ئێواره‌ت باش مامه‌ گیان
ئێواره‌ت باش مامه‌ گیان ‌ 9/10/2017
شوان كه‌ریم كابان

ئێواره‌ی ماندوو نه‌بوون‌و هیلاك نه‌بوون‌و كۆڵنه‌دان‌و به‌رخودان‌و شۆڕشی درێژخایه‌نت باش.
 ئێواره‌ت باش مامه‌... ئێواره‌ی ته‌مه‌نێك وه‌ك ته‌مه‌نی رۆژ ته‌مه‌نێك وه‌ك گوڵه‌ گه‌نم به‌نرخ  ته‌مه‌نێك وه‌ك ئاو رون و زه‌لال ته‌مه‌نێك وه‌ك خاكی كوردستان به‌پیت‌و به‌ره‌كه‌ت ئێواره‌ت باش مامه‌ گیان ... ئێواره‌ی قوتابخانه‌ی ئولا‌و پۆله‌كانی مه‌كته‌ب و رازو خواسته‌كانی كۆلێژی یاسا و چرپه‌چرپی شانه‌كانی رێكخستن ... 
مامه‌ ئێواره‌ت باش .. ئێواره‌كانی چه‌می ره‌زان‌و رایات‌و قه‌ندیل‌و سێ سنورو نێوزه‌نگ‌و زه‌ڵێ‌و بالیسان‌و وه‌رتێ‌و دۆڵی جافه‌تی‌و قه‌لاچوالان‌و یاخسه‌مه‌رو ئاڵوه‌تان‌و سێروان‌و قه‌ره‌داغت باش هه‌موو ئێواره‌كانت باش ... ئێواره‌كانی برسێتی ئێواره‌كانی شه‌كه‌تی رێ ی دوور ئێواره‌كانی ژێر تۆپ باران‌و بۆمب باران‌و كیمیاباران ئێواره‌كانی نێو سه‌نگه‌ر ئێواره‌كانی شۆڕش‌و حه‌ماسه‌تت باش مامه‌... ئێواره‌ت باش پیاوه‌ به‌ ئه‌مه‌كه‌كه‌ی كۆیه‌ و سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و رانیه‌‌و گه‌رمیان و مهاباد‌و سنه‌‌و كرماشان‌و ئامه‌د‌و ده‌رسیم‌و جزیره‌ و كۆبانی‌و عه‌فرین.
 ئێواره‌ت باش پیاوه‌ ئازاكه‌ی حه‌فتا ساڵ پێشمه‌رگایه‌تی و شۆڕش و خه‌بات و تێكۆشان، بۆ كورد، بۆ ئازادی، بۆ مافی مرۆڤ، بۆ پیرو گه‌نج، بۆ ژن و پیاو، بۆ هه‌موو، بۆ مرۆڤایه‌تی.
ئێواره‌ت باش پیاوه‌ خه‌مخۆره‌كه‌ی نیشتمان كێ ئیتر هه‌واڵی باران بارین بپرسێ كێ ئیتر خه‌می ئاوی ده‌ریاچه‌كان بخوات كێ ئیتر هه‌واڵی هه‌ژاره‌كان بپرسێ و بزانێ به‌ برسێتی خه‌وتوون یان به‌تێری كێ مناڵی شه‌هیده‌كان بلاوێنێته‌وه‌.. كێ بزانێ پێشمه‌رگه‌ گیرفانی خاڵییه‌ یان پڕ كێ ئاوی داره‌كانی رێی سلێمانی-قه‌لاچوالان بدات كێ قه‌ڵه‌می گوڵه‌ باخه‌كانی قه‌لاچوالان بكات كێ هه‌واڵی نه‌وره‌سه‌كانی ده‌ریاچه‌ی دوكان بپرسێ كێ خه‌می ژنه‌ ره‌شپۆشه‌كان بخوات، مامه‌ گیان كێ گۆرانی خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی بڵێته‌وه‌، مامه‌ گیان .. كێ ... 
مامه‌ گیان.. تۆ ئه‌و تفه‌نگه‌ بووی كه‌ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر پێ بوویت‌و ئه‌و ده‌سته‌ش بووی كه‌ ده‌ چڵ زه‌یتونت پێ بوو مامه‌ گیان .. تۆ .. ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ بووی كه‌ بنه‌ماكانی مافی چاره‌ی خۆنوسینی گه‌لی كوردستانت نوسییه‌وه‌ مامه‌ گیان .. تۆ ئه‌و گه‌روه‌ بوویت كه‌ سروودی ده‌می راپه‌ڕینت ده‌وته‌وه‌و له‌نێو له‌پی ده‌سته‌كانتا كۆتره‌كانی ئاشتی  گه‌وره‌بوون... ئێواره‌ت باش .. ئه‌م سه‌فه‌ره‌ ناوه‌خته‌ بۆ ... ئه‌م برینه‌ بێ ساڕێژبونه‌ بۆ ... ئه‌م حه‌سره‌ته‌ بێ كۆتاییه‌ بۆ ... مامه‌ گیان زوو نه‌بوو هێشتا بۆ سه‌فه‌ر؟.. خۆ هێشتا كاروانه‌كه‌ زۆری ماوه‌ بگاته‌ مه‌نزڵ هه‌میشه‌ تۆ راستت ده‌وت كه‌ ده‌تفه‌رموو هێشتا ده‌ستكه‌وته‌كانمان ده‌ڵه‌مه‌ن ئه‌ی بۆ وا زوو به‌جێت هێشتین ... 
من ئه‌زانم بۆ په‌له‌ته‌ مامه‌ من ئه‌زانم بۆ وا بروسكه‌ ئاسا رێ ئه‌كه‌ی تۆ ئه‌چی بۆ ئه‌وێ له‌وێ له‌گه‌ڵ كاكه‌ نه‌وه‌، له‌گه‌ڵ شیهاب‌ و ئارام، له‌گه‌ڵ جه‌عفه‌ر، له‌گه‌ڵ عه‌لی، له‌گه‌ڵ حسین، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌نوه‌ره‌كان، له‌گه‌ڵ ئازاد، له‌گه‌ڵ جه‌بار، له‌گه‌ڵ هه‌موو جه‌ماله‌كان، له‌گه‌ڵ هه‌موو هیواكان، له‌گه‌ڵ ریشه‌ و له‌گه‌ڵ حه‌مه‌ و له‌گه‌ڵ مه‌حمود، له‌گه‌ڵ هه‌موو رێبواره‌كان، له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌لامه‌كان... له‌گه‌ڵ هه‌موو شه‌هیده‌كانی كوردستان .. له‌وێ جارێكی تر هه‌موویان كۆ ئه‌كه‌یته‌وه‌و عه‌ینه‌كه‌كه‌ت له‌چاو ئه‌كه‌یت و قه‌ڵه‌م ئه‌گری به‌ده‌سته‌وه‌و له‌سه‌ر یه‌ك لاپه‌ڕه‌ی گه‌وره‌ نه‌خشه‌ی كوردستانی گه‌وره‌ به‌ ره‌نگی سوور دیاری ئه‌كه‌یت و ئه‌وسا هه‌مووتان پێكه‌وه‌ سرووده‌ دڵخوازه‌كه‌ی خۆت ئه‌ڵێنه‌وه‌ خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی چه‌ند دڵگیر و شیرینه‌... 
ئێواره‌ت باش مامه‌ گیان زوو نه‌بوو وا به‌جێت هێشتین ؟!


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP