لە نۆڤڵێتی ئاسییە-ی تۆرگنێفدا
پرسی خۆشەویستی و غه‌ریبی لە نۆڤڵێتی ئاسییە-ی تۆرگنێفدا ‌ 11/7/2017
ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئیڤان تۆرگنێف یەکێکە لە رۆمانووس و نووسەرە مەزنەکانی روسیا، ئەو بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی ئەدەبی کلاسیکی روسی و جیهان دێتە ژماردن.  لەژیانیدا تۆرگنێف کۆمەڵێک بەرهەمی نەمری هەیە لەسەرووهەموشیانەوە رۆمانی « باوکان و کوڕان»، لەپاش ئەمانەشدا کۆمەڵێک نۆڤلێتی جوانی هەیە، یەکێکیش لەو نۆڤلێتە جوانانە، نۆڤلێتی « ئاسییە»، ئەم نۆڤلێتە لەساڵی 1857 دا نووسیویەتی، بەیەکێک لە کارە جوانەکانی دێتە ژماردن. خۆشبەختانە ئەم نۆڤلێتە لەلایەن برای وەرگێری هێژا « رەسوڵ سوڵتانی» کراوەتە، کوردی. 
ناوەڕۆک
ئەم نۆڤلێتە باسی چیرۆکی ژیانی کەسێکی تەمەن 45 ساڵان دەکات، کەلە رۆمانەکدا بە « ن» ناوی دەبات، واتە رەمز بۆ ناوەکەی دادەنێت، ئەم پیاوە بەشێوەیەکی فلاش باگ باس لە ئەزموونی خۆشەویستی خۆی لەگەڵ کچێکی حەڤدە  ساڵان بەناوی « ئاسییە> دەکات. لە یەکێک لە شارەکانی ئەڵمانیا، کە دووبارە نووسەر رەمز بەکاردەهێنێت و ناوی « ز» لێدەنێت، ئاسییە و گاگینی برای دەناسێت، پاش ماوەیەک عاشقی ئاسییا دەبێت، لێ کێشەکە لەوەدایە کە نازانێت چۆن گوەزارشت لەم خۆشەویستییەی بکات.
 ئاسییە خوشکی گاگینە لەباوکیەوە، دایکی ئاسییە ژنە خزمەتکارێکی ماڵی باوکی گاگین بووە، باوکی کەسێکی دەوڵەمەند و ئەرستۆکراتی بووە، لەبەر عورف و عادات ناتوانێت بەئاشکرا باسی ئەم ژنەی بکات، کاتێکیش دایکی ئاسییە دەمرێت، باوکی دەیهێنێتە لای خۆیی و بەخێویی دەکات. پاشئەوەی باوکی گاگین دەمرێت، باوکی وەسیەت بۆ گاگینی کوڕی دەکات کە ئاگای لە ئاسییە بێت و چونکە ئەو خوشکیەتی، دواتر ئاسییەی خوشکی دەهێنێت بۆ شاری پیترسبورگ و دواتریش سەردانی ئەڵمانیا دەکەن.
 لە یەکێکە لەشارەکانی ئەڵمانیا کە نووسەر  رەمزی « ز> ی بۆ داناوە، جەنابی « ن» دەناسن. پاش ئەوەی تێکەڵاوی یەکتری دەبنم ئاساییە عاشقی « ن» دەبێت، بەڵام کێشەکە لەوەدایە « ن» زۆر خراپ مامەڵە دەکات و خێرا ناچێتە خوازبێنی ئاسییە لەبراکەی، لەئەنجامدا ئاسییە نەخۆش دەکەوێت و دواتریش  گاگین و ئاسییە، شارەکە بەجێدەهێڵن و بەرەو شاری کۆڵن سەفەر دەکەن، بۆ ڕۆژی پاشتر «ن» تووشی حالەتێکی زۆر خراپ دەبێت و  بەدوایاندا دەگەڕێت و بەرەو کۆڵن دەچێت، لێ هەرگیز نایاندۆزێتەوەو دواتریش ئەوان سەفەر بۆ لەندەن دەکەن، ئەویش هەر بەدوایانەوە دەبێت، لێ هیچ کاتێک ناتوانێت ئاسییە ببینێتەوە. 
خۆشەویستی
پرسی خۆشەویستی پانتاییەکی گەورە لەم نۆڤلێتەدا داگیردەکات، نووسەر هەوڵیداوە لە رێگەی وەسفکردنی حاڵەتی خۆشەویستی نێوان « ن» و ئاسییە تەوزیف بکات و گرنگی  خۆشەویستی لەژیانی مرۆڤدا دەردەخات. بۆ نموونە سەرتا»ن» هیچ گرنگی بەژیان نەدەدا، بەڵام پاش ناسینی ئاسیا ژیانی دەگۆرێت.
لەمبارەیەوە  لەزاری « ن» ەو دەڵێت: 
- گورج و گۆڵ بەجادە ئاشناکەدا هەنگاوم دەنا، بیرم نەک لە داهاتوو، تەنانەت لە سبەینێی خۆشم نە دەکردەوە، زۆر کەیفخۆش بەدەماخ بووم. 
بەڵام پاشئەوەی « ن» دەزانێت کە ئاسییەی لەدەستدەرچووە، بەتەواوەتی ژیانی دەگۆرێت و وەکو شێتێک بەدوای ئاسییە شارەو شار دەگەڕێت تاوەکو بیدۆزێتەوە. 
بەختەوەری
وەکو هەموو بەرهەمەکانی تری، ئەم نۆڤلێتەش کۆمەڵێک پرسی فکری و سیاسی گرنگی ووروژداندووە، یەکێکیش لەو پرسانە « بەختەوەرییە» ئەمەش لەزاری گێڕەوەری نۆڤلێتەکەوە دەڵێت:
_ بەختەوەری  سبەینێ و دوێنیی نییە، بەختەوەری، دوێنێی هەر لەبیر نییە و بیر لەسبەینێش ناکاتەوە. بەختەوەری ئەمڕۆی لەبیرە و تەواو، ئەویش نەک یەک ڕۆژ ، بەڵکو تاقە ساتێک. 
غەریبی
دەکرێت بڵێین ئەم نۆڤلێتە دەچێتە قاڵبی ئەدەبی تاراوگەوە، لێرەدا نووسەر هەوڵیداوە باس لە ژیانی کەسێکی رووسی بکات لە ئەڵمانیا، ڕاستە سەرەتا کەسایەتییەکە حەز دەکات لە هەموو شتێکی رووسی دووربکەوێتەوە ، لێ دواجار هەستی غەریبی زۆری بۆ دەهێنێت‌و  لە هەڵوێستەکەی پێشووی پەشیمان دەبێتەوەو دەڵێت: 
_ باخچەیەکم دی پڕ لە گوڵی شایننە، بۆن و بەرامە لێبراوەکەی  خستمییەوە بیر نیشتمانەکەم و خەمی دووریەکەم لەناخمدا بەخەبەر هات. حەزم لێ بوو بۆنی رووسیا هەڵمژم و بەسەر خاکەکەی رووسیادا هەنگاو بنێم. بە خۆمم دەگوت « لێرە چ دەکەم؟ بۆچی لە وڵاتانی بێگانەکان و لەنێو خەڵکی نامۆدا و دوور لە نیشتمانەکەم ئازاد دەچێژم.
دیارە ئەم، هەستو پرسیارانە لەلای هەموو تاکێکی تردا دەردەکەوێت، کاتێک دەچێتە وڵاتێکی ترەوەو هەستی غەریبی بەسەریدا زاڵ دەبێت. 
ستایشکردنی ئەڵمان و ئەڵمانیا
دیارە تۆرگنێف بە پێچەوانەی دۆستۆیڤسکیەوە، زۆر هۆگری شارستانی رۆژئاوایی بووە بەتایبەتی ئەڵمانیا و یەکێک بووە لە هۆگرانی هزری هیگل و شۆپنهاوەر، بەواتایەکی تر کەسێکی غەربزادە بووە، لەم رۆمانەشدا بە ڕوونی ئەم هەستەی نووسەرمان بۆ دەردەکەوێت 
- سڵاوت لێ بێ ئەی قوژبنە هێمنەکەی زەوی ئەڵمان، سڵاو لە خۆشی بژێویی و نیعمەتە سادەکەی تۆ. سڵاو لەو دەستانەی کە کارکردنی بەردەوام و سەبر و سینگفراوانیی و زۆرەوەو شوێنەواریان بە هەموو شوێنێکەوەیە.
لە شوێنێکی ترەوە لە دیالۆگی نێوان کاگین و» ن» ەوە لە  زاری گاگینەوە دەڵێت: 
_ لی گەڕێ با لاساری نەکا، واباشترە سەیری زیرەکیەکەی ئەو خەڵکەی ئێرە بکەین. 
هەر لە شوێنیکی تردا کاگین وەسفی ئەڵمانەکان دەکات و رەخنەی توندیش لە گەنجانی رەوسیا دەگرێت و دەڵیت: 
_ با بەکەیفی دڵمان سەیری ئەڵمانییەکان بکەین، ئەوە گەنجەکانی خۆمان بوایەن، ئێستا هەموو ئەم بوتڵ و شووشە و مێزانەیان وورد و خاش دەکرد، بەڵام ئەوانە زۆر لەسەرخۆن.
تۆرگنێف هۆگری و شەیدایی بۆ ئەڵمانەکان ناشارێتەوەو لای ئەو ئەڵمان و ئەڵمانییەکان، نموونەی باڵان ، بەپێچەوانەوە رووسەکان مایەی رەخنەلێگرتنن.
ڕەخنە لە رووسیا و رووسەکان
لە زمانی گێرەوەرەوە بە شێوەیەکی ڕەخنە ئامێزانە سەیری رووسەکان دەکات و دەڵێت:
_ رووسەکان بە رواڵەت و قەڵافەتێکی لە خۆبایی و خەڵک بەکەم زان و فەرماندەرانە ، کە زۆر خێرا دەگۆڕدرا و دەبووە حاڵەتێکی پڕ ترس و پارێز،، کە چاویان بە بنیادەم دەکەوت، زوو دەسەڵەمینەوەو پارێزیان دەکرد، زۆرجاران بێ ئۆقرە دەبوون‌و  نەتدەزانی لەبەرچی،، بەڵێ، من هەرخۆشیم لە رووسیەکان نەدەهات. 
میتۆدی نووسین
یەکێک لەو شتە گرنگانەی کەسەرنجی ڕاکێشام ، شێواز و میتۆدی نووسینی ئەم نۆڤلێتە بوو، نووسەر لەم نۆڤلێتەدا هەوڵیداوە لە رێگەی بەکارهێنانی سیمبۆڵەوە وەسفی حاڵەتی کەسایەتی و شوێنەکان بکات. بۆنموونە ناوی گێڕەوەر بە پیتی « ن» دادەنێت، ئەو شارەی تێیدا دەژی  پیتی» ز» وەسفی دەکات، ئەو شارەی کە کاگین و ئاسییە خوشکی تێدا دەژی پیتی « ل» ی بۆ داناوە. واتە نووسەر لەرێگەی سیمبۆڵەوە، گوازرشتی لە شوێن و کەسایەتییەکان کردووە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا تەکنیکێکی جوانی ناو نۆڤلێت و رۆمانە، کەم نووسەریش توانیویانە لەم میتۆدا سەرکەوتن بهێنن. 
چەند سەرنجێک
بەدڵنییایەوە وەرگێڕانی کارو بەرهەمەکانی گەورە نووسەرێکی وەکو تۆرگنێف کارێکی تابڵێیت چاک‌و جێگەی ڕێزە، ئەوەی جێگەی سەرنجم بوو لەم نۆڤلێتەدا، کاک رەسوڵ سوڵتانی شێوازێکی جوانی لەکاتی وەرگێراندا بەکارهێناوە، ئەویش پەراوێز دانان بۆ ئەو وشانەی کە وەرگێڕ دەزانێت بەشێکی زۆرێک لە  خوێنەران لە ماناکەی تێناگەن. بەکارهێنانی پەراوێز  تەکنیکێکی زۆر جوان و راست و دروستی کاری وەرگێڕانە، بەداخەوە زۆرکەم وەرگێڕ ئەم میتۆدە بەکاردەهێنن، زۆرجار ووشەی وا دەنووسن کە زۆربەی خوێنەران لەمانا کوردیەکەی ناگەن، هەربۆیە لێرەدا پەراوێز دانان ، یارمەتی زۆری خوێنەران دەدات ، بۆ تێگەیشتن لە کرۆکی ووشە نوێکان یان بیانییەکان. 
لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە کاک رەسوڵ سوڵتانی بکەین، بەڕاستی بەزمانێکی پاراو جوانەوە، هەوڵیداوە ئەم کارە بکاتە کوردی. هیوای سەرکەوتن و بەرهەمی زیاتری بۆ دەخوازین.

سەرچاوە:
ئیڤان تۆرگنێف. ئاسییە. وەرگێرانی . ڕەسوڵ سوڵتانی. چاپی یەکەم. دەزگای چینی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. 2013


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7321
23/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ بۆڵت له‌ له‌نده‌ن به‌شداری 200 مه‌تر ناكات 23/7/2017
‌ بۆندێكی بۆ ماوه‌ی‌ 5 وه‌رز له‌گه‌ڵ چێڵسی ئیمزاكرد 23/7/2017
زانست
‌ بۆ گه‌رمای هاوین خواردنه‌وه‌ی ئاوی شله‌تێن باشه‌ 23/7/2017
‌ ته‌نه‌ ئاڵۆزه‌كانی گه‌ردوون، ئامانجی به‌ هێزترین ته‌لسكۆبی جیهانه‌ 23/7/2017
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP