گه‌وره‌ترین شاری روسیا
گه‌وره‌ترین شاری روسیا ‌ 12/1/2017
ئه‌نتوان چیخۆف
و. جه‌بار سابیر
خه‌ڵكی شاری «تیم» سه‌ر به‌ هه‌رێمی كۆرسك، هێشتا ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌ی خواره‌وه‌یان له‌ بیره‌ كه‌ مایه‌ی شانازییانه‌.
 رۆژێك له‌ رۆژان، له‌ خراپی رۆژگار، هه‌واڵنێرێكی ئینگلیزی رێی كه‌وته‌ شاری تیم. هه‌ر كه‌ گالیسكه‌كه‌ی چووه‌ كۆڵانه‌كانی شاره‌كه‌وه‌، له‌ ئاژوانه‌كه‌ی پرسی: 
-ئێره‌ كوێیه‌؟ 
ئاژوان كه‌ له‌ نێوان تاسه‌كانی كۆڵانه‌كه‌ و چاڵه‌ قووڵ و پڕ له‌ ئاوه‌كانیدا به‌ هه‌وڵی سه‌خت ئه‌ڕۆیشت، وه‌ڵامی دایه‌وه‌: 
تیم!
كابرای ئینگلیزی به‌و ئومێده‌ی دواجار گالیسكه‌كه‌یان له‌ قوڕولیته‌ی كۆڵانه‌كه‌ بێته‌ ده‌رێ، سه‌ری نا به‌ دیواری گالیسكه‌كه‌وه‌ و خه‌وی لێكه‌وت. پاش سه‌عاتێ كاتێك له‌ خه‌و هه‌ستا گۆڕه‌پانێكی فراوان و پیسوپۆخڵی بینی به‌ ریزێ دوكانه‌ كۆشك و چه‌ند سه‌ر به‌رازێك و تاوه‌رێكی ئاگركوژێنه‌وه‌وه‌. له‌ ئاژوانی پرسی:
-ئێره‌ كوێیه‌
- تیم!
ئه‌مه‌ی وت و خۆی له‌ گالیسكه‌كه‌ هه‌ڵدایه‌ خوارێ تا یارمه‌تی ئه‌سپه‌كه‌ بدات كه‌ له‌ قوڕه‌كه‌دا چه‌قیبوو و هاواری كرد:
-له‌عه‌نه‌تی خودات لێ بێت ئاژه‌ڵ!
هه‌واڵنێری ئینگلیزی باوێشكێكی دا و چاوه‌كانی نووقاند و دیسان خه‌وی لێكه‌وته‌وه‌. دوای نزیكه‌ی دوو سه‌عات، له‌ ئه‌نجامی ته‌كانێكی توند له‌ خه‌و راپه‌ڕی و چاوه‌كانی هه‌ڵگڵۆلفی و چاوی به‌ كۆڵانێك كه‌وت كه‌ له‌ درێژه‌یدا كۆمه‌ڵێ خانووی بچووكی سپی ئه‌بینران. هاوكات ئاژوانی بینی كه‌ تا ئه‌ژنۆ له‌ نێو قوڕولیته‌ی كۆڵانه‌كه‌دا وه‌ستابوو و هه‌تا هێزی تیا بوو رەشمه‌ی ئه‌سپه‌كه‌ی رائه‌كێشا و جنێوی ئه‌دا. كابرای ئینگلیزی كه‌ چاوی بڕیبووه‌ خانووه‌كانی كۆڵانه‌كه‌، پرسی:
-ئه‌ی ئه‌م شاره‌ ناوی چییه‌؟
تیم!
پاش سه‌عاتێك كه‌ له‌ موسافیرخانه‌یه‌ك دابه‌زیبوون، هه‌واڵنێری ئینگلیزی له‌ پشت مێزێكه‌وه‌ دانیشت و به‌م شێوه‌یه‌ نووسی: «به‌ پێچه‌وانه‌ی وێناكردنی گشتییه‌وه‌: گه‌وره‌ترین شاری روسیا نه‌ مۆسكۆیه‌، نه‌ پیترسبۆرگ، به‌ڵكو شارێكه‌ به‌ ناوی تیم.»     
     
سه‌رچاوه‌:
مجموعه‌ اثار چخوف جلد دوم 
داستان های كوتاه
ترجمه‌ سروژ استپانیان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7323
25/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ تایگه‌ر ودزی ئه‌فسانه‌ له‌ پله‌ی 1005ی جیهاندایه‌ 25/7/2017
‌ كریس فرۆم تۆر دۆ فرانسی برده‌وه‌ 25/7/2017
زانست
‌ بۆچی میوە بە مۆم ڕووپۆش دەكرێت؟ 24/7/2017
‌ مایكڵ دێڵ 24/7/2017
‌ كاریگەریی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هـەرێمی كوردستاندا 24/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP