ئه‌سڵی ئه‌ردۆگان-یش کەوتە زیـندان
ئه‌سڵی ئه‌ردۆگان-یش کەوتە زیـندان ‌ 6/1/2017
له‌ 16ی ئابی 2016-ه‌وه‌ خاتوو ئه‌ سڵی  ئه‌ردۆگان  رۆماننووسی به‌ناوبانگی توركیا ده‌ستگیركراوه‌، كه‌ 8ی مارتی 1967 له‌ ئه‌ستانبول له‌دایك بووه‌و یه‌كێك له‌ كتێبه‌كانی به‌ناوی (The city in crimson cloak - شارێك له‌ ناو عه‌بایه‌كی سووردا)، یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین‌و گرنگترین ده‌نگه‌ هاوچه‌رخه‌كانی توركیا‌و تۆمه‌تی لایه‌نگیریی «تیرۆریزم»‌و زیانگه‌یاندن به‌ (یه‌كێتیی نیشتمانی) دراوه‌ته‌ پاڵ، ئه‌گه‌رچی مانگی رابردوو كه‌یسی تۆمه‌تی دووه‌میان شكستی هێنا، له‌و كاته‌شه‌وه‌ نووسه‌ران‌و رووناكبیران داوای ئازادكردنی ده‌كه‌ن. 
ئه‌م خانمه‌ رۆماننووسه‌ پێشتر ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی رۆژنامه‌ی  (ئۆزگور گونایدم) بوو، كه‌ ئه‌ویش له‌ژێر سایه‌ی باری نائاسایی دوای كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی 15ی ته‌ممووزی 2016دا داخرا له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی زیاتر له‌ 20 رۆژنامه‌نووسدا، ئه‌سڵی ده‌ستگیركرا.
هیچ خزمایه‌تی‌و ناسیاوییه‌ك ئه‌ سڵی ئه‌ردۆگان به‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆك كۆماری توركیاوه‌ نابه‌ستێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌وتبوونه‌ هه‌ڵه‌وه‌و پێیانوابوو به‌هۆی نازناوی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ تووشی كێشه‌ بووه‌. هه‌ندێك له‌ پارێزه‌رانی دیارو به‌ناوبانگ‌و چالاكوانانی بواری مافه‌كانی مرۆڤیش پێیانوایه‌ كه‌ ده‌ستگیركردنی ئه‌سڵی ئه‌ردۆگان پێشێلكردنی ده‌ستووری توركیا‌و رێكه‌وتنه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپایه‌ له‌بواری مافی مرۆڤدا.

ده‌سگیركردنی ئه‌سڵی نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌
گروپێكی 18 كه‌سیش كه‌ پێكهاتوون له‌ پسپۆڕان‌و به‌شێك له‌ دادوه‌رو كه‌سانی ئه‌كادیمیش له‌خۆ ده‌گرێت، پێیانوایه‌ ئه‌م ده‌ستبه‌سه‌ركردنه‌ به‌ر له‌ دادگاییكردنی ناوبراو رێوشوێنێكی سته‌مكارانه‌یه‌‌و پێده‌چێت ئامانج لێی دانانی سنوورێك بێت بۆ نه‌یارانی سیاسی‌و ره‌خنه‌گرتن له‌ رژێمه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌.
یه‌كێك له‌پارێزه‌ره‌ دیاره‌كانی تورك له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: «ئه‌وه‌ی رووده‌دات، وێرانكردنی ژیانی ئه‌ سڵی ئه‌ردۆگان‌و ترساندنی خه‌ڵك‌و نووسه‌رانی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌».
خانمه‌ پارێزه‌رێكی دیكه‌ی توركیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنی خاتوو ئه‌سڵی ئه‌ردۆگان نادادپه‌روه‌رانه‌و ناقانونیه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: «رێوشوێنی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی تۆمه‌تبار به‌ر له‌ دادگاییكردنی، ته‌نیا له‌ بارودۆخی نائاساییدا ده‌گیرێته‌به‌ر، ئه‌ویش له‌كاتی بوونی به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر بوونی گومانێكی له‌وه‌ی تاوانێكی كردبێت‌و پاساوێكی به‌رجه‌سته‌ هه‌بێت بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی».
هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌سڵی نییه‌
«له‌ دۆسێی ئه‌سڵی ئه‌ردۆگاندا، سه‌رباری ئه‌وه‌ش كه‌ تۆمه‌تباركراوه‌ به‌وه‌ی تاوانی زۆر مه‌ترسیداری كردووه‌، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێز نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌، جا ئاخۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له‌و رێوشوێنانه‌ی حكومه‌ت گرتوونێتیه‌به‌ر به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ ئاراسته‌ی كراوه‌؟ بێگومان نه‌خێر «.
ئه‌و خانمه‌ پارێزه‌ره‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌سڵی  له‌گه‌ڵ رێكه‌وتننامه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌وروپا ناگونجێت، كه‌ ئه‌و ده‌ستگیركردنه‌ به‌ رێوشوێنێكی خۆپارێزیی وه‌سفكراوه‌.
ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هاوده‌نگیی له‌ پێشتری له‌سه‌ره‌ وه‌ك له‌ قانونی توركیا ئه‌وه‌ش له‌و حاڵه‌تانه‌دایه‌ كه‌ دوو لایه‌ن له‌ كێشه‌دابن.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: «ئه‌سڵی  ئه‌ردۆگان ئازایانه‌ سه‌باره‌ت به‌و كێشانه‌ ده‌ینووسی كه‌ هه‌ركه‌سێك ده‌سووتێنێت كه‌ بوێریی هه‌بێت خۆی له‌ قه‌ره‌یان بدات‌و باسیان بكات، وه‌ك مه‌سه‌له‌ی كورد كه‌ حكومه‌تی توركیا جگه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌ی رێگه‌ی پێداوه‌، قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌  قسه‌وباسی له‌باره‌وه‌ بكرێت، وه‌ك مه‌سه‌له‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ سڤیلانه‌ی كه‌ ده‌كوژرێن‌و مه‌سه‌له‌ی ئه‌و بكوژانه‌ی كه‌ ملكه‌چی لێپێچینه‌وه‌ نابن له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌... ئێمه‌ له‌به‌رده‌م دۆخێكداین كه‌ نووسه‌ر سزا ده‌درێت ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی بیروبۆچوونی خۆی ده‌رده‌بڕێت كه‌ حكومه‌ت‌و هه‌ندێك گروپی دیكه‌ لێی ناڕازین.
هه‌روه‌ك خاتوو ئه‌لیف شه‌فه‌ق-ی رۆماننووسی تورك په‌یامێكی بۆ خاتوو ئه‌ سڵی  نووسیووه‌ كه‌ ئێستا له‌ زینداندایه‌ له‌ ئیستانبوڵ‌و پێی ده‌ڵێت: تۆیان به‌و هه‌موو شته‌ قێزه‌ونه‌ تۆمه‌تباركردووه‌، به‌ڵام هیچیان خۆیان بڕوایان به‌و تۆمه‌تانه‌ نییه‌، تۆ كه‌سێكیت ئاواته‌خوازیت دووباره‌ گونجانی كوردو تورك ببینیت‌و گرنگیی به‌ هاووڵاتییه‌كانت ده‌ده‌یت‌و تۆ دوا كه‌سیت له‌سه‌ر گۆی زه‌وی كه‌ ده‌بێت تۆمه‌تی هاندانی توندوتیژیی‌و تیرۆری بدرێته‌ پاڵ». 

كه‌یسی ئه‌سڵی توركیای رووبه‌ڕووی رخنه‌ كردۆته‌وه‌
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: «ئێمه‌ هه‌موومان -نووسه‌ران‌و خوێنه‌ران- به‌وپه‌ڕی نائارامییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و رۆژه‌ین كه‌ ده‌رگاكانی به‌ندیخانه‌ت بۆ واڵا بكرێت‌و بێیته‌ ده‌ره‌وه‌‌و كه‌ بێگومان ئه‌و رۆژ هه‌ردێت‌و هیچ كه‌سێك ناتوانێت تۆ ببه‌زێنێت».
له‌ نێو ئه‌و مه‌ترسییه‌ زۆره‌ی كه‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان بۆسه‌ر كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن‌و نه‌یارانی سیاسی به‌م دواییانه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، كه‌یسی ئه‌م خانمه‌ رۆماننووسه‌ ره‌خنه‌یه‌كی زۆری گروپه‌كانی مافی مرۆڤ ‌و یه‌كێتیی ئه‌وروپای ورووژاندووه‌، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ش له‌دوای كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی ته‌مموزی ساڵی رابردووه‌وه‌ چڕتر بۆته‌وه‌‌و ده‌سه‌ڵاتێكی فراوان به‌خشراوه‌ به‌ حكومه‌ت‌و راگه‌یاندنی باری نائاسایی.
كات لۆكاس-ی نووسه‌ری ئینگلیز ده‌ڵێت: «پێمانوایه‌ كه‌ درێژه‌دان به‌ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌ سڵی  ئه‌ردۆگان پێشێلكردنی مافی ئه‌وه‌ له‌ ئازادیی راده‌ربڕین‌و پێشوازیی له‌و بیروڕا یاساییانه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ پشتگیریی ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌كه‌ن»‌و راشیگه‌یاندووه‌ هیچ پاساوێكی قانوونی نییه‌ بۆ به‌ندكردنی ئه‌سڵی ‌و هانی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاش ده‌ده‌ین ده‌ست به‌جێ ئه‌و و چه‌ندین نووسه‌ری دیكه‌ ئازاد بكات كه‌ به‌شێوه‌ی نایاسایی له‌دوای كوده‌تاكه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، به‌بێ هیچ كۆت‌و مه‌رجێك. 
ئه‌سڵی ئه‌ردۆگان ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ندكراوه‌ كه‌ مافێكی ئاشتیخوازانه‌ی خۆی پیاده‌كردووه‌ له‌ ئازادیی راده‌ربڕین‌و ده‌ڵێت» به‌رده‌وامیدان به‌ ده‌ستگیركردنی، به‌ڵگه‌یه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ توركیا سیاسه‌تی سه‌ركوتكردن پیاده‌ ده‌كات، كه‌ كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی بێ په‌روایانه‌ هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێكردووه‌ بۆ بێده‌نگكردنی ده‌نگی ئۆپۆزسیۆن‌و ناڕازییه‌كان‌و ئه‌وانه‌ی كه‌ ره‌خنه‌ له‌سیاسه‌ته‌كانی ده‌گرن».    
سه‌رنج: 
شایانی باسه‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی رابردوو خاتوو ئه‌سڵی ئه‌ردۆگان دوای چوار مانگ له‌ به‌ندكردنی له‌لایه‌ن دادگای ئه‌ستانبوله‌وه‌ به‌ چه‌ند مه‌رجێك ئازاد كراوه‌، ده‌بێ له‌ژێر چاودێری پۆلیس و یاسادا بێت و بۆی نییه‌ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بكات. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی دراونه‌ته‌ پاڵی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كاری له‌ رۆژنامه‌یه‌كدا كردووه‌ كه‌ لایه‌نگری كورد ده‌كات له‌م مانگه‌دا دادگایی ده‌كرێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7300
22/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP