قەسیدەی دوا وانە
قەسیدەی دوا وانە ‌ 9/10/2017
دڵشاد ئەحمەد

وا زەنگی دوا وانە لێ ئەدرێ
ورنە پۆلەوە، خوشك‌و برا
سەر هەڵبڕن، بێ دەنگ بۆ چركەیەك
ببنە چرا!
تۆزێكی تر مامۆستایەك بە عەتری دەوەن و بۆنی مقەڕەكانی توژەڵەوە
بە چاویلكەی وڵات‌و
ڕەنگی هەڵگورد‌و
شەپۆلی كانیا‌و ‌و دەنگی باڵندە نازدارەكانی نیشتمان‌و
تەپ‌و تۆزی «كەڵكان»‌و
قەڵەمێكی هەڵكیشراو لە شۆرش‌و نەسرەوتن
تەشریف ئەباتە ناو مێژوو
بە چرپەی نهێنی، وەك گەڵاكانی دار بەڕوو
خاك شكۆی خۆی داوەتێ..
چیا لوتكەی پێ بەخشیوە،
روبار هاژە هاژوو
شەبەنگ ئاسۆ ‌و
سەنگەریش بەرگە خاكیەكانی ئەوی پۆشیوە،
تۆزێكی تر، دێتەوە..
تۆزێكی تر
دوا وانەی نیشتمانی ئەڵێتەوە..
***
خۆتان ڕێك خەن، دەستتان لەسەر دڵتان دانێن
كە هات..هەستن،
گۆچانەكەی لێ وەرگرن،
ئەو ماندووە،
ماندووی پیادە ڕێی نێو كۆڵانەكانی مێژووە.
لەگەڵ «هەیبەسوڵتان» بەڕێوەیە،
گیرفانەكانی پڕن لە نوقوڵی جەواهیری
پرپڕن، لە شەوقی دڵ‌و
نێرگزی باوەڕ‌و بیری.
كە هات، هەستن
پێی بڵێن... مام
بونت خۆشە، وەكو كۆیە، وەك كوردستان
وەك نوسراوە نهێنی یەكانی شام
گۆچانەكەی لێ وەرگرن
قەت ناوەستێ،
وەك گەردەلولی سەدەیە
لە دروست بوونی وشەی پێشمەرگەوە،
پێشمەرگەیە
قەت ناوەستێ.
رۆژێك لای كتێبەكەی»موختاراتی ماو» ‌و
ڕۆژێك ئەبێتە قەڵەم‌و
رۆژێكیش، پشكۆی ناو ئاگردانی یاخسەمەر ‌و
دوا وانەش، سەركردەیە..
قەت ناوەستێ،
روبار لەوەوە خۆڕەی كردۆتە سرود
خۆر لەوەوە فێری گەشانەوەیە..
چیا لەوەوە ، خۆڕاگری دەستی پێ كردوە
نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەوەوە، زمانی كوردی بیست
چرای ماڵەكانیش، لەوەوە، روناكیان پەخشان،
هەر لەوێشەوە،
حەمرینی هێنایەوە كوردستان..
***
قەت ناوەستێ، مامۆستاكەم
كاروانی ڕێ چەندە دوور بوو
ئەم پشوی درێژ
تروسكەی هیوا چەند ئاستەم بوو.
ئەم چاوی هەمووی نور بوو.
خوێن چەند بە خوڕ ئەڕژا..
ئەم هەر ئەڕۆیی‌و نەئەوەستا
ئەمان كەم بوون تفەنگی درەنگاوی لە شان.
كاتێكیش چیا پڕ بون‌و زۆر
لەوانەی كۆتایی..
گەیشتە خۆر
***
قەت ناوەستێ مامۆستاكەم
قەت قەت بێ دەنگ نابێ مامۆستاكەم
قەتیش بێ ڕەنگ نابێ مامۆستاكەم
ئەبەد بێ هیوا ناژی مامۆستاكەم
قەت قەت نامرێ مامۆستاكەم
قەتیش، سەری نەوی ناكا مامۆستاكەم
***
ئێستا دوا وانە ئەڵێتەوە،
ئێوەش دەستتان لەسەر دڵتان دانێن،
بیرتانە، كە ئازادی دیل كرا بوو لەم وڵاتە،
مامۆستاكەم، كۆت‌و بەندی شكان،
ئازادی ئازاد كرد‌و هێنایەوە بۆ نیشتمان،
بیرتانە، ئاشتی، هەناسە سارد، كەس لەم رۆژهەڵاتە
نەی ئەناسی
مامۆستاكەم
مەتارەكەی (شێنێ) ی هەڵكێشا لە دیجلە‌و تینوێتی شكان
هێنایەوە ئەو بەغایەی،
دەستی ڕاستی منی شكان، 
دیموكراسی بە تفەنگی شۆرە سواران، بریندار بوو
شەڵاڵی خوێن..
مامۆستاكەم،
كردیەوە بە كەژاوەی پێكەوە ژیان
مزگەوت‌و كڵێسا‌و حوسەینیە‌و لالش
بەیەكەوە، ئەمردن‌و بەیەكیشەوە ئەسوتان
تفەنگ زمانی شەقام بوو،
كوشتن لەسەر هەموو ڕێ یەك، درەخت‌و نەمام بوو
مامۆستاكەم
هەموویانی كرد بە چەپكەگوڵ
هەمووشیانی گەشانەوە لە یەك گوڵدان..
***
مامۆستاكەم
لەقەدپاڵ گوڵزاری دیموكراسیا
بەغدای فێری بۆن كردن كرد
دەستی ئەنكەرەی ئەگرت بۆ سەر ڕایەخی ئاشتی
تارانی ئەكرد بە برا، بە پشتیوان.
شامی ئەكرد بە چراخان
***
مامۆستاكەم..
كەركوكی كرد بە قودسی كورد
توركمانی بانگهێشتی تەوقە ئەكرد
كەلدۆ ئاشوری
لەلای ڕاستی خۆی دائەنان..
بە كوردیشی ئەوت هۆ‌و خاوەن ماڵ
لەپاڵ باوەگوڕگوڕەكەتان
مەجلیس گەرم كەن.
هەر ئێستا..بۆ پێكەوە ژیان
***
مامۆستاكەم
هێشتا تەپ‌وتۆزی شاخی نەتەكاندبوو
بە چاویلكە‌و زەردەخەنە ئەفسوناویەكەی بەڕێكەوت
هێشتا بەغدا
بۆنی ژهری كیمیای لێ ئەتكا 
فڕۆكەی پڕ لە بۆمبی ڕەوانەی هەڵەبجە ئەكرد
هێشتا قوڵفی سێدارەكەی «شیهاب»
دیلانێ ی بوو..
هێشتا جوڵەی دەبابە‌و
دەنگی تۆپی لێ ئەبیسرا..
هێشتا هاواری سوپا مەزهەبیەكەی ئەژدیهاكە
گوندی ئەترسان‌و
كۆلانەكانی دیل ئەكرد..
هێشتا زیندان پڕ لە كۆتر..
قەدەغەی نان لە «شیمال»
هێشتا بەغدا،
دیموكراسی نەبیستبو
ئازادی قەات قەت نەئەناسی
ئاشتی لە بەینی ئومەوی یەوە نەدیبو،
قەت قەت پێكەوە ژیانیشی قبوڵ نەبوو..
كە مامۆستاكەم گەیشتە شارەكەی ئەبوجەعفەری مەنسور
بەغدا هێشتا بە تفەنگەوە ڕاوی حەیران‌و هۆرەی ئەنا
بەغدا هێشتا روی تفەنگی هەر لە من بوو
سیانیدی ڕەوانە ئەكرد بۆ بادینان
بەغدا هێشتا دەستوپەنجەی خوێنی گەرمیانی لێ ئەچوڕی
كە مامۆستاكەم گەیشتە دار‌ولسەلام
داروسەلام، درۆیەكی عەرەبی بوو، شمشێری هەڵكێشابو
لە ئینسان..
كە مامۆستاكەم ئیتر بە تەواوی گەیشتە بەغدا
بەغدای فێری بینینی دار بەڕوی كرد وەك خۆی
بەغدای فێری گوێ گرتنی هۆرە كرد وەك خۆی
بەغدای فێری بونی ئەوانی تر كرد وەك خۆی
بەغدای فێری سڵاو لەیەكتركردن كرد وەك خۆی
بەغدای فێری ئازادی‌و ئاشتی كرد وەك خۆی
بەغدای فێری خۆی كرد، وەك خۆی
***
ئێستا دەستتان لەسەر دڵتان دانێن،
مامۆستائەكەم ئەمجارەیان، بەبێ گۆچان،
قەڵەمەكەی لەسەر دوا وانەی لاپەڕەیه‌کا
كەوتۆتە گریان،
بەرلینی كردۆتە دوا مەنزڵ‌و
 چاوەكانی ناردۆتەوە بۆ كوردستان
تۆزێكی تر..
مێژوو لە نوسین ئەوەستێ
هەتاویش لە كازیوەی بەری بەیان،
لە «ناوزەنگ»یش باڵندەبارانە، مقەڕەكانیش ویران...
تۆزێكی تر..
ئەوەڵ پەڵەی پاییز، فرمێسكی كوردستان ئەبێ
ماڵ بە ماڵیش قوڕ پێوان..
مامی باشور
مامی كۆبانی
مامی دیاربەكر
مامی مهاباد‌و ڕیا ئازادی یەریڤان.
تۆزێكی تر، ئەگاتەوە، بناری بەرانان،
 بۆ یەكەم جار
ئاڵای وڵاتێكی نوێ تابوتێك ئەكاتە چراخان
لە خزمه‌تیا... گوڵ دائەنێن...
 بۆ یەكەم جار، سەری پایتەختەكان نەوی ئەبێ
بۆ ئاڵا‌و مامۆستاكەی كوردستان،
تۆزێكی تر..
مامۆستاكەم...
ئەبێتەوە بە خاكی كوردستان..
دەستتان لەسەر سنگتان دانێین....
هەستن..
واهات!


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP