كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی كورته‌ چیرۆكه‌وه‌
كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی كورته‌ چیرۆكه‌وه‌ ‌ 18/5/2017
نێچیروان شوانی
كورته‌ چیرۆك ژانرێكی نوێی ئه‌ده‌بییه‌. ئه‌م ژانره‌ له‌ سه‌خترین و وردترین هونه‌ره‌كانه‌ و پێویستی به‌ راهێنان و رۆشنبیرییه‌كی گشتگیر و فراوان و هزرێكی هۆشیار هه‌یه‌، تا  به‌ باشترین شێوه‌ بێته‌ كایه‌وه‌، وه‌كو تابلۆیه‌ك گوزارشت له‌ ده‌ستی نیگاركێشه‌كه‌ی بكات.
   (ه.ج. ویڵز) ده‌رباره‌ی كورته‌ چیرۆك ده‌ڵێ: (كورته‌ چیرۆك ئه‌و حیكایه‌ته‌یه‌، كه‌ حه‌قیقه‌ت و خه‌یاڵ كۆ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌توانرێ له‌ ماوه‌ی نێوان چاره‌كه‌ سه‌عاتێك تا سێ چاره‌كه‌ سه‌عات بخوێندرێته‌وه‌، ده‌بێ تا راده‌یه‌ك به‌تام و چێژ بێت. پڕ له‌ بیروباوه‌ڕ بێ و وات لێ بكا پاش خوێندنه‌وه‌ی زۆر بیری لێ بكه‌یته‌وه‌، نه‌ك زۆر سه‌رپێی بێ و پاش خوێندنه‌وه‌ی به‌چه‌ند ساتێك له‌ بیرت بچێته‌وه‌. له‌ هه‌موو گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك خوێنه‌ر به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكا و هه‌ستی له‌زه‌ت و رازیبوونی لا بخوڵقێنیت.
   ئه‌م ژانره‌ له‌ رووی كاته‌وه‌، كاتێكی كه‌م له‌ خوێنه‌ر یان گوێگر ده‌گرێ، كه‌سایه‌تییه‌كانی كورته‌ چیرۆك هه‌مه‌جۆر نین و رووداوه‌كانیش زۆر نین، به‌هه‌مان شێوه‌ كاتی رووداوه‌كان كاتێكی كه‌م ده‌خایه‌نێ و شوێنی رووداوه‌كانیش پانتایه‌كی زۆر داگیر ناكات. چیرۆكنووس رووداوێك له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا له‌ ژیانی كاره‌كته‌رێ یان هه‌ندێجار دوو كاره‌كته‌ر هه‌ڵده‌بژێرێ، یاخود هه‌ر رووداوێكی تر به‌و مه‌رجه‌ی زه‌مه‌نێكی كورت بخایه‌نێ، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بنیاتی هونه‌ریی كورته‌ چیرۆكه‌كه‌ داده‌مه‌زرێنێ.
   كورته‌چیرۆك به‌ به‌راورد به‌ ژانره‌كانی تری وه‌كو: شیعر و چیرۆكی درێژ و شانۆ... هتد هونه‌رێكی نوێیه‌. ئه‌ده‌بی رۆژئاوا زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ ناسیویه‌تی. كورته‌ چیرۆكیش ئه‌وه‌ نییه‌ ته‌نیا له‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كدا جێگه‌ی ببێته‌وه‌، به‌ڵكو شێوه‌یه‌كه‌ له‌ شێوه‌كانی وێژه‌ی هاوچه‌رخ، كه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م سه‌ری هه‌ڵداوه‌، خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی و تایبه‌تكاریی خۆیه‌تی و پێی ده‌ناسرێت.
   كورته‌چیرۆك به‌ چه‌ندان قۆناغی جیاوازدا تێپه‌ڕ بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئاستی ئێستای. واته‌ له‌ سه‌ره‌تا ساده‌ بووه‌، به‌ڵام دواتر هه‌نگاو هه‌نگاو به‌ره‌و پێش چووه‌ و كورته‌ چیرۆكی هونه‌ری به‌ مانا و شێواز و داڕشتنی نوێ و له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌دا قاڵبی خۆی وه‌رگرت و رێچكه‌ی تایبه‌تی خۆی دۆزییه‌وه‌.
   له‌ پێشه‌نگه‌ یه‌كه‌مینه‌كانی كورته‌ چیرۆك له‌ جیهاندا: ئیدگار ئالان پۆ له‌ ئه‌مریكا، گی دی موپاسان له‌ فه‌ره‌نسا، ئه‌نتوان چیخۆف له‌ روسیا. مۆپاسان یه‌كه‌م كه‌س بوو كورته‌ چیرۆكی له‌ فۆرمی نوێدا نووسی، له‌مڕووه‌وه‌ هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه‌. به‌جۆرێك هه‌ندێ ساتی كورتی له‌ ژیانی مرۆڤ دۆزییه‌وه‌ و هه‌ندێ له‌ رووداوه‌ ئاساییه‌كان به‌و پێیه‌ی هه‌ڵگری مانانن و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیان هه‌یه‌، ئه‌م ساته‌ گوزارشت له‌و هه‌ڵوێستانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ مرۆڤ له‌ ژیاندا رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌.
   كورته‌ چیرۆك رووداوێكی نوێ بوو له‌ ئه‌ده‌بدا، به‌جۆرێ خه‌ڵك له‌ سه‌ره‌تادا ره‌تیان كرده‌وه‌ دانی پێدا بنێین، به‌ڵام رۆژگار ئه‌مجۆره‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گۆڕی. (هۆڵبرۆك جاكسان) یه‌كێكه‌ له‌ ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی، له‌ دوای مردنی موپاسان به‌ چه‌ند ساڵێكی كه‌م نووسیویه‌تی: كورته‌ چیرۆك موپاسانه‌، موپاسانیش كورته‌ چیرۆك.
هه‌ندێ له‌ بنه‌ماكانی كورته‌ چیرۆك:
1-بیرۆكه‌یه‌كی ڕێك دیاریكراوی هه‌یه‌. 2-یه‌ك یان دوو پاڵه‌وانی تێدایه‌. 3-ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ له‌ ڕووداوێكی بنه‌ڕه‌تیدا دێته‌ گۆڕێ. 4- به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌شه‌كانی به‌توندی پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌. 5-یه‌كێتییه‌كی بنه‌چینه‌یان هه‌ی. 6-چیرۆكێكی كورته‌. 7-روون و ئاشكرایی له‌ ده‌ربڕیندا. 8-نوێگه‌ری له‌ داڕشتندا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7300
22/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP