سمكۆ ئه‌حمه‌د: یه‌كه‌م مامۆستای من خودی ژیان خۆیه‌تی
سمكۆ ئه‌حمه‌د: یه‌كه‌م مامۆستای من خودی ژیان خۆیه‌تی ‌ 9/7/2017
سازدانی: به‌ختیار سه‌عید

هونه‌ری شێوه‌كاری یه‌كێكه‌ له‌و به‌شه‌ گرنگانەی ناو هونه‌ر كه‌ توانیوێتی ببێته‌ جێگه‌ی سه‌رنج و ده‌ربڕی زۆرێك له‌ خۆشی و نه‌هامه‌تییه‌كان و تۆماركردنی بیره‌وه‌رییه‌كان و شێوه‌كارانیش به‌ شێوه‌ی جیاواز ده‌ربڕی ئه‌م ساته‌ جیاوازانه‌ بوون، هه‌ندێكیان له‌ناو شارو وڵاته‌كه‌ی خۆیانه‌وه‌ ناویان له‌ شه‌قه‌ی باڵی داوه‌ و هه‌موو جیهانی ته‌نیوه‌ته‌وه‌، هه‌ندێكی تریش چه‌كەرە‌ی كاره‌كانی بۆ ناساندن و فراوانبوونی دیدی بۆ ته‌كنیك و كاری نوێ له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كه‌ی خۆی گه‌شه‌سه‌ندوێتی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌، دیاره‌ ئه‌م ئاماژانه‌ ده‌كرێت به‌ باڵای یه‌كێك له‌و شێوه‌كار كوردانه‌ ببڕین كه‌ له‌ شاری سلێمانییه‌وه‌ چووه‌ ژاپۆن و بوو به‌ناوێك، دواتر بوو به‌ هاوكارێكی زۆر باش بۆ شێوه‌كارانی كورد ئه‌وه‌ سمكۆ ئه‌حمه‌ده‌ توانیوێتی كاره‌كانی له‌ پانتاییه‌ جیاوازه‌كان و سنووره‌ جیاوازه‌كاندا به‌ تابلۆكانی بوونی خۆی نیشانبدات و به‌ دواهه‌مین ته‌كنیكه‌كانی بینه‌ره‌كانی تووشی سه‌رسوڕمان ده‌كات، سمكۆ لێره‌دا باس له‌م ئه‌زموونه‌ ده‌كات.

* دیاره‌ سه‌باره‌ت به‌ هونه‌رمه‌ندان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌تایبه‌تی شێوه‌كاری سه‌رسامییه‌ك هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی بواره‌كه‌، چ هونه‌رمه‌ندێك توانیوێتی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی هه‌بووبێت و هۆكار بووبێت بۆ زیاتر گه‌شه‌كردنی هونه‌ری نیگاركێشان له‌لای سمكۆ ئه‌حمه‌د؟
 -حه‌ز ده‌كه‌م پێش ناوهێنانی هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك راستیه‌ك هه‌یه‌ بیڵێم ره‌نگه‌ بڕوا نه‌كه‌ن به‌س ئه‌وه‌ فاكته‌، من له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكاندا كه‌ قۆناغی هه‌رزه‌كاریم بوو تازه‌ش چووبوومه‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین خولیای وێنه‌كێشان زۆرتر په‌ره‌ی ده‌سه‌ند تیاما. هیچ زانیارییه‌كم نه‌بوو له‌سه‌ر مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری جار جار سه‌ردانی ئه‌و پێشانگایانه‌ نه‌بێ له‌ هۆڵی مۆزه‌خانه‌ ده‌كرانه‌وه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌. ده‌ستم به‌ كاری هونه‌ری كرد له‌ ماڵی خۆمان بێ پلانی ئه‌وه‌ی هه‌رگیز بیر له‌ پێشانگه‌ و شتی وا بكه‌مه‌وه‌. چه‌ند كارێكی قه‌باره‌ گه‌وره‌ی رۆنم كرد وه‌ك بێشكه‌ی تاوان و جینۆسایدـــ هتد زۆر خۆڕسكانه‌ بوون سه‌دا سه‌د ئیحساسی ئه‌و كاته‌ی خۆم بوو. كچێكی دراوسێمان هاوڕێی خوشكه‌كانم بوو شوكریه‌ی ناو بوو قوتابی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان بوو، كه‌ كاره‌كانی بینیم وتی له‌ ئیشه‌كانی دالی ده‌چێت، یه‌كه‌مجارم بوو ناوی دالی ببیستم وامزانی باسی كچێكی هاوڕێی خۆی ده‌كات له‌ په‌یمانگا. ئه‌و كاته‌ زانیاری ده‌ستكه‌وتن زۆر زه‌حمه‌ت بوو وه‌ك ئێستا ئینته‌رنێت و شت نه‌بوو، من هیچم له‌ باره‌ی مێژووی هونه‌ری شێوه‌كارییه‌وه‌ نه‌ده‌زانی، كه‌ چوومه‌ ژاپۆن بۆ یه‌كه‌مجار كوراسه‌كانی  سلڤادۆر دالیم بینی عاشقی بووم و ئاشنا بووم پێی. من ئێستاش نازانم ئه‌و خه‌ونه‌ سریالیانه‌ چۆن هاتنه‌ كاسه‌ی سه‌رم له‌ مناڵیمه‌وه‌؟ چیرۆكه‌ سریالییه‌كانی نه‌نكم بوو؟ شیعره‌كان یان چیرۆكه‌كانی عیرفانی شاعیری جوانه‌مه‌رگی برام بوو؟ ئه‌و تابلۆ سریالییانه‌ی هونه‌رمه‌نده‌ كورده‌كانی مۆزه‌ خانه‌ی سلێمانی بوو كه‌ جار جار به‌ریان ده‌كه‌وتم؟  وه‌كو پێشتر وتم ئێمه‌ به‌رده‌وام ستایلی بڕینی قژمان ده‌گۆڕێن. چێژو ستایلی هونه‌ریشمان له‌ گۆڕاندایه‌ به‌س من تا ئه‌مڕۆش له‌سه‌ر سنووری سریالی و ئه‌بستركتا پیاسه‌ی هونه‌ریم ده‌كه‌م. حه‌زم به‌و كارانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ردوو ستایله‌كه‌یا به‌رم ده‌كه‌ون. له‌ كۆتاییشدا ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كار وه‌كو باخچه‌یه‌كین هه‌ر یه‌كه‌مان  جۆرێك گوڵی جیاوازین له‌و باخچه‌دا هه‌ر یه‌كێكمان بۆن و ره‌نگی تایبه‌تی خۆمان هه‌یه‌. هه‌مووشمان كه‌ پێكه‌وه‌ین جوانترین.
ئه‌و رۆژانه‌ی ده‌ستم به‌ كاری شێوه‌كاری كرد هه‌رگیز بیرم له‌وه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌ رۆژێك پێشانگه‌یه‌كیش بكه‌مه‌وه‌، به‌س بۆ ئاسووده‌بوونی ده‌روونی خۆم كارم ده‌كرد، رێكه‌وت له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانا كاك ئاكۆ ره‌ووف خوشكه‌زای مامۆستا (عه‌لی له‌تیفی هونه‌رمه‌ند یادی به‌خێر) بووه‌ هاوڕێیه‌كی نزیكم. زۆر كاره‌كانمی لا جوان بوو وتی با پیشانی ماممی بده‌ین، مامۆستا عه‌لی له‌تیف سه‌رسام بوو به‌ كاره‌كانم،  زۆر هانی ده‌دام .  ده‌ورێكی زۆری بینی له‌ بنیاتنانی باوه‌ڕبه‌خۆ بوونم وه‌ك شێوه‌كارێك، هانی دام بۆ به‌شداریكردن له‌ پێشانگه‌كانی ئه‌و كاتانه‌ ده‌كرانه‌وه‌. منیش بۆ یه‌ك دوو پێشانگه‌ی گروپ  كاری خۆم برد بۆ سه‌قافه‌و جه‌ماهیری ئه‌و كاته‌، كه‌سم نه‌ ده‌ناسی له‌وێ كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌دی شاعیر فه‌رمه‌نبه‌ر بوو، به‌س به‌داخه‌وه‌ بۆ هیچ له‌و پێشانگایانه‌ كاره‌كانم قبوڵ نه‌كران. پێشیان نه‌ده‌وتم كاره‌كانت دانانێن. له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی پێشانگاكانا ده‌چووم ده‌مبینی كاره‌كانی منی تێدا نییه‌. ئه‌وه‌ زۆر گوڕی هونه‌ری له‌ مندا شكانده‌وه‌ هه‌ستم به‌ شكستی زۆر كرد. به‌س مامۆستا عه‌لی له‌تیف یادی به‌خێر هه‌ر كۆڵی نه‌دا لێم و ساڵی 1993 له‌ هه‌شتی مارس رۆژی ژناندا له‌ هۆڵی ڕۆشنبیری و جه‌ماوه‌ر یه‌كه‌مین پێشانگای تایبه‌تی خۆم كرده‌وه‌ زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو، ده‌فته‌ری پێشانگاكه‌م ئه‌وه‌نه‌ی كۆمێنتی پۆزه‌تیڤ تیا نووسرابوو لاپه‌ڕه‌ به‌شی نه‌ده‌كرد دووان و سیان كۆمێنتیان له‌ یه‌ك لاپه‌ڕه‌دا ده‌نووسی.  دوای ساڵێكیش واته‌ 1994 له‌گه‌ڵ تیپی شانۆی نینادا له‌ هۆڵی سوركێو دووهه‌مین پێشانگام كرده‌وه‌ هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ جه‌ماوه‌رێكی بێ وێنه‌ ئاماده‌ بوون. شتێكی سه‌یریش رووی دا كاتی پێشانگه‌كه‌ كاره‌با بڕا و هۆڵه‌كه‌ش تاریك بوو. جه‌ماوه‌ر به‌ مۆمه‌وه‌ ریزیان ده‌گرت بۆ بینینی كاره‌كان، سه‌رده‌مێكی جوان بوو. رۆژنامه‌و كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنه‌كانی ئه‌و كاته‌ زۆر به‌ تێری ڕووماڵیان كرد. ئه‌م پێشانگه‌یه‌ بۆ ئه‌رشیف له‌ یوتیوب هه‌یه‌ گه‌ر سێرچ بكه‌ن بۆ    Simko Ahmed 1994    ده‌یبینن.
ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌یه‌ ئه‌و كارانه‌م كه‌ بۆ پێشانگاكانی كوردستان ره‌فزكران له‌گه‌ڵ خۆمدا بردمن بۆ ژاپۆن ساڵی 1996، كاری بێشكه‌ی تاوان له‌ زۆربه‌ی كتێبه‌ هونه‌ری و گۆڤاره‌ هونه‌رییه‌كانی ژاپۆن بڵاوبۆته‌وه‌و بووه‌ جێگای سه‌رسامی زۆر ره‌خنه‌گرانی هونه‌ری كۆمیونیتی هونه‌ری شێوه‌كاری ئه‌و وڵاته‌. به‌ داخه‌وه‌ زۆربه‌ی ئه‌ كارانه‌شم فرۆشران و لام نه‌ماون به‌س سیان له‌و كارانه‌م لای خۆم هێشتۆته‌وه‌ چونكه‌ بۆنی سه‌رده‌مێكیان لێدیت كه‌ بێ سنووره‌ نرخی.  هیوادارم له‌ ئاینده‌دا پێشكه‌ش به‌ مۆزه‌خانه‌یه‌كی بكه‌م له‌ كوردستان تا بۆ مێژوو بمێنێته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كان كه‌ دێن دوای خۆمان. هه‌ر ئه‌و چه‌ند كاره‌ش له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كانی تیڤی ژاپۆن پڕۆگرامیان له‌سه‌ر كراوه‌. بۆیه‌ ده‌ڵێم هه‌ر كارێك ئیحساسی راسته‌قینه‌ی هونه‌رمه‌ند بێت خۆی بۆخۆی جێگای خۆی ده‌كاته‌وه‌. گه‌ر جیلێكیش به‌و به‌هایه‌ نه‌زانێ! جیلێك دێت ته‌قدیریان بكات. بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم یه‌كه‌م مامۆستای من خودی ژیان خۆیه‌تی. 

 *له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌شدارییانه‌ی كه‌ تائێستا كردوته‌، خه‌ونێك هه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا بۆت نه‌هاتبێته‌دی و هه‌وڵت بۆ هێنانه‌دی به‌رده‌وام بێت؟ 
-به‌ڵی زیاد له‌ خه‌ونێك هه‌یه‌ به‌س ئه‌و خه‌ونه‌ی ئێستا كار له‌سه‌ر هێنانه‌ دی ده‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ هه‌تا خۆم له‌ ژیاندا ماوم له‌ كوردستان گالێریه‌كم هه‌بێ بۆ ئه‌و كارانه‌م كه‌ نه‌مفرۆشتوون و لام ماون و ده‌مێننه‌وه‌ لام له‌ ئاینده‌دا، تا له‌ مه‌خزه‌نه‌كانی ئه‌وروپا و ژاپۆندا له‌ تاریكیدا نه‌ژین، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ زۆر كار ده‌كه‌م ئێستا تا پاره‌یه‌ك كۆ بكه‌مه‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌و لادێیانه‌ی كوردستان ئه‌و گالیریه‌ بكه‌مه‌وه‌ نه‌ك شاره‌كان. هه‌م ده‌ره‌قه‌تی نرخی شاره‌كان نایه‌م هه‌م حه‌زم له‌ شوێنێكی خامۆش و بێده‌نگه‌ بۆ زه‌مه‌نی پیریم گه‌ر فریای بكه‌وم.

*پڕۆژه‌كانی داهاتووت چین؟
-له‌ ئێستادا خۆم ئاماده‌ ده‌كه‌م بۆ پارالاكس ئارت فه‌یر كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین ئارت فه‌یری ئه‌وروپا هه‌ژمار ده‌كرێت. خۆشحاڵ بووم بۆدوهه‌م جارمه‌ بانگهێش بكرێم كه‌ له‌ هۆڵی چێڵسی ده‌كرێته‌وه‌ له‌ له‌نده‌ن له‌ ئۆكتۆبه‌ر ئه‌م ساڵ 2017. تیمای كاره‌كانم بۆ ئه‌م پێشانگایه‌ دوو زنجیره‌ كارن زنجیره‌ كاری یه‌كه‌مم به‌ ناوی (چۆله‌كه‌كانی به‌هه‌شت)ه‌ كه‌ به‌شێك ده‌بێ له‌و 100 كاره‌ هونه‌ریه‌ی بۆ چۆله‌كه‌كانی حه‌وشه‌ی مناڵیمی ده‌كه‌م تا لێم ببوورن كه‌ كاتی خۆی زۆریانم ئازار داوه‌ زۆریانم عاجز كردووه‌، ئه‌م پارچه‌ شیعره‌شم هه‌ر بۆ ئه‌وان نووسیوه‌ له‌ پاڵ كاره‌كاندا داده‌نریت به‌ چوار زمان ته‌رجه‌مه‌ كراوه‌:
زنجیره‌ كاری دووهه‌مم (كوڕه‌ پرته‌قاڵییه‌كان). ئه‌م زنجیره‌ كاره‌م بۆ ئه‌و رۆحه‌ زیزكراوانه‌ی ئه‌و قوربانی و دیلانه‌یه‌ كه‌ داعش له‌ ره‌نگی پرته‌قاڵیانی هه‌ڵكیشا و رۆژانه‌ له‌ میدیاو تیڤییه‌كاندا ئه‌و دیمه‌نی سه‌ربڕینه‌ نا مرۆڤانه‌یه‌ ده‌بینین. چه‌ندین جار له‌ خه‌ونه‌كانما خۆم دیوه‌ له‌ و به‌رگه‌ پرته‌قاڵییه‌دا له‌ پشتی شیشی زیندانی ناشیرینترین به‌شه‌ره‌كانی سه‌ده‌ كۆنه‌كاندا.  ده‌بێ ئه‌و كوڕانه‌ ئه‌و باوكانه‌ له‌و چه‌ند شه‌وه‌ی كۆتایی ژیانیاندا بیریان له‌ چی كردبێته‌وه‌؟ چه‌ند تامه‌زرۆی خه‌نده‌یه‌كی منداڵه‌كانیان بووبن؟ كاتێك ده‌زانن له‌وێ نابن بۆیان كاتێك پێ ده‌گرن یان فێری قسه‌كردن ده‌بن! له‌وێ نابن بۆیان كاتێك كارتی قوتابخانه‌ دێننه‌وه‌ و پێده‌كه‌نن بۆ گه‌وره‌ بوون و ده‌رچوون. ئه‌م زنجیره‌ كاره‌شم بیست كارن كه‌ هێشتا كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌م. له‌سه‌ر تۆڕی فه‌یسبووك و ئینستاگرام ده‌توانن زۆری كاره‌كانم ببین له‌ ئه‌كاونتی Simko Art 
 پڕۆژه‌یه‌كی تریش ئێستا خه‌ریكی دیزاین و دروستكردنی كتێبێكم به‌ ناوی (لێواری شه‌و) كه‌ تیایدا سه‌رجه‌م شیعرو نووسینه‌كانی شاعیری به‌ ناهه‌ق كوژراوی برام عیرفان ئه‌حمه‌د، هه‌م دیوانێكی شیعری بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و شیعرانه‌ی كه‌ بۆم كۆكراوه‌ته‌وه‌ هه‌م ئه‌رشیفێكه‌ بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی تایبه‌ت به‌و نووسراون.

 پرۆفایلی سمكۆ ئه‌حمه‌د

*له‌ سلێمانی له‌ دایك بووه‌، خوێندنی سه‌ره‌تایی و ئاماده‌یی هه‌ر له‌م شاره‌ ته‌واوكردووه‌، ساڵی 1990 زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كۆلێژی ئه‌ندازیاری مه‌ده‌نی ته‌واوكردووه‌.
 * له‌ ساڵی 1996 ه‌وه‌ له‌ ژاپۆن ده‌ژی و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌ له‌ ئه‌ندازیاری مه‌ده‌نی و دیبلۆم له‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كانی زانكۆی تۆكیۆ. له‌ هه‌مان ساڵه‌وه‌  ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای  رێكخراوی جالای ژاپۆنییه‌. 
*دوو كتێبی هونه‌ری هه‌یه‌  به‌ناوی به‌هار هه‌رگیز نامرێت و  ره‌نگه‌كانی به‌هه‌شت، له‌ زۆربه‌ی كتێبخانه‌كانی كوردستان و ژاپۆن و وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كانیش ده‌ستده‌كه‌ون.
*خاوه‌نی 14 پێشانگای تایبه‌تییه‌ له‌ كوردستان، ژاپۆن، كه‌نه‌دا، ئه‌فغانستان، سیرالیۆن، لایبریا له‌ئه‌فریقا، به‌ریتانیا و چه‌ند وڵاتیكی تری ئه‌وروپی و ئاسیایی.
*به‌شداربووی سه‌رجه‌م فێستیڤاڵه‌كانی جالایه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ی پله‌ یه‌كی ژاپۆن میترۆپۆلیتان ئارت تۆكیۆ. كۆریا، تایوان. 
*به‌شداری پتر له‌ ٥٠ فێستیفاڵ و بینالی نێو نه‌ته‌وه‌ی له‌ ژاپۆن و ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن.
*كوریه‌یته‌ره‌ بۆ جالا بینالێ  كه‌ به‌ دووساڵ جارێ له‌ مۆزه‌خانه‌ی تۆكیۆ میترۆپۆلیتان ده‌كرێ بۆ هه‌ڵبژاردنی 20 هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌مریكای لاتین تائێستا بواری بۆ 140 هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار و نمایشكاری كورد ره‌خساندووه‌ كه‌ كاره‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ بینه‌رانی ژاپۆن.
*چوارده‌هه‌مین پیشانگای تایبه‌تی له‌ ژێر ناوی به‌هار هه‌رگیز نامریت له‌ گالیری NSH له‌ له‌نده‌ن كرایه‌وه‌ له‌ 13-23-1-2017 به‌رده‌وامبوو. له‌م پیشانگایه‌ چل كاری هونه‌ری نمایشكرا و بینه‌رێكی زۆر ئاماده‌ی بوون هه‌م بیانی و هه‌م كورد. رێبازی كاره‌كانی سریالی تێكه‌ڵ به‌ واقیعی سیحری بوون، بابه‌تی كاره‌كانی سه‌باره‌ت به‌و جه‌نگانه‌ بوون كه‌ یه‌خه‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی لای خۆمانی گرتووه‌.
*به‌ هونه‌ریكی پرۆڤۆكانه‌ باس له‌ مافی مرۆڤ و جه‌نگه‌كان و كاریگه‌ری جه‌نگ له‌سه‌ر زیهنی مرۆڤ و پێشێلكاری مافی مرۆڤ ده‌كات له‌ رێگای ره‌نگه‌ ئاڵووڵاكانه‌وه‌ باس له‌ كاره‌ساته‌ ئینسانییه‌كانی میلله‌تی كورد ده‌كات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP