بۆ ئه‌وه‌ی رۆحی مام ئاسووده‌ بێت، ده‌بێت له‌ په‌یڕه‌وه‌كه‌ی لانه‌ده‌ین
سوپاسنامه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی بۆ ئه‌وه‌ی رۆحی مام ئاسووده‌ بێت، ده‌بێت له‌ په‌یڕه‌وه‌كه‌ی لانه‌ده‌ین ‌ 11/10/2017
*كۆمه‌ڵانی به‌شه‌ره‌فی خه‌ڵكی كوردستان..
*هاوڕێ‌و هه‌ڤاڵ‌و هاوسه‌نگه‌رانی جه‌نابی مام جه‌لال، رابه‌ری رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان..
*دیموكراتخوازان‌و تێكۆشه‌رانی رێگای ئاشتی‌و ئازادی له‌عیراق‌و ناوچه‌كه‌‌و جیهان..
له‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌دا كه‌ پرسه‌ی كۆچی دوایی رابه‌ر‌و سه‌ركرده‌مان جه‌نابی مام جه‌لال كۆتایی دێت، پێم خۆشه‌ له‌دڵه‌وه‌ سوپاسی یه‌كبه‌یه‌كتان بكه‌م كه‌ به‌شدار‌و هاوبه‌شی ماته‌مگێڕی بوون.
مام جه‌لال مامی من‌و مامی هه‌موو كوردستانیه‌ك بوو، مامی هه‌موو شۆڕشگێڕێكی رێگای ئازادی‌و دیموكراسی بوو، له‌هه‌ر شوێنێك سته‌م‌و زوڵم هه‌بووبێت، مام جه‌لال ‌و رێبازه‌كه‌ی بۆ دژایه‌تی كردنی له‌وێ بوون.. له‌هه‌ر شوێنێك فیكری رۆشنگه‌ر‌و مرۆڤی ئازادیخواز هه‌بووبێت مام جه‌لال‌و رێبازه‌كه‌ی بۆ پشتیوانی له‌وێ بوون.
لێره‌وه‌ جێی خۆیه‌تی ئه‌وه‌ دووپات بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ خۆمان به‌ خوێندكارێكی به‌ئه‌مه‌كی فێرگه‌كه‌ی مام ده‌زانین‌و جێ پێی ئه‌و له‌خه‌بات ون ناكه‌ین.. به‌ڵێن به‌ رۆحی جه‌نابی مام‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دڵیان بۆ جێهێشتنی مام سوتا، دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ تا هێزمان مابێت، تا دوا هه‌ناسه‌ سوورین له‌سه‌ر كار‌و گوفتار‌و ره‌فتاری مام جه‌لال..
بۆیه‌ له‌م رۆژه‌ مێژووییه‌دا كه‌ پشتشكاوی كۆچی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال-م‌و دڵنیام وه‌ك من لای ئێوه‌ش هه‌رگیز پرسه‌ی مام جه‌لال كۆتایی نایه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی پێزانین به‌ مه‌ردایه‌تی‌و به‌رده‌وامیتان له‌به‌رده‌م ئێوه‌و یه‌كبه‌یه‌كی هه‌ڤاڵانی دڵسۆزی یه‌كێتیدا سوێندبێت یه‌كه‌م كه‌س بم له‌پێناو پاراستنی رێبازی مام جه‌لال ‌و یه‌كێتی‌و به‌هێزكردنه‌وه‌ی بۆ دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆتان، ئاماده‌ی قوربانیدان‌و خۆبه‌خت كردن بم. پاراستنی رێبازی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال به‌ته‌نها به‌قسه‌ نایه‌ته‌دی‌و ئێوه‌ی ماته‌مگێڕ له‌هه‌موو كه‌س باشتر ده‌زانن كه‌ پاراستنی ئه‌م رێبازه‌ له‌خۆبووردویی‌و بوێریی پێویسته‌‌و به‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌كرده‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌خه‌نه‌ سه‌روو هه‌موو ده‌ستكه‌وت‌و ناوبانگه‌ كاتیه‌كانه‌وه‌. لێره‌شه‌وه‌ به‌ر له‌ هه‌موو حیزب‌و لایه‌نه‌كانی تر ئه‌ركی سه‌ركردایه‌تی راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی-یه‌، به‌كرده‌وه‌ پابه‌ندبوونی خۆیان به‌ رێبازی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بسه‌لمێنن‌و ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ گرنگانه‌ی گه‌لی كوردستان كه‌ به‌ حه‌فتا ساڵ خه‌باتی بێوچانی مام ‌و هاوسه‌نگه‌رانی‌و خوێنی سه‌دان هه‌زار شه‌هید به‌دیهاتوون، بپارێزین.
به‌گرنگی ده‌زانم له‌م بۆنه‌یه‌دا چه‌ند كارێكی رابه‌ر‌و سه‌ركرده‌ی شۆڕشگێڕمان به‌ بیری خۆمان‌و حزبه‌كه‌مان‌و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بهێنینه‌وه‌‌و هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ئه‌و كارو كرده‌وانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ به‌ پێشه‌نگی كاركردنمان..
جه‌نابی مام، خاوه‌ن هێزێكی له‌بننه‌هاتووی ووره‌‌و بڕوا‌و متمانه‌ به‌خۆ‌و به‌گه‌له‌كه‌ی بوو، كه‌ هه‌میشه‌ پێی وابوو شۆڕشی ره‌وای گه‌له‌كه‌ی ده‌گاته‌ ئامانج‌و هێزی چه‌وساوه‌‌و ره‌نجده‌ران‌و گه‌نجان‌و ژنان‌و خه‌بات بۆ ژیانێكی باشتر سه‌رده‌كه‌وێت.. هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا ته‌واوی ته‌مه‌نی پڕشكۆ‌و شانازیی خۆی ته‌رخانكرد‌و له‌ رۆژانی پرسه‌كه‌یدا به‌ جۆش‌و خرۆشی هاووڵاتیان‌و هاونیشتمانیاندا ئه‌مه‌مان به‌ چاوی خۆمان بینیه‌وه‌، ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ین..
جه‌نابی مام جه‌لال، گه‌رچی له‌سه‌رده‌مێكدا شۆڕشی چه‌كداری به‌ وه‌سیله‌ ده‌زانی بۆ خه‌بات، به‌ڵام هاوشانی ئه‌وه‌ هه‌ر خودی خۆی ببوه‌ دیپلۆماتكارێكی كارامه‌‌و هێزی گفتوگۆ‌و دانوستان‌و رێگاچاره‌ی ئاشتیانه‌ی بێ خوێنڕشتن كردبووه‌ ئامانجی كار، ته‌ماشای بیریاران‌و سیاسه‌تمه‌دارانی جیهان بكه‌ن چی له‌باره‌وه‌ ده‌ڵێن، ئێمه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی.
جه‌نابی مام جه‌لال، وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سیاسی جیهانی خاوه‌ن تێز‌و تێڕوانین‌و بۆچوونی مرۆڤدۆستانه‌، وه‌ك بیریارێك كه‌ رۆڵی هه‌یه‌ له‌پاراستنی به‌ها شارستانی‌و كلتوری‌و رۆشنبیری‌و هونه‌ری‌و ئازادیه‌كان، ده‌یبینین.. ئه‌و سروشتپارێز‌و ژینگه‌دۆست‌و ژیاندۆست بوو. له‌فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیدا كه‌سێكی پۆزه‌تیڤیست بوو، هه‌ر ئه‌و بوو گه‌رچی سه‌دام حسێن-ی دیكتاتۆر، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ هه‌موو كورد ده‌ركرد جگه‌ له‌ مام جه‌لال، به‌ڵام ئه‌و رۆژگاره‌ی كه‌ سه‌دام بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو، مام جه‌لال له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی جیهانی مرۆڤدۆست سزای له‌سێداره‌دانی ره‌ت كردبۆوه‌، بڕیاری له‌سێداره‌دانی گه‌وره‌ترین دیكتاتۆری سه‌ده‌ی بیسته‌می ئیمزا نه‌كرد، ئه‌وه‌ لوتكه‌ی شه‌هامه‌ت‌و مه‌ردایه‌تی‌و مرۆڤدۆستیی رابه‌ری رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان بوو، به‌ڵێن دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ش رێگاكه‌ی ئه‌و به‌رنه‌ده‌ین.
جه‌نابی مام، بڕوای به‌كاری دامه‌زراوه‌یی‌و كاری پێكه‌وه‌یی‌و هاوبه‌شی بوو، بڕوای پته‌وی به‌ دیموكراسی‌و كاری په‌رله‌مانی‌و داڕشتنی ده‌ستورێكی هاوچه‌رخ بوو، كه‌ مافی مرۆڤ‌و ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان دابین بكات. مام جه‌لال خۆی یاساناس‌و مافپه‌روه‌ر بوو، یه‌كه‌م یاسای پاراستنی ژنان له‌ توتدوتیژی له‌دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 هه‌ر ئه‌و ده‌ریكرد. ئێمه‌ش له‌م پێناوه‌دا به‌ڵێن ده‌ده‌ین كه‌ به‌رده‌وام بین له‌پاراستنی ته‌واوی چین‌و توێژه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان‌و یاسا سه‌روه‌ر بكه‌ین له‌پێناو دژایه‌تی كردنی گه‌نده‌ڵی‌و حوكمی تاكه‌كه‌سی‌و تاكڕه‌ویی له‌ بڕیاردا.. به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌دا كه‌به‌هۆی بڕیاری نه‌خه‌مڵیوی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، سه‌رباری بوونی هۆشیاری پێشوه‌خته‌، هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ رووی كردۆته‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان‌و زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌په‌له‌ ده‌ستپێشخه‌ری نه‌كرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ‌و ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان، ئه‌وا له‌ رۆژانی داهاتوودا خاك‌و ژیانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌ت ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی به‌ڵێن‌و ئه‌رك‌و ئامانجی هه‌موومانه‌. بۆیه‌ له‌به‌رده‌م رۆحی بڵندی مام-ی كۆڵنه‌ده‌رمان‌و له‌پێناو ئاینده‌یه‌كی روونتر بۆ گه‌له‌كه‌مان، دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به‌وه‌یه‌ عیبره‌ت وه‌ربگرین له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی مام، كاتی ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان كه‌ له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی‌و ئه‌خلاقیدان، له‌پێناو ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان. له‌هیچ هه‌وڵ‌و ده‌ستپێشخه‌ری‌و گفتوگۆیه‌ك سڵ نه‌كه‌ینه‌وه‌.
جه‌نابی مام، خاوه‌ن فێرگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سیاسیه‌، كه‌ پڕه‌ له‌ په‌ند‌و حیكمه‌ت‌و زانایی، كه‌ تا گه‌یشتن به‌سه‌رجه‌م خه‌ونه‌كانی بۆی تێده‌كۆشین‌و له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بین.
دیسان سوپاسی بێپایانمان بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی كوردستان‌و عیراق‌و وڵاتانی دراوسێ‌و جیهان، كه‌ به‌په‌رۆشه‌وه‌ به‌شدار‌و هاوخه‌می پرسه‌ی مام بوون. سوپاسی زۆرمان بۆ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان‌و عیراق‌و ناوچه‌كه‌‌و جیهان كه‌ ئه‌وه‌یان ده‌ربڕی جیهان سه‌ركرده‌یه‌كی ژیر‌و دانای له‌ده‌ست دا.. سوپاسی زۆرمان بۆ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌‌و دژه‌تیرۆر‌و ئاسایش‌و پۆلیس‌و دامه‌زراوه‌كانی په‌یوه‌ندیدار كه‌ به‌باشترین شێوه‌ ئه‌ركی پاراستنی مه‌راسیمه‌ شكۆداره‌كه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرت.
بۆ ئه‌وه‌ی رۆحی مام ئاسووده‌ بێت، ده‌بێت له‌ په‌یڕه‌وه‌كه‌ی لانه‌ده‌ین..
سوپاس، ئێوه‌ش هه‌ر شاد‌و سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفرازبن..


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP