سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ دڵی چل ملیۆن كورددا ده‌ژی
سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ دڵی چل ملیۆن كورددا ده‌ژی ‌ 8/10/2017
سه‌رۆك‌و كه‌سایه‌تی‌و چین‌وتوێژه‌كان له‌سه‌ر ئارامگه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال، جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ درێژه‌ بدرێت به‌ڕێبازو بیرو باوه‌ڕی سه‌رۆك مام جه‌لال.
سه‌رۆك مه‌عسوم: هه‌مووان له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌رده‌وام بن
د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق سه‌ردانی ئارامگه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال-ی كرد له‌ده‌باشان له‌سلێمانی‌و دوای رێوڕه‌سمی دانانی تاجه‌گوڵینه‌، له‌وته‌یه‌كدا خه‌بات‌و تێكۆشانی سه‌رۆك مام جه‌لال‌و رۆڵی مه‌زن‌و دیاری به‌ڕێزیانی له‌پێناوی ئازادی‌و دیموكراسی‌و به‌دیهێنانی ده‌ستكه‌وته‌ باڵا نیشتمانییه‌كان بۆ گه‌ل، به‌بیر ئاماده‌بووان هێنایه‌وه‌و به‌پێویستیشی زانی هه‌مووان له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی به‌رده‌وام بن. وتیشی: پڕكردنه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال ئه‌سته‌مه‌.
ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد كه‌ سه‌رباری ئه‌م خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌، بڕواموایه‌ پرسه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال؛ ده‌بێته‌ بناغه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ پته‌وكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا‌و ئه‌وه‌شی زۆر پێویسته‌ له‌م قۆناغه‌دا ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو هێزه‌ كوردستانییه‌كان له‌دوای سه‌رۆك تاڵه‌بانی؛ درێژه‌ به‌ڕێبازه‌كه‌ی بده‌ن، به‌تایبه‌ت له‌یه‌كڕیزیی نێوانیاندا‌و وتیشی: ناكرێت هێزه‌ سیاسییه‌كان ببن به‌ یه‌ك، به‌ڵام ده‌توانن له‌یه‌كتر نزیكببنه‌وه‌و له‌سه‌ر پرسه‌ ستراتیژییه‌كان كۆك‌و یه‌كده‌نگ بن.

مه‌سعود بارزانی‌: خواستی یه‌كڕیزیی‌و برایه‌تیی سه‌رۆك مام جه‌لال، ده‌هێنینه‌دی
پاش سه‌ردانی ئارامگه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی؛ رایگه‌یاند: كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال؛ خه‌مێكی گرانه‌و زیانێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ گه‌لی كورد، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موومان برایه‌تیمان به‌هێزبكه‌ین‌و ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی مام جه‌لال داوایده‌كرد بیپارێزین. وتیشی: مام جه‌لال؛ هه‌میشه‌ خواستی ئه‌وه‌بوو كه‌ یه‌كڕیزیی‌و برایه‌تی نێوان لایه‌نه‌كان ببینێت، بۆیه‌ ئێمه‌ش ئه‌و خواسته‌ی ده‌هێنینه‌دی.
له‌درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا راشیگه‌یاند: كه‌س هێنده‌ی من هه‌ست به‌بۆشایی نه‌مانی مام جه‌لال ناكات، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موولایه‌ك وانه‌یه‌ك وه‌ربگرین له‌ڕابردوو، ئێستا ده‌ست له‌ناوده‌ست كاربكه‌ین بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان. سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غداش، وتی: «هه‌میشه‌ داوای گفتوگۆمان كردووه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، داواده‌كه‌ین ئه‌وانیش ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بقۆزنه‌وه‌».

ئه‌یاد عه‌لاوی: ئامانجی مام جه‌لال خۆشگوزه‌رانی‌ گه‌لی عیراق بوو
پاش دانانی تاجه‌گوڵینه‌ی‌ له‌سه‌ر ئارامگه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال؛ ئه‌یاد عه‌لاوی؛ له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند: مام جه‌لال؛ رۆڵێكی‌ زۆر باڵای‌ هه‌بوو، ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌ كه‌»به‌رده‌وامده‌بن له‌ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا».
ئه‌وه‌شی وت: ئێمه‌ هاوڕێی یه‌ك رێگا بووین، سه‌رۆك مام جه‌لال؛ ئامانجێكی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆشگوزه‌رانی‌ بۆ گه‌لی عیراق به‌دیبهێنێت. وتیشی: ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و ناوخۆیی؛ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا، كه‌ پێویسته‌ ده‌رئه‌نجامی‌ زۆر باشی لێبكه‌وێته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی: مام جه‌لال؛ هه‌موو ته‌مه‌نی له‌پێناوی دۆزی میلله‌ته‌كه‌ماندا برده‌سه‌ر
هه‌روه‌ها، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگەیاند: سه‌رۆك مام جه‌لال؛ هه‌موو ته‌مه‌نی بۆ ئه‌م سات‌و كاته‌و له‌پێناوی دۆزی گه‌لی كورددا برده‌سه‌ر، له‌ڕووی سیاسی‌و مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال؛ كاری گه‌وره‌ی كردووه‌، وتیشی: ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت ئه‌و بۆشاییه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال؛ له‌كوردستان‌و عیراقدا به‌جێیده‌هێڵێت، پڕبكرێته‌وه‌، ئاشكرایه‌ له‌ غیابی به‌ڕێزیاندا كوردستان‌و ناوچه‌كه‌ به‌ چ دۆخێكی ناهه‌موارو خراپدا تێپه‌ڕده‌بێت.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: به‌شداریی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی هاووڵاتی، پیشانمان ده‌دات كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال له‌نێو دڵی یه‌ك به‌یه‌كی ئه‌و خه‌ڵكه‌دایه‌، هه‌رگیز له‌بیرناچێته‌وه‌و رۆڵی وا به‌ئاسانی پڕناكرێته‌وه‌. هه‌روه‌ك هیواشی خواست ئه‌م مه‌راسیمه‌ ببێته‌مایه‌ی زیاتر لێك نزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا.

بایده‌میر: خه‌باتی سه‌رۆك مام جه‌لال بۆ هه‌مووان بوو
عوسمان بایده‌میر به‌نوێنه‌رایه‌تیی هه‌ده‌په‌‌و باكووری كوردستان، سه‌ردانی ئارامگه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال-ی كردو له‌وته‌یه‌كیشدا، وێڕای ده‌ربڕینی خه‌م په‌ژاره‌‌و هاوخه‌می، ئه‌و وته‌یه‌ی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال؛ به‌ته‌نها موڵكی باشووری كوردستان نییه‌، به‌ڵكو رابه‌ری هه‌موو گه‌لی كوردستان بوو به‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانه‌وه‌‌و جێگه‌و خه‌باتی به‌ڕێزیان بۆ هه‌موومان بوو.
راشیگه‌یاند: راسته‌، مام جه‌لال؛ به‌جێیهێشتووین، به‌ڵام له‌نێو دڵی 40 ملیۆن كورددا ژیانێكی نوێی ده‌ستپێكردووه‌، كه‌ وه‌فادارییانه‌ به‌رامبه‌ر به‌خه‌بات‌و تێكۆشانی ئه‌و رابه‌ره‌ مه‌زنه‌ بۆ به‌رخۆدان‌و مافی هه‌موو كوردان. هه‌روه‌ك داواشیكرد: بۆ ئاسووده‌كردنی رۆحی سه‌رۆك تاڵه‌بانی؛ یه‌كێتی‌و بیروباوه‌ڕو یه‌كڕیزیی‌و به‌رهه‌می خه‌باته‌كه‌ی بپارێزرێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP