ئەستێرەگەشەی ئاسمانی زمانی کوردی
ئەوڕەحمانی حاجی مارف؛ ئەستێرەگەشەی ئاسمانی زمانی کوردی ‌ 11/7/2017
 (یادکردنەوەی «کوردستانی نوێ» لە دەیەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی 
پسپۆڕ و پرۆفیسۆری بواری زانستیی زمان دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف دا)

ئامادەکردنی: ساڵح بێچار

هەڵبەت کاتێک کە باس لە هەر بوارێکی ئەدەبیی، هونەریی، زانستیی و هتد دەکرێت، ڕاستەوخۆ ناوی کۆمەڵێک کەسی بەتوانا و داهێنەری ئەو کایە و بوارە بەبیرماندا تێدەپەڕن.
 یەکێک لەو بوارانەش بواری زانستیی زمان و فەرهەنگ نووسیی کوردییە و یەکێک لەو کەسانەش کە بەناوهێنانی ئەو بوارە لە بەر دیدەی خەیاڵمان حازرە؛ نووسەر و زمانناسی ناوداری کورد، دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارفە.
دکتۆری ناوبراو لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٠ سلێمانییە و یەکێکە لە سەرچاوە  سەرەکی و دەوڵەمەندەکانی زمانی کوردی، بە نووسین و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان و سەرنجەکانی خزمەتێکی گەورەی بە نەتەوەکەی کردووە و لە زۆربەی لایەنەکانی زمان دواوە و گەلێک دیوی شاراوەشی دەرخستووە و ساخیکردوونەتەوە.
پرۆفیسۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف، پاش خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە سلێمانی، ساڵی ١٩٦١چووەتە یەکێتی سۆڤیەت و لەوێ لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی (لینینگراد) بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری بەدەستھێناوە. نزیکەی سیازدە ساڵ لەوێ ماوەتەوە و لە بەشی ڕۆژھەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستیی سۆڤیەت لە لینینگراد بە ھاوکاری مامۆستا کوردەکەی، واتا پڕۆفیسۆر (قەناتی کوردۆ- کوردۆیف)، تێزی دکتۆراکەی لەبارەی (مێژووی فەرھەنگنووسیی کوردی و شێوازی دانانی فەرھەنگی ڕووسی - کوردی) تەواوکردووە و بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستھێناوە. هەر لەو ساڵانەدا بەھەوڵ و کۆشش و توانای خۆی زمانی ڕووسی بەباشی فێربووە. 
دکتۆر ئەوڕەحمان ساڵی ١٩٧٣ دەگەڕێتەوە نیشتمان و لە کۆڕی زانیاریی کورد و زانکۆکانی (سلێمانی، ئیبن ڕوشد و خانەقین) قۆڵی خزمەتکردن ھەڵدەکات و وانە بە خوێندکارانی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا دەڵێتەوە، هاوکات سەرپەرشتی دەیان نامەی ماستەر و دکتۆرای کردووە، هاوکار و ھاندەری گەورەی خوێندکارە کوردەکانی بەشی کوردی بووە لە شاری بەغدا و بەردەوام پاڵپشتێکی بەھێزیان بووە.
لە دوای ڕاپەڕین و لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی وانەی وتووەتەوە و ڕۆڵی سەرەکیی ھەبووە لە کردنەوەی خوێندنی باڵای (ماستەر و دکتۆرا) لەو کۆلێژە دا، هاوکات سەرپەرشتی نووسینی دەیان نامەی ماستەر و دکتۆرای کردووە، و سەرۆک و ئەندامی لیژنەی ھەڵسەنگاندنی دەیان نامەی دیکەش بووە .
لە ماوەی ژیانی دا زیاتر لە بیست کتێب و سەدان وتار و لێۆڵینەوە و چەندین کتێب و وتاری وەرگێڕدراوی لە بارەی زمان و ئەدەب و کوردناسی و ڕەخنە و فەرھەنگنووسی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە. بەرھەمەکانی گرنگی و تایبەتی خۆیان ھەیە و بوون بە ھەوێنی چەندان کتێب و وتار و توێژینەوە. لە سەردەمی ئەو و دوای ئەویش هیچ نووسەرێک نەبووە و نییە، دوو قسەی لەسەر زمانی کوردی کردبێت و سوودی لە نووسین و بیروڕاکانی ئەوڕەحمانی حاجی مارف وەرنەگرتبێت، ئێستاش نووسینەکانی لە قوتابخانەکان و زانکۆکانی کوردستان دەخوێنرێن و نرخ و بایەخی تایبەتییان ھەیە، بە جۆرێک زۆربەی ھەرە زۆری نووسەران و خوێندەوارانی کورد بەهرە و بەشیان لە خەرمانی زۆر و زەوەندی ئەم کەڵە زانایە بەرکەوتووە، بەرھەمەکانی پڕن لە داھێنان و بابەتی نوێ، بەردەوام سەرنجی خستووەتە سەر ئەو لایەنانەی زمان، کە کەمتر قسەیان لەسەر کراوە یان کەمترین سەرچاوەیان لەبارەوە ھەبووە و کتێبخانەی کوردی پێویستی زۆری پێی هەبووە. لە ڕێگەی وەرگێڕانیشەوە دەیان چیرۆکی ڕووسیی و جیهانیی بە خوێنەرانی کورد ناساندووە.
دوای تەمەنێک لە خزمەت و نووسین و وەرگێڕان، بڕیاری کارێکی درێژخایەن و گرنگی وەک دانانی فەرھەنگێکی «کوردی - کوردی» دا، کە خەونێکی لە مێژینەی خۆی بوو، ماوەیەک بە تامەزرۆییەوە خەریکی ئەو فەرھەنگە بوو، بەڵام نەخۆشیی بەرۆکی گرت و تا ڕادیەک لە کاری فەرھەنگەکە دووری خستەوە، دواجاریش مەرگ مەودای تەواوکردنی ئەو کارەی پێنەدا. هەڵبەت ناوی «میدیا»ی لە فەرھەنگەکەی نابوو کە خۆی لە بیست و پێنج بەرگ دا دەبینیەوە و بە شێوازێکی زانستیی فەرھەنگنووسیی دایڕشتبوو، بە پشتبەستن بە یاسا و دەستورەکانی بواری فەرھەنگسازیی وشە و واتاکانی تۆمارکردبوون و لەسەر ھەمان ڕێچکەی فەرھەنگی (قاموسی زمانی کوردی) ی مامۆستا عەبدولڕەحمانی زەبیحی دەڕۆیشت. بەداخەوە کە (میدیا) ش وەک فەرھەنگەکەی زەبیحی بە تەواونەکراوی مایەوە.
ئەوڕەحمانی حاجی مارف نزیکەی چل ساڵ وەک پسپۆڕێکی شارەزا و دڵسۆز، شەو و ڕۆژی خستە سەر یەک و لێرە و لەوێ بە وشە و ھەڵوێست خزمەتی نەتەوەکەی کرد، وەک خۆی خاکییانە و لەخۆبوردووانە نووسیویەتی: (کۆڵەوارم و ھەر ھێندەم لە دەست دێت، خۆزگە کاری گەورەم لە باردا بووایە، خەجاڵەتی قاپی دڵسۆزیی میللەتەکەمم، کە ھێندە دڵپاک و لەخۆ بووردوون، دەست بە ڕوومەوە نانێن و ئەو جۆرە دیاریانەم لێ وەردەگرن).
پڕۆفیسۆر و زمانەوانی کورد د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف، لە درەنگە شەوی (٨/٩) ی تەموزی ساڵی ٢٠٠٧ لە تەمەنی (٦٧) ساڵی دا، لە گەڕەکی (ڕاپەڕین) ی شاری سلێمانی بەھۆی ڕووداوی ئۆتۆمبێلەوە گیانی لەدەستدا.
هەڵبەت درێژەدان بە کاروانی خزمەتەکانی مامۆستا، جوانترین وەفایە پێشکەش بەو پیاوە مەزنەی نەتەوەکەمانی بکەین، پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار و زانکۆکانی کوردستان، لە ئاست خزمەتە بەرچاوەکانی ئەودابن و ساڵانە یادی ئەم زانایە بکەنەوە و پەیکەرێکی شایستەی لەبەردەم کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی یاخود کۆڕی زانیاریی کورد بۆ دروستبکرێت، ھەروەھا ئاوڕ لە بەرھەمە چاپ نەکراوەکانی بدرێتەوە و چاپ بکرێن، بەرھەمە چاپکراوەکانیشی سەرلەنوێ چاپ بکرێنەوە، کە ھەموویان سەرچاوەی زانستیی و پێویست و گرنگن بۆ نووسەران و خوێنەران و خوێندکارانی کورد. 

سەرچاوەی وێنەکان:
1- ئەرشیڤی بنکەی ژین
2- ئەرشیڤی ساڵح بێچار
3- بنەماڵەی ئەوڕەحمانی حاجی مارف


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
‌ ئه‌ندریه‌ واردی پاڵه‌وانی جیهان وازهێنانی راگه‌یاند 24/9/2017
زانست
‌ 12 ساڵ دوای‌ هاوسه‌رگیری چی‌ ڕوو ده‌دا؟ 22/9/2017
‌ باوه‌ڕت به‌ خه‌ونه‌كه‌ت هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌كرده‌وه‌ به‌ده‌ستت هێنابێ 22/9/2017
‌ كێش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ناكۆكی‌ خێزان هه‌یه‌ 22/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP