پرسەنامە و ماتەمینی بۆ كۆچی دوايى سەرۆك مام جەلال
پرسەنامە و ماتەمینی بۆ كۆچی دوايى سەرۆك مام جەلال ‌ 8/10/2017
پرسەنامەی دەستەی جێبەجێكاری فیدراڵی لە باكووری سوریا
بۆ كۆچی دوایی سەرۆك‌و تێكۆشەر جەلال تاڵەبانی، سەرەخۆشی لەبنەماڵەو هەموو ئەندامانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و گەلی كورد دەكەین، جەختیش دەكەینەوە كە ئەو هەواڵە بۆ ئێمە‌و بۆ گەلی كورد لە هەموو جێیەك زۆر خەمناكە، ئێمە دڵنیاین كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تواناو هێزیدایە لەسەر رێبازی تێكۆشانی نیشتمانیی بەردەوام بێت، كە سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی سەرقافڵەی بوو.
جارێكی دیكە سەرەخۆشی لە هەموو خوشكان‌و برایان دەكەین لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و هەموو گەلی كورد.

فەوزيە یوسف
هاوسەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری فیدراڵی لە باكووری سوریا

******

پرسەنامەی سەركردایەتیی گشتی یەپەگە
بە داخ‌و پەژارەی زۆرەوە هەواڵی مام جەلال تاڵەبانی كەسایەتی‌و سەركردەی كوردمان بیست، ئەو سەركردەیە مێژوویەكی نیشتمانی‌و پرشنگداری لە خزمەتی گەلی كورد‌و دۆزە رەواكەیدا هەیە، تا دوا رۆژی ژیانی نموونەی تێكۆشان‌و فیداكاریی بوو، مێژووی تێكۆشانەكەی ئەزموونێكە بۆ ئایندەی سیاسەتمەدارانی كورد‌و لەسەر سیاسەتمەرانی كوردیش پێویستە مام جەلال بكەنە نموونەی خۆیان‌و لەسەر هەنگاوەكانی بڕۆن، چونكە ئەزموون‌و تێكۆشانەكەی وەك ئەكادیمیایەك وایە.
ئێمە وەكو یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)‌و سەركردایەتیی گشتی ئەو یەكینانە، زۆر بەڕاشكاوی دەیڵێن كە ئێمە لە تێكۆشانماندا‌و لەو سەركەوتنانەی لە رۆژئاڤا بەدەستمان هێناون، سوودمان لە ئەزموون‌و  تێكۆشانی مام جەلال وەرگرتووە.
هەروەها دەمانەوێت ئەوە وەبیربهێنینەوە كە لە یەكەم كۆنفرانسی یەپەگەدا، هیوای چاگكبوونەوەمان بۆ مام جەلال خواست، تەنانەت لەو كاتەدا لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ كوردستان، ئێمە زۆر دڵخۆش بووین.
جارێكی دیكە سەرەخۆشی لە خۆمان‌و خانەوادەی مام جەلال‌و هەموو گەای كوردستان دەكەین، لە راستیدا كۆچی دوایی ئەو سەركردەیە زیانێكی گەورەیە‌و بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەی گەلی كوردی پێدا تێپەڕ دەبێت.
لە كۆتاییدا ئێمە شەڕڤانی رێی ئازادیین لە رۆژئاڤا‌و كار لەسەر درێژەدان بە رێبازەكەی مام جەلال دەكەین‌و لە پێناوی بەزیندوو هێشتنەوەی تێكۆشانی، لە رۆژئاڤا‌و هەموو كوردستاندا لەسەر رێبازی تێكۆشانمان بەردەوام دەبین.

سەركردایەتیی گشتی یەپەگە


******

پرسەنامەی عەلی حەیدر وەزیر ئۆغلو
لە پێناوی بە دەستهێنانی مافی كوردان و خەباتكردن لەگەڵ پێشەوای كورد بەڕێز جەلال تاڵەبانی كە لە ریزی پێشەوەی خەبات كردندا بوون، غەم و پەژارەی خۆمتان لە ناخەوە لەگەڵ دابەش دەكەم.
لەگەڵ ڕێزدا
عەلی حەیدر وەزیر ئۆغلو
ئەندامی پەرلەمانی پێشووی توركیا- تونجەلی
سەرۆكی گشتی پارتی ئاشتی داخراو

*****

پرسەنامەی پارتی یەكێتیی سوسیالیستی هێزە میللیەكانی مەغریب
بەناوی خۆم‌و هەموو ئەندامانمان لە پارتی یەكێتیی سوسیالیستی هێزە میللیەكانی مەغریب.
پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی بەڕێزتان‌و سەرجەم ئەندامانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان‌و گەلی كورد ئەكەم‌و هەروەها لەڕێگەی بەڕێزتانەوە پرسە نامەی خۆم ئاراستەی رۆڵەكانی گەلی عیراق ئەكەم بە بۆنەی كۆچی دوایی سەركردەی نەمرتان سەرۆك جەلال تاڵەبانی.
داواكارین لەخوای گەورە كە سەبرو ئارامی بە ئێوەی بەرێز‌و گەلەكەتان‌و خانەوادەی سەركردەی مەزن ببەخشێت‌و خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات.
انا للە و ان الیە راجعون 
ئیدریس لەشكر 
سكرتێری گشتی پارتی یەكێتیی سوسیالیستی هێزە میللیەكانی مەغریب

******

پرسەنامەی هاوپەیمانێتی پێشكەوتنخواز
بە خەمێكی قوڵەوە كۆچی دوایی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی ی.ن.ك و سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق رادەگەیەنین.
جەلال تاڵەبانی، وەك دامەزرێنەری ی.ن.ك لەگەڵ هەڤاڵەكانیدا پارێزەری بەها هاوبەشەكەنمان بوون و خەباتیانكردوە بۆ ئینتەرناسیۆنالیستی. وەك سەرۆك كۆماری عیراقیش خزمەتێكی زۆری بە گەلانی عیراق گەیاند و هەمیشە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بە پرشنگداری دەمێنێتەوە.
سەرۆك تاڵەبانی لە جیهاندا هەرگیز لەبیر ناكرێت، هەمیشە پارێزەری بەرەو پێشچوونی وڵاتەكەی بووە.
پرسەی خۆمان بۆ هەڤاڵانمان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دۆستان و هاوڕێیانی سەرۆك تاڵەبانی لە جیهان.
بۆ هەمیشە سەركردەی مەزنمان لە ناوماندا دەمێنێتەوە.
هاوپەیمانی پێشكەوتنخواز
بەرلین

******

پرسەنامەی كونسوڵی گشتی كۆماری چین لە هەولێر
بە داخ و پەژارەوە هەواڵی كۆچی دوای سەرۆك تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق و سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانمان پێگەیشت.
بە ناوی خۆم كونسوڵگەریی گشتی كۆماری چین و ستافی كاركردنەوە پەژارە و خەمناكی خۆمان دەردەبڕین و پرسە و سەرەخۆشیتان ئاراستە دەكەین.

تان بانغلین
كونسوڵگەری گشتی كۆماری چینی میللی لە هەولێر

******

پرسەنامەی هەماهەنگكاریی گشتیی خۆبەڕێوەبەری دیموكراسی
بەداخ‌و پەژارەی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی بەڕێز جەلال تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی عیراق‌و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانم پێگەیشت، لە تەمەنی 84 ساڵیدا كە پڕ بوو لە كۆشش‌و تێكۆشان لە پێناوی ئازادی‌و دیموكراسی بۆ گەلی كوردستان بەتایبەتی‌و عیراق بەگشتی، ئێمە لە هەماهەنگكاریی گشتیی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراسی بۆ كانتۆنەكانی رۆژئاڤای كوردستان، لەكاتێكدا سەرەخۆشی لە خاتوو هێرۆی هاوسەری‌و قوباد تاڵەبانی كوڕی‌و هەموو خانەوادەی مام جەلال‌و هاوڕێیانی رێبازەكەی دەكەین لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و هەموو گەلی كوردستان‌و عیراق‌و هەروەها سەرەخۆشی لە خۆمان‌و سەرجەم گەلانی رۆژئاڤا دەكەین بۆ لەدەستدانی ئەو كەسایەتییە هەڵگری خەسەڵەتی حیكمەت‌و هاوسەنگی بوو ‌و كە لە سایەی ئەو دژایەتی‌و ململانێ سیاسییەدا هەموو سیفەتێكی سەركردەی بۆ سەركردایەتیی حزبەكەی‌و گەلەكەی تێدابوو و سەركەوتنی گەورەی بۆ دۆزەكەی بەدیهێنا، وێڕای ئەوەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی‌و كوردستان بەتایبەتی بەقۆناغێكی زۆر هەستیاردا تیپەڕ دەبێت‌و لە گۆڕانكاریی مێژووی‌و ریشەییدا دەژی‌و خوالێخۆش بوو رۆڵی میحوەری‌و كاریگەری هەبوو لە نەخشە كێشانەوەیدا.
ئەمڕۆ گەلەكەمان بە لەدەستدانی كوڕی نەبەردی سلێمانی، كەسایەتییەكەی مێژوویی‌و سیاسی‌و دیپلۆماسیمان لەدەستدا‌وە لە رەحمی كوێرەوەری لە دایك بوو ‌و لە نێو گەلەكەی‌و لە چیا سەركەشەكانی لە قوتابخانەی تێكۆشان‌و كۆشش گەورە بوو.
خوای گەورە كۆچكردوو بخاتە بەر رەحمەت‌و بەزەیی خۆی‌و ئارامی‌و سەبووری بۆ كەسوكار‌و هەموو هەڤاڵانی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و سەرجەم گەلی كوردستان دەخوازین.   

هەماهەنگكاریی گشتیی خۆبەڕێوەبەری دیموكراسی قامیشلۆ
******

پرسه‌نامه‌ی حزبی چەپی كورد لە سوریا
زۆر بەداخ‌و پەژارەوە هەواڵی كۆچی دوایی فەخامەتی سەرۆك مام جەلال-مان پێگەیشت، كە بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخ، رۆڵ‌و كاریگەریی گەورەی هەبوو لە  مێژووی كورددا‌و مام جەلال بەهۆی میانڕەوی سیاسەتەكەیەوە توانیی ببێتە (صمام الامان) بۆ پاراستنی ئاسایشی عیراق‌و كوردستان، نەبوونیشی لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە شێوەیەكی نێگەتیڤ بەسەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق‌و كوردستاندا دەشكێتەوە.
كۆچی دوایی مام جەلالی پێشمەرگە، سەركردە‌و سەرۆك لەم قۆناغە هەستیار‌و مەترسیدارەدا كە هەر چوار پارچەی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، خەسارەتێكی ئازاربەخش‌و گەورەیە بۆ هەموو كوڕان‌و كچانی گەلی كوردستان، داواكارین لە هەڤاڵانی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لەسەر رێبازەكەی بەردەوام بن‌و لە چوارچێوەی یەكێتیدا رێزەكانیان یەك بخەن، بۆئەوەی كورد گوتارێكی  یەكگرتووی بەهێزی هەبێت لە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی دەوریان داوە.
لێرەوە بەناوی خۆم‌و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی‌و لیژنەی مەركەزی‌و هەموو كادر‌و هەڤاڵان‌و لایەنگران‌و هەوادارانی حزبی چەپی كورد لە سوریا، سەرەخۆشیی دەكەین‌و لە خوای گەورە دەخوازین كە مامی گەورەمان   مام جەلال بەبەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات.


محەمەد موسا محەمەد
سكرتێری گشتیی حزبی چەپی كورد لە سوریا

******

پرسه‌نامه‌ی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی
بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال خەباتگێڕو تێكۆشەرمان پێگەیشت، بەم بۆنە خەمناكەوە پرسەو هاوخەمی لە خۆمان و تەواوی‌ گەلی‌ كوردو گەلانی‌ ناوچەكە دەكەین، كە هەمیشە بەدرێژایی مێژووی‌ خەباتی‌، تێكۆشانی‌ مام جەلال لە پێناوی‌ پێكەوەژیان و یەكڕیزی‌ و سەركەوتنی‌ خەباتی‌ گەلانی‌ ئازادیخواز و مافی‌ چارەی‌ خۆنوسینی‌ گەلی‌ كوردستاندا بووە، كۆچی دوایی مام جەلالی سەركردە، زیانێكی گەورەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بێ قەرەبوكراوەی گەلی كوردستانە، خەسارەتێكی نیشتیمانی نەتەوایەتی سەرانسەریە، كە هەرگیز كەلێنەكەی وا بەئاسانی پڕ ناكرێتەوە.
بۆیە دووبارە هاوخەمی خۆمان بۆ كۆچی دوایی سەركردەو تێكۆشەری دێرینی گەلەكەمان ڕادەگەیەنین و داواكارین لە یەزدانی مەزن هەڤاڵی كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و خوا سەبوری هەموو لایەكمان بدات

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای 
سلێمانی

******

پرسەنامەی كۆمەڵەی مامۆستایانی 
شۆڕشی نوێ‌
ئێمە لە كۆمەڵەی مامۆستایانی شۆڕشی نوێ‌ وە هاوخەمی خۆمان بۆ كۆچی سەركردەو پێشەواو مامۆستای مەزنی شۆڕش وكوردایەتی جەنابی مام جەلال ڕادەگەیەنین , ئومێدەوارین مەرگی مام هاندەرێك بێت  بۆ زیاتر سووربوون و پابەندبوون بە پەیامەكەی تاوەكو گەیشتن بە مەنزڵ و كوردستانێكی سەربەخۆ .
یادت بەرزو بەڕێزو ڕێگات پڕ  ڕێبوار  ئەی سەروەرو ڕابەرمان .
كۆمەڵەی مامۆستایانی شۆڕشی نوێ‌ 
******

پرسەنامەی سكرتێری گشتی یەكێتی دیموكراتی كوردستان - ئێران
هەواڵی دڵتەزێنی سەفەری هەمیشەیی و كۆچی دوایی سەركردەو ڕابەرو كاریزمای گەلی كوردستان، جەنابی مام جەلال تاڵەبانیم بیست، ناخی هەژاندم، جەنابی مام جەلال پێویست بە ناساندن ناكات، بەدڵنیاییەوە ڕێبەری ئۆستورەیی كوردایەتی و دیپلۆماتێكی گەورەو لێهاتووی گۆڕەرپانی سیاسی ئاڵۆزی ناوچەكە بوو، دۆست و دوژمن دەزانن كە چ ڕۆحێكی گەورەی ئاشتی و ئازادی و دیموكراتی بوو، مێژووی دوورو درێژی خەباتی ماندوونەناسانەی شایەتی ئەوە دەدەن كە هیوای گەلێكی بڕسكاو و ستەملێكراو بوو و توانی گەلەكەی سەرخات، جەنابی مام جەلال، پشتیوان و یارمەتیدەری گەورەی بزاوتی ڕزگاریخوازی گەلەكەن بوو لەهەرچوار پارچەی كوردستان و لەبیری ناكەین، لە مێژوو و دیرۆكی كوردستان، ناو و خەباتی تۆمار كراوەو بۆ هەمیشە گەلی كورد شانازی پێوە دەكات، خۆم بە هاوخەمتان دەزانم و سەرەخۆشی ئەم كۆستە گەرەیە لە خۆمان و ئێوەو گەلی كوردستان دەكەم، ڕۆحی شادڵاو ڕێگای بەردەوام بێت. 
عوسمانی جەعفەری
سكرتێری گشتیی یەكێتیی دیموكراتی كوردستان- ئێران

******

پرسه‌نامه‌ی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان 
بە هەواڵی مەرگی مام جەلال گشت كوردستان خەم و ماتم دایگرت. ئەو كەسەی كە لەسەرەتای تەمەنی لاوەتی بێ وچان بۆ رزگاریی گەلێك تێكۆشا، پشتیوانی لە دێمۆكراسی و دادوەریی كۆمەڵایەتی كرد و هاندەر و پاڵپشتی پێشكەوتنخوازیی بوو، ئەو ڕابەرەی ژیرانە هەموانی لێك نزیك دەكردەوە و تەبایی و یەكێتی دێنا. ‎
مام جەلال قەڵای قایمی خۆڕاگری و میعماری شۆڕشی نوێ بوو، مام جەلالێك كە حەولی دا عێڕاقی نوێ ساز بێ و بە دڵگەورەیی و دوربینی چی بۆی كرا كردی تا نەهامەتی روو لە گەلانی عێڕاق نەكاتەوە و پێكهاتەكانی عێراق له جیگای رەق و دوژمنایەتی و شەر، ئاشتیانە پێكەوە بژین.
‎ئەو پێشمەرگەیەی كە تەمەنێك بۆ رووخانی دیكتاتۆری لە عێڕاق شەڕی كردبوو، كرا بە سەرۆك كۆماری عێڕاق، وەك سەرۆك كۆماری نە تەنیا بیری له تۆڵەكردنەوە نەكردەو كه ئامادە نەبو تەنانەت حوكمی له سێدارەدانی سەدام كه دەیان جار بۆ كوشتنی مام جڵال پیلانی دارشتبو، واژۆ بكات. مام جەلال له بەرامبەر بیرجیاوازان و نەیارانی سیاسی ئەهلی دیاڵۆگ و پێكەوە كاردكردن بو. مام رۆڵی گەورەی گێرا كه كوردستان دەورانی شەری ناوخۆیی تێپەر بكات و پێكهاتە سیاسیەكان هەر كام پێگە و دەوری یەكتر قەبوڵ بكەن.
بەڵام مەخابن هەوڵەكانی مام جەلال بۆ عێراقێكی فیدرال و دمۆكرات نەبوو بە دەرفەت و دەرس بۆ نەیارانی كوردستان، جیلی داهاتووی عێڕاق ڕۆژێك دەیسەلمێنن پەندەكانی ئەو سەرۆك كۆمارە پێشمەرگەیە چەندە حیكمەتی تێدا بوو. هەر ئەوە نیشان دەدا كە كەسایەتی مام جەلال چەند بەهێز و چەندە بۆ كوردستان پێویست بوو و بزاوتی كوردستانی بە دنیا دەناساند، ئەوڕۆ بە جەستە لە ناومان نەماوە، بەڵام ئاوات و ڕێبازی تاهەتایە لە مێژوو و خەباتی گەلەكەماندا زیندووە.
‎مام جەلال دۆست، پشتیوان و دڵسۆزی كۆمەڵە و هەموو بزوتنەوەی رزگاریخوازیی لە كوردستان و ناوچە بوو، كۆمەڵە دۆست و پشتیوانێكی گەورەی لە دەستدا كە لە رۆژانی تەنگانە و قۆناغی سەختی خەباتدا متمانەی نێوانمان دروست ببوو.
‎لە لایەن هەموو رێكخستنەكانی كۆمەڵەوە سەرەخۆشی لە هێرۆخان، كاك بافڵ و كاك قوباد و گشت بنەماڵەی تالەبانی دەكەین. هاوخەمی خۆمان بۆ هەواڵانی تێكۆشەری مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی دەردەبڕین و پەیمانی خەبات و تێكۆشانیان لەگەڵ نوێ دەكەینەوە، هەروەها سەرەخۆشی لە تەواوی خەباتكارانی كوردستانی باشور و هەموو گەلی كوردستان دەكەین.
‎بەرز و بەڕێز بی یاد و ڕێبازی مام جەلال
‎كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان

******

پرسه‌نامه‌ی پلاتفۆرمی هۆرام 
بە بۆنەی کوچی دوایی مام جەلال، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوە و لە ڕێگەی ئێوەشەوە بۆ ئەندامان و دۆستانی یەکێتی و سەرجەم تێکۆشەرانی گەلەکەمان دەکەین . بێگومان مام جەلال یەکێك بوو لەو سەرکردە مێژوویانەی کورد کە ڕۆڵێکی گەورەی لە مێژووی پێنج دەیەی ڕابردووی کوردستاندا گێرا.
گەلی کورد ئەمرۆ بە هەلومەرجێکی سەختی خەباتکارانەدا تێدەپەڕێت ، یەکڕیزی و تەبیایی و کۆدەنگی نیشتمانی هێزە سیاسیەکانی زامنی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەیە کە سەدان هەزار شەهیدمان بۆ داوە. 
تێکۆشان بۆ ئەو ئامانجە گشتیانە گیانی شەهیدەکانمان ئاسودە دەکات ، باشترین ڕێزلێنانیشە بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرانەی تەواوی تەمەنیا فیدایی ئەو ڕێگەیە کرد، کە مام جەلال نموونەیەکیانە..
بە سڵاوی دووبارە
دەستەی ڕابەری پلاتفۆمی هەورام 
******

پرسه‌نامه‌ی د. ئەمیری سەرۆكی ڕێكخراوی ئیتلاعات خارجی
بنەماڵەی مەزنی سەرۆك تاڵەبانی 
بەڕێز خاتوو هێرۆ ئیبراهیم
بەڕێزان قوباد و بافل تاڵەبانی 
كۆچی تاڵەبانی گەورە پیاوی خەبات لەدژی زوڵم لە مێژووی عیراق كە لە سەنگەری پێشمەرگایەتییەوە هەتا سەرۆكایەتی كۆماری عیراق وەك دۆستێكی ستراتیژی كۆماری ئیسلامی ئێران بووە، بووە هۆی داخ و كەسەر، وێڕای سەڕەخۆشی لەئێوە و هەموو گەلی عیراق و ئەندامانی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەخوای گەورە داوای ڕەحمت و بەخشین بۆ ئەو كۆچكردووە دەكەم.
«اناللە و اناالیە راجعون»
د. ئەمیری 
سەرۆكی ڕێكخراوی ئیتلاعات خارجی
******

پرسه‌نامه‌ی جێگری رێكخراوی ئیتلاعاتی دەرەوە
بەڕێز خاتوو هێرۆ ئیبراهیم 
بەڕێزان قوباد تاڵەبانی و بافل تاڵەبانی
ئەندامانی بەڕێزی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی
كۆچی سەرۆك تاڵەبانی سیاسەتمداری بەتوانا، زیانێكی گەورەی لە كۆمەڵگەی عیراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەدەستچوونی دۆست و هاوپەیمانی ستراتیژی كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەكەدا بوو.
 وێڕای سەرەخۆشی لەئێوە و بنەماڵەی مەزنی تاڵەبانی و گەڵی عیراق لەخوای گەورە دەخوازم ڕۆحی ئەو پیاوە گەورە شاد بكات. 
اناللە و اناللە راجعون
حاج هاشم
جێگری رێكخراوی ئیتلاعاتی دەرەوە

******

پرسەنامەی ئۆرگانەکانی یەکێتیی لە هۆڵەندا
کۆچی دوایی سەرکردە و رابەری گەلەکەمان و مامی گەورەمان مام جەلال، خەمێکی گەورەی خستە نێودڵی هەموومان لە ناوەوە و دەرەوەی نیشتمان و کوردستانی گەورەی تاساند.. مام جەلال کە هەردەم پێشەنگی سەرکردە تێکۆشەرەکانی کوردستان بووە، بە هەموو قۆناغەکانی ڕزگاری نیشتمانی دا تێ پەڕیووە و ماندوونەناسانە بۆ گەلەکەی خەباتی کردووە، تا بیگەیەنەتە کەناری ئارامی و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی. 
جەنابی مام دوای تەمەنێکی دوور و درێژی خەباتی بەردەوام، وەک پێشمەرگە و ڕابەری شۆڕشی نوێ ی گەلەکەمان لە قەندیلەوە دەستی پێ کردەوە و تا بووە یەکەم کورد و یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عێڕاق، کەلەم پێناوەشدا بۆپێکەوە ژیانی ئاشتیانەی سەرجەم پێکهاتەکانی عێڕاق ڕۆڵی کاریزمایی خۆی بینی، تا وای لێهات کە بەکلیلی ئارامی و ئاشتەوایی و چارەسەری کێشەکانی ناوئەم عێڕاقە پڕلە ململانێ یە یە ناسێندرا. لەهەمان کاتدا مامی ڕابەر ڕۆڵی گەورەی دیووە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە و جیهان، کەلەبەر لێهاتوویی لەم بوارەدا  گەیشتە پێگەی (جێگری سەرۆکی سۆسیاڵ ئینتەرناشناڵ) کە ئەمەش دەسکەوتێکی مێژوویی بوو بۆخودی جەنابیان وبۆنەتەوەی کورد بەگشتی. ئێمە لەم بۆنە خەمناکە و لە دوا ماڵئاوایی مامی ڕابەرماندا ئەو راستیە دووپات دەکەینەوە کە وەک هەمیشە هەڵگرێکی دڵسۆزی پەیامە مێژووییە نیشتمانیی و نەتەوەییە پێشکەوتنخوازکەی وخوێندکارێکی ڕێبازە پیرۆزەکەی جەنابیان لەنێوفەرهەنگی بەرخودانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبین.                
لێرەوە، داوا لەیەزدانی مەزن دەکەین کە بنەماڵەی مامی گەورەمان و گەلەکەمان بە دووربگرێت لەکۆستی وەها گەورە وجەرگ بڕ. لە کۆتاییدا لەگەڵ چەپکە گوڵی پەیمان و وەفاداریمان بۆگیان پاکی مام وسەر گڵکۆ پیرۆزەکەی ڕابەری مێژووییمان و سەرجەم شەهیدانی ئەو ڕێگا پیرۆزەی کوردستان و کوردایەتی، داواکارین کە ئەم کۆستە گەورەیەی گەلەکەمان ببێتە هەوێنی یەکبوونی ئیرادەی یەکێتی ناو یەکێتی وناو ڕیزەکانی گەلەکەشمان، تا بەمەش هەموومان گیانی پاکی مامی هەمیشە چاوگما ، بۆهەمیشە شاد وئاسودە بکەین. .
إنا لله وإنـا إلیه راجعون 
ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵەندا

******
پرسه‌نامه‌ی د. رۆژ نوری شاوەیس
بۆ كۆستی لە دەستدانی سەرۆك مام جەلال، لە ناخەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمتان ئاراستە دەكەم و دوعا و نزا بۆ رۆحی بەهەشتی دەكەم..
مام، هەر لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیەوە هەتا كۆشكی كۆماری، خەمخۆری گەلە ستەم دیدەكەمان بووە  و تەمەنی پڕ لە خەباتی لەو پێناوەدا بەخشیوە و مێژوش لە لایەڕە گە شەكانیدا، شاهێدی بۆ رۆڵ ‌و گەورەیی جەنابیان دەدات.
لە دەستدانی جەنابی مام جەلال، كۆستێكی گەورەیە بۆ گەلەكەمان، بەتایبەت لەم كات ‌و ساتەی میللەتەكەمان، بەرەو سەربەخۆیی لەخەباتدایە. 
بۆیە، هیواخوازم رۆحی ئاشتیخوزانەی جەنابیان، مایەی پتەوكردن یەكڕیزی میللەتەكەمان بێ‌ بەرەو دوامانجەكانی نەتەوەیی
رۆحی شادو گۆڕی پڕ نور بێ‌
د.رۆژ نوری شاوەیس

******

  پرسەنامەی پارتی لیبرال دیموكراتی كوردستان 
بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی داوای بەرێزمام جەلال سیاسەتمەدار گەلەكەمان سكیرتێری یەكێتی نیشتمانی و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقمان پێگەیشت.
مام جەلال سەركەردەی قۆناخە سەختەكان سیاسەتمەدارێكی پڕاگماتیست و سەركردەیەكی گەورەی گەلەكەمان كە دەیان سال لە پێناو رزگاری نەتەوەكەی خەباتی كرد و تا دوا ساتەكانی ژیانی لە پێناو لە پێناو گەلەكەی پشووی نەدا، لە دەستدانی سەركەردەی بە توانا و سیاسەتمەداری گەورەی گەلەكەمان  خەمێكی وپەژارەیەكی گەورەیە بۆ گەلەكەمان لەم قۆناغە هەستیارەدا كە هیچ قەلەمێكی ناتوانی بارتاقای وەسفی شیاوی مام جەلال بكات،
بە ناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لیبراڵ دیموكراتی كوردستان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەرێز مام جەلال  و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی (یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان ) و هەموو دۆست و ئەندام و جەماوەری یەكێتی دەكەین و خۆمان بەهاوبەشی خەم و پەژارەتان دەزانین ..
هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی مام جەلال تاڵەبانی .هەموو شەهیدانی ریگای رزگاری كورد و كوردستان
پارتی لیبرال دیموكراتی كوردستان
ئەنجومەنی سەركردایەتی

******

پرسه‌نامه‌ی تەریقەتی قادری لەرۆژهەڵاتی كوردستان 
بە دڵێكی پڕ لە داخ و پەژارەوە بە بۆنەی كارەساتی ماڵاوایی سەركردەی تێكۆشەر و ماندوونەناس و كۆڵنەدەر لە دژی دیكتاتۆری ، هێمای ئازادی و دادپەروەری و رێزلێنان لە ئایینەكان جەنابی سەرۆك مام جەلال ، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان و هەموو گەلی كورد دەكەین .

خوای گەورە رۆحی بەرزیان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و رێگای خەباتیان درێژە پێبدات.
موریدانی حاجی شێخ ئیسماعیل هاشمی بەرزنجی

******

پرسەنامەی مەكتەبی ڕێكخستن 
بە بۆنەی كۆچی داوی رابەری گەورەی گەلەكەمان، هەڵگیرسێنەری شۆڕشی نوێ و داینەمۆی نیوسەدە لە خەبات و تێكۆشان هەڤاڵ مام جەلال، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ڕائەگەیەنین و دواكارین لە یەزدانی مەزن ڕوحی هەمیشە زیندووی مامی رابەرمان بە بەهەشتی بەرینی خۆیی شادبكات و ئارامی و سەبوریش بە گەلەكەمان ببەخشێت، كۆچی داوی مام خەسارەتێكی گەورەیە لە خەبات و تێكۆشان و دەریایەك لە خوێن و فرمێسكی گەلەكەمان كە دژی دیكتاتۆریەت و بە دیهێنانی ئازادی ڕژاندوویەتی.
مام تەنها مامی یەكێتێكان یان شۆڕشی كوردایەتی نەبوو،كاریگەری و دەوری مام لە خەباتی سیاسی هاوچەرخی ناوچەكەدا ،هەمیشە وەك هێمای دژایەتی ستەم كاری و بەدیهێنانی خواست و ئامانجەكانی گەلالنی عێڕاق سەیركراوە،لەوەش زیاتر لە دەست دانی مام لە دەست دانی كاراكتەرێكی هەرەمەزنی بواری دیبلۆماسیە ، كە زۆر جار وەك نێوەند گیری نێوان وڵاتان و جەمسەرەكانی ململانێی لە جیهاندا كاری كردوە.
مامی گەورە لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق سەرباری دەوری سەرەكی لە بیناكردنی دەوڵەتی نوێی عێراق دا، بە حەكیمی خۆیی ڕێگای لە هەڵگیرسانی فیتنەی مەزهەبی نێوان شیعە و سوننە گرتوە دەرگای لەسەر جەنگێكی بێ ئامان داخست.
لە دەستدانی مام لە دەستدانی مامۆستایەكی گەورەی دونیای سیساسەتی هاوچەرخ و دونیابینی ژیرانەبوو، لە ڕوبەرێكی گەمارۆدراو بە سەدان كێشەی مێژوویی و كێشەی جەمسەربدنی هێزەكان، ئەو ماتەمینیە قوڵەی جەستەی ئەم نیشتیمانەی گرتۆتەوە دەربڕی ئەو سۆزە بێ سنورەی هاووڵاتیانە بۆ لە دەستدانی ڕابەرێكی بێ وێنە لە مێژووی خەباتی گەلی كوردستاندا، رەنگە كاركردن لە سەر ڕێبازە پیرۆزەكەی جەلالیزم تاكە فاكتەری ئارام بەخشین بێت.
لە ئاست ئەم كۆچە مەزنەدا، جارێكی تر لە ئاست كۆچی تۆ سەرۆكە مەزنەكەی مێژوومان سەر دائەنەوێنین، لە ئاست ڕوحی هەمیشە نەمرتدا بێ دەنگ و دەست لەسەر سنگ رائەوەستین، بەڵێن بێت بەردەوام بین لەسەر كاروان و ڕێبازی جەلالیزم تا گەلەكەمان بە هەموو ئاواتەكانی ئەگەیەنین و یەكێتێكەشت وەك بیل بیلەی چاومان بپاێزین.
 مەكتەبی ڕێكخستن

******

 پرسەنامەی ئۆفیسی ناوەندەكانی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان 
پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەو كەسوكارو هاڤاڵانم دەكەم بۆ لەدەستدانی رابەری گەورەی گەلەكەمان، جەنابی مام جەلال، سیمبولی ئاشتی و پێكەوەژیان..
كۆچی مام، خەسارەت‌و كەلێنێكی گەورەیە و جێگەی هەرگیز پڕ نابێتەوە.
نیوسەدە خەباتی بێوچانی سەرۆك مام جەلال، بۆ كوردایەتی‌و بەدیهێنانی ئازادیی‌و دیموكراسی‌و دەستكەوتەكانی نەتەوەیی، تەنها بە رابەر و سەركردەی وەك سەرۆك تاڵەبانی دەكرێت..
رۆحی شاد و بەهەشت جێگەی بێت
درود بۆ رۆحی بەرزەفڕی مام
ماڵئاوا.. سەرۆك مام جەلال

جەلال عوسمان
لێپرسراوی ئۆفیسی ناوەندەكانی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان
******
پرسەنامەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی 
بەداخ و كەسەرێكی زۆرەوە هەواڵی ماڵئاوایی ڕێبەری قیبلەی شۆڕشی نوێی كوردایەتی (سەرۆك مام جەلال)مان پێگەیشت، لەم بۆنە خەمناك و پڕ لە ئازار و ناسۆرەدا پڕبەدڵ هاوخەمی خۆمان ئاراستەی تێكڕای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و، خەباتگێڕانی ڕێبازی پیرۆزی كوردایەتی و پارێزەرانی درێژەپێدەری ڕێبازی سەرۆك مام جەلال دەكەین.
ماڵئاوایی یەكجارەكی (سەرۆك مام جەلال) وەك چۆن خەسارەتێكی گەورەیە لەخەباتی گەلەكەمان بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی، لەهەمان كاتدا خەسارەتێكی گەورەترە بۆ بواری خوێندنی باڵا و مەعریفە لە كوردستان، چونكە سەرۆك مام جەلال لە ژیانیدا پاڵپشت و پشتیوان و خەمخۆری سەرەكی خوێندنی باڵا بوە لە كوردستان، یەكەمین زانكۆ كە زانكۆی سلێمانی بوو لەڕۆژگاری خۆیدا لەسەر دەستی مام جەلال و هاوڕێكانی دامەزرا، لە دوای یەكەمین هەڵبژاردنی پاڕلەمان و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان مام جەلال ڕۆڵی كاراو سەرەكی گێڕا لەدوبارە دامەزراندنەوەی زانكۆی سلێمانی و، دامەزراندنی زانكۆی دهۆك و زانكۆی كۆیە و بەردەوامیدان بە گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندنی باڵا لە كوردستان.
بۆیە با هەمومان پێكەوە ئەم كۆستە گەورەیە بكەینە هەنگاوێك بۆ درێژەپێدان بەخەباتی نەپساوەی سەرۆك مام جەلال بۆ خزمەتكردن بە ڕێبازی پیرۆزی كوردایەتی و ئاوەدانكردنەوەی هۆڵەكانی ناوەندەكانی خوێندن بەزانست و مەعریفەو، بەردەوامیدان بەخەباتی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و پارێزگاریكردن لە چەپكە گوڵی نەسرەوتن تا سەركەوتنی كوردستان.
انا للە وانا الە الراجعون
 د. یوسف گۆران
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

******

 پرسەنامەی قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجە
بۆ لەدەستدانی سەركردەو كارێزمای گەلەكەمان سەرۆك مام جەلال، بەناوی قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرجەم جەماوەری گەلی كورد دەكەین.
لە دەستدانی سەرۆك مام جەلال كۆستێكی گەورەبوو بۆ هەموو گەلی كورد، هیواو ئاواتی گەلێك بوو، نەك تەنها بۆ كورد بەڵكو سەركردەیەكی دوربین و بیرمەندو سیاسەتمەدار بوو بۆ عیراق و رۆژهەڵاتی ناوڕاست. لە ئێستادا هەموو لایەك دڵتەنگ و غەم بەبارن بۆ كۆچی دوایی ئەم سەركردەیەی گەلەكەمان.
لەكاتێكدا پرسەو ماتەمینییمان رادەگەیەنین بۆ ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال كە سەركردەیەكی خۆراگر و بەهێزمان لەدەست دا، ئەو سەركردەیەی فیكری نەتەوەیی مرۆڤ دۆستانەو نیشتمان پەروەریی راستگۆیانەو روناكبیریی بەرزی یەك خستبو، باوەڕێكی قوڵ و نەگۆریشی هەبو بە فیكری دیموكراسیی پێشكەوتنخوازیی و هەستكردنی بەرزی بە لێپرسراویەتیی و بەگژاچونەوەی زۆرداریی و چەوساندنەوە، بە شانازییەوە خەبات و تێكۆشانی لە پێناوی خزمەتكردنی گەل و نەتەوەكەی بەبیر دێنینەوە كە لە هەڕەتی لاوییەوە دەستی پێكردوە، هاوكات زۆربەی رۆڵە مەزنەكانی بەبیر دێنینەوە كە لە نمونەیەكی دیاری قوڵ كردبوەوە لە نێوان فیكر و لێپرسراویەتیدا، یەكێك بو لە سەركردە هەرە دیارەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق دژی دیكتاتۆریی.
هیوادارین ئەمە دوا ناخۆشی دوا كۆستی گەلەكەمان بێت و جوای گەورە سەرۆك مام جەلال بە بەهەشتی بەرین شاد بكات.
إنا لله وإنا إلیه راجعون
قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجە

******

پرسه‌نامه‌ی سكرتێری گشتی YNDK 
بەخەم و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەری ناسراوی گەلەكەمان (مام جەلال تاڵەبانی)ی سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان-مان پێگەیشت و ئەم هەواڵە لەناخەوە خەمباری كردین، بێگومان بە كۆچی دوایی تێكۆشەرێكی ناسراوی وەكو (مام جەلال) نەك تەنها یەكێتی نیشتمانی كوردستان بگرە سەرجەم بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان زیانێكی مەزنی بەركەوت، بەشێكی ئەم زیانەش تەنها بە پاراستنی یەكڕیزی نێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان قەرەبوو دەكرێتەوە، بەناوی خۆمان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی ئەندامانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK پرسەو سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو بنەماڵەی سەربەرزی (مام جەلال) دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین و ئومێد دەكەین ئەوە دواناخۆشیتان بێت و لە یەزدانی مەزن دەپاڕێینەوە دڵنەوایی و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت و خوالێخۆشبوویش بخاتە بەر دلۆڤانی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شادبكات.
انا للـە وانا الیە راجعون
غەفوور مەخمووری 
سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان 

****** 


پرسەنامەی بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی
بەكۆچی‌ دوایی‌ سەركردەی‌ دیاری‌ كورد، مام جەلال تاڵەبانی‌، پرسەو سەرەخۆشی‌ خۆمتان ئاراستە دەكەم، لە دەستدانی‌ سەركردەیەكی‌ گەورەی‌ وەك مام جەلال تاڵەبانی‌، كە بە سیفەتە جوانەكانی‌ خەبات بۆ گەل‌و خاكیبون‌و دەم بەخەندەیی‌‌و كۆكەرەوەی‌ ناكۆكەكان ناسرابوو، مایەی‌ دڵتەنگی‌‌و نیگەرانی هەموو كوردو دۆستێكی‌ گەلی‌ كوردەو زیانێكی‌ گەورەیە بۆ خەبات‌و كێشە ڕەواكەی‌، دووبارە پرسەو سەرەخۆشی‌ خۆم ئاراستەی‌ هاووڵاتیانی‌ كوردستان‌و ئێوەی‌ بەڕێز سەرجەم ئەندامانی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان دەكەم‌و لە خوای‌ گەورە دەپاڕێمەوە شوێنی‌ بەهەشتی‌ بەرین بێت‌و سەبوری‌ هەموو لایەك بدات.
انا لـله وانا الیه راجعون
عومەر گوڵپی‌
بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لەپارێزگای‌ سلێمانی
******

پرسەنامەی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – ك.ن.ك
بە داخێكی زۆرەوە بەڕێز مام جەلال سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی ئێراق لە تەمەنی 84 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. لەم قۆناغە ناسكەی كە گەلی كوردستانی پێدا تێپەڕ ئەبێت، لە دەستدانی كەسایەتییەكی وەك مام جەلال زیانێكی زۆر گەورەیە. 
بەڕێز مامجەلال وەك پێشمەرگەو سیاسەتمەدار و دیپلۆماتێكی كورد، زیاتر لە 60 ساڵ تەمەنی خۆی بە خزمەتكردنی دۆزی كوردستان و ئازادی گەلی كورد بەخشی. لە ئەنجامی ئەو تێكۆشانەیدا توانی ببێتە یەكێك لە كۆڵەكە بنەڕەتییەكانی شۆڕشی باشووری كوردستان و خەمخۆری پرسی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا. 
لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانییش وەك رێبەرێكی چالاكی كورد هەمیشە بەدوای پرسی كوردستانەوە بووەو هەوڵی داوە دۆست و هاوكاریی بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای كوردستان بەدەستبێنی و زۆریشی بەدەستهێنا. لەو پێناوەدا لە دەیان دەرگای داوەو لە زۆرلە هەوڵەكانیدا سەركەوتوو بووە.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعسی ئێراقیش یەكێك لە رابەرە سیاسییە هەر چالاكەكانی ناوچەكە بووەو جێ پەنجەی بە هەموو رووداوەكانی ئەو قۆناغەوە دیارە. هەر لەو سۆنگەیەشەوە بوو توانی ئەوە بسەلمێنێ كە شایانی سەركۆماریی ولاتێكی وەكو ئێراقە. سەرەڕای هەموو كێشەو ململانێ ناوخۆیی و دەركەییەكانی ئێراق، ئەو توانی ئەو قۆناغە بە سەركەوتووی دەرباز بكات. هەر لەو سەردەمەشدا بوو گەلی باشووری كوردستان لە رووی ئاوەدانی و ئابوورییەوە پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
ئێمە لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – ك.ن.ك، زۆر بە داخەوەین بۆ لەدەستدانی بەڕیز مامجەلال. سەرەتا سەرەخۆشی لە خۆمان، لە ماڵبات و بنەماڵەی بەڕیز مامجەلال، لە سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی نیشتمانی و تەواوی گەلی كوردستان ئەكەین. ئێمە دڵنیاین شوێنی مامجەلال لە لاپەڕە پرشنگدارەكانی مێژووی گەلەكەماندا بۆ هەمیشە بە نەمریی ئەمێنێتەوە.
بەڕێز مام جەلال هەمیشە لە خەمی ئەوەدا بوو دەنگە جیاوازەكان لە بەرەو پلاتفۆڕمێكی نەتەوایەتیدا كۆبكاتەوە. هەر خودی یەكێتی نیشتیمانی نمونەیەكی ئەوە بوو. بەهیواین رێبوارانی رێی مامجەلال درێژە بەو خەباتە بدەن و لە پێناو یەكێتییەكی نەتەوەییدا هەنگاوی چالاكانە بنێن.

كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – ك.ن.ك
******

پرسه‌نامه‌ی سكرتێری گشتی حزبی رزگاریی 
كوردستان
بەداخ و پەژارەیەكی یەكجار قوڵەوە، هەواڵی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، مامی كوردانمان بیست، ئەم هەواڵە داخبارو خەمگینی كردین، بەم بۆنە خەمناكەوە بەناوی خۆم و لە جیاتی هەڤاڵانم لە سەركردایەتی حزبی رزگاریی كوردستان، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی رێزدار سەرۆك مام جەلال، لە ئێوەی بەڕێز، لە سەركردایەتی و تێكڕای كادر و ئەندامانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرجەم كوردستانیان دەكەم؛ سەرساغی و دڵنەوایی و ئارامی بۆ هەموو لایەك دەخوازم. مەرگی سەرۆك تاڵەبانی كە سەرۆكێكی ناسراو و كەموێنە، تێكۆشەرێكی خۆڕاگرو دیبلۆماتكارێكی شارەزا، كەسایەتیێكی  ناودار و كاریگەری مەیدانی سیاسیی كوردستان و ناوچەكە بووە، بۆشایی و درزێكی گەورە دروست دەكات، ئاواتەخوازین كە بە یەكگرتوویی و یەكڕیزی بەشێك لەو بۆشاییە پڕ بكرێتەوە.
گیانی شاد، سەرساغی بۆ گەلی كوردستان.
رێكار ئەحمەد 
سكرتێری گشتی حزبی رزگاریی كوردستان
******

پرسەنامەی بزاڤی چاكسازی و گەشە
بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ئەمڕۆ هەواڵی كۆچی دوایی مام جەلال، ڕابەری مەزنی نەتەوەی كوردمان بیست.
مام جەلال وەكو یەكێك لەهەرە سەركردە مەزن و خەباتگێڕەكانی نەتەوەی كورد، زیاتر لە حەفتا ساڵی تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی كورد و دۆزە ڕەواكەی تەرخانكرد و كوردی بە دونیا ناساند.
وەكو بزاڤی چاكسازی و گەشە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی مام جەلال و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و سەرجەم هەڤاڵانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و سەرجەم گەلی كوردمان دەكەین و داواكارین لەخوای گەورە ئەم سەركردە مەزنەی گەلەكەمان بەبەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات.

دانا تەیب مەنمی 
وتەبێژی بزاڤی چاكسازی و گەشە 

******

* پرسەنامەی مەنبەری دیموكراتی كەلدانی
هەواڵی كۆچی دوایی مام جەلال سەركردەو تێكۆشەری دێرین و سەرۆكی كۆماری عێراق دوای رووخانی رژێمی بەعس. كەوا دڵی هەموومان تەزاند.
بەم بۆنەیەوە خەمباری و پرسەی خۆمان ئاڕاستەی هەموو لایەكتان ئەكەین. خوالێخۆشبوو كلیلی كێشەو گرفتە گەورەكان بوو بۆ عێراق وهەرێم، بۆیە بە لەدەستدانی خوالێخۆشبوو هەڤاڵ مام جەلال. خەسارەتێكی گەورە بوو بۆ هەموو لایەك.
لە خوای گەورە دەپارێنەوە كەوا رۆحی شیرینی لە بەهەشت شادبكات و سەبوری بداتە هەموو لایەك.

سەعید شامایا
ئەمینداری گشتی مەنبەر ی دیموكراتی كەلدانی

******

پرسه‌نامه‌ی پارتی سەربەستیی كوردستان
بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی سەركردەی ناوداری كوردستانی و جیهانی، بەڕێز مامجەلال تاڵەبانی ئەمرۆ ٣ی ئوكتۆبەری ٢٠١٧ ماڵئاوایی جەستەیی لێكردین.
لەم كات و ساتەدا كە گەلەكەمان بەرەو هەنگاوێكی گرنگی مێژوویی دەروات ئەویش پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانە. سەرتاسەری جیهان بەو هەنگاوەی گەلی كورد سەرقاڵ و ئاگادارە، بەڵام مخابن سیاسەتزانێكی گەورەو ناسراوی كوردستانی و جیهانی وەك مامجەلال لە كاتی ئەم  پرسە گرنگەدا كۆچی دوایی كردو بە جەستە بۆ هەمیشە بە جێێ هێشتین.
 حاشا هەڵنەگرە كە كۆچی دوایی مامجەلال لەم كاتەدا كۆسپێكی گەورەیە بۆ گەلەكەمان، بەڵام بەرهەمەكان و ئەزموونەكان و سیاسەتەكانی، ئەم كەڵە پیاوە بوونەتە زانكۆیەكی گشتی لە هزری هەموو كەسایەتییەكی خەمخۆری كوردستانی.
وەك ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی سەربەستیی كوردستان، پرسەو سەرەەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی كورد بە گشتی، و هەروەها مەكتەبی سیاسی و گشت ئەندامانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكەن.
داواكارین كە گشت لایەنە سیاسییەكان،  وەك ڕێز و  خۆشەویستیەكی شایستە بەرامبەر بەم كەسە ناودارەی گەلەكەمان، یەكریزی و تەبایی لە باشوری كوردستان بە هێزتر  بكرێت. پێكەوە كاربكەن بۆ بەدیهێنانی  ئاوات و ئارەزوو ماندووبوونی زیاد لە نیوسەدەی مامجەلال.

ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی سەربەستیی كوردستان

******
پرسەنامەی بنەماڵەی ماملێ و مەڵبەندی 
هونەریی ماملێ
بەخەم و پەژارەیەكی یەكجار زۆر خەبەری كۆچی ‌دوایی مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تێكۆشەری هەڵكەوتوو و لەمیژێنەی نەتەوەی كورد، لە مێدیاكانی جیهان بڵاوبۆوەو داخ و دەردێكی گەورە كەوتەسەر دڵ و مێشك و هەست و گیانی هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەر.
جێگای خاڵی بەڕێز مام جەلال كەموكوڕی و زیانی گەورە دەخاتەسەر بزوتنەوەی كوردو لەهەمانكاتیشدا شوێنەواری خزمەت و لەخۆبردووییەكانی دەبێتە بنەمای پەندو دەرس‌ وەرگرتن بۆ نەوەكانی ئێستاو داهاتووی كورد.
بەو بۆنەوە لەلایان بنەماڵەی ماملێ و مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌وە وێڕای دەربڕینی زۆرترین هاوسۆزی و هاوژانی لەگەڵ ئێوەی بەڕێز، سێبووری و سەركەوتنتان لە رێگای پیرۆزی تێكۆشانی بەڕێز مام جەلال بۆ بە ئاوات دەخوازین,

عەزیز ماملێ

******

پرسەنامەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان 
هەواڵی كۆچی دوایی ناوەختی سەرۆك مام جلال لەناخەوە نیگەرانی كردین، ئەو سەركردە مەزنە هەر لە گەلەكەمان نەچوو، بگرە لە هەموو ئازادیخوازان و تەواوی پێكهاتەكانی عیراق و دەڤەرەكە چوو، بەراستی كۆستێكی گەورە بوو لە سەروەختێكی هەستیاریش بوو، ماوەتەوە هەموو لایەك دەرس و پەند لەو سەركردە گەورەیە وەرگرین، تاوەكو ریزەكانی گەلەكەمان یەكبخرێت و خەونەكانی لە بەرجەستەكردنی مافی چارەی خۆنوسین بەدیبێت، روحت شاد سەبرو ئارامیش بوو بۆ گەلی كوردستان و ئازادیخوازان لە جیهان.

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان 
مەكتەبی سكرتاریەت

******
 
پرسەنامەی ئەكادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی رۆژنامەوانی و كەلتور
ئۆغرت بێت، سەرۆك و سەركردە، ماندووەكەی كوردایەتی، كۆچی دوایی كرد، نا نا هەرگیز كەڵەپیاوێكی وەك تۆی نەبەردو چاونەترس نامرێ...
تۆی رۆژنامەنووس و نووسەرو سەرنووسەر، داكۆكیكار بوویت لە ئازادی و نان و ئازادی بۆ رۆژنامەنووسان و نووسەران و هونەرمەندان، سەردەمانێك بەنێوی پیرۆت و ئاگرو مام و چەندین ناوی دیكە نووسینەكانت ئاراستەی ستەم و ستەمكاران دەكرد.... لەسەردەمی شاخ و نهێنی و ئاشكرادا...
هەموو كات سڵت نەدەكرد لەو كەسانەی كە دەیانخواست كۆمەڵگای كوردەواری تووشی كارەسات بكەن...
سەرۆك و گەورەی سەركردەكان تۆ نەمری و نامری، كەڵەپیاوێك بۆ 65 ساڵ خەباتی بۆ گەلەكەی كردبێ، چۆن دەمرێ...
مخابن، هەزار جار مخابن و ئەفسوس، كۆچی داوایی تۆ زوو بوو، لە كاتی نەخۆشكەوتنت، هاوڵاتیان سەرگەردان بوون، لە پاشی تۆ سەركردایەتی سیاسی كورد، هیچ رێگا چارەكیان نەدۆزییوە، تا بە ئارامی ژیان بكەن... ژیانئاوا مام جەلال، تۆ نەمری ئەی سەركردەی پشت و پەنای هەژاران و دژی دكتاتۆرەكان بوو ...

حەمید ئەبوبەكر بەدرخان
بەرپرسی ئەكادیمیای بەدرخان

****** 

پرسەنامەی عەبدوڵڵا حەسەنزادە 
هەواڵی كۆچی دوایی خەباتگێڕی مەزن و ڕێبەری هەڵكەوتوو جەنابی مام جەلال منیشی وەك هەمووی ئێوە لەناخەوە هەژاند. مام جەلال وەك تێكۆشەرێكی بەناوبانگ لەوە گەورەترە كە هەر مڵكی بنەماڵەكەی یان حیزبەكەی خۆی بێ. لەدەستچوونی ڕێبەرێكی وا لێوەشاوە و دڵسۆز كۆستی گەورەی هەموو ئازادیخوازانی كورد و هەموو نیشتمانپەروەرانی عێڕاقە. خەڵكی باشووری كوردستان و سەرانسەری عێڕاق دەزانن كە ئەو گەورەپیاوە چنەخشێكی كاریگەری لەبردنەپێشی بزووتنەوەی ئاشتی و ئازادی و تەبایی نیشتمانیی نێوان كوردستانییەكان و عێراقییەكاندا دەگێڕا و هەربۆیەش لە هەلومەرجی دژواری ئەمڕۆدا هەموو لایەك نەبوونی بە خەسارێكی گەورە دەزانن.
 پێوەندیی خەباتگێرانە و برایانەی نێوان یەكیەتیی نیشتمانی و حیزبی دێموكراتی كوردستان كە زۆر لاپەڕەی زێڕینی لەمێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی كورددا تۆمار كردوە بە پلەی یەكەم بەرهەمی هەوڵ-وتەقەلای بەڕێز مام جەلال و ڕێبەری نەمر دوكتۆر قاسملوو بوو. بۆیە دێموكڕاتەكانیش هەروەك یەكیەتییەكان كۆچی دوایی مام جەلال بە كۆستی خۆیان دەزانن. 
 بەوبۆنە خەمناكەوە پڕبەدڵ سەرەخۆشی و هاودەردیم پێشكەشی هەمووی ئێوە بەڕێزان و سەرجەم تێكۆشەرانی یەكیەتیی نیشتمانی و هەموو ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی و گەلی كورد بەگشتی دەكەم. ئاواتەخوازم مەرگی مام جەلال هاندەرێكی بەهێز بێ بۆ پاراستن و پتەوكردنی «یەكیەتی ناو یەكیەتی» و یەكڕیزیی هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردی باشوور لەم هەلومەرجە ناسكەدا كە ئەم بەشەی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێ. ڕووحی مام جەلال شاد بێ و ئامانجەكانی بەرقەرار بن. 
براو دڵسۆزتان 
عەبدوڵڵا حەسەنزادە

******

پرسەنامەی بنەماڵەی شێخ عزالدین حوسینی 
كۆچی دوایی مام جەلال سەركردە و بناغە دانەری شۆرشی نوێی گەلی كوردستان، ئیمەی تاساند. مام جەلال دۆستی مامۆستا شێخ عزالدین بوو. ئێمە بنەماڵەی مامۆستا، خۆمان بە شەرێكی خەم و پەژارەی لە دەستدانی ئەو رێبەرە گەورەیە دەزانین و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی مام جەلال و یەكیتی نیشتمانی كوردستان و گەلی كوردستان دەكەین.
بنەماڵەی مامۆستا
شێخ عزالدین حوسینی
جمال الدین حوسێنی

******

پرسەنامەی حازم یوسفی 
بەبۆنەی كۆچی دوایی سەرۆك و رابەرمان جەنابی مام جەلال ، پرسەو سەرەخۆشی لەخۆمان و هەموو یەكێتی و كۆی ئازادیخوازانی گەلەكەمان دەكەم .
ئەم كۆستە گەورەیە بەهیچ شێوەیەك قەرەبوو ناكرێتەوەو ئەستەمە لەیادی بكەین ، رابەری رۆحیمان رۆحی شاد ، بەهەشتی فیردەوس جێگات بێت .
باڵیۆز حازم یوسفی

******

بروسكەی پارتی كاری هۆڵەندی
لەپارتی كاری هۆڵەندییەوە بۆ بەڕێز مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
هەڤاڵانی بەڕێز.
بەناوی پارتی كاری هۆڵەندی (سۆسیال دیموكراتی هۆڵەندی) و دامەزراوەی (ئێف ئێم ئێس)، لەناخەوە بەشداری خەمی لەدەستدانی سەرۆك جەلال تاڵەبانی-ن. سەرۆك تاڵەبانی لەبیر و هزری ئێمەدا وەكو كەسایەتییەكی تێكۆشەر و بەگڕوتین لەپێناو پڕۆسەی ئاشتی و دیموكراسی ناوچەكە بەگشتی و عیراق و كوردستان بەتایبەتی دەمینێتەوە. دامەزرێنەر و سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، پارێزەر و داكۆكاری مافەكانی گەلەكەی بوو، هاوتا و هاوكارمان بوو لەپێناو ئامانجە هاوبەشەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا. لەبیركردنی كەسایەتییەكی ئاوا گەورە ئەستمە و لەدەستدانی، زەرەرێكی گەورەیە لەگۆڕەپانی سیاسی جیهانیدا.
بەڕێزان، لەڕیگەی ئێوەوە، پرسە و هاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادەی تاڵەبانی و تەواوی گەلانی كوردستان و عیراق دەنێرن.
سەرۆك تاڵەبانی هەتا هەتایە لە دڵی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە زیندوویی دەمینێتەوە، چونكە باوەڕی بە كاری هاوبەش هەبوو و جیهانگیری هەمیشە لەبیر و دڵی ئەودا بوو.

لەگەڵ رێزماندا
ئیمزا: كیرستن مایەر
جێگری سكرتێری گشتی و بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی پارتی كاری هۆڵەندی

ئیمزا: ئاریان بێرفكس
سەرۆكی دامەزراوەی ئێف ئێم ئێس
ئەمستەردام، ٥/١٠/٢٠١٧

******

پرسەنامەی نوێنەرایەتی یەكێتی لە فەرەنسا
دوا بە دوای هەواڵی كۆچی دوایی سەركردەمان هەڤاڵ مام جەلال، پارت و لایەنە سیاسییەكانی فەرەنسا بەیاننامە و پرسەنامەیان پیشكەشكردوین.
لە ئاستی دەوڵەتی فەرەنسا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بەیاننامەیەكی فەرمی دەركردو كۆچی دوایی سەركردەمان هەڤاڵ مام جەلالی بە خەسارەتێكی گەورە وەسفكرد.
لە ئاستی حزبە فەرەنسییەكان، هەردوو حزبی، پارتی سۆسیالستی فەرەنسا و پارتی كۆمۆنیستی فەرەنسا و پارتەكانی تر بە تەلەفۆن و نامە سەرەخۆشیان لێكردین.
د.لوئەی جاف
نوێنەری ی.ن.ك لە فەرەنسا


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP