سەفین لەبن دێ‌و یەكێتی لەبن نایەت
گوڵزاری وتەو راسپاردەکانی مام سەفین لەبن دێ‌و یەكێتی لەبن نایەت ‌ 6/10/2017
بۆ یەكێتییەكان و بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش، هەمیشە خەرمانی دەوڵەمەندی وتەو وتارو بانگەوازەكانی مامی گەورەمان سەرمایەیەكی مەزنی كوردایەتی و مەردایەتییە، لە گوڵزاری وتەو راسپاردە جوانەكانی مامی یەكێتی و رابەری شۆڕشی نوێخوازی گەلەكەمان، 1 / 6 / 2015 لەیادەکەی یاخسەمەردا  چەپكێك ڕاو ڕاسپاردەو رێنوێنی بۆ بیرەوەری چل ساڵە پێشکەشکرا كە لەیەك كاتدا هەم بەسەركردنەوەی رەوتی تێكۆشانی شۆڕش و هەمیش رۆشنكەرەوەی رێی خەباتی ئەمڕۆ و داهاتووی یەكێتی بوون. ئەمەی خوارەوە دەقی وتەو راسپاردە هەڵبژێردراوەکانە، کەڕاستەوخۆ پێشکەشی جەماوەر کراو لەکەناڵەکانی کوردسات‌، گەلی کوردستان، کەناڵی ئاسمانیی کەرکوک‌، بادینان سات‌و کەناڵەکانی دیکەی راگەیاندنی یەکێتییەوە پەخش کرا.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلایەن چەند رەوشەنبیرێكی كوردەوە بیروڕایەكەی گەڵاڵە كرا، لەمایسی ساڵی 1975 دا، لەشام كۆبوونەوەیەك كرا، بەبەشداری هەڤاڵان «د.فوئاد، عەبدولڕەزاق فەیلی، مام جەلال، وەچەند برادەرێكی تر» بۆ دانانی رێكخراوێكی سیاسیی تازە لەكوردستاندا، لەسەر ئەساسی ئەو راستیانەی خوارەوە:
یەكەمینیان كە جوڵانەوەی رزگاریی نیشتمانیی دیموكراتی خەڵكی كوردستان كە پێی دەگوترێت كوردایەتی، وەك جوڵانەوەیەكی بابەتی مێژوو كرد، هەر لەكایەدایە، هەتا رزگاربوونی كوردستان‌و بەدیهێنانی ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان ئەو جوڵانەوەیە هەر دەمێنێت.
***
ئەو نامیلكەیەی كە بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆچی؟ دەرچووە و لەدەرەوە بەعەرەبی نوسرابوو، شەهیدی نەمر شاسوار جەلال (كاك ئارام) كردویەتی بەكوردی‌و، بڵاویكردبۆوە لەوڵاتدا، ئەو وەختە، بەو پەلە پەلە، بەدیهێنانی حزبێك لەتوانادا نەبوو، لەبەرئەوە دەبوایە رێكخراوێكی فراوان دابنێین كە واقیعی موجتەمەعی كوردستان‌و وە پێویستییەكانی گەشەكردنی موجتەمەعی كوردستان رەچاو بكات، بۆیە بیركرایەوە لەشێوەیەكی نیمچە بەرەیی وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە هەم رێگا بەتاك بەتاك نەفەر بدات ببن بەئەندام لەناویا، وە هەم رێگا بەڕێكخراو و دامەزراوی شۆڕشگێڕانەی سیاسی كوردستانیش بدات. ئەوێ رۆژێ هەر كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان لەكایەدابوو، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكۆمەڵێك كەسانی تێكۆشەرو شۆڕشگێڕو پێشكەوتنخواز و كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان پێكهێنرا. 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە 21ی مایسی 1975 دا مسوەدەی بەیانی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی تەسدیق كرد، كە ئەو بەیانە لەلایەن مام جەلال-ـەوە نوسرابوو، بەڵام هەڤاڵان د.فوئاد، عەبدولڕەزاق فەیلی لەچایخانەی تولەیتولە لەشام خوێندیانەوەو تەسدیقیان كرد.
***
ئەوەبوو مەفرەزەی یەكەمی تێكۆشەرەكانی كۆمەڵە لەهەڵەبجەوە دەستیپێكرد، هاتەدەرێ، دوا بەدوای ئەوە هەڤاڵانی تری شەهید ئارام‌و شەهید ئازادو پاشان تێكۆشەرانی تری وەك كاك بەختیارو كاك سالارو كاك عومەر عەبدوڵڵاو ئەوانەش هەموو هاتنە دەرێ، دوا بەدوای ئەوانیش هاتنە دەرێی كاكە دەبابەو شەهید عەلی عەسكەری‌و شەهید خالید بوو، كە ئەویش گڕو تەوژمێكی گەورەی دا بەشۆڕشەكە، ئەوان وایانكرد كە سەدان كەس  بێتە دەرێ‌و هەڵسێت‌و شۆڕشەكە پەرە بسێنێت.
***
خوشك‌و برایانی خۆشەویست...
كوردستان‌و گەلەكەمان لەهەلومەرجێكی یەكجار دژوارو ناخۆشدا بوو، تازە  گەورەترین شۆڕشی كوردستان هەرەسی هێنابوو، یان هەرەسی پێهێنرابوو، نائومێدی باڵی رەشی كێشابوو بەسەر كوردستاندا، داگیركەران پێیان وابوو ببڕای ببڕای جارێكی كە كورد ناتوانێت بچێتەوە شاخ‌و شۆڕش هەڵگیرسێنێتەوە، وتەی سەركردەیەكی عەرەبم لەبیرە، كە جارێكیان لەگەڵ من قسەیكرد، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عیراق، منیش دەسەڵاتم پێداو وتم: بزانە چی دەڵێن‌و چی دەدەن، كە چووبوو لەگەڵ كاربەدەستان قسەیكردبوو، باسی ئەوەی كردبوو كە ئەگەر هەق نەدەن مومكینە جارێكی كە تووشی گێچەڵ ببنەوە، وای وتبوو، وتبووی « تطلع نخلة براسهم، جارێكی كە ناتوانن حەوت كەس بنێرنەوە شاخ»، یەعنی لەسەر سەرمان دارخورمایەك شین دەبێت، ئاسانترە لەوەی بتوانین شەش كەس بنێرینەوە شاخ، بەڵام زۆری پێنەچوو، ساڵێكی پێنەچوو سەدان كەس چوونەوە شاخ، وە توانرا ئەم ڕاستییە بسەلمێنرێت كە داگیركەران هەمیشە لێكدانەوەكانیان هەڵەو ناڕاست‌و ناڕەوا بووە بەرامبەر خەباتی گەلەكەمان. بێ ئەوەی هیچ دارخورمایەك لەسەرمان شین ببێت، توانیمان شۆڕشێك لەكوردستانی عیراقدا هەڵگیرسێنینەوە.
***
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێبازێكی نوێ ‌وە، گونجاو لەگەڵ رەوتی گەشەكردنی كۆمەڵایەتی، بەبیرو باوەڕێكی تازەوە، گونجاو لەگەڵ پێداویستییەكانی گەشەكردنی كۆمەڵایەتی، بەهیواو ورەو جۆرێكی نوێ لەخەباتەوە هاتەوە كایە، كە لەگەڵ سەردەم دەگونجا، بۆیە توانرا ئەم شۆڕشە لەسەرەتایەكی زۆر ناخۆشدا، لەكاتێكدا كە بەپێچەوانەی خەباتی گەلان، شۆڕش لەهەڵچوون‌و پێشكەوتنی خەبات دەستپێدەكات، هی ئێمە لەهەرەسهێنان‌و كوژانەوەوە هەڵگیرسایەوە و توانی  هەرەس بەهەرەس بهێنێت، ئەم قارەمانانە هەرەس هێنەرن بەهەرەس، ئەوانەن كە لەگەڵ شەهیدە نەمرەكانمان لەگەڵ ئەو شەهیدانەی كە گیانی پاكیان لەسەرەتای شۆڕشەكەماندا بەختكرد، لەگەڵ شەهیدانی نەمر، ئیبراهیم عەزۆ، سەعدی گچكە، لەپاشان قارەمانی گەلەكەمان عەلی عەسكەری، ئنجا شەهیدانی تر ئەندامانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، توانیان ئەم شۆڕشە هەڵگیرسێننەوەو بەم رۆژەی بگەیەنن، شەهیدی نەمر شەهید شیهاب یەكەم قارەمانی گەلەكەمان كە هەڵواسرا، وە دلێرانە چووە سەر سێدارەی دوژمنەكانمان، وە دروشمێكیان بۆ داهێناین كە دروشم « كەم بژی ‌و كەڵ بژی»، كە بوو بەوێردی سەر زمانی پێشمەرگە، وە هاندەریان بۆ خۆڕاگری‌و فیداكاری ‌و نەترسان لەدوژمن.
***
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەم راستییەی دەزانی، كە لەكوردستانی ئەوێ رۆژێ دا، بۆ تەنانەت خەباتی سیاسی فیكری، ئەدەبی رێكخستن، خەباتی چەكدار پێویست بوو، بوونی پێشمەرگە قارەمانەكان لەشاخ، با ژمارەشیان كەم بێ هاندەربوو بۆ كۆمەلانی خەڵكی كوردستان لەشار بۆ خۆ رێكخستن‌و خۆسازدان‌و خۆ ئامادەكردن بۆ خەباتی درێژخایەنی شۆڕشگێڕانە، لەبەر تیشكی ئەم راستییە بوو كە بەماوەیەكی كەم رێكخستن لەسەرتاسەری كوردستان دروستبكرێتەوە، وەتوانرا خەباتی شارو لادێ پێكەوە گرێ بدرێتەوە، بەجۆرێك كە بێ وێنە بێ لەمێژووی گەلەكەماندا، وە بۆ یەكەمجارە لەمێژووی گەلەكەماندا حزبێكی سیاسیی بەم بیرو باوەڕە پێشكەوتنخوازەو بەم رێبازە نوێیەوە، پشت بەستن بەخوای خۆی، بەگەلی خۆی، خەڵكی خۆی، هێزی خۆی، دەتوانێت سەركەوتنێك بۆ گەلەكەمان بەدەستبهێنێت.
شۆڕشەكانی تر هەموویان لەگۆمی خوێن‌و فرمێسك نقوم كراون، وە سەركردەكانمان لەدەرەوەی وڵات سەریان ناوەتەوە، بەڵام ئەم شۆڕشەمان ئەنجامی ئەوەیە كەوا بەشێكی گرنگی كوردستانەكەمان رزگاری بووە.
***
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێبەری كۆڵنەدەری كوردایەتی‌و شۆڕشەكەیەتی، نەك وا هەر بەشاخەوەیەو لەدەرەوەیە، بەڵكو تا سەركەوتن یا مردن، تا بەدەستهێنانی مافەكانی دیموكراتی‌و نەتەوایەتی گەلی كوردستان هەر درێژە بەخەبات دەدات، بەهەموو شێوەكانی خەباتەكەوە، گفتوگۆش بەلای ئێمەوە هەر شێوەیەكی ئەو خەباتەیە، هەر وەسیلەیەكە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلەكەمان.
***
 هەروەها پێویستە ئەم راستییەمان لەبیر نەچێت كە ئێمە هێزێكین، لەسەرەتاوە هەوڵمان داوە بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی نیشتمانیی، باوەڕمان بەفرە حزبی هەبووەو  ئێستاش دەبێت ئەم خەباتە بكەین بۆ ژیانەوەی جۆرێك لەبەرەی كوردستانی، ئەمە كە شەرتێكی ئەساسیە بۆ یەكێتی ریزەكانی خەڵكەكەمان، هەروەها بۆ جۆرێك لەیەك بەرەی  نیشتمانیی عیراقیش كە پێكبێت لەهێزە دیموكرات‌و ئیسلامی‌و هێزە پێشكەوتوخوازەكان، بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان‌و رێبەری كردنی رەوتی بەرەو پێشەوە چوونی عیراق.
***
پێویستە هەموو كەس ئەو راستییە بزانێت، كە خەڵكی كوردستان، گەلی كوردستان، وەكو هەموو گەلانی تری دنیا مافی چارەی خۆنووسینی هەیە.
***
نەمانی سیاسەتی چەوسانەوەی تائیفی، چەوسانەوەی  قەومی، دەستكەوتی گەورەیە، رەنگە هەندێك لەخوشك‌و براكان ئەوەیان بەبیرا بێت كەباسی سیاسەتی چەوسانەوەی تائیفی دەكەین، كە هەر برا عەرەبە شیعەكانی گرتبێتەوە، پێم وایە كە ئەگەر لێی وردبینەوە، لەپێش هەمووان كورد لە سیاسەتی چەوسانەوەی تائیفی چێشت، خوشك‌و برا فەیلییەكانمان قوربانیی یەكەمی ئەم سیاسەتە گڵاوە بوون، سەدان هەزاریان دەربەدەركران، ماڵ‌و موڵكیان لێ داگیر كرا، وە نزیكەی دوو هەزار لاوی خوێندەوارو هەڵكەوتوویان زیندانی كران‌و ئەنفال كران، یەكەم ئەنفال بەسەر ئەواندا هات، هەروەها برا توركمانەكانیشمان لەم سیاسەتەیان چێشت، نەمانی سیاسەتی چەوسانەوەی قەومیش هەروەها هەر بۆ كورد باش نەبوو، بەڵكو بۆ توركمان‌و بۆ ئاسوریش باش بوو، مەسیحی هەموو بەیەك خەت كرابوون بەعەرەب، توركمان ناچار كرابوون بڵێن ئێمە یان كوردین یان عەرەبین، گوتیان توركمان نییە، كوردیش خۆتان دەزانن بەتەمای چی بوون بەسەرمان بهێنن هەنگاو بەهەنگاو، رزگاربوونمان لەو بەڵایانە دەستكەوتی گەورەن، بەڵام شتی تریشمان ئێمە دەستكەوتووە، بۆ یەكەمجارە كوردستان لەشەنگالەوە هەتا بەدرەو جەسان رزگارە.
***
من كە دەڵێم كەركوك ناوچەكانی ترم لەبیرە، لەشەنگالەوە لەبیرمە هەتا خانەقین، هیچ ناوچەیەكم لەبیر نەچووە، بەڵام كەركوك بۆتە رەمزی ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان.
***
 ئێمە لەخەباتماندا لەپێناوی مافەكانی گەلی كورد، برا توركمانەكانمان لەبیر ناچێت، برا كلدۆ ئاشوورییەكانمان لەبیر ناچێت، بەڵكو دەمانەوێت ئەوانیش چ لەناو چوارچێوەی عیراقدا، وە چ لەناو چوارچێوەی كوردستاندا بەمافە رەواكانی خۆیان شادبن، وە ئامانجەكانیان ئێمە خەباتی بۆ بكەین بۆ ئەوەی بێتەدی.
***
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەم دروشمەی هەڵگرتبوو كە «یا كەركوك‌و خانەقین، یا تاماوین ئەجەنگین».
***
دەمەوێت سوپاسێكی تایبەتی بنێرم بۆ خەڵكی ناوچە دابڕاوەكان، بۆ خەڵكی كەركوك‌و شەنگال‌و خانەقین‌و مەخمورو هەموو شوێنەكانی تر، كەبەجۆش‌و خرۆشێكی زۆرەوە كە هاتوونەتە كۆڕی خەبات، كۆڕی خەباتی پەرلەمانی، كۆڕی هەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی نوێنەرەكانی خۆیان، بۆ ئەوەی جارێكی تر بەدنیای بسەلمێننەوە كە  ئەم ناوچانە كوردستانە، وە بەزۆری زۆردار لەكوردستان دابڕاوون.
***
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم سەردەمەدا ئەم دروشمەی بەرزكردۆتەوە « كە ژنان‌و گەنجانی كوردستان بەرەو سەركردایەتی، بەرەو وەزارەت‌و حكومەت، بەرەو بەشداریی لەپەرلەمان‌و  پێویستە هەنگاوبنێن‌و پێویستە یارمەتیان بدرێت‌و پێویستە دەستیان بگیرێت»، ئەم دروشمەی یەكێتیی بۆ ئەوەیە كە بەهێزی زۆرو زەبەندی لەبن نەهاتووی ژنانی كوردستانیش بخەینە پاڵ توانای براكانیان، لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجەكانی نەهاتووەدی، وە لەپێناوی چەسپاندنی ئامانجەكانی ئەوەی كە تائێستا هاتوونەتەدی، بەشداریی كاریگەری خوشكان، هەڤاڵانی ژن لەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، ئەهمیەتێكی گەورەی هەیە، ئەهمیەتێكی گەورەی هەیە نەك هەر لەنوێ كردنەوەو گەشەپێدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نەك هەر لەپێشخستن‌و سەرخستنی رەوتی دیموكراسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵكو شەرتێكی ئەساسیشە بۆ بەهێزكردنی یەكێتی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە  یەكێتی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەركی پیرۆزی هەموو لایەكمانەو، پێویستە وەك بیلبیلەی چاوەكانمان بی پارێزین.
***
لەگەڵ ئەو هەموو سەركەوتنانەی بەدەستمان هێناوە هێشتا ماومانە،  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێویستە چاوێكی جدی بەخۆیدا بخشێنێتەوە، رێكخستنەكانی نوێ بكاتەوە ساز بداتەوە، خوێنی تازەیان تێ بگێڕێت، روو بكاتە لاوان‌و ژنانی كوردستان، زیاتر لەجاران ئهتمامیان پێ بدات، وە چاكتر دەستیان بگرێت بۆ بەدیهێنانی ئاواتەكانیان، پێویستە ئەم راستییەمان لەبیرنەچێت كە ئێمە لەسەرەتاو ئێستاو هەتاسەریش، هێزی رەنجدەرانی بیرو بازووی  خەڵكی كوردستانین، هێزی ئەو كەسانەین كە لەڕۆژە رەشەكاندا پشتیوانمان بوون، لەگەڵمان بوون، هێزی خانووە قوڕەكانین، پێش ئەوەی هێزی خانووە قەسرو نوێیەكان بین، راستە وەكو نیشتمانیی، ئێمە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هێزی هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانین، وە لەپێناوی دەستكەوتی گشتی خەبات دەكەین، بەڵام نابێت پێكهاتەی خۆمان لەبیر بچێت، نابێت لەبیرمان بچێت كە كێ لەناو كۆمەلانی خەڵكی كوردستان پێویستیی بەیارمەتییە، كە خزمەتگوزارییەك دەكەین پێویستە لەهەژارەكانەوە، لەگەڕەكە دواكەوتووەكانەوە، لەنەدارەكانەوە دەست پێ بكەین، چونكە، ئەوان پێویستیان بەو جۆرە خزمەتگوزارییە زیاتر هەیە لەكۆمەڵانی خەڵكی تر، لەخوا پێداوان. 
***
 بەڕێزان سڵاوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش وەك بەشێك لەگەلی عیراق لەهەموانتان دەكەم، مایەی شانازیمانە كە كوردستانی عیراق هەروەك لەكاتی خەبات لەدژی دیكتاتۆریەت، قەڵای ئازادیخوازانی هەموو ئۆپۆزسیۆنی عیراق بوو، ئا ئەوهاش لەڕووی تاقیكردنەوەی دیموكراسی‌و ئاوەدانكردنەوەوە وە گەشپێدانی ئابووری ‌و كۆمەڵایەتی ‌و فەرهەنگییەوە بۆتە نمونەیەكی زیندوو، ئەم راستییە دەسەلمێنێ كە خەڵكی ئازادو دیموكرات ئەتوانن، پێشڕوی گەشەپێدانی هەموو هەمەلایەنەی ژییان بن.
***
پێویستە ئەم بیرەوەرییە هاندەرێك بێت بۆ هەموو تێكۆشەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە بەگوڕتر، بەتەوژم تر، بەتواناتر، ژیرانەتر، درێژە بە خەباتەكەیان بدەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانمان، هیچ نابێت وا تێبگەین پاڵی لێبدەینەوە، كە وا ئەوە رۆژی رزگارییەو بەئازادی‌و بەخۆشی لەكوردستان بەسەری دەبەین، هەموو ئیشێكمان تەواو بووە، نەخێر تەواو نەبووە، پێویستە خەبات بكەین بۆ چەسپاندن‌و تەواوكردنیان.
دیارە لەم رۆژەدا نابێت ئەم راستییەمان لەبیربچێت كە شەهیدە سەروەرەكانمان، چ ئەندامانی سەركردایەتی، چ كادیرەكانمان، چ ئەندامانی ریزەكانی خوارەوە، چ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، چی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، فیداكارییەكانی گەلێ زۆریان كردووە بۆ بەدیهێنانی ئەم رۆژە.
***
لەوڵاتی ئێمە جیلێكی نوێ پێگەیشتووە، كە شۆڕشی نەدیوە، لە راپەڕینەوە تا ئێستا بیست ساڵ تێدەپەڕێت، چەند ساڵێكیش لەدواتر، حساب بكەن جیلێك هەیە، كە لە كوردستانی خۆمان پێگەیشتووە و شۆڕشی نەدیوە، بۆیە نابێت ئێمە هەر لەسەر سەروەرییەكانی شۆڕش، لەسەر چەپكە گوڵی سەروەرییەكان، خەومان لێ بكەوێت، ئەم راستیانە لەمیللەت نەگەیەنین، كە ئەمڕۆ بەری دوێنێ یە، ئەو ئازادی‌و دەستكەوتانەی هەمانە، بەری خوێنی شەهیدە نەمرەكانە، بەری خەبات‌و هەڵمەتی پێشمەرگەی قارەمانی كوردستانە.
***
پێم خۆشە شتێكی كەش بڵێم، رووم بكەمە ئەندام‌و كادیرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە بەو جۆش‌و خرۆشەی ئێستەوە، هەڵمەت بەرن بەرەو كۆنگرێسی داهاتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەو جۆش‌و خرۆشەوە خەبات بكەن بۆ ئەوەی كۆنگرێسی داهاتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆنگرێسی پتەوكردن‌و چەسپاندنی یەكێتیی ناو یەكێتی بێت، هەڵبژاردنی سەركردایەتی شایستەی یەكێتی بێت، خوێنێكی نوێ بكرێتە لەشی یەكێتی، وە ئەمجارە ژنان، گەنجان سەربخرێن بەرەو سەركردایەتی. 
***
یادی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یادێكی حزبیی تەسك نییە، بەڵكو یادێكی نیشتمانیی گەورەیە، یادێكی نیشتمانییە نەك هەر لەكوردستانی عیراق‌و لەعیراق، بەڵكو لەسەرتاسەری كوردستان، بۆیە ئەمڕۆژە رۆژێكی نیشتمانیی كوردستانی‌و عیراقی، بگرە لەدنیاش، لەدنیای پێشكەوتنخوازیش ئەم یادی یەكێتییە حسابی بۆ كراوە، لەدنیای پێشكەوتنخوازیش ئەم رۆژە بەڕۆژێكی پیرۆز دادەنرێت. لەبروسكەیەك كە ئەمڕۆ لەسەرۆكی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال‌و سكرتێری گشتییەكەی پێمان گەیشتووە، دەڵێ: ئەم رۆژی، وە ئەم خەباتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، مایەی شانازیی هەموو سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالە لەدنیا.
***
پێویستە ئەم راستییە بڵێم ئێمە دوژمنایەتیی هیچ كەسێكمان پێ خۆش نییە، بەڵام شیعاری ئێمە (یصادق ‌و من یصادقنا، نعادی من یعادینا) هەر كەسێك دۆستایەتیمان بكات، ئامادەین دۆستایەتیی بكەین، ئامادەین هاوكاریی بكەین لەگەڵ هەر كەسێك كە بیەوێت هاوكارییمان بكات، دۆستایەتیی بكەین لەگەڵ هەر كەسێك بیەوێت دۆستایەتیمان بكات، هەر كەسێكیش دوژمنایەتیمان بكات، ئەوە سەری خۆی دەدا لە تاشە بەردەكانی كێوەكانی كوردستان.
***
سوپاسێكی تایبەتی كادرو ئەندامانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكەم، كە بەو هەڵمەت‌و جۆش‌و خرۆشەی نیشانیاندا كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزێكی جەماهیریی گەورەی لە بن نەهاتووە، سەفین لە بن دێ‌و یەكێتی لە بن نایەت.
***
خوشك‌و برایانی خۆشەویست، من ئەم رۆژە، كە بەڕۆژێكی زۆر پیرۆزو رۆژێكی زۆر خۆشی دەزانم، ناوی رۆژی پێزانین‌و رۆژی نرخاندن‌و هەڵسەنگاندنی لێ دەنێم، رۆژی پێزانینی چاكەو جوامێریی‌و لەخۆبوردوویی خەباتگێڕە گیانلەسەردەستەكانی كاروانی رزگاریی‌و دیموكراسیی كوردستانی عیراق، كە لەڕۆژێكدا چوونە شاخەكانی كوردستان، هاتنە كۆڕی خەباتی شۆڕشگێڕانەوە، خەڵك پێیوابوو ئەوانە تێكچوونە، سەریان لێ شێواوە، ئەگینا چۆن دەتوانن بەبێ چەك، بەبێ ئەوەی شتێكیان مسۆگەر كردبێت لەدەوروبەریان ئەچنەوە بەگژ دەوڵەتێكی سەركەوتوو لەشەڕێكدا خۆبەزلزان كە رۆژهەڵات‌و رۆژئاوا پشتیوانیی لێ دەكرد، ئەم قارەمانانە بەگیانی فیداكاری‌و خۆنەویستی‌و لەخۆبردنەوە هاتنە كۆڕی خەباتەكە، بەڵام دیارە، چونكە لێكدانەوەكە راست بوو، ئەوانەی شەهید بوون چوونە كاروانی نەمرانەوە، ئەوانەشی مانەوە بەسەربەرزیی ئەمڕۆ لەبەرامبەر میللەتەكەیان رادەوەستن‌و بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان رادەگەیەنن كە ئێمەین ئەو كەسانەی مەشخەڵی یەكەمی شۆڕشی نوێی ئەمجارەمان هەڵگیرساندو لەخەباتی خۆماندا رانەوەستاین‌و كۆڵمان نەدا تا بەو رۆژەمان گەیاند، رۆژی رزگاریی بەشێكی كوردستان‌و دامەزراندنی حكومەتی هەرێم‌و هێنانەكایەی ئەمڕۆژە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، لەهەمان كاتدا ئەم رۆژە رۆژی نرخاندن‌و هەڵسەنگاندنی گیانی شۆڕشگێڕانەو ورەی پۆڵاین‌و ئیرادەی خۆڕاگریی‌و كۆڵنەدانە، ئەمڕۆ ئێمە وەفادار بۆ تێكۆشانی ئەم تێكۆشەرانە، وەفادار بۆ لەخۆبوردوویی ئەوان، وەفادار وە نرخدەر وە هەڵسەنگێنەری راستەقینە بۆ ئەو گیانە شۆڕشگێڕانەیەی كە پاڵی بەوانەوە نا، ئەوانی جۆشدا، ئەوانی هەڵسوڕاند لەزروفی سەخت‌و ناخۆش‌و دژواری كوردستاندا درێژە بەخەبات بدەن، شۆڕش هەڵبگیرسێننەوە، وە بچنەوە بەگژ هەموو ئەو دوژمنانەی گەلەكەمان كە نەك هەر لەناوەوەی وڵات، بەڵكو لەدەوروبەری وڵاتیش رێگرو ناحەزی شۆڕشەكە بوون. ناڵێین هەر شاخەكانی كوردستان پشتیوانمانە، راستە شاخەكانی كوردستان هەمیشە پشتیوانمان بووەو هەوارگەمان بووەو حەشارگەمان بووە، بەڵام ئەمڕۆ كۆمەڵانی خەڵكی خۆمان لەشارو لەلادێ، دنیا لەدەرەوە، سۆسیالیست دیموكراتەكانی هەموو دنیا، پێشكەوتنخوازەكانی هەموو دنیا، سەوزەكان، شیوعییەكان لەدنیا، وە ئازادیخوازو دیموكرات‌و هەموو مرۆڤدۆستانی دنیا پشتیوانیمان لێ دەكەن، چیتر هەر شاخەكان نییە، بەڵكو شاخەكانیش بەشێكە لەو پشتیوانە زۆرو زەوەندەی كە لەدنیا هەمانە، كە هیوادارم بتوانین بیپارێزین.
***
من بەشبەحاڵی خۆم تێدەگەم ئەو كۆبوونەوەیەتان، ئەو چەپڵەڕێزانەتان بۆ شەخس نییە، بەڵكو بۆ بیروباوەڕە، بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بۆ شۆڕشە، بۆ گەلە.
***
خوشك‌و برایانی خۆشەویست، لەناخی دڵەوە سوپاسی بێپایانی ئەو هەموو هەست‌و پەرۆشی‌و دڵسۆزییەتان دەكەم كە بەرامبەر بەندەی موخڵیسی خۆتان نیشانتاندا، ئەو هەستە قورسەی ئێوەی بەڕێز وام لێ دەكات كە جارێكی دیكە بەڵێن دووپاتبكەمەوە بۆتان، هەتا دوا دڵۆپێك خوێن، تا دوا هەناسە، لەپێناوی بەدیهێنانی هەموو ئامانجەكانتان خەبات بكەین.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP