دوو سێقۆڵی له‌گه‌ڵ گۆڕان و كۆمه‌ڵ ده‌كرێت
یه‌كێتی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو؛ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان-ی تاوتوێكرد كۆمه‌ڵ: هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی به‌رز ده‌نرخێنین دوو سێقۆڵی له‌گه‌ڵ گۆڕان و كۆمه‌ڵ ده‌كرێت ‌ 12/9/2017
كۆسره‌ت ره‌سوڵ: كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان پێویسته‌
هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د؛ ره‌وایی مافی چاره‌ی خۆنووسینی دووپاتكرده‌وه‌
گۆڕان: ئه‌مڕۆ وه‌فدێكی‌ باڵا بۆ گفتوگۆكردن ده‌نێرینه‌ هه‌ولێر

هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌رده‌وامه‌و لایه‌نه‌كانیش پێشوازیی له‌ دوا هه‌وڵی یه‌كێتی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دوێنێ له‌ هه‌ولێر وه‌فدی باڵای یه‌كێتی له‌گه‌ڵ وه‌فدی باڵای كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی كۆبۆوه‌، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆش دوو كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی (یه‌كێتی، پارتی، گۆڕان)، (یه‌كێتی، پارتی، كۆمه‌ڵ) به‌ڕێوه‌بچێت.

باڵیۆزو كونسوڵی ئه‌مریكا سه‌ردانی سلێمانی-یان كرد
په‌یوه‌ست به‌ دۆخی ناوخۆی هه‌رێم، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی ی.ن.ك، پێشوازییكرد له‌ دۆگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق ‌و كین گرۆس كونسوڵی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان. له‌ دیدارێكدا وه‌فدی یه‌كێتی ‌و باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا، قسه‌یان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی كرد بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ‌و جه‌ختیشیان له‌ گرنگیی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان كرده‌وه‌و رایانگه‌یاند: پێویسته‌ په‌رله‌مانی كوردستان كارابكرێته‌وه‌و كاره‌ یاساییه‌كانی خۆی ئه‌نجام بدات.
هه‌روه‌ها هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك، له‌میانی پێشوازییكردن له‌ باڵیۆزو كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا، دووپاتیكرده‌وه‌ «مافی چاره‌ی خۆنووسین، مافێكی‌ ره‌واو دیموكراتییانه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردستانه‌‌و له‌وپێناوه‌شدا یه‌كێتی‌ له‌ خه‌باتی‌ سیاسی ‌‌و دیموكراسی‌ ‌و ئاشتییانه‌ی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت».

كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ
دوێنێش دوای كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی باڵای یه‌كێتی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی و مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆی باش كرا، كۆبوونه‌وه‌ی ترمان ده‌بێت و له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كۆده‌بینه‌وه‌و «هیوادارین بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی سه‌ركه‌وتوو»، وتیشی: كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌پێویست ده‌زانین و له‌ هه‌وڵه‌كانیشمان به‌رده‌وامین و ئێستا له‌ قۆناغی كۆتایی سه‌رخستنی هه‌وڵه‌كانمانداین.
عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش رایگه‌یاند: هه‌وڵه‌كانی ئەم دواییەی یه‌كێتی به‌رز ده‌نرخێنین و ئه‌و خاڵانه‌ی یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان دایناون، هه‌مووی خاڵی باشن.

كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و یه‌كگرتوو
هه‌ر دوێنێ وه‌فدی باڵای یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ وه‌فدی باڵای یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی هادی عه‌لی یاریده‌ده‌ری ئه‌مینداری گشتیی ئه‌و حزبه‌، كۆبۆوه‌.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش خه‌لیل ئیبراهیم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوو له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند: هیوادارین له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆدا گۆڕان و كۆمه‌ڵیش بگه‌نه‌ رێكه‌وتن بۆ به‌شداریكردن له‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا،  به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتوو كۆده‌بینه‌وه‌و هه‌ڵوێستی خۆمان راده‌گه‌یه‌نین. وتیشی: له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان لەسەر زۆربەی خاڵەکان هاوڕاین. 

هه‌ڵوێستی گۆڕان
هه‌ردوێنێ میدیای ره‌سمیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ هه‌واڵێكدا بڵاویكرده‌وه‌ «بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ وه‌فدێكی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سه‌ردانی‌ هه‌ولێر بكات بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان». 
به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌ «دوێنێ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌  گۆڕان به‌سه‌رپه‌رشتی‌ عومه‌ر‌ سه‌ید عه‌لی‌ رێكخه‌ری‌ گشتی،‌ كۆبۆوه‌و له‌به‌ر رۆشنایی‌ بڕیاری‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، وه‌فدێكی‌ باڵا بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان پێكهێنرا».

له‌ كه‌ركوك لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كۆبوونه‌وه‌
په‌یوه‌ست به‌ دۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانیش، دوێنێ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی كه‌ركوك كۆبوونه‌وه‌و پشتیوانیی خۆیان بۆ بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك دووپاتكرده‌وه‌. هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر پارێزگاكه‌و ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی حه‌ویجه‌و پرسی ریفراندۆم-یان تاوتوێكرد.
لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی

سنووری دیاله‌ كۆبوونه‌وه‌
هه‌ردوێنێ له‌به‌رامبه‌ر رووداوه‌كانی دوو رۆژی رابردووی ناحیه‌ی مه‌نده‌لی، لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی سنووری پارێزگای دیاله‌ كۆبوونه‌وه‌و بڕیاریاندا «سكاڵای یاسایی دژی ئه‌و لایه‌نانه‌ تۆمار بكه‌ن كه‌ به‌شداربوون له‌ دروستكردنی ئاڵۆزییه‌كانی مه‌نده‌لی-دا»

ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ریفراندۆم له‌ خورماتوو 
هه‌مان رۆژ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم  پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌فدێكی حكومی و حزبیی قه‌زای خورماتوودا، ئاماده‌كارییه‌كانی پرسی به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم له‌ خورماتوو تاوتوێكرا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7373
26/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌وروپا جامی لیڤه‌ری برده‌وه‌ 26/9/2017
‌ پێگه‌ی‌ فوتباڵ لیكس ورده‌كاری بۆندی نێیمار بڵاوده‌كاته‌وه‌ 26/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP