ئێکسپێرسیۆنیزم، سینەمای یاخی
ئێکسپێرسیۆنیزم، سینەمای یاخی ‌ 15/7/2017
ئا: ئیدریس عەبدی
ئێکسپێرسیۆنیزم چییە؟
ئێکسپرسیۆنیسم (Expressionism) ناوی قوتابخانەیەکی ھونەرییە کە لەو فۆڕم و قوتابخانە ھونەرییەدا ھونەرمەند زیاتر گرینگی دەدات بە دەربڕین لە رێگای روخسارەوە و ھونەرمەند دەتوانێت ھەستە زەینی و دەروونییەکانی خۆی بخاتەڕوو. ئێکسپێرسیۆنیسم ھەر لە سەرەتاوە وەک قوتابخانەیەکی ھونەری دەرکەوت کە گرینگی دەدات بە دڵەڕاوکەو خەم و ئازار و تەنیاییەکانی سەردەمی مۆدێڕن. ھەروەھا ئەونەریت و چوارچێوە باوانەی ھونەرەکان دەخاتە لاوەوەو رەتی دەکاتەوە کە دەست و پێ گرن. ئەوەی کە ھونەرمەندەکان دەیانویست چوارچێوە باوکان بخەنە لاوەوە، وای لە ئێکسپێرسیۆنیستەکان کرد بیر لە گۆڕینی دۆخی ھەبوو بکەنەوەو رێگایەکی نوێ تاقی بکەنەوە.  ھەر لەم رووەوە دەکرێت ئێکسپێرسیۆنیسم بە یەکێک لە پێشەنگەکانی ھونەری پۆست مۆدێڕن بزانین.

مێژووی ئێکسپێرسیۆنیسم
بناغەی ئێکسپێرسیۆنیسم لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و لە ئاڵمان شکڵی گرت، بەڵام لەدایکبوونی ئەم قوتابخانە ھونەرییە بە شێوەی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٣ و سەرەتای سەدەی بیستەمی زایینی. ئەم قوتابخانە ھونەرییە زۆر زوو لە ئاڵمان لایەنگری پەیدا کرد و ھونەرمەندان روویانکردە ئەم قوتابخانە نوێییە ھونەرییە، بەڵام ماوەیەکی خایاند کە لە ئەورووپا بڵاوبێتەوەو بگۆزرێتەوە بۆ شوێنەکانیتری ئەورووپا، بە تایبەت فەرانسە. 
بەڵام ئەم قوتابخانەیە دوای چەند ساڵا بوو بە یەکێک لە قوتابخانە ھونەرییەکان کە لە ئەورووپا لایەنگری زۆری ھەبوو. بەڵام سەردەمی گەشەسەندنی ئەم ئێکسپێرسیۆنیزم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرکوتکاری و ترس و دڵەڕاوکەی جەنگی جیھانی یەکەم. ھەستی سەرکوت و ترس و دڵەڕاوکە کە دەرئەنجایم جەنگ بوو، بوو بە ھۆی ئەوەی ئەم ستایلە ھونەرییە- کە مەبەستە سەرەکییەکەی دەربڕینی ئەم ھەستانەبوو- بە لوتکە بگات. دەکرێـ دەیەی بیستەمی سەدەی بیستەم بە دەیەی زێڕینی ئێکسپێرسیۆنیسم بزانین. بەمەشەوە تەمەنی ئەم قوتابخانە ھونەرییە لە ناوەڕاستی دەیەی ٣٠ی سەدەی بیستەمدا ڕووی لە ئاوابوون کرد. دوو ھۆکاری سەرەکی لەناچوون و ڕوو لە ئاوابوونی تەمەنی ئەم قوتابخانەیە دەکرێت بە شێوەی خوارەوە دیاری بکەین.
١- ئەم قوتابخانەیە بە شێوەیەکی ڕادەبەدەر و بەرچاو گرێ درابۆوە بە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاڵمانی دوای جەنگی جیھانی یەکەم و دەیەی بیستەم، بە شێوەیەک کە دەکرێت ئێکسپێرسیۆنیزم بە ئاوێنەی باڵانوێنی سەرجەم کەڵکەڵە و دڵەڕاوکەو ھیواو خۆزگەکانی خەڵکی ئاڵمان بزانین لە سەردەمێکی مێژوویی دیاریکراودا. 
٢- ھۆکاری دووھەمی لە ناوچوونی ئەم قوتابخانە ھونەرییە ئەوە بوو ھیتلەر بە تەواوەتی دژ بە ھونەری ئێکسپێرسیۆنیزم بوو،  لەبەر ئەوەی ئەم قوتابخانە ھونەرییە ڕووی لە دەروونی کۆمەڵگا بوو و دژ بە دۆخی ھەبوو ھەڵوێستی دەگرت. ھەر بۆیە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی ھیتلەر چاودێری قورسی خستە سەر لایەنگرانی ئێکسپێرسیۆنیزم. 

لە راستییدا ئێکپێرسیۆنیستەکان یەکێک لە دیارترین و جیدیترین نەیارانی حکوومەت و دەسەڵاتی نازی بوون، لەبەر ئەوەی نازییەکانیان بە دژە ھونەر دەزانی. ھەر بۆیە ھیتلەریش بە تەواوەتی دژی پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی ئێکسپێرسیۆنیزم بوو. بەڵام لە ئێستەدا ئێکسپێرسیۆنیزم خەریکە دووبارە زیندوو دەبێتەوەو کۆمەڵێک بەرھەمی سینەمایی بەرھەم دێت کە لە ھونەری ئێکسپێرسیۆنیزمەوە نزیکن. (فیلمەکانی تێم بێرتۆن، نموونەی دیاری ئەو فیلمانەن کە بە ئێکسپێرسیۆنیزمی ھاوچەرخ دەناسرێن)، ھۆکاری ئەوەش کە ھونەرمەندان روویان ھێناوەتە ئێکسپێرسیۆنیزم و فیلمی ئێکسپێرسیۆنیستی بەرھەم دەھێنن، دەبێ لە دۆخی کۆمەڵگادا ببینینەوە. ئەو ڕووداوانەی کە لەم چەند ساڵەی رابردوودا ڕوویان داوەو بە تایبەت شەڕە یەک لە دوای یەکەکان، لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا، بە ھۆکاری سەرەکی زیندوو بوونەوەی ئەم ھونەرە دەزانرێت.
 لە دوای دەیەی ١٩٩٠ بە دواوە ھەستی ترس، بێباوەڕی و دڵەڕاوکە و ترس جارێکیتر باڵی بەسەر دونیادا کێشاوەو بە شێوەیەک ئەتوانین بڵێین دۆخێک خولقاوە کە لە دۆخی سەردەمی جەنگی جیھانی یەکەمەوە نزیکە کە سەردەمی گەشە سەندنی ئەم ھونەرەیە.

ئێکسپێرسیۆنیزم لە سینەمادا
سەردەمی دوای جەنگی جیھانی یەکەم، کە سەردەمێکی زۆر دژوار و ناخۆش بووە بۆ ئاڵمان، دەکرێت بە دەوڵەمەندترین سەردەمی سینەمای ئەم وڵاتە بزانین. پۆل رۆتا رەخنەگری ناسراوی سینەما لەم بارەوە رۆشتدەڵێت:» بە ئاوڕدانەوە لە سینەمای ئاڵمان لەم سەردەمەدا، بەوە دەگەین مەبەست لە دروستکردن و بەرھەم ھێنانی سینەما چی بوە». سینەمای ئاڵمان لەم سەردەمەدا ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو سەردەمی کۆمەڵگای ئاڵمان بوو. سەردەمی دوای جەنگی جیھانی یەکەم سەردەمی سەرکوتکاری، ترس و دڵەڕاوکەیە لە ئاڵمان و ئەم شتە لە سینەمای ئاڵماندا بە ڕوونی دەبیندرێت و رەنگی داوەتەوە.
فیلمی خوێندکاری پراگی (ئۆسکارمی ١٩١٣) یەکەم نموونەی دیار و بەرچاوی سینەمای ئێکسپێرسیۆنیستییە. ئەم فیلمە ٤٥ خولەکییە، چیرۆکی کەسێکە کە ڕۆحی خۆی بە شەیتان دەفرۆشێت و فرۆشی رۆح دەکرێت بە کەڵک وەرگرتن بزانین لە شانۆنامەی فاوست بەرھەمی گۆتە. لە نێوان ساڵانی ١٩١٣ بۆ ١٩١٩ بەرھەمێکی بەرچاو لە سینەمای ئەڵمان بەرھەم نەھات کە بکرێت لە قوتابخانەی ئێکسپێرسیۆنیزمدا پۆلین بەندی بکەین، تا ئەوەی ساڵی ١٩١٩ سینەمای ئێکسپێرسیۆنیستی بە شێوەیەکی کوت‌وپڕ بە فیلمی نوێنگەی دۆکتۆر کالیگاری (لە دەرھێنانی رابێرت ڤینە) بە لوتکەی خۆی گەیشت. نۆرینگەی دۆکتۆر کالیگاری، دەکرێت بە بەرھەمێکی سینەمایی بزانین کە خەریکی پێشبینی کردنە و پێشبینی سەرھەڵدانی دیکتاتۆرێکی وەک ھیتلەر دەکات. (ڤینە) دوای ئەم فیلمە، زۆری ھەوڵدا بگەڕێتەوە بۆ ئەم کارە سەرکەوتووەو جارێکیتر بەرھەمی لە چەشنی نۆرینگەی دۆکتۆر کالیگاری بەرھەم بھێنێت، بۆیە چەند فیلمێکی ئێکسپێرسیۆنیستی تری بەرھەم ھێنا، لەوانە دەستەکانی ئۆرلاک (١٩٢٤). سینەمای ئێکسێسپێرسیۆنیستی  لە دەیەی ١٩٢٠دا، بە ھۆی ھەوڵ و کۆششی دوو کەسیترەوە لە لوتکەدا مایەوە. F.W.Murnauو فریتزلاینگ، ئەو دوو کەسە بوون کە سینەمای ئێکسێسپێرسیۆنیستی ئاڵمانیان زیندوو ڕاگرت لە دەیەی ١٩٢٠دا.
(مۆرناو) بە دەرھێنانی فیلمی (نۆسفراتۆ) لە ساڵی ١٩٢٢، یەکێک لە باشترین فیلمە بێدەنگەکانی مێژووی سینەمای دروستکرد، ھەرچەند ناکرێت ئەم فیلمە بە تەواوەتی بە فیلمێکی ئێسکپێرسیۆنیستی بزانین، بەڵام شکڵی سێ گۆشە و گۆشەنیگای کامێرا، ئەبێت بە ھۆی دروستبوونی دۆخی ئێکسپێرسیۆنیستی. لە فیلمەکانیتری (مۆرناو) بۆ وێنە( دوایین پێکەنین -١٩٢٤) و (فاوست- ١٩٢٦)یشدا رەنگدانەوەو شوێن پێی ئێکسپێرسیۆنیزم بە تەواوەتی دەبیندرێت. (مۆرناو) ساڵی ١٩٢٧ پەیوەیست بوو بە ھۆلیوودەوەو فیلمەکانی بەرەبەرە تایبەتمەندی ئێکسپێرسیۆنیستییان لە دەست دا. 
بەڵام ( فریترلاینگ) تا دەیەی ١٩٤٠ درێژەی بە فیلمی ئێکسپێرسیۆنیستی دا و لەو چەند ساڵەی کارکردنیدا چەند بەرھەمی سینەمایی سەر بە ھونەری ئێکسپێرسیۆنیسمی بەرھەم ھێنا. لە دەیەی ١٩٢٠دا دوو فیلمی (جاڵجاڵووکەکان) و ( دۆکتۆر مابۆزەی قومارباز)ی بەرھەم ھێنا کە روانینی ئێسکپێرسێۆنیستیان بەسەردا زاڵە و سەرەنجام ساڵی ١٩٢٧ فیلمی (مێترۆپۆلیس)ی بەرھەم ھێنا کە تێچوویەکی زۆری ھەبوو و جارێکیتر سینەمای ئێکسپێرسیۆنیستی بردە لوتکە. فیلمی (مێترۆپۆلیس) بە شێوەیەک جگە لەوەی کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی ژیانی ماشینی ئاگادار دەکاتەوە، پێشبینی ئەوەی کردبوو کە ھیتلەر یان کەسێکی وەک ھیتلەر سەرھەڵدەدات و بە شێوەیەک دەرکەوتنی وەھا دیکتاتۆرێکی بە گرینگ دەزانی بۆ دوورکەوتنەوەی ئاڵمان لەو دۆخە ترسینەرەوەی کە دوای جەنگی جیھانی یەکەم سەری ھەڵدابوو، بۆیە بە یەکێک لەو فیلمانە دەزانرێت کە لە لایەن نازییەکانەوە پەسەند دەکرا و زۆر گرینگی پێدەدرا لە لایەن نازییەکانەوە و بە شێوەیەک بۆ بانگەشە و پڕۆپاگەندایان دەزانی بۆ دەسەڵاتەکەی خۆیان.
بەھەرحاڵ لانگ دوای ئەوەی سینەما لە سینەمای بێدەنگەوە بوو بە سینەمای دەنگدار، درێژەی بە فیلمە ئێسکپێرسیۆنیستییەکانی خۆیدا، فیلمی M(١٩٣١) فیلمێکی دەروونناسانە و کۆمەڵناسانەیە، فیلمێک کە نیشانە و دەرکەوتەکانی ئێکسپێرسیۆنیزمی بە ئاشکرا پێوە دیارە. لانگ دوای بەدەسەڵات گەیشتنی نازییەکان بەرەو ئەمریکا رۆیشت و لە ھۆلیوود خەریکی دروستکردنی فیلم بوو. بەمەشەوە ھیچکات تایبەتمەندی ئێکسپێرسیۆنیستی بەرھەمەکانی خۆی لەبیر نەکرد و ئەو تایبەتمەندییە بە فیلمەکانییەوە بە جوانی دیارە.

نۆرینگەی دۆکتۆر کالیگاری (١٩١٩)
نۆرینگەی دۆکتۆر کالیگاری دەکرێت بە بەرچاوترین نموونەی فیلمی ئێکسپێرسیۆنیستی بزانین کە سەرجەم تایبەتمەندییە ئێکسپێرسیۆنیستییەکانی پێوەدیارە. بۆیە لێرەدا وەک نموونە باس لەم فیلمە دەکەین وەک دیارترین نموونەی فیلمی ئێکسپێرسیۆنیستی. بیرۆکەی ئەم فیلمە ساڵی ١٩١٨ و دوای قەتڵی گومانئاوی کچێکی گەنج لە بازارێ (مەکارە)ی شارۆ ھامبۆرگ ، بە مێشکی شاعیرێکی خەڵک چێک بە ناوی (ھانس یانۆڤیچ)داھات و ئەو بە یارمەتی نیگارکێشێکی ئۆتریشی (نەمسایی) بەناوی کارل ماییەر، فیلمنامەی (کالیگاری) نوسی. ئەوان فیلمنامەکەیان خستە بەردەست (ئێریش پۆمەر) وەک بەرھەم ھێنەری ئەم فیلمەو (پۆمەر) رازی بوو بەرھەم ھێنانی ئەم فیلمە بگرێتە ئەستۆ. پۆمەر سەرەتا (لانگ)ی وەک دەرھێنەری ئەم بەرھەمە ھەڵبژارد، بەڵام (لانگ) ئەوکات خەریکی بەرھەم ھێنانی فیلمی (جاڵجاڵووکەکان) بوو. ھەربۆیە ئەو دەرفەتە کەوتە بەردەم (رابێرت ڤینە)ی نەناسراو کە دەرھێنەری شانۆبوو و بەم فیلمە ناوبانگی دەرکرد. نۆرینگەی دۆکتۆر کالیگاری زستانی ١٩١٩ بە سەرمایەی ٢٠ ھەزار دۆلار بەرھەم ھات و لە فێبریواری ١٩٢٠دا نمایش کرا. ناکرێت کاریگەرییەکانی ئەم فیلمە لە مێژووی سینەمادا، بە شێوەیەک کە بونیاد و ستراکچەری سینەمایی ئەم فیلمە لە بەشێکی زۆر لە بەرھەکانی ئەمڕۆدا دەبیندرێن.
ئەم فیلمە بە شێوەیەک بە یەکێک لە  یەکەم فیلمەکانی مێژووی سینەما دەزانرێت کە کات بە شێوەی ھێڵی ناچێتە پێش و لە چەند شوێن لە فیلمەکە فلاش باک دەبینین. ھەروەھا بادانەوەی گێڕانەوەیی کۆتایی فیلمەکە یەکێک لە یەکەم دیارترین بادانەوە گێڕانەوەییەکانە لە مێژووی سینەمادا. پلات و گەڵاڵەی فیلمەکە بەڕواڵەت سادەیە. (کالیگاری) کەسێکە کە توانای ھێپنۆتیزم کردنی ھەیە و دەچێتە شارێکی بچووکەوەو بە کردنەوەی دووکانی بچووک لە بازاری (مەکارە)، کەسێک بەناوی سێزار بە خەڵک دەناسێنێت کە بەدەم خەوەوە رێ دەکات. لەگەڵ ئەوەی ئەو دێتە ئەم شارەوە چەند کەس لە شارەکە دەکوژرێن و خەڵک گومانیان بۆ ئەو دەچێت، ئەو کاتەی بینەر لای وایە فیلمەکە لە کۆتایی نزیک بۆتەوە فیلمەکە بە بادانەوەیەکی گێڕانەوەی تووشی شۆکمان دەکات.
کالیگاری لە دڵی ھونەری مۆدێڕندا لە دایک بوو. لە حاڵێکدا ھۆلیوود ھۆلیوود تەنھا سینەمای وەک پیشەسازییەک دەبینی بۆ پارە کەڵەکە کردن و پارە دەرھێنان. سینەمای ئاڵمان سەرکەوتنی ھونەری بەدەست ھێناو رێبازێکی ھونەرییانەی ھەڵبژارد کە بەم فیلمەوە دەستی پێکرد و بە فیلمەکانی (مۆرناو) و (لانگ) بەردەوام بوو. توانجی سیاسی لە فیلمەکەدا بە ڕوونی دیارە، ھەروەھا دەکرێت کالیگاری بە رەمز و سیمبۆلی ئێمپراتۆری پرۆس و سێزار وەک سێمبۆلی خەڵکانی ناوشیار و مەسخ بووی ئاڵمان بزانین. ھەروەھا ئەم فیلمە دەکرێت نیشانەی دەرکەوتنی ھیتلەر بێت کە کە خەڵکەی وەک بووکەڵە بەدەستەوە دەگرت و ھێپنۆتیزمی دەکردن و دونیای بەرەو جەنگێکی ماڵوێرانکەر برد. دیمەن و دێکۆری فیلم کە ئێکسپێرسیۆنیستی و شێوەکاری بوون، بە تەواوەتی لە خزمەت ئەو شتەدا بوون کە فیلمەکە بەدوایەوە بوو. دەربڕینی کێشەو گرفتەکان و سەرکوت و سەرکوتکاری زاڵ بەسەر کۆمەڵگدا. ھەربۆیە دەکرێت ئەم فیلمە بە دیارترین و کامڵترین فیلمی ئێکسپێرسیۆنیستی بزانین لە مێژووی سینەمادا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7321
23/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بۆڵت له‌ له‌نده‌ن به‌شداری 200 مه‌تر ناكات 23/7/2017
‌ بۆندێكی بۆ ماوه‌ی‌ 5 وه‌رز له‌گه‌ڵ چێڵسی ئیمزاكرد 23/7/2017
زانست
‌ بۆ گه‌رمای هاوین خواردنه‌وه‌ی ئاوی شله‌تێن باشه‌ 23/7/2017
‌ ته‌نه‌ ئاڵۆزه‌كانی گه‌ردوون، ئامانجی به‌ هێزترین ته‌لسكۆبی جیهانه‌ 23/7/2017
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP