گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم
گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم ‌ 11/7/2017
پێناسە، مێژوو و ئەزموونەکانی
د. کامەران ئەمین‌ ئاوە
بەشی پێنجەم
زۆریش دوور لە ڕاستی نین
کەم نین ئەوانەی کە وەک پرۆفسۆر گرهارد گرین پسپۆڕی ئەڵمانی - شارەزای مێژووی ڕوووسیە و یەکێتی سۆڤییەتی- پێ‌یان وایە گارباچۆڤ لەساڵی ١٩٨٨ وە بە چەشنێکی سیستماتیک و بەردەوام بۆ هەڵوەشاندنی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەتی وەکو بناغەی سەرەکی یەکێتی سۆڤییەت تێکۆشاوە و پەیتا پەیتا دەسەڵاتی ڕێکخراوە بریاردەرەکانی حیزبی‌ کەمکردۆتەوە تا دەسەڵات بکەوێتە دەست سەرۆک کۆماری سۆڤییەت. کاتێک سەیری بەشێک لە ڕووداوەکانی ئەو کاتە بکەین دەبینین قسەکانی گرین زۆریش دوور لە ڕاستی نین. لە ژوئەنی ١٩٨٨ هەتا مارسی ١٩٨٩، یانی کاتێک کە هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرەی گەڵی یەکێتی سۆڤییەتی دەستی پێکرد، هەنگاوگەڵی پێویست لە لایەن گارباچۆڤ و هاوبیرانیەوە بۆلاوازکردنی حیزب بە خێرایی دەستی پێکرد، لە ژوئیەی ١٩٨٨، لە یەکەمین پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندی پاش کۆنفەرانسی ١٩ی حیزب، لایەنگرانی گارباچۆف بانگهێشتنی ئەندامەکانی سادەی حیزبیان بۆ تێکشکاندنی دەسەڵاتی دەزگاکانی حیزبی دەکرد. لە دسامبردا گارباچۆڤ ڕێژەی دەزگاکانی خۆجێی کەمکردوەو و ئەوانی گەیاندە ٩٠٠ هەزار و ئەو ڕێبەرانەی  کە لەگەڵی هاوڕێ نەبوون لە دەفتەری سیاسی دوورکردەوە. لە بڕیارەکانی پڵۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە سپتامبردا ئاندرێ گڕۆمیکۆ یەکێک لە کۆنە سیاسی‌یەکانی حیزبی بە یەکجاری لە دەفتەری سیاسی لابردا و یگۆر لیگاچۆڤ کە بەرپرسی بەشی ئایدۆلۆژی بوو کرا بە بەرپرسی بەشی کشت‌وکاڵ. چرنیایڤ تڵۆنی کە بە هۆی ئەوەوە، گارباچۆڤ و ڕاوێژکارەکانی دەزگای کۆمیتەی ناوەندی حیزبیان لەناو برد ئاماژەی کردوە کە گارباچۆڤ لابردنی نیوەی دەزگاکان و چرنیایڤ دوو لە سێی هەموویانی پێشنیارکردبوو و ئەوان لە سەر ژمارەیەکی دڵخواز لە نیوان نیوە و دوو لە سێ ڕێک‌کەوتن. پاشان کاتێک گارباچۆڤ پێشنیاری لابردنی تەواوی بنکەکانی ئابووری و حکوومەتی داوە، دەڵێ: ئێمە پاش لابردنی ماڤ‌و ئەرکی بەرێوەبەرایەتی بنکە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، ئەوان تەنیا وەکو بنکەیەکی ئایدۆلۆژیک رادەگرین»....
گارباچۆف چەند ساڵ پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤییەتی، لە زانستگایەکی تورکییەدا بەئاشکرا ئاماژەی بەم خاڵە کرد  کە ئەو هەر لە زووە خوازیاری ڕووخاندنی سۆسیالیزم بووە!؟
 ئەگەر ئەم بیرۆکەیەش وەکو هۆیەک بۆ ڕووخانی سیستمی سۆڤییەتی لەبەرچاو بگرین، دیسان ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە کە بۆچی، چ لە ناو حیزب و چ لە نێو یەکێتی کرێکاران و وەرزێران و شۆراکاندا هیچ هێزێکی بەرهەڵستکار و هیچ میکانیزمێکی یاسایی بۆ پێشگرتن لەم ڕەوتە نەبوو و کارەکان بە دەست کەسانێک گەیشتە ئەنجام کە بڕیار بوو سۆسیالیزمی بەڕاستی ئارایی لەو قەیرانە دەربهێنن و درێژەدەری شۆرشی ئۆکتۆبر بن؟ 
پاش ڕووخاندنی سۆڤییەت، زۆرینەی ئەندامانی پۆلیت بۆڕۆی حیزبی کۆمۆنیست کە هاوکات سەرۆک حیزبیی کۆمارەکانی سۆڤییەتیش بوون بێجگە لە گارباچۆف کە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بۆ ڕووسیە لە ساڵی ١٩٩٦ کەمتر لە سەتا یەکی دەنگەکانی هێناوە، بوون بە کاربەدەست و سەرۆک کۆماری ولاتانی پێشووی سۆڤییەتی: وەکو حەیدەر عەلی‌یف لە ئازەربایجان، نەزەریایف لە کازاخستان و ئێدوارد شوارنادزە لە گورجستان و هتد. 
بێ‌گومان لێکدانەوەی هەمەلایەنەی هۆیەکانی ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەتی کارێکی هاسان نی‌یە و پێویستی بە کار و لێکۆڵینەوەی زۆرتر هەیە. لێرەدا هەوڵدەدەین بە کورتی باسی بەشێک لەو خاڵە گرینگانە بکەین کە لە ئاکامدا هۆی ڕووخانی سۆسیالیزمی بە ڕاستی ئارایی لە یەکێتی سۆڤییەت وەکو یەکەمین ئەزموونی شۆڕشی سۆسیالیستی لە جیهان بوون.

دەوڵەتی کرێکاریی دابین کرد
ئەگەر مارکس ڕەنگ‌و روی زانستی دایە سۆسیالیزمی خەیاڵی، شۆڕشی ئۆکتۆبر ئەم بیرۆکەیەی کرد بە ڕاستی‌یەک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا‌، ڕەوتێک کە پێچەوانەی مێژووی سەدان ساڵ دەسەڵاتداری چینی چەوسێنەر لە جێهاندابوو. شۆڕشی ئۆکتۆبر و دەسەڵاتی سۆڤییەتی سەرەرای تەواوی کێشەکان، لادان و بەلاریدارۆیشتنەکانی، خاوەنی جەوهەری سۆسیالیزم بەو چەشنە بوو کە مارکس پێناسەی کردبوو. کۆمەڵگایەک کە خاوەنداریەتی بۆرژوایی واتە «بازاری ئازاد» و دەوڵەتی کاپیتالیستی ڕووخاند و خاوەنداریەتی کۆیی، بەرنامەرێژی ناوەندی و دەوڵەتی کرێکاریی دابین کرد. هەروەها ڕادەیەکی بەرچاوی لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هێمنایەتی، چاودێری دەرمانی و تەندرووستی، کار ، ماڵ، دەرفەتی دەرس‌خوێندن و هتدی بۆ تەواوی شارومەندان و بەتایبەتی زەحمەتکێشانی کارخانە و مەزراکان مسۆگەڕ کرد و بوو بە یەکێک لە بەهێزترین و گەورەترین وڵاتانی سەنعەتی، سوپایی لە جێهاندا.
 بەم حاڵەش یەکێتی سۆڤییەتی بێ هیچ چەشنە شۆڕشێکی ناوخۆیی، بەشوێن نەخۆشییەکی هەمەلایەنەی کۆمەڵایەتی کە بەرهەمی قەیرانێکی گەورە و مێژینەی حیزبی بوو، پاش ٧٣ ساڵ دەسەڵاتداری، تووشی شکست هات. لێنین کاتی خۆی بە جوانی ئاماژە بەم خاڵە کردبوو کە حیزبێکی دەسەڵاتدار هەمیشە لە مەترسی نفوزی خەڵکی گەندەڵ و هەلپەرەست دایە. ئەم مەترسی‌یە بۆ حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤییەتی کە بێ هیچ ڕکابەریی و ململانێ لەگەڵ هێزێکی سیاسی دیکە، بۆماوەی پتر لە ٧٠ ساڵ تەنیا دەسەڵاتدار بوو، هەرەشەیەکی گەلێک جێددی و پڕمانا بوو و لەئاکامدا شکستی یەکەمین دەوڵەتی سۆسیالیستی سەدەی بیستەمی لێ‌کەوتەوە. هۆیەکانی ئەم شکستە لە لایەن پسپۆڕان و توێژەرانی کۆمۆنیست و ناکۆمۆنیست بە چەشنی جۆراوجۆر لێکدراوەتەوە و هەرکام لە ڕوانگەی خۆیانەوە بەئاکامی جۆراوجۆر گەیشتوون، لێرەدا هەوڵدەدرێ، هەروەکو پێشتر ئاماژەی پێکرا، خاڵەگرینکەکان و هۆیە ڕێخۆشکەرەکانی ئەم شکستە بە پێی پێداچوونەوەیەک لەسەر مێژوو و سیاسەتەکانی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەتی لە کاتی بە ئەنجام گەیشتنی شۆرشی ئۆکتۆبرەوە لە ساڵی ١٩١٧هەتا ڕووخانی لە ساڵی ١٩٩١ تا ئەو جێگایەی کە دەگونجێ، شی بکرێتەوە.
 هیچ شۆڕشێکی سەرکەوتوو لە ئوروپا و ئەمریکا ڕووی نەدا
  یەکەمین شۆڕشی کرێکاری لە جێهاندا بە پێچەوانەی ئەو پێش‌بینی‌یانەی کە دامەزرێنەرانی بیری کۆمۆنیزم کردبوویان، نەک لە وڵاتێکی پێشکەوتووی سەرمایەداری بە ئاستی بەرزی هێزەکانی بەرهەمهێنەر و ئاگایی سیاسی چینی کرێکار، بەڵکوو لە وڵاتێک بەئەنجام گەیشت کە بە قەوڵی لێنین لاوازترین ئاڵقەی جێهانی سەرمایەداری و لەباری ئابووری‌یەوە گەلێک لە وڵاتە سەرمایەداری‌یەکانی هاوکات دواکەوتووتر بوو. ڕێبەرانی شۆڕش پێویست بوو بۆ دابینکردنی سیستمی سۆسیالیستی پێش هەمووشتێک، گەلێک کەمایەسی ئابووری و کۆمەڵایەتی قەرەبوو بکەنەوە و هاوکات لەبەرانبەر پیلان و هێرشی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی پێشووی تێزار و هێرشی بەردەوامی وڵاتە سەرمایەداری‌یەکان خۆڕابگرن. ئەمەش لە حاڵەتێکدا بوو کە بە پێچەوانەی پێش‌بینی‌کانیان نەک هەر هاوکات هیچ شۆڕشێکی سەرکەوتوو لە ئوروپا و ئەمریکا ڕووی نەدا، بەڵکوو دەوڵەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو تەنیا و بە کۆڵێک کێشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی‌یەوە لەبەرانبەر گوشارە ئابووری و نیزامی‌یەکانی‌ ولاتە ئەمپریالیستی‌یەکان مایەوە. 
لە لایەکی دیکەشەوە هیچ ئەزمونێکی سەڵمێندراو بۆ دارشتنی بنەماکانی کۆمەلگای سۆسیالیستی نەبوو و کۆمۆنیستەکانی ڕووس بۆهەوەڵ کەرەت لە مێژووی مرۆڤایەتی‌دا ئەرکی پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دوور لە زوڵم و زۆری چینایەتیان وەئەستۆ گرتبوو، دەبوو پێ بە پێی ڕووداوەکان لە کردەوەدا ڕەنگی ڕاستی بە بیرۆکەی سۆسیالیزم بدەن و بە ئەنجامی بگەیەنن. 
لەسەرەتادا دەسەڵاتدارانی تازەی ڕووسیە سەرەرای میللی‌کردنی بانکەکان، ڕێ‌و بان، نەوت، کرین‌و فرۆشی دانەوێڵە و پیشەسازی نیزامی، لە بوارەکانی دیکەوە بە پارێزەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بەشی خۆیی دەکرد، بەڵام پاش هێرشی نیزامی‌و داگیرکرانی بەشێک لە ڕووسیە لە لایەن چندین وڵاتی سەرمایەداری و دەستپێکردنی شەری نێوخۆیی، بەرنامەی کۆمۆنیزمی جەنگی (١٩٢١-١٩١٨) و چاودێری دەوڵەت بەسەر تەواوی سەرچاوەکانی ئابووری و ئینسانی دەستی پێکرد. ئەمە هەرچەند لەکاتی شەڕدا بۆ پاراستنی شۆڕش پێویست بوو و لە کورت خایەندا یاریدەی چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی‌دا، بەڵام هاوکات کاردانەوەی نەرێنی لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبوو و قەیرانی ئابووری و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی لێ‌کەوتەوە.
 بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە لێنین بەرنامەی ئابووری نوێ واتە «نێپ‌»ی (NEP)دارشت کە پاش مردنیشی( ٢١ی ژانویەی ١٩٢٤) هەتا ١٩٢٨ درێژەی پێدرا. ئەم بەرنامەیە وەکو تێکەڵاوێک لە سۆسیالیزم و ئابووری ئازاد، بووە هۆی باشترکردنی ئاستی ئابووری کۆمەڵگا، بردنەسەرەوەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و پێکهێنانی وەرزێری خۆش‌بژیو. لە دەیەی ١٩٢٠ وەرزێران کە سەتا ٨٠ی حەشیمەتی کۆمەڵگایان پێک‌هێنابوو، گەورەترین چینی کۆمەڵایەتی بوون کە بەرژوەندیان بە تایبەتی لە بەشی خۆیی‌دا بوو. 
کاتێک لێنین لە ساڵی ١٩٢٤ کۆچی دوایی‌کرد، شۆڕش ئیتر دەسەڵاتی دەوڵەتی بەدەسهێنابوو و  لەشەری دژ بە هێرشی سپای وڵاتانی ئەمپریالیستی و دۆژمنی نێوخۆییدا سەرکەوتبوو؛ پیشەسازییە گرنگەکانی میللی کردبوو؛ دابەشکردنی زەوی لە نێو وەرزێران و جوتیاران دەس پێکرابوو کە گیانێکی تازەی بە بەرهەمهێنانی پیشەیی و خواردەمەنی بەخشیبوو. زۆربەی ڕێبەرە بە نێوبانگەکانی کۆمۆنیست لەسەر ئەم باوەڕە بوون کە بێ سەرکەوتنی شۆڕش لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕشی سۆسیالیستی لە وڵاتێکی پاشکەوتووی وەرزێری وەکو ڕووسیەدا نی‌یە. شکانی ڕاپەرینی کرێکارانی ئەڵمان لە ١٩٢٣ نیشانی دا کە جارێ ئاسۆیەک بۆ سەرکەوتنی هیچ شۆڕشێک لە ئوروپادا نی‌یە کە بتوانێ پاڵپشتی شۆرشی ڕووسیە بێ. 

سێ بەرنامە بۆ درێژەپێدان بە بینای سۆسیالیزم
لەم پێوەندی‌یەدا سێ بەرنامە بۆ درێژەپێدان بە بینای سۆسیالیزم لە لایەن ترۆتێسکی، بوخارین و ستالین پێشنیارکرا:
-ترۆتێسکی لایەنگری ڕەوتی دامەزراندنی سۆسیالیزم لە نێوخۆی وڵات و هەوڵی ڕێخستنی شۆڕشێ سۆسیالیستی لە دەرەوەی وڵات بوو. لە باری سیاسەتی نێوخۆی‌یەوە خوازیاری گەشەکردنی سەنعەت، گەلەکۆمەکان‌ و مێکانیزاسیۆنی کشت‌و کاڵ و پێشکەوتنی بەرنامەرێژی ئابووری بوو. بە باوەڕی ترۆتێسکی شۆڕشی نێونەتەوەیی تەنیا ڕێگە و هیوای ڕزگاربوونی ڕووسیە لە بێ‌کەڵکیی بۆرۆکراتیک و لەدەسچوونی تامەزرۆیی بوو. بەرنامەی ترۆتێسکی و ئوپۆزیسیۆنی چەپ لە کۆنگرەی ١٤ی حیزبدا سەرکەوتنی وەدەس‌نەهێنا. 
-نیکۆلای بوخارین خوازیاری درێژەپێدانی سیاسەتی نێپ وەکو ڕێگەی گەیشتن بە سۆسیالیزم بوو. ئەمە لەحالێکدا بوو کە لێنین نێپ (سیاسەتی نوێ ئابووری)ی وەکو پاشەکشەیەکی کاتیی پێناسە کردبوو. بە باوەڕی بوخارین، دەبوو ئیزنی درووستکردنی بنکەکانی خۆیی بە کۆلاکەکان  بدرێ. بوخارین دژی خێرا سەنعەتی‌کردن و کۆیی‌کردنی کشتوکاڵ و هەرچەشنە گوشارخستنە سەر وەرزێران بوو. دروشمی بوخارین بۆ وەرزێران «خۆتان دەوڵەمەند بکەن» بوو. بۆخارین خوازیاری وەدەسهێنانی پشتیوانی گرووپە ناکۆمۆنیستەکانی دەروەی وڵات بوو. کۆنگرەی ١٥ی حیزب لە ١٩٢٧ بە پەسەندکردنی سیاسەتی بردنەسەرەوەی ئاستی کۆلکتیویزاسیۆن واتە کۆخوازی لە کشتوکاڵدا، بیرۆکەکانی بۆخارین و باڵی ڕاستی ڕەد‌کردەوە. 
-نەخشەڕێگای سێهەم ئەوەی ستالین بوو کە لە ئەنجامدا پاش ململانێ لەگەڵ دوو بەرنامەی سەرەوە، سەرکەوتنی وەدەست هێنا. ڕیگای چارەسەرکردنی ستالین چواربەشی لەخۆ دەگرتەوە: ١) ئەگەری سەرکەوتنی سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا هەیە. ٢) بە مەرجی خێراسەنعتی بوون، سۆسیالیزم دەتوانێ بێ‌سەرهەڵدانی شۆڕش لە ڕۆژئاوا و یارمەتی هێزە ناکۆمۆنیستەکان سەر بکەوێت. ٣) بردنەسەرەوەی داهاتی کشتوکاڵ سەرچاوەی سەرەکی پێشکەوتن و گەشەکردنی سەنعەتە، بۆ خێراسەنعەتیکردنی وڵات پیویست بە پەرەپێدانی مەزرا کۆی‌یەکان هەیە. ٤) بۆ هاوئاهەنگی پێشکەوتنی سەنعەتی و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ پێویست بە بەرنامەرێژی خۆجێی‌‌یە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7321
23/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بۆڵت له‌ له‌نده‌ن به‌شداری 200 مه‌تر ناكات 23/7/2017
‌ بۆندێكی بۆ ماوه‌ی‌ 5 وه‌رز له‌گه‌ڵ چێڵسی ئیمزاكرد 23/7/2017
زانست
‌ بۆ گه‌رمای هاوین خواردنه‌وه‌ی ئاوی شله‌تێن باشه‌ 23/7/2017
‌ ته‌نه‌ ئاڵۆزه‌كانی گه‌ردوون، ئامانجی به‌ هێزترین ته‌لسكۆبی جیهانه‌ 23/7/2017
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP