کوردبوون و ناسیۆنالیـزم
کوردبوون و ناسیۆنالیـزم ‌ 6/8/2017
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: (بوونی نـەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلـەتیکدا)ی 
د. عرفان مستەفـا
هەڵۆ بەرزنجەیی 
به‌شی یازده‌یه‌م
ئەمە بەو واتایەی، مرۆڤ تەنیا لە دەرەوەی ویستی خۆیدا دەکەوێتە ژێر کاریگەرێتی و باندۆڕی هێزێکی دەرەکیەوە، کە خودایە.
نووسەر بەڕوونی لەسەر مەملەکەتەکەی لایبنیتز دەڕوات و شیتەڵکاری بۆ دەکات. تا لە ئاکامدا ئەم پوختەیەمان پێشکەش دەکات:
«کەسانی ناو مەملەکەتی خوا وەک پارچە ونبووەکانی یەک وێنەن و ئەم وێنەیەش وەک ئایدیاڵ و لەناو رۆحی کۆیی هەر یەکەیاندایە و هەر یەکەیان بەوە بەشداری لە شێوەگیرکردنی ئەو وێنەیەدا دەکەن کە بێ گوێدانە پارچەکانی تری وێنەکە ئەو پارچەیەی لەناوخۆیاندا هەیە و بوونی ئەو لەناو کۆی وێنەکەدا دیاری دەکات،شێوەگیر بکات»(١٨٠)
واتە هەر تاکێک بەشێکی بچووکی پێکهێنەری مەملەکەتەکەیە و بۆ کۆی گشتی تاکەکان مەملەکەتە دروست دەبێت،هەروەک کۆی پارچەکان وێنەکە تەواو دەکات. پاش تۆزێ لێدوان و شی کردنەوە ئەم بۆچوونەش ،دەخاتە سەر قسەکانی و دەڵێ:
«رۆحی کۆیی ناو تاکەکانی مەملەکەتی خوا  لە ڕێگەی رۆحی تاکە کەسەکانەوە،هەر یەکەیان بەرەو ئامانجە تاکەکەسییەکەی خۆی ئاڕاستە دەکات و بەمە ئامانجە کۆییەکەی خۆی وەدی دەهێنێ»(١٨١)
هەر تاکێ لە تاکەکانی مەملەکەتی خوا، هەموو مەملەکەتی خوا لەناویدا هەیە و هەر تاکێک لایەنێکی بوونی مەملەکەتی خوا ڕەنگ پێدەداتەوە. کەواتە هەر تاکێکی بەشێک لە ناسنامە گەورەکەی مەملەکەتی خوا لە خۆیدا نوێنەرایەتی دەکات. بە کۆی گشتی هەموویان، مەملەکەتی خوا دەنەخشێ.

ـ مەملەکەتی خوا و نەتەوە
درێژەدان بەم باسە، بە ئامانجی زەمینە سازکردنە بۆ تێگەیشتن لە بنج و بناوانی بیرۆکەی نەتەوە لای ئەڵمان. چونکە هەر فەیلەسوفێ، وەک دەڵێن، کوڕی سەردەمەکەی خۆیەتی، بەپێی کات و شوێنی خۆی، بەشدارییەکی کردووە، لە داڕشتنی چەمکی نەتەوەدا. فەلسەفەی لایبنیتزیش سەرەتای دەرکەوتنی ئەم باسە، تا لە دوا وێستگەدا، لایبنیتز وەک فەیلەسوفە سەرەتاییەکانی ئەڵمانی، لای ئەو ئەم بیرۆکەی هەمەکی نەتەوەیە. لای لایبنیتز نەتەوە بوونێکی پەتی هەیە و پاشان بەرەو کامڵ بوون هەنگاو دەنێ، تا لای هیگڵ بیرۆکەکە لە نەتەوەدا دەخەمڵێ. 
ئێستا زانیمان لای لایبنیتز تەنیا سیستەمێک هەیە و ئەویش سیستەمی مۆنادەکانە، کە دەکاتە سیستەمی تاکەکانی نەتەوە. لێ هێشتا بیرۆکەی نەتەوە لێرەدا، بە تەواوی نەچەسپیوە و بە دوا قۆناخی پرۆسەی دەرکەوتنی نەگەیشتووە. دواتر لای کانت، لە مەملەکەتی ئامانجەکاندا، هەنگاوێکی دیکە بەرەو شەقڵ بەستن دەڕوات و لە دوا مەنزڵگادا، لای هێردەر و فیختە و هێگڵ، بە تەواوتی دەخەمڵێ و وەک نەتەوە بە دیار دەکەوێ.
ـ دەرکەوتنی بیرۆکەی نەتەوە لە کۆمەڵگای ئاکاریدا    
مۆنادەکانی مەملەکەتی خوای لایبنێتز بە سیستەمێک هەڵسوکەوت دەکەن، لەناخی خۆیان  بوونی هەیە و لەدەرەوە هیچ هێزێک هەڵیان ناسووڕێنێ. خۆیان هەمئاهەنگی نێوان خۆیان  سازدەکەنو کاروبارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن. بە کورتی زیگناڵی هەڵسوکەوتکردنیان لە ناخی خۆیانەوە بۆ دێت، نەک لەدەرەوە. لای کانتیش لە مەملەکەتی ئامانجەکان دا، مرۆڤ هەر جوڵە و کردەیەک بکات، یاسا و ڕێساکەی لە ئەقڵی خۆیدا بوونی هەیە و ئەمیش مەحکوم نییە، بە هیچ یاسایەکی دەرەکی. بە دەربڕینێکی تر، ئەمانە خۆیان ئاغای خۆیانن و ملکەچ و یەخسیری چ بڕیار و کاریکەرێتیی بێگانەی دەرەکی نین و لە ڕێگای  هێز و ئەقڵ و سیستەمێکی ناوەکییەوە دەبزوێن.
« تاکە کەس لای ئەو بە بوونی ئیرادەی چاک لەناو ئەو مەملەکەتەیدا بوون پەیدا دەکات،ئیرادەی چاکیش لای کانت،ئەو ئیرادەیەیە کە بۆ کارکردنی،دەستوور لە یاسا عەقڵییەکانی ئاکار وەردەگرێت و کاتێکیش دەتوانێت ئەمە بکات کە خۆی داماڵیبێ لە هەموو ئەوەی کە سەرەکیی و ئەزموونییە. ئیرادە بە گشتی خۆی لە نێوان دوو جۆر لە هێزدایە و لە ئیختیاری خۆیدایە بۆ خوڵقاندنی کاروکردەوەکانی مرۆڤ دەستوور لەم جۆریان وەردەگرێ.»(١٨٦)
تاکە کەس بە بوونی ویستی چاک، بوون پەیدا دەکات. ویستی چاکیش، کە کار بە یاسا عەقڵییەکانی ئاکار دەکات، کاتێکیش دەتوانی ئەم ئەرکە ئەنجام بدات، کە کاریگەرێتی دەرەکی و ڕووداوە ئەزموونیەکانی لەسەر ئەنجام بدات. ویست و خواست لەبەردەم دوو ڕیانێکدایە، لە نێوان بنەما پێشینەکانی خۆیدا و هاندەرە پاشینانەی هەڵیدەنێن و ماددین.
«ئیرادە بۆ شێوەگیرکردنی کردەکان بۆی هەیە لە دوو سەرچاوەوە دەستوور وەرگرێت،سەرچاوەیەکیان: بنەما پێشینە وێنەییەکانن کە لەناو عەقڵی مرۆییدان و بە ئەزموون پەروەردە و فێرکردن لە زەینیدا جێگیرنەبوون و بەخۆیان لەناو عەقڵدا بەشێوەیەکی پێشینەیی هەن.سەرچاوەکەی تریان ئەو بنەمایانەن کە لەدەرەوەی مرۆڤەوە و لەو ژینگە کولتوری و پەروەردەییەوە کە تیایدا دەژین،بەهۆی ئەزموونکردن و فێربوون و پەروەردەی فەرمی میللییەوە دەگوازرێنەوە بۆیی و لە زەیندا بەشێوەیەکی   نائاگایانە کار بە ئیرادە دەکەن و  لە کار و کردەوەکانی مرۆڤدا شێوەگیر دەبن(...)  «کانت بنەما وێنەییەکانی عەقڵ بە یاسا ناو دەبات و بنەما ئەزموونییە مادییەکان بە رێسا ناو دەبات»١٨٧

بە شێوەیەکی پێشینە هەبێت
د. عرفان، پێ بە پێی ئەم هاوکێشەیە لەگەڵ بابەتەکەدا هەنگاو هەڵدێنێ و پوختەی بۆچوونەکەی بەم شێوەیەیە: کانت بنەما وێنەییەکانی عەقڵ بە یاسا و بنەما ئەزموونییە ماددییەکان بە ڕێسا ناو دەبات. یاسای ئاکاریش دەبێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە عەقڵی مرۆڤدا، بە شێوەیەکی پێشینە هەبێت. کاتێ دواتر ئەو بنەمایانەی لە کولتوری میللی یان فەرمیدا هەن،ناودەنێ ڕێساکانی هەڵسوکەوتی کردەیی و جیایان دەکاتەوە لەو بنەمایانەی بە خۆڕسک لە عەقڵدا هەن، کە یاسا ئاکارییەکانی ئاکاری مرۆڤن. لەبەرامبەر کولتووری دەرەکی و بە میللی و فەرمییەوە، کولتورێکی تر باس دەکات، ناوی دەنێت «کولتووری عەقڵ». تاکە کەس بە ویست و خواستی/ ئیرادەی چاک و ئیرادەی چاک کار بۆ دەستوور و یاسا عەقڵییەکانی ئاکار وەدەگرێ.
«کولتووری عەقڵ کولتورێکی وەرگیراو نییە لە کۆمەڵگا و دەرەوەی مرۆڤ، کولتورێکە بە خۆی لەناو عەقڵی مرۆییدا هەیە و مرۆڤ ئەوەندەی لەسەرە لەناو خۆیدا پەی  پێببات».(١٨٧)
 کولتووری ناوەکی و دەرەکی لای مرۆڤ و کاریگەرێتی لەسەر مرۆڤ، قورسایی ئەم بەشە داگیر دەکات. نووسەر درێژە بەم باسانە دەدات، بۆ ئەوەی لە هەموو گۆشەکانەوە، سەرنج لە جیاوازی نێوان عەقڵی مرۆڤ و کاریگەرێتی دەرووبەرەکەی بدات. 
«بەم پێیە ئیرادەی مرۆڤ لەگەڵ بوونی مرۆڤ لەناو کۆمەڵگادا،دەکەوێتە بەردەم دوو کولتوری جیاواز ،کولتورێکی دەرەکی کە ئەو کولتورەیە لەناو کۆمەڵگاکەدا هەیە و حازرە و لەرێگەی ژیان لەناو کۆمەڵگادا وەریدەگرێت،بەمەش دەبێتە تاکێکی قبوڵکراوی ناو ئەو کۆمەڵگایە،لەگەڵ کولتورێکی ناوەکی کە لە مرۆڤ خۆیدا بەخۆی هەیە و ئەوەی لەسەر مرۆڤە تەنها دۆزینەوەیەتی ئەویش کولتوری عەقڵە».(١٨٨) 
کولتوری دەرەکی دەیانخاتە بەردەستمان
کانت زۆر لەسەر کۆمەڵگاکەی دەڕوات و بە مەملەکەتی ئامانجەکان/ غایەتەکان، یان بە جیهانی مەعقول ناوی دەبات. کە تێیدا شێڵگیری خۆی لەسەر ئەو ڕێسایانەی کولتوری دەرەکی دەیانخاتە بەردەستمان، بۆ هاندانی بەرەو یاساکانی ناو عەقڵ  لە کردەوەکانماندا بەدی بهێنێ. واتە دەکرێ لەدەرەوە شتێ وەرگری لەناو عەقڵدا، عەقلانی رەنگی پێ بدەیتەوە، بەمەرجێ عەقڵە بووە ڕەسەنەکەی تێدا نەبێتە قوربانی .
« گەر لایبێنتز هەماهەنگی کولتوریی ناو ئەو کۆمەڵگایە بگەڕێنێتەوە بۆ هەماهەنگی پێشینەی نێوان مۆنادەکان و هێگڵیش بیگەڕێنێتەوە بۆ پلانێکی پێشینە کە رۆحی جیهان دایناو، ئەوەی کانتیش دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو یاسا ئاکاریانەی کە لەناو عەقڵی تاکەکەسی ئاکاریدا هەن و هەموو تاکەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایەش لە هەڵسوکەوت و کار و کردەوە جیاوازەکانیاندا  ئیرادەیان دەستوور لەو یاسایانە وەردەگرێ».(١٨٩ ـ١٩٠).
  تاکەکەس ئەو یاسایانە جێبەجێ دەکات، کە لەعەقڵی خۆیدا هەن. نووسەر کۆمەڵی نموونە، لە باسەکانی کانت، دەخاتە بەردەست خوێنەر. بەتایبەت ئەوەی ناوی دەنێ فرمانی ئاکاری و فرمانی تەکنیکی، سەرچاوە لە رێنماییە زانستییەکانەوە وەدەگرێ و ئاکاریش لە ئاکارەکەیە و فرمانی ئاکاری راستەقینەش سەرچاوە لە کولتوری عەقڵییەوە وەردەگرێ.
«بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی عەقڵی و پێشینە لە نێوان کەسەکانی ناو مەملەکەتی غایەتەکان ـ کە هەر یەکەیان بۆخۆی غایەتێکە لە غایەتەکانی ئەو مەملەکەتە ـ بێتە ئاراوە، نابێت کەسەکانی ناو ئەو مەملەکەتە وەک وەسیلە سەیری یەکتر بکەن، واتە نابێت دۆخێکی وا دروست ببێت کە کەس تیایدا وەک وەسیلە دەرکەوت بکات. ئەمەش کاتێک دەبێت کە مرۆڤ ئیمکانی بە وەسیلەکردن و بەوەسیلەبوونی تیا نەمابێت، کاتێکیش مرۆڤ  ئەو ئیمکانەی تیا نامێنێت کە ئیرادەی  لەژێر رکێفی هەموو سوودخوازییەک دەرچوو بێت، با ئەو سوودخوازییەش سوودخوازییەکی گشتی بێت و خودی نەبێت».(١٩١).


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP