه‌ر له‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو، به‌ خاوه‌ن كاره‌كانیانه‌وه‌ گرێده‌درێن. سیستمی‌ «كه‌فیل»یش له‌و نێوه‌نده‌دا خه‌ریكه‌ رووبه‌ڕووی‌ ره‌خنه‌یه‌كی‌ توند ده‌بێته‌وه‌، به‌و هۆیه‌ی‌ كاره‌كه‌ر و كرێكاره‌كان ناچار ده‌كات له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كاره‌ خراپه‌كانیشدا بمێننه‌وه‌ كه‌ چه‌ندان ئابڕچوونی‌ ترییان له‌سه‌ر باس ده‌كرێت. 
گروپه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤ ده‌ڵێن، ئه‌و سیستمه‌ بڕێكی‌ زۆر كه‌می‌ پارێزگاریی‌ بۆ كرێكاره‌كان له‌دژی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ خراپ  دابین ده‌كات. 

هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاساكانی‌ كار 
وڵاتانی‌ كه‌نداو به‌ڵێنیان داوه‌ گۆڕانكاریی‌ له‌ یاساكانی‌ كاردا بكه‌ن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌و یاسایانه‌ كه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ زۆر پێشێلكارییان تێدا به‌دیكراوه‌، گۆڕانكار ئه‌وتۆیان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ و هه‌موارنه‌كراون. 
له‌م چه‌ند مانگه‌ی‌ دواییدا، قه‌ته‌ر یاسایه‌كی‌ نوێی‌ دانا كه‌ مافی‌ زیاتر ده‌داته‌ كرێكاره‌كان، یه‌كێك له‌و مافانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا رۆژێك مۆڵه‌ت ده‌درێته‌ كرێكاره‌كان و به‌ هه‌مان شێوه‌ مۆڵه‌تی‌ ساڵانه‌شیان ده‌بێت و له‌گه‌ڵ مۆڵه‌كه‌شدا پاره‌ی‌ كاركرنی‌ خۆیان وه‌رده‌گرن. 
چالاكوانان ده‌ڵێن، رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌و رێنماییه‌ نوێیانه‌ جێبه‌جێ‌ بكرێن و كه‌لێنه‌ یاساییه‌كان پڕبكرێنه‌وه‌ و چاودێری‌ زیاتر بسه‌پێنرێت، به‌ جۆرێك یاسا نوێیه‌كان له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان یه‌كانگیربكرێن. 

كاره‌كه‌ره‌كان هه‌ڵدێن
یه‌كێك له‌ ژنه‌ كاره‌كه‌ره‌كان به‌ «بی‌ بی‌ سی‌» راگه‌یاندووه‌: «كاره‌كه‌رانی‌ ماڵه‌كان زۆرجار هه‌ڵدێن و به‌شوێن كاریی‌ نایاساییدا ده‌گه‌رشێن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ دواخستنی‌ كرێكانیان، یان به‌هۆی‌ ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ جه‌سته‌یی‌ و مه‌عنه‌ویانه‌ی‌ له‌دژیان ده‌كرێت، كاره‌كه‌ره‌كانیش زانیاریی‌ باشیان له‌سه‌ر ئه‌و بازاڕه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ڕێی‌ پێگه‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كانه‌وه‌ له‌بره‌ودایه‌. 
ئه‌و ژنه‌ كه‌ له‌ ترسی‌ له‌ده‌ستدانی‌ كاره‌كه‌ی‌ نه‌یویستووه‌ ناوی‌ خۆی‌ بۆ «بی‌ بی‌ سی‌» ئاشكرابكات ده‌ڵێت: «له‌ئێستادا كاتێك ده‌چیت بۆلای‌ كه‌سێك و پێی‌ ده‌ڵێت به‌شوێن كارێكی‌ یاسایی‌ یان نایاساییدا ده‌گه‌ڕێم، زۆر به‌ ئاسانی‌ ژماره‌كه‌ت له‌سه‌ر په‌یجێكی‌ (فه‌یسبوك) بڵاوده‌كاته‌وه‌.. ئه‌وه‌ش ئه‌و رێگه‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت لێوه‌ی‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایتییه‌كانه‌وه‌  كارێك په‌یدا بكه‌یت، به‌ڵام كارێكی‌ نایاساییه‌». 
خالید ئه‌بالئه‌خه‌یل وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ له‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌ ده‌ڵێت:»ده‌وڵه‌ت دركی‌ به‌و كێشه‌یه‌ كردووه‌، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌س و ئاژانسانه‌ دادگایی‌ ده‌كات كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌كارده‌هێنن. 
به‌ وته‌ی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ سعودیه‌، وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ له‌ماوه‌ی‌ مانگی‌ رابردوودا لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌ نزیكه‌ی‌ 20 ریكلام كردووه‌ كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و داوای‌ كاره‌كه‌رییان كردووه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌به‌رده‌م دادوه‌ریی‌ سعودیه‌دا دادگاریی‌ كراون.   

ئه‌سیوپییه‌كان سعودیه‌ جێده‌هێڵن 
له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو، ئه‌سیوپیا رایگه‌یاند، لانی‌ كه‌م 10%ی‌ كۆی‌ گشتی‌ هاوڵاتییه‌كانی‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نایاسایی‌ له‌ سعودیه‌ نیشته‌جێبوون، له‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ «نیشتمانێكی‌ بێ‌ مه‌ترسی‌» كه‌ له‌لایه‌ن ریازه‌وه‌ به‌رپاكراوه‌، گه‌ڕونه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان. 
ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سعودیه‌ نه‌وه‌د رۆژیان وه‌ك مۆڵه‌ت بۆ كرێكاره‌ نایاساییه‌كان دیاریی‌ كردبوو تا وڵاته‌كه‌ جێبهێڵن. 
نیگری‌ لینشهو وه‌زیری‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌سیوپیا رایگه‌یاندبوو، ته‌نیا 35 هه‌زار كه‌س له‌و 500 هه‌زار ئه‌سیپوییه‌ی‌ به‌شێوه‌ی‌ نایاسایی‌ له‌ سعودیه‌ نیشته‌جێن، گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان. 
له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی‌ مۆڵه‌ته‌ دیاریكراوه‌كه‌، ژماره‌ی‌ ئه‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ی‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سعودیه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ شێشبینییه‌كانه‌وه‌، رووی‌ له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ كردووه‌. 
به‌ وته‌ی‌ ئه‌و وه‌زیره‌ ئه‌سیوپییه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ یارمه‌تی‌ پێشكه‌ش به‌ نزیكه‌ی‌ 85 هه‌زار كه‌س ده‌كه‌ن تا ڤێزا وه‌ربگرن و له‌ سعودیه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵات، ئه‌ویش له‌ڕێی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ده‌ریایی‌ و ئاسمانی‌ یان له‌ڕێی‌ هێڵه‌كانی‌ شه‌مه‌ندۆفێره‌وه‌ له‌ جیبۆتی‌ و سودان. 
نیگری‌ لینشهو، كرێكاره‌ سه‌رپێچیكه‌ره‌كانی‌ تری‌ هاندابوو، سود له‌و مۆڵه‌ت و لێبوردنه‌ وه‌ربگرن كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و دووباره‌ نابێته‌وه‌. 
نزیكه‌ی‌ 750 هه‌زار ئه‌سیوپی‌ كه‌ له‌به‌ر هه‌ژاریی‌ و نه‌داریی‌ وڵاته‌كه‌یان جێهێشتووه‌، له‌ سعودیه‌ ده‌ژین و بۆ گه‌یشتن به‌و وڵاته‌ش، گه‌شتی‌ پڕ له‌ مه‌ترسیان ئه‌نجامداوه‌. 
زۆربه‌ی‌ ئه‌سیوپییه‌كان له‌ سعودیه‌ له‌و بوارانه‌دا كارده‌كه‌ن كه‌ كرێكانیان كه‌مه‌، وه‌ك كه‌لاته‌ خۆجێییه‌كان و كه‌رتی‌ ته‌لارسازیی. 
پیاوانی‌ ئه‌سیوپیا له‌ سعودیه‌، زیاتر له‌ كه‌رتی‌ ته‌لارسازیدا كارده‌كه‌ن، ژنه‌كانیشیان وه‌ك كاره‌كه‌ر له‌ ماڵاندا كه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ كاتدا رووبه‌ڕووی‌ پێشیڵكاریی‌ ده‌بنه‌وه‌، وه‌ك راپۆرته‌كان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن. 
له‌ ساڵی‌ 2013، ژماره‌یه‌ك ئه‌سیوپی‌ له‌كاتی‌ پێكداهه‌ڵپژاندا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ سعودیه‌ كوژران كه‌ له‌ شوێنێكدا بۆ دیپۆرتكردنه‌وه‌ كۆكرابونه‌وه‌. 
سعودیه‌ له‌م چه‌ند مانگه‌ی‌ دواییدا، هه‌ڵمه‌تێكی‌ له‌ژێر ناوی‌ «نیشتیمانێك به‌بێ‌ مه‌ترسی‌» به‌رپاكرد بۆ یارمه‌تیدانی‌ ئه‌و بیانیانه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نایاسایی‌ هاتوونه‌ته‌ وڵاته‌كه‌ تا كۆتایی‌ به‌ سه‌رپێچكردنیان بهێنن و سعودیه‌ جێبهێڵن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ هیچ سزایه‌ك ببنه‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP