دوا هه‌وڵی ناوبژیوانی یه‌كێتی به‌ كوێ ده‌گات؟
دوا هه‌وڵی ناوبژیوانی یه‌كێتی به‌ كوێ ده‌گات؟ ‌ 10/9/2017
کۆبوونەوەی سه‌ركردایه‌تی: په‌رله‌مان له‌سه‌ر هه‌ندێك بنچینه‌ كارا بكرێته‌وه‌
كۆسره‌ت ره‌سوڵ: په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه‌ و پرسه‌  گرنگه‌كان له‌وێ‌ بڕیار‌و یاسای‌ بۆ ده‌ربكرێ‌
دوا كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئاسایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ ی.ن.ك بڕیاریدا «په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌سه‌ر هه‌ندێك بنچینه‌ی‌ یاسایی‌ ‌و ئابووری‌ ‌و سیاسی‌ پێویست به‌زووترین كات كارا بكرێته‌وه‌»، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ دوو رۆژی رابردوودا 8/9 و 9/9، وه‌فدی یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان به‌ كارنامه‌یه‌كی حه‌وت خاڵییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامیدا كۆبۆوه‌و به‌پێی زانیارییه‌كانیش بڕیاره‌ ئەمڕۆ وه‌فدی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كۆببێته‌وه‌.
بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی‌
ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی
رۆژی‌ 7/9/2017، به‌سه‌رپه‌رشتی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌، كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئاسایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، له‌ باره‌گای‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ کرا. 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌گیانێكی‌ پڕ له‌ هه‌ستی‌ به‌رپرسیارێتی‌، گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كانی‌: ریفراندۆم، چۆنیه‌تی‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، گرفته‌كانی‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، ئاماژه‌ پۆزه‌تیڤ ‌و نه‌گه‌تیڤه‌كانی‌ جیهان، ناوچه‌كه‌، ناو عیراق ‌و كوردستان له‌مه‌ڕ ریفراندۆم، درێژه‌پێدانی‌ دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عیراق ‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، گفتوگۆی‌ تێرو ته‌سه‌لیان له‌باره‌وه‌كرا. سه‌ره‌نجام، بڕیاردرا:
یه‌كه‌م/ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌سه‌ر هه‌ندێك بنچینه‌ی‌ یاسایی‌ ‌و ئابووری‌ ‌و سیاسی‌ پێویست به‌زووترین كات كارا بكرێته‌وه‌.
دووه‌م/ وه‌فدێكی‌ یه‌كێتی‌، په‌یامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌، بۆ چۆنیه‌تی‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، له‌م دوو ڕۆژه‌دا ده‌گه‌یه‌نێته‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌. وه‌فدی‌ یه‌كێتی-ش بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگای‌ یه‌كێتی‌ ‌و ریفراندۆم، هه‌مان بنچینه‌، بۆ پارتی‌ ‌و لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌، رون ده‌كه‌نه‌وه‌.
كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی‌ سه‌وز
هه‌روه‌ها كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنی‌ سه‌وز له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، جه‌ختیكرده‌وه‌ «په‌رله‌مان وه‌ك ده‌زگایه‌كی‌ نیشتمانیی‌ گرنگ، كه‌ به‌ ده‌نگی‌ گه‌لی‌ كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، پێویسته‌ كارابكرێته‌وه‌و پرسه‌  نه‌ته‌وه‌یی‌ ‌و نیشتمانی‌ ‌و یاساییه‌ گرنگه‌كان له‌وێ‌ بڕیار‌و یاسای‌ بۆ ده‌ربكرێ‌». 
كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان 
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، عومه‌ر فه‌تاح كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ رایگه‌یاند:  پێویسته‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان پێش ئه‌ركه‌كانی‌ تر بخرێ‌.
حاكم قادر حه‌مه‌جان كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیش ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا «له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین په‌رله‌مان بۆ یه‌ك دانیشتن كارابكرێته‌وه‌».
كاراكردنه‌وه‌ی ده‌زگا شه‌رعییه‌كان
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌میانی پێشوازییكردن له‌ دۆمینیك ماس كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان رونكرده‌وه‌و جه‌ختیشی له‌وه‌كرده‌وه‌ «مافی چاره‌ی خۆنووسین، مافێكی ره‌وا و دیموكراتییانه‌ی گه‌لی كوردستانه‌و له‌وپێناوه‌شدا یه‌كێتی له‌ خه‌باتی سیاسی و دیموكراسی و ئاشتییانه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت».
شۆڕش ئیسماعیل: كۆبوونه‌وه‌كان هیوایه‌كی زۆری پێوه‌ دیاربوو
له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی دوو رۆژی رابردووی وه‌فدی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ گۆڕان و كۆمه‌ڵ،  شۆڕش ئیسماعیل ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رۆكی وه‌فدی یه‌كێتی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاندووه‌ «له‌ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ گۆڕان و كۆمه‌ڵ په‌رۆشییه‌كی زۆر هه‌بوو بۆ كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و كۆبوونه‌وه‌كان هیوایه‌كی زۆری پێوه‌ دیاربوو».
له‌تیف شێخ عومه‌ر: له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا بۆچوونی هاوبه‌شمان هه‌بووه‌
له‌تیف شێخ عومه‌ر ئه‌ندامی وه‌فدی یه‌كێتیش ده‌ڵێت: له‌ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ براده‌رانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، په‌یامێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانمان پێبووه‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ چوارچێوه‌ی بۆچوونێكی تایبه‌تدا كه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان و كۆمه‌ڵ به‌وردی باسمان كردووه‌، « له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیشماندا بۆچوونی هاوبه‌شمان هه‌بووه‌ كه‌ پێویستی به‌قسه‌و گفتوگۆی زیاتره‌».
گۆڕان: پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی خاڵی هاوبه‌شی زۆری تێدایه‌
گوڵستان سه‌عید ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی و ئه‌ندامی وه‌فدی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش رایگه‌یاندووه‌: له‌ پڕۆژه‌كه‌دا خاڵی هاوبه‌شمان زۆره‌، «ئێمه‌ بۆ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ جڤاتی نیشتمانی و له‌وێ بڕیار ده‌درێت كه‌ چ میكانیزمێك بگرینه‌به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی ناو پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی له‌ باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی بژێوی خه‌ڵك و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و سندوقی داهاته‌ نه‌وتییه‌كان و دروستكردنی ئه‌نجومه‌نێك بۆی».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP