دیداری زانستیی شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌، فەلەکناس و زاناو شاعیر
دیداری زانستیی شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌، فەلەکناس و زاناو شاعیر ‌ 16/5/2017
راپۆرت: تارق كه‌مال
له‌كوردستاندا‌و له‌خوێندنگه‌ ئاینییه‌كاندا، چه‌ندین كه‌سایه‌تی ئاینی‌و زانا‌و شاعیر‌و به‌هره‌مه‌ند‌و گه‌ردوناسه‌ هه‌ڵكه‌وتون، هه‌ندێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ كۆچیان كردووه‌ بۆ وڵاتانی تر‌و ناو ناوبانگیان له‌هه‌موو دونیادا بڵاوبۆته‌وه‌‌و خزمه‌تێكی گه‌وره‌ییان به‌كورد‌و كوردستان گه‌یاندووه‌، یه‌كێك له‌و زانا گه‌ورانه‌ی خزمه‌تی زۆری به‌ئاین‌و زانست كردووه‌ له‌ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ‌و گوندی گڵه‌زه‌رده‌، شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌یه‌.
بیرۆكه‌ی دیداری زانستی 
بیرۆكه‌ی ئه‌م دیداره‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی كردووه‌‌و به‌هاوكاری كۆڵێژی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان‌و سه‌نته‌ری زه‌هاوی‌و به‌ڕیوبه‌رایه‌تی گشتیی رۆشنبیری سلێمانی ئاماده‌باشی بۆ كراو  ئه‌و دیداره‌ زانستییه‌ رێكخرا.
سه‌باره‌ت به‌و دیداره‌ زانستییه‌، دكتۆر ئیسماعیل به‌رزنجی ئه‌ندامی دیداری زانستی شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌، به‌رۆژنامه‌كه‌مانی راگه‌یاند: ئه‌مه‌ دیداری شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌یه‌ به‌هاوكاری كۆڵێژی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان‌و سه‌نته‌ری زه‌هاوی‌و به‌ڕیوبه‌رایه‌تی گشتیی رۆشنبیری سلێمانی له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانی شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌ هه‌ستاون به‌سازكردنی،بیرۆكه‌ی ئه‌م دیداره‌ بۆ ساڵێك پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێك ویستمان زنجیره‌یه‌ك توێژینه‌وه‌ بكه‌ین له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌، زیاتر بیناسێنێنین به‌نه‌وه‌ی نوێ، ئه‌و كه‌ڵه‌ زانایه‌ له‌سه‌رده‌می خۆیدا چۆن خزمه‌تی به‌گه‌لی كورد گه‌یاندووه‌، ئه‌و زانا گه‌وره‌یه‌ چه‌ندین ده‌ستنوسی دوای خۆی جێهێشتووه‌ ده‌ورێكی گرنگی هه‌بووه‌ له‌زانستی فه‌له‌ك ناسیدا، ئه‌مانه‌ هه‌موی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌یدا‌و ئه‌و ره‌چه‌ڵه‌كه‌ی هه‌یه‌تی ویستمان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌.
چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت
دكتۆر ئیسماعیل به‌رزنجی وتیشی:»  نزیكه‌ی 15 توێژینه‌وه‌مان ئاماده‌كردووه‌ له‌و دیداره‌دا گفتوگۆی چڕو پڕی له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ئاماده‌بوونی كۆمه‌ڵێك مامۆستای زانكۆ‌و مامۆستای ئاینی‌و كه‌سایه‌تی كوردستان، ده‌ره‌نجامی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ له‌دوو توێ كتێبێكدا چاپ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئێستاو داهاتوو ئه‌و كه‌ڵه‌ زانایه‌ بناسێت‌و شاره‌زای ئه‌و كارانه‌ی بن له‌سه‌رده‌می خۆێدا كردویه‌تی.»
ده‌شڵێت: توێژینه‌وه‌كان كۆمه‌ڵێك كه‌سی پسپۆر پێی هه‌ستاون‌و به‌مه‌یدانی‌و تیۆرییه‌وه‌، هه‌ندێكییان  له‌بواری مێژووییه‌وه‌یه‌ له‌باره‌ی ڕه‌چه‌ڵكی شێخ حه‌سه‌ن‌و شوێن‌و چۆنێتی ژیانیه‌وه‌یه‌تی، توێژینه‌وه‌یه‌ك په‌یوه‌یسته‌ به‌و ده‌ستنوسانه‌ی له‌دوای خۆی به‌جێ ماوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و قورئانه‌ ده‌ستنوسه‌ی ئێستا هه‌یه‌، توێژینه‌وه‌یك تر ده‌رباره‌ی فه‌له‌ك ناسییه‌كه‌یه‌وه‌یه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌دا رۆژ‌و كاتی وه‌رزه‌كان‌و مانگ‌و ره‌مه‌زان‌و جه‌ژنه‌كانی دیاریكردووه‌. ئه‌م دیداره‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ستی توێژه‌ران‌و لێپرسراوانی كوردستان كه‌ كاری له‌سه‌ر بكه‌ن‌و سودی لێبینن.

لایه‌نی ژیانی شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌
یه‌كێك له‌و توێژه‌رانه‌ی توێژینه‌وه‌یكی ئاماده‌ كردووه‌ له‌سه‌ر شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌، دكتۆرعه‌بدولقادر عه‌بدوالره‌حمان به‌رزنجییه‌‌و به‌م شێوه‌ی باس له‌توێژینه‌وه‌كه‌ی ده‌كات‌و ده‌ڵێت: ئه‌و توێژینه‌وه‌ی من پێی هه‌ستاوم لایه‌نی ژیانی شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌یه‌، كه‌ چی بۆ كردوین‌و چی بۆ جێهێشتوین، ئه‌و كتێبانه‌ی به‌ده‌ست نوسیویه‌ته‌وه‌ یان ئه‌و زانا گه‌ورانه‌ی له‌خوێندنگاكه‌ی ئه‌و خوێندنییان ته‌واو كردووه‌ چه‌ندێك عالم بووه‌، 14 كتێببی به‌ده‌ست‌و خه‌تی خۆی نوسیوه‌ته‌وه‌، ئه‌و زانا گه‌وره‌یه‌ چه‌ندین كه‌سی پێگه‌یاندووه‌ له‌وانه‌ مه‌لا جه‌لالی گه‌وره‌ی مامۆستای خورماڵ، حاجی عه‌بدولڕه‌حیمی ده‌رگه‌زینی، شێخ موسته‌فای به‌رزنجی‌و چه‌ندین مامۆستا‌و زانا‌و كه‌سایه‌تی تریش.

هه‌ستی كوردایه‌تی 
شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌ وه‌ك زانایه‌كی ئاینی‌و ته‌ریقه‌تی قادری پێگه‌یه‌كی به‌هێزی له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌بووه‌، بۆیه‌ كاتێك سوپای نادر شای سه‌فه‌وی دێته‌ كوردستان‌و له‌گوندی مۆكه‌به‌ی سورداش، پرسیاری كه‌سایه‌تی ناوچه‌كه‌ ده‌كات، یه‌كه‌م كه‌س باسی شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌ی بۆ ده‌كه‌ن، نادر شا نامه‌یه‌كی  بۆ ده‌نوسێت‌و داوای لێده‌كات سه‌ردانی بكات، دكتۆرعه‌بدولقادر عه‌بدوالره‌حمان به‌رزنجیی، زیاتر تیشكی خسته‌ سه‌رنامه‌كه‌‌و وتی:» وه‌ك له‌نامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه‌ سه‌ره‌تا نادر شا ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یكی زۆر جوان وه‌سفی شێخ حه‌سه‌ن ده‌كات‌و ده‌ڵێت هاتنت بۆ لامان زۆر پێویسته‌، به‌گه‌یشتنی فه‌رمانم وه‌رن بۆ لامان، هه‌تا به‌پیرۆزی ئێوه‌ شاد شادبین، ئه‌گه‌ر نا توڕه‌یی خۆم ده‌بارێنم به‌سه‌رتانا، به‌ڵام شێخ حه‌سه‌ن وه‌ك زانایه‌كی به‌هه‌ڵوێست‌و موسڵمانێكی  راست، زۆر توند وه‌ڵامی نادر شا ده‌داته‌وه‌‌و زۆر چاو نه‌ترسانه‌ داواكه‌ی نادر شا ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.

شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌ كێیه‌؟
شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌ كوڕی شێخ محه‌مه‌دی نۆدی كوڕی شێخ عه‌لی وه‌نده‌رێنه‌ كوڕی شێخ بابه‌ ره‌سوڵی به‌رزنجه‌یه‌، له‌شێخانی به‌رزنجه‌و نه‌وه‌ی شێخ عیسای به‌رزنجه‌یه‌.
له‌ساڵی 1677 زاینی به‌رامبه‌ر ساڵی 1088 كۆچی له‌گوندی نۆ دێ له‌دایك بووه‌.
سه‌ره‌تای  خوێندنی لای باوكی خوێندووه‌، چاشان بۆ خوێندن چۆته‌ قه‌لاچوالان له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ند مه‌لایه‌ك ئیجازه‌ی زانستی وه‌رگرتووه‌.
له‌گه‌ڵ شێخ ئیسماعیلی برایدا چۆته‌ به‌غدا‌و ته‌ریقه‌تی قادری وه‌رگرتووه‌.
شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌ دوای به‌سه‌ر بردنی  ته‌مه‌نێكی شكۆمه‌ندانه‌ له‌ساڵی 1765 ماڵ ئاوایی ده‌كات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7276
25/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 25/5/2017
‌ ته‌نیا هه‌نگاوی كۆتایی ماوه‌ 25/5/2017
زانست
‌ بیری یاقوب چاڵێكی ده‌م كراوه‌ له‌ ته‌كساس 25/5/2017
‌ هۆكاری سێیه‌كی مردنی مرۆڤ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 25/5/2017
‌ دایكێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ ٣٨ منداڵی هه‌یه‌ 25/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP