یادی 34 ساڵه‌ی شه‌هید جه‌مال تاهیر و چه‌ند بیره‌وه‌‌رییه‌ك
یادی 34 ساڵه‌ی شه‌هید جه‌مال تاهیر و چه‌ند بیره‌وه‌‌رییه‌ك ‌ 16/7/2017
ئه‌كره‌م محه‌مه‌د ئه‌مین*
شه‌هید مامۆستا جه‌مالی سه‌ركرده‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا (عه‌لی كه‌مال)ی برا گه‌وره‌م هاوڕێ بوون، ئه‌و برایه‌م كه‌ له‌ پێش مندا ببوو به‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ناوزه‌نگ چاوی به‌ مامۆستا جه‌مال ئه‌كه‌وێت و پێی ئه‌ڵێت ئه‌كره‌می برام بڕیاری داوه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌ڵێت بینێره‌ بۆ ئێره‌، مه‌به‌ستی ( ناوه‌ند)ی بووه‌.
ساڵی 1982 دوای ته‌واوبونی خوێندن چومه‌ شاخ  له‌ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ له‌ نێوزه‌نگ بوومه‌ پێشمه‌رگه‌.
لێره‌وه‌ مامۆستا (سه‌ركه‌وت) جه‌مال تاهیرم ناسی، ئه‌و كاته‌ به‌رپرسی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ و ده‌زگای ڕێكخستن بوو، كۆمه‌ڵێك قسه‌ی بۆ كردم له‌سه‌ر شۆڕشی نوێ و ئه‌ركه‌كانی ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ژیانی شاخدا و پێی وتم: پێم خۆشه‌ لێره‌ بمێنیته‌وه‌ تا زیاتر شاره‌زا بێت و باری ڕۆشنبیری خۆت زیاتر به‌رز بكه‌یته‌وه‌.
منیش مامه‌وه‌ و رۆژانه‌ یه‌كترمان ئه‌بینی و په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌رده‌وام پته‌وتر ئه‌بوو.
مامۆستا كه‌سێكی زۆر شاره‌زا و بلیمه‌ت بو بۆكاری ڕێكخستن و چۆنیه‌تی پێشخستنی، به‌ شه‌‌هیدبوونی گه‌وره‌ترین زیان به‌ڕێكخستنی كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتی كه‌وت و تائێستاش پێوه‌ی دیاره‌.
له‌ ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ خشته‌یه‌ك دانرابوو شه‌وان ده‌بوو له‌سه‌ر بابه‌تێك كۆڕو سیمینار بگیرێت  بۆ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و كادره‌ پێشكه‌وتووه‌كان، كه‌ 
 مامۆستاجه‌مال  یه‌كێك بوو له‌وان، هه‌ر ئه‌ویش بیرۆكه‌ی (ئه‌نجومه‌نی گونده‌كان)ی پێشنیار كردوو و بووه‌ یه‌كێك له‌ كاره‌ سه‌ر كه‌وتووه‌كانی یه‌كێتی.
مامۆستا جه‌مال (به‌دریخان)ی هاوسه‌ریشی له‌گه‌ڵدابوو، ژنێكی هێمن و له‌سه‌رخۆ بوو، له‌(نێوزه‌نگ ) باری ته‌ندروستی تێكچوو (من و كاك یاسین ) بردمان بۆ سونێ و له‌ ڕێگه‌ی حزبی دیموكراتی كوردستان- ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سلێمانی، ئیتر به‌ هۆی شه‌ڕ و تێكچونی ناوچه‌كه‌وه‌و هاتنی سه‌ربازی ئێران و تۆپبارانی باره‌گاكانی سه‌ركردایه‌تی و گواستنه‌وه‌مان بۆ ناوچه‌یه‌كی تر،  به‌دری خان نه‌یتوانی مامۆستا ببینێته‌وه‌. 
په‌یوه‌ندی مامۆستا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ زۆر پته‌و بوو، زۆرێك له‌ پێشمه‌رگه‌كان خوێندكاری خۆی بوون له‌ سلێمانی، له‌ راستیدا ئه‌و ته‌نها لێپرسراومان نه‌بوو، هاوڕییه‌كی به‌ڕێز و خۆشه‌ویستیشمان بوو.
راسپارده‌كه‌ی مامۆستا
ساڵی 1983 ئێران كه‌وته‌ تۆپبارانی باره‌گاكانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی  له‌  نێوزه‌نگ، ئه‌رسه‌لان بایز سه‌رپه‌رشتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌كرد، بڕیاردرا سه‌ركردایه‌تی و ئیزگه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ (سه‌رشیوی باوزێ ) له‌ ناوچه‌ی پشده‌ر، مامۆستا جه‌مال (من و یاسینه‌ره‌ش)ی بانگكرد پێی وتین( ئه‌م 3 جانتایه‌ زۆر گرنگه‌ و ئه‌بێت به‌ وریایی و ئازایانه‌ بیگه‌ینه‌ شوێنی مه‌به‌ست و شه‌وانه‌ بیكه‌نه‌ ژێر سه‌رتان، ئه‌گه‌ر من لێره‌دا بكوژرێم نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌رم، ئه‌م جانتایانه‌ ده‌ركه‌ن)، ئه‌و قسه‌یه‌م قه‌د له‌یاد ناچێت.
بۆ گرنگ بوو؟ هه‌رچی به‌ڵگه‌ و نوسراوی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ و ڕێكخستنه‌كان و شتی تایبه‌تی به‌ڕێز (مام جه‌لاڵ ) هه‌بوو، تیایدا بوو. 
له‌ (سه‌رشیو) ماینه‌وه‌و خه‌ریكی باره‌گا دروستكردن بوین، پاش چه‌ند ڕۆژێك  مامۆستاجه‌مال و كاك فه‌ره‌یدون یش گه‌یشتن.
 بۆ چه‌ند ڕۆژێك هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند (ناسری ره‌زازی و كاڵێ) میوانمان بوون، به‌ خۆشی مامۆستا جه‌مال  و وه‌ك دیارییه‌ك كاسێتكیان به‌ گۆرانی و قسه‌ی خۆش پڕكرده‌وه‌.
(سه‌رشیو) له‌ سه‌ر سنوره‌و شوێنێكی گرنگ بوو بۆ حوكمه‌تی عێراقی،  گه‌رمه‌ی شه‌ڕی عیراق و ئێران بوو، پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م مانه‌وه‌مان، حوكمه‌تی عێراق هێزێكی 
زۆری كۆكرده‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی هێرشكردن بۆسه‌ر ناوچه‌كه‌، وه‌ك هه‌میشه‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌چڕی ده‌ستیكرد به‌ تۆپباران، زۆربه‌ی به‌رهه‌می كشتوكاڵی و گونده‌كانی سوتاند.
مامۆستا جه‌مال (سه‌ركه‌وت) به‌ هاوكاری (مسته‌فا چاوڕه‌ش ) كه‌ ئه‌وكات لێپرسراوی عه‌سكه‌ری مه‌ڵبه‌ندی دوو بوو، پێشتر ئاگاداری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان كردبۆوه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ ڕژێم نیازی هێرشی هه‌یه‌ ئه‌بێت ئاماده‌ بین.
پێشتر هێزه‌كه‌یان‌ دابه‌ش كردبوو به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌و شوێنه‌ گرنگه‌كان، خۆشیان ئازایانه‌ سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆیان ئه‌كرد، هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌چه‌ند تیپێك و چه‌ند كه‌رتێكی ڕێكخستن و زیندان و ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ بوون.
مامۆستا سه‌ركه‌وت ڕۆژانه‌ سه‌ردانی سه‌نگه‌ره‌كانی ئه‌كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕه‌كه‌ بوو، مسته‌فاچاوڕه‌ش  قاره‌مانانه‌ كاره‌كانی خۆی راپه‌ڕاند له‌ سه‌ركه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه‌دا.
گرده‌بێناز، شوێنێكی گرنگ بوو به‌ده‌ستمانه‌وه‌، ئه‌یڕوانی به‌سه‌ر ناوچه‌ی ئالانه‌ی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتدا و شوێنێكی زۆر ستراتیجی بوو بۆ حوكمه‌تی عیراق.
شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد چه‌ندین و ڕۆژی خایاند، هێرشی چڕو پڕ كرایه‌ ‌سه‌رمان بۆ گرتنی (گرده‌ بێناز)، پێشمه‌رگه‌ش زیانی ماڵی و گیانی زۆری به‌ دوژمن گه‌یاند، به‌ڵام له‌ پاش چه‌ند ڕۆژێك سوپای عیراق توانی گرده‌ بێناز بگرێت و ناوچه‌كه‌ بخاته‌ ژێر چاودێری خۆیه‌وه‌، بۆیه‌ جارێكی ده‌ستمانكرد به‌ گواستنه‌وه‌ی باره‌گای سه‌ركردایه‌تی  بۆ دۆڵی جافایه‌تی.
دوای گرتنی گرده‌ بێناز، هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ گوندی ( بێتوش ) كه‌ ئه‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی ئالانه‌ی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات كۆبۆوه‌، مامۆستا جه‌مال  و كاك مسته‌فا قسه‌یان بۆ كردین ده‌رباره‌ی پلانی كاری ئاینده‌.
له‌گه‌ڵ مامۆستا جه‌مال هاتینه‌ خواره‌وه‌ به‌ره‌ودۆڵی جافایه‌تی و له‌ گوندی (وڵاخ لوو) له‌ رێگه‌ی جیهازوه‌ هه‌واڵی شه‌هید بوونی 17 پێشمه‌رگه‌كه‌ی قڕگه‌مان بیست.
هاتینه‌ گوندی (مالومه‌)، نیوه‌ڕۆ  وتی ئه‌كره‌م بچۆ بۆ ( قزله‌ر) بۆ ماڵی مامۆستا عه‌لی كه‌مال)  و منیش پاش چه‌ند ڕۆژێكی تر دێمه‌ ئه‌وێ و ئه‌نێرم به‌ دوای منداڵه‌كاندا تا چاوم پێیان بكه‌وێت.
 تازه‌ش منداڵیان ببوو نه‌یبنیبوو، زۆر ئاواتی بوو هه‌مویان ببینێت و له‌ ئامێزیان بگڕێت، من هاتمه‌ قزله‌ر بۆ پشودان و چاوه‌ڕیی مامۆستا جه‌مالم ئه‌كرد.
چون بۆ به‌رگه‌ڵوو تا چاوی به‌ براده‌رانی سه‌ركردایه‌تی بكه‌وێت و له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌كان و كاری ئاینده‌ قسه‌ بكه‌ن.
كاتێك ئه‌گاته‌ ( به‌رگه‌ڵوو) جیهازی بۆ ئه‌كه‌ن بچێت به‌ره‌و ( دۆڵی بالیسان ) بۆ كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی.
منیش هه‌ر چاوه‌ڕێ ئه‌كه‌م، به‌ڵام سه‌د حه‌یف و مه‌خابن،  له‌ ڕادیۆكه‌وه‌ هه‌واڵی شه‌هید بونیم گوێ لێبوو له‌ رۆژی 14/7 /1983 به‌ رووداوی ئۆتۆمبێل.
به‌داخه‌وه‌، شه‌هیدبوونی بوار نادات منداڵی تازه‌ له‌دایكبووی له‌ ئامێز بگرێت، خێزانه‌كه‌ی و منداڵه‌كانی ئه‌چنه‌ دۆڵی (بالیسان) بۆ سه‌ردانی ته‌رمه‌كه‌ی، هه‌ر له‌وێش  كاك نه‌وشیروان ناوی نهێنی مامۆستاجه‌مال ( سه‌ركه‌وت ) ئه‌به‌خشێته‌ منداڵه‌ تازه‌ له‌ دایك بووه‌كه‌یان. 
*پێشمه‌رگه‌ی دێرین  


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP