ئەمساڵ ژماره‌ی‌ حاجیان گه‌یشته‌ 2 ملیۆن و 350 هه‌زار كه‌س
قه‌ته‌ری‌ و ئێرانییه‌كانیش به‌شدارییان كرد ئەمساڵ ژماره‌ی‌ حاجیان گه‌یشته‌ 2 ملیۆن و 350 هه‌زار كه‌س ‌ 8/9/2017
كوردستانی‌ نوێ‌- ره‌وته‌كان
ژماره‌ی‌ حاجیان له‌ وه‌رزی‌ حه‌جی‌ ئه‌مساڵ گه‌یشته‌ 2 ملیۆن و 350 هه‌زار كه‌س كه‌ ملیۆنێك و  750 هه‌زار كه‌سییان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سعودییه‌وه‌ بۆ به‌جێگه‌یاندنی‌ فه‌ریزه‌ی‌ حه‌ج روویان له‌و وڵاته‌ كردبوو، له‌گه‌ڵ خراپی‌ په‌یوه‌ندی‌ و ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كانی‌ نێوان ریاز له‌گه‌ڵ ده‌وحه‌ و تاران، له‌مساڵدا حاجیانی‌ قه‌ته‌ر و ئێران به‌شدارییان له‌و رێوڕه‌سمه‌ ئاینییه‌دا كرد. 
به‌هۆی‌ دروستبوونی‌ ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی‌ قه‌ته‌ر كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ وه‌ك رووداوێكی‌ دیار باڵی‌ به‌سه‌ر دۆخی‌ سیاسی‌ ناوچه‌كه‌دا كێشاوه‌، قه‌ته‌رییه‌كان به‌شدارییان له‌ رێوڕه‌سمی‌ وه‌رزی‌ ئه‌مساڵی‌ حه‌جدا كرد، ئێرانییه‌كانیش هه‌رچه‌نده‌ له‌ وه‌رزی‌ رابردوودا به‌شدارییان نه‌كرد، له‌مساڵدا فه‌ریزه‌ی‌ حه‌جیان له‌ وڵاتی‌ سعودیه‌ به‌ئه‌نجام گه‌یاند. 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ حاجیان و عه‌مره‌كه‌ران له‌مساڵدا به‌راورد به‌ ساڵی‌ رابردوو به‌ رێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو رووی‌ له‌ زیادبوون كردووه‌، سعودیه‌ هیواخوازه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ 2030 له‌ ساڵێكدا پێشوازی‌ له‌ 6 ملیۆن حاجی‌ و 30 ملیۆن عه‌مره‌كه‌ر بكات، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و پلانه‌ چاكسازییه‌دایه‌ كه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ ساڵی‌ 2016دا له‌گه‌ڵ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت، رایگه‌یاندبوو. 

په‌ره‌پێدانی‌ گه‌شتوگه‌زاریی‌ ئاینی‌ 
له‌ مانگی‌ نیسانی‌ 2016، محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ ئێستای‌ سعودیه‌، پلانێكی‌ چاكسازیی‌ به‌ ناونیشانی‌ «دیدی‌ سعودیه‌ بۆ ئاسۆی‌ 2030»راگه‌یاند و پلانه‌كه‌ش په‌ره‌پێدانی‌ گه‌شتوگوزاری‌ ئاینی‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ ساڵانه‌ چه‌ندان ملیار دۆلار داهاتی‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ هه‌یه‌. 
له‌ وه‌رزی‌ حه‌جی‌ 2017، دروشمی‌ «سعودیه‌ پێشوازی‌ له‌ جیهان ده‌كات» به‌ چه‌ندان زمان به‌رزكرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش خواستی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌خاته‌ڕوو بۆ په‌ره‌پێدانی‌ خێرای‌ ئه‌و گه‌شتوگوزاره‌. 
ژماره‌ی‌ حاجیان له‌مساڵدا گه‌یشته‌ 2 ملیۆن و 350 هه‌زار حاجی‌ كه‌ ملیۆنێك و 750 هه‌زار كه‌سیان  هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ 168 جیاجیابوون و له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌وه‌ بۆ به‌جێگه‌یاندنی‌ فه‌ریزه‌ی‌ حه‌ج روویان له‌و وڵاته‌ كردبوو. 
ماهیر جه‌مال سه‌رۆكی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ و پیشه‌سازی‌ له‌ شاری‌ مه‌ككه‌ ده‌ڵێت،» هیواخوازین له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ 2030، پێشوازی‌ له‌ شه‌ش ملیۆن حاجی‌ و 30 ملیۆن عه‌مه‌ره‌كه‌ر بكه‌ین». 
ریاز له‌گه‌ڵ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ 2014 كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین هه‌نلرده‌كه‌ری‌ نه‌وتی‌ خاو له‌ جیهاندا داده‌نرێت، پێویستییه‌كی‌ زۆری‌ به‌ گه‌شتوگوزاریی‌ ئاینی‌ هه‌یه‌. 
له‌ ده‌وروبه‌ری‌ مزگه‌وتی‌ «حه‌رام» له‌ مه‌ككه‌، چه‌ندان سه‌نته‌ری‌ بازرگانی‌ قه‌ره‌باڵغ هه‌ن و ته‌نیا له‌كاتی‌ نوبێژه‌كاندا بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م داده‌خرێن و هه‌موو ماركه‌ جیهانییه‌كانیان تێیاندا ده‌ستده‌كه‌وێت. 
ته‌نانه‌ت له‌ كێوی‌ عه‌ره‌فه‌ش كه‌ حاجیان تێدا یه‌كێك له‌ روكنه‌ كرنگه‌كانی‌ حه‌جكردن ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌ بازرگانی‌ و به‌ تایبه‌ت فرۆشتنی‌ مافور ئه‌نجام ده‌درێت. حاجیان له‌ماوه‌ی‌ مانه‌وه‌یان له‌ سعودیه‌، چه‌ندان هه‌زار دۆلار بۆ نیشته‌جێبوون و خواردن و كڕینی‌ دیاریی‌ خه‌رج ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ وێڕای‌ خه‌رجییه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ئاسمانی‌.
به‌ وته‌ی‌، ماهر جه‌مال سه‌رۆكی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ شاری‌ مه‌ككه‌، «خه‌رجی‌ حاجیان (له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌) له‌مساڵدا گه‌یشتووه‌ته‌ 20 بۆ 26 ملیار ریاڵی‌ سعودی‌ (5.33 بۆ 6.67 ملیار دۆلار)».   
خواستی‌ سعودیه‌ بۆ پێشوازی‌ له‌ ژماره‌یه‌كی‌ زیاتری‌ حاجیان بۆ «ئاسۆی‌ 2030» له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م ده‌ ساڵه‌دان چه‌ندان كاریی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌خۆگرتووه‌ كه‌ تائێستاش به‌رده‌وامن و ئاماده‌كردنی‌ چه‌ندان ئامێری‌ به‌رزكه‌ره‌وه‌ش له‌ چوارده‌وری‌ مزگه‌وتی‌ حه‌رامیش هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌. 


فراوانكردنی‌ مزگه‌وته‌كان 
له‌و كارانه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێكردن، فراوانكردنی‌ هه‌ردوو مزگه‌وتی‌ حه‌رام له‌ مه‌ككه‌ی‌ پیرۆز و مزگه‌وتی‌ پێغه‌مبه‌ره‌ له‌ شاری‌ مه‌دینه‌. 
بۆ ئاسانكاریی‌ له‌پێناو ته‌وافی‌ حاجیان له‌ كه‌عبه‌، دوو نهۆمی‌ به‌رانبه‌ر به‌ یه‌ك دروستكراون كه‌ به‌ پلیكانه‌یه‌كی‌ جوڵاو به‌ خواره‌وه‌ گرێدراون و تێیاندا حاجیان له‌و رێڕه‌وانه‌دا ته‌واف ده‌كه‌ن كه‌ به‌ ئامێری‌ ساردكه‌ره‌وه‌ ته‌یاركراون. 
شانشینی‌ سعودیه‌ له‌ ساڵی‌ 2010دا هێڵێكی‌ شه‌مه‌دۆفێری‌ كرده‌وه‌ كه‌ گرنگترین رێڕه‌سمه‌كانی‌ حه‌ج به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێت و له‌ ساڵی‌ 2013شدا ژماره‌ی‌ حاجیانی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌ رێژه‌ی‌ 20% به‌هۆی‌ كارره‌كانی‌ فراوانكردنه‌وه‌ كه‌مكرده‌وه‌. پشكی‌ ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ش بۆ هه‌ر وڵاتێكی‌ مسوڵمان بۆ حاجیاییه‌كانیان 10%ی‌ دانیشتوانه‌كه‌یان بوو.
ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سعودیه‌ رایانگه‌یاند، له‌مساڵدا ملیۆنێك و 750 هه‌زار حاجی‌ له‌ وڵاته‌ جیاجیاكانی‌ جیهانه‌وه‌ روویان له‌ سعودیه‌ كردووه‌ كه‌ ئێرانی‌ و قه‌ته‌رییه‌كانیشیان تێدابوو، زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و حاجیانه‌ش له‌رێگه‌ی‌ گواساتنه‌وه‌ی‌ ئاسمانییه‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ سعودیه‌.  
ته‌نگژه‌ سیاسیه‌كان نه‌بوونه‌ رێگر 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردووه‌وه‌، سعودیه‌ له‌گه‌ڵ ئیمارات و به‌حره‌ین و میسر په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانیان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر پچڕاند و ده‌وحه‌یان به‌ كۆمه‌ككردنی‌ تیرۆر تۆمه‌تبار كرد و ئابڵوقه‌یه‌كی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌یان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی‌ قه‌ته‌ردا سه‌پاند، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێگه‌ به‌ قه‌ته‌رییه‌كان درا له‌ وه‌ری‌ ئه‌مساڵدا رێوڕه‌سمی‌ به‌جێگه‌یاندنی‌ فه‌ریزه‌ی‌ حه‌ج له‌ وڵاتی‌ سعودیه‌ ئه‌نجام بده‌ن. 
به‌هۆی‌ ته‌نگژه‌ دیپلۆماسییه‌كان و له‌ پاش دوو مانگ له‌ داخستنی‌، نزیكه‌ی‌ 400 قه‌ته‌ری‌ له‌رێگه‌ی‌ مه‌رزی‌ سه‌لوای‌ وشكانییه‌وه‌ كه‌ ریاز ته‌نیا به‌ڕووی‌ حاجیاندا كردییه‌وه‌، چونه‌ نێو خاكی‌ سعودیه‌وه‌.   
دوای‌ شكستهێنانی‌ وتوێژه‌كان له‌باره‌ی‌ رێوشوێنه‌كانی‌ سه‌لامه‌تی‌ كه‌ بونه‌ مایه‌ی‌ به‌شدارینه‌كردنی‌  ئێرانییه‌كان له‌ وه‌رزی‌ ساڵی‌ رابردووی‌ حه‌ج، له‌مساڵدا له‌ڕێی‌ رێكه‌وتنێكه‌وه‌ كه‌ له‌ مانگی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوودا له‌نێوان ریاز و تاراندا به‌ئه‌نجام گه‌یشت، ئێرانییه‌كان به‌شدارییان له‌ به‌جێگه‌یاندنی‌ وه‌رزی‌ ئه‌مساڵی‌ حه‌جدا كرد.  
په‌یوه‌ندی‌ دیپلۆماسی‌ نێوان ئێران و سعودیه‌ له‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2016 دا پچڕا، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێرانییه‌كان له‌به‌رانبه‌ر له‌سێداره‌دانی‌ نمر ئه‌لنمر پیاوی‌ ئاینی‌ شیعه‌مه‌زهه‌ب له‌ سعودیه‌، هێرشیان كرده‌ سه‌ر باڵێوزخانه‌ی‌ سعودیه‌ له‌ تاران.  

وه‌فدێكی‌ سعودی‌ 
سه‌ردانی‌ ئێران ده‌كات 
ئاژنسی‌ ده‌نگوباسی‌ ئێرانی‌ «ئێرنا»، له‌ زاری‌ به‌هرام قاسمی‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ئێران ڤێزای‌ چوونه‌ژووره‌وه‌ ده‌دات به‌ وه‌فدێكی‌ یپلۆماسی‌ سعودیه‌ كه‌ دوای‌ ته‌وابوونی‌ رێوڕه‌سمی‌ حه‌جه‌وه‌ سه‌ردانی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات.
وه‌ك قاسمی‌ ئاماژه‌ی‌ پێكردووه‌، وه‌فده‌كه‌ی‌ سعودیه‌ دێته‌ تاران و باره‌گا دیپلۆماسییه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌ و هه‌ردوو وڵاتیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكه‌وتوون وه‌فدێكی‌ ئێرانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ سه‌ردانی‌ ریاز بكات و باره‌گا دیپلۆماسییه‌كانی‌ ئێران له‌ سعودیه‌ به‌سه‌ر بكاته‌وه‌.
قاسمی‌ ده‌ڵێت، «ماوه‌یه‌كه‌ ڤێزای‌ چونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ وه‌فده‌كه‌ی‌ سعودیه‌ ده‌ركراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكار سه‌ردانه‌كه‌ به‌ئه‌نجام نه‌گه‌یتشووه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌پاش ته‌وابوونی‌ وه‌رزی‌ حه‌ج، وه‌فده‌كه‌ بگاته‌ تاران». 
ئێران و سعودیه‌ یه‌كتری‌ به‌ زیانگه‌یاندن به‌ ئاسایشی‌ ئیقلیمی‌ و پشتیوانی‌ له‌ لایه‌نه‌ به‌شه‌ڕه‌هاتووه‌كانی‌ سوریا و یه‌مه‌ن و عیراق، تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
ریاز په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ تاران له‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2016 پچڕاند، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ باڵێوزخانه‌كه‌ی‌ له‌ تاران رووبه‌ڕووی‌ هێرش و په‌لامار بۆوه‌ له‌لایه‌ن ئێرانییه‌كانه‌وه‌.
هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر باڵێوزخانه‌ی‌ سعودیه‌ له‌ تاران، له‌ میانی‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ ناڕه‌زاییه‌ بوو به‌رانبه‌ر به‌ سعودیه‌ كه‌ شێخ نمر ئه‌لنمری‌ پیاوی‌ ئاینی‌ شیعه‌مه‌زهه‌بی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌ تۆمه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوان له‌ دژی‌ سعودیه‌، له‌سێداره‌دابوو.  
قاسم ئه‌عره‌جی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ عیراق له‌ مانگی‌ ئابی‌ رابردوو رایگه‌یاندبوو كه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ سعودیه‌ به‌ «داواكارییه‌كی‌ فه‌رمی‌» رایسپاردووه‌ نێوه‌ندگیری‌ له‌گه‌ڵ ئێران بكات بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ ته‌نگژه‌كانی‌ نێوان ریاز و تاران.
به‌ڵام هه‌ر له‌هه‌مان ماوه‌دا، ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ سعودیه‌ (واس) له‌ زاری‌ به‌رپرسێكی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ پابه‌نده‌ به‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ و ره‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌ تاران نزیكببێته‌وه‌، ئه‌و راپۆرتانه‌شی‌ ره‌تكردبۆوه‌ كه‌ باسیان له‌وه‌كردبوو سعودیه‌ داوای‌ نێوه‌نگیری‌ كردووه‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران.  
حاجیانی‌ ئێران كه‌ له‌ ساڵی‌ رابردوو بایكۆتی‌ حه‌جیان كرد له‌سه‌ر داوای‌ حكومه‌تی‌ وڵاته‌كه‌یان به‌هۆی‌ ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ سعودیه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ی‌ وه‌رزی‌ حه‌جی‌ ساڵی‌ 2015 كه‌ تێیدا 2300 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا، له‌مساڵدا به‌شدارییان له‌ به‌جێگه‌یاندنی‌ فه‌ریزه‌ی‌ حه‌جدا كرد. 

گه‌مارۆدانی‌ قه‌ته‌ر 
په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان سعودیه‌ و ئێران به‌رده‌وام ته‌نگژه‌ و ئاڵۆزی‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌، به‌ڵام ئه‌و ته‌نگژانه‌ هێنده‌ی‌ تر روویان له‌ زیادبوون كرد له‌پاش سه‌ردانه‌كه‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا بۆ سعودیه‌ كه‌ تێیدا ئێرانی‌ به‌ كۆمه‌ككردنی‌ تیرۆر تۆمه‌تبار كرد.   
«بی‌ بی‌ سی‌» ده‌ڵێت، به‌و هۆیه‌ی‌ قه‌ته‌ر له‌نێوان وڵاتانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ هاریكاریی‌ كه‌نداو هاوپه‌یمانی‌ گرنگی‌ ئێرانه‌، سعودیه‌ و ئیمارات و به‌حره‌ین و میسر له‌ 5ی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو،  گه‌مارۆیان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی‌ قه‌ته‌ردا سه‌پاندووه‌. 
له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و گه‌مارۆیه‌دا، تاران چه‌ندان جار له‌ڕێی‌ لێدوانی‌ به‌رپرسانی‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌، پشتیوانی‌ خۆی‌ بۆ قه‌ته‌ر ده‌ربڕیوه‌. 
له‌پاش سه‌پاندنی‌ گه‌مارۆكان به‌سه‌ر قه‌ته‌ر كه‌ داخستنی‌ رێڕه‌وه‌ وشكانی‌ و ئاسمانی‌ و ده‌ریاییه‌كانی‌ به‌ڕووی‌ ده‌وحه‌دا له‌خۆگرت، تاران پێنج فڕۆكه‌ی‌ بارهه‌ڵگری‌ پڕ له‌ مه‌دوادی‌ خراكی‌ بۆ ده‌وحه‌ ره‌وانه‌كرد. 
شاروخ نۆشابادی‌ وته‌بێژی‌ هێڵی‌ ئاسمانی‌ ئێرانی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ «فرانس پرێس»ی‌ راگه‌یاندبوو «پێنج فڕۆكه‌ كه‌ مه‌وادی‌ خۆراكی‌ وه‌ك میوه‌ و سه‌وزه‌یان هه‌ڵگرتبوو، گه‌یشتنه‌ قه‌ته‌ر و باریی‌ هه‌ر یه‌كێك له‌و فڕۆكانه‌ش 90 تۆن بووه‌».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP