كاروانی بێ كۆتایی....‏ له‌ هه‌ڵوێستێكی باڵادا
كاروانی بێ كۆتایی....‏ له‌ هه‌ڵوێستێكی باڵادا ‌ 9/8/2017
عه‌بدوڵڵا كه‌ریم مه‌حمود

كاروانی بێ كۆتایی یاداشت و بیره‌وه‌ریی مامۆستا ( مه‌حمودی مه‌لا عیززه‌ت ) ، كتێبێكی ‏قه‌باره‌ مام ناوه‌ندیی( 440 ) لاپه‌ڕه‌یییه‌،  به‌ تیراژی ( 650) دانه‌ ، چاپی یه‌كه‌م...له‌ ‏ساڵی2000 له‌ بڵاوكراوه‌كانی (زنجیره‌ كتێبی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ).‏
‏ هاوینی ساڵی 2000 له‌گه‌ڵ كاك به‌ختیاری مه‌لاعیزه‌ت پێكه‌وه‌ دانیشتبوین له‌خانوه‌كه‌ی ‏مامۆستا مه‌حمودی مه‌لا عیزه‌ت له‌ گرده‌كه‌ی سه‌رچنار ، ئه‌و یاداشته‌ی نیشاندام، تازه‌ مامۆستا مه‌حمود له‌ سویده‌وه‌ به‌ تایپكراوی ناردبووی بۆ ده‌زگای سه‌رده‌م بۆ چاپكردن.‏
لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می یاداشته‌كه‌م واڵاكرد ، له‌ناو زنجیره‌ی روداوه‌كاندا به‌ جۆرێك توشی ‏تێڕامان بووم ، له‌ نێو دیمه‌نی هه‌ڵوێست و تراژیدیای چیرۆكه‌كاندا ون بووم.‏
یه‌كه‌مجار بوو یاداشتی وا نایاب و وا كاریگه‌ر بخوێنمه‌وه‌، به‌ جۆرێك نوقمی بێ ده‌نگی ‏كردم، له‌ دنیای ژووره‌كه‌ دابڕام ،به‌ زمان و ته‌كنیكێكی ساده‌..... رووداوه‌كانی تۆماركرد بوو، ‏پڕبوو له‌ ورده‌كاری قوڵی هونه‌ریی، له‌ ناو رووداوه‌كان دا ده‌یان هه‌ڵوێستی پڕ له‌جه‌ربه‌زه‌یی ‏لۆژیكانه‌م بینی ...خۆشه‌ویستی بێ سنوور بۆ ... خاك ...زمان....كلتوور ....پڕ بوون له‌ ‏وه‌فا ...میهره‌بانی .... ته‌حه‌دایه‌كی جوامێرانه‌ .....بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی مه‌رگ ...به‌ سه‌نگ ‏و بڕوای متمانه‌ی كه‌سێتی یه‌كی داڕێژراو..... قاڵ بووی ناو مه‌رگه‌ساته‌كانی ژیان.‏
نووسه‌ر به‌ رۆحێكی زۆر راستگۆیانه‌ ..... به‌ پاكی ودوور له‌ نمایش ، دوور له‌ پیاهه‌ڵدان .... ‏ده‌ربار.. ..هه‌موو رووداوه‌كانی هه‌ست و نه‌ستی ناخی په‌نگ خواردوی ، له‌ منداڵییه‌وه‌ .....ته‌واوی وێستگه‌ جیا جیاكانی ته‌مه‌نی تۆماركردوه‌.‏ وشه‌و رسته‌ وپه‌لگرافه‌كانی هه‌مووی وه‌ك وێنه‌ی فۆتۆگراف ......وه‌ك سیناریۆی گرته‌ی ‏فیلمی سینه‌ما خستووه‌ته‌ روو.‏
نوسه‌ر له‌یاداشته‌كه‌یدا وه‌ك پسپۆرێكی بواری مێژوو ، چه‌ندان رووداوی مێژوویی گرنگی ‏میلله‌ته‌كه‌مانی ،به‌ سه‌لیقته‌كی ورده‌وه‌ تێكه‌ڵ كێشی بیره‌وه‌رییه‌كانی ژیانی خۆی و هاورێكانی و ‏ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی كردووه‌ ، كاك نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین یش له‌یاداشته‌كانی دا( له‌كه‌ناری ‏دانوبه‌وه‌ بۆ خڕی ناو زه‌نگ ........ په‌نجه‌كان یه‌كتری ئه‌شكێنن ) هه‌مان پسپۆری و ته‌كنیكی ‏نوێی یاداشتی به‌كارهێناوه‌، رووداوه‌ مێژوه‌كان جارێكی تر به‌رجه‌سته‌ كراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌ی ‏ئێستاو ئاینده‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی پرسیار... له‌ لایان سه‌رهه‌ڵبدات و خۆیان به‌ عه‌شقه‌وه‌ به‌ دوای كتێبه‌ ‏مێژووییه‌كان دا بگه‌ڕین و بیخوێننه‌وه‌ ،وه‌ڵامی پرسیاره‌ په‌نگ خواردوه‌كانی ناخیان چنگ بكه‌وێت ...جارێكی تر ‏پرسیاری تر له‌لایان سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه‌ ... ئه‌م هونه‌ره‌ به‌های یاداشته‌كه‌ی به‌ پێزتر ونایاب ‏ترو باڵاتر كردووه‌ .‏
نوسه‌ر بۆ تۆماركردنی یاداشته‌كه‌ی توانیویه‌تی سوود له‌ ته‌كنیكی هونه‌ری (چیرۆك نوسین.... ‏،رۆمان.... سیناریوی فیلم ) وه‌ربگرێت . له‌ ناودیمه‌نه‌كان دا چه‌ندان پاڵه‌وانی جیا جیا .....له‌ ‏جوغرافیای جیا ده‌بینین ، ئه‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ هونه‌رییه‌ له‌م یاداشته‌دا ....دوور له‌ فه‌نتازیا ، ئه‌و ‏واقعه‌ تاڵ و مه‌رگه‌سا تانه‌‌یه‌ كه‌ نووسه‌ر له‌ خه‌ڵوه‌تی یاداشته‌كه‌ی ژیانی دا دایهێناوه‌ ،له‌ یاداشته‌كانی پێشتردا‏ نین ، ئه‌مه‌ به‌ یه‌كه‌م هه‌نگاو داده‌نرێت له‌ بواری تۆماركردنی یاداشتی كوردا، وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات له‌ یه‌كه‌م په‌ره‌وه‌ تا ‏دوالاپه‌ره‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ، تێكه‌ڵ به‌ به‌ رۆحی درامای یاداشته‌كه‌ ببێت..
 *دوای هه‌ره‌س مامۆستا مه‌حمودی مه‌لا عیزه‌ت نه‌فی كرا بۆ شاری رومادی ،رۆژێك له‌ ‏پۆل دا وانه‌ی ده‌وته‌وه‌ .عه‌لی لێپرسراوی یه‌كێتی قوتابیانی حیزبی به‌عس له‌ وانه‌كه‌ی ‏دواده‌كه‌وێت..... بێ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رگا بدات ،داوای مۆڵه‌ت له‌ مامۆستا بكات ، زۆر له‌ خۆڕازی ‏بونه‌وه‌ خۆی ده‌كات به‌ پۆل داو داده‌نیشێت ، مامۆستا مه‌حمود به‌ توندی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات ‏...... ده‌یكاته‌ ده‌ره‌وه‌ی پۆل ،ئه‌ویش هانا بۆ به‌ڕێوه‌به‌ر ده‌بات، به‌رێوه‌به‌ریش داوا له‌مامۆستا ده‌كات ‏، بیكاته‌ ژووره‌وه‌ ،مامۆستا هه‌موو داواكارییه‌كان و بیانوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ر ره‌ت‏ده‌كاته‌وه‌،به‌ڕێوه‌به‌ر به‌ سنگ ده‌رپه‌ڕاندن و له‌ خۆباییبوونه‌وه‌ به‌ عه‌لی ده‌ڵێت بڕۆ پۆله‌وه‌ ، ‏هه‌ر كه‌ عه‌لی له‌ پۆلدا داده‌نیشێت ، مامۆستا مه‌حمود رووده‌كاته‌ به‌ڕێوه‌به‌رو ده‌ڵێ :فه‌رموو ‏جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌ر تۆ وانه‌كه‌یان بۆ ته‌واو بكه‌. ‏
*مامۆستا مه‌حمود دوو ساڵ و نیوو له‌ روماد ی به‌ نه‌فی كراوه‌یی مایه‌وه‌،هاوسه‌رو منداڵه‌كانی له‌ ‏سلێمانی ده‌بن،دوای سه‌رهه‌ڵدانی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ،فازیل به‌راك به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منی عا‏مه‌ ، ناردی به‌شوێنیدا ، چه‌ند داواكارییه‌كی خسته‌ به‌رده‌م مامۆستا ، به‌ڵام هه‌مووی ‏ره‌تكرده‌وه‌.‏
‏* چه‌ند رۆژێك بوو نه‌شته‌رگه‌ری گورچیله‌ بۆ مامۆستا مه‌حمود كرابوو،شه‌وێك ملازم ‏موحسین و چه‌كداره‌كانی . به‌ په‌یژه‌ خۆیان ده‌گه‌یه ننه‌ حه‌وشه‌ی ماڵی ‏مامۆستا....كۆڵان ....سه‌ربان ....هه‌موی ده‌گرن ، ملازم محسین به‌ په‌ڕۆیه‌ك ‏هه‌ردوو چاوی مامۆستا مه‌حمود ده‌به‌ستێت ‌راپێچی ناو ئوتۆمۆێله‌ ‌كه‌ی ده‌كات .....ئه‌و شه‌وه‌ له‌ چه‌ند ‏ماڵ و گه‌ره‌كی تر زۆر كه‌سی تر ده‌سگیر كران، هه‌موویان بران بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌منی ‏سلێمانی ، به‌یانیه‌كه‌ی ناویان خوێندنه‌وه‌ ،په‌رۆكه‌ی سه‌رچای مامۆستا تۆزێك جوڵا ئه‌مجا ‏زانی ئه‌وه‌ ناوه‌ندی(وه‌ته‌ن و كانێسكان) ه‌،  نۆ ساڵ لێره‌ به‌ڕێوه‌به‌ر بوو، بۆ رۆژی دوایی دوو دوو .... ‏زیندانییه‌كانیان كه‌له‌پچه‌كردو چاویان به‌سترایه‌وه‌ به‌ ئوتۆمۆبیلی تایبه‌تی به‌ برسێتی و تینوێتی ‏گوێزرانه‌وه‌ بۆ شارێكی تر، هه‌ر 23 زیندانه‌كه‌یان خزانده‌ ژورێكه‌وه‌ ،دواتر برانه‌ ژووری ‏ژماره‌ (1) ، له‌وێ زانیان ( هه‌یئه‌ی ته‌حقیقی خاسه‌ ) یه‌ ، زیندانێكی سه‌ربازی و نهێنی ‏حیزبی به‌عس بووله‌ كه‌ركوك .‏
دوای چه‌ند رۆژێك به‌ پێی به‌رنامه‌ی هه‌یئه‌ی ته‌حقیقی كه‌ركوك ... زیندانییه‌كانیان یه‌ك یه‌ك بانگ كرد ‏بۆلێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سه‌ته‌یی و ده‌رونی بۆ ئه‌وه‌ی تێكیان بشكێنن ....نهێنییه‌كانیان پێ ‏بدركێنن.‏
‏( عومه‌ر عه‌زیز محه‌مه‌د، محه‌مه‌د ره‌حیم عه‌بدولره‌حمان ،محه‌مه‌د سه‌عید ساڵح ، دلیر مسته‌فا ‏، كه‌مال عه‌لی ، شێخ عه‌ بدول شێخ ساڵح ، جه‌میل ،حه‌سه‌ن حسێن ، دارا ، حه‌مه‌ سه‌عید غه‌دۆ ‏،حیكمه‌تی عه‌به‌ پاشا،عوسمان قادر محه‌مه‌د ، مه‌حمودی مه‌لا عیزه‌ت )‏
مه‌حمودی مه‌لا عیزه‌ت یان برد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دان ، به‌ پرسیار ‏دایانگرته‌وه‌.......وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كان ....(هیچ.نازانم )‏
دوو جه‌لاد لاقیان به‌رزكرده‌وه‌ ، به‌ستیان ، جه‌ڕانیان ، به‌ كێبڵ بنه‌ پێیان داگرته‌وه‌ ، هه‌موو ناخی ‏پڕ بوو له‌ وره‌یه‌كی به‌رز كه‌ ده‌بێت به‌هه‌موو تواناییه‌كییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو ‏ئه‌شكه‌نجه‌كانیان ...... خۆی رابگرێت ... ... به‌یه‌ك گورچییله‌وه‌ .....بێ ده‌رمان ، ‏به‌ئیلتیهابێكی زۆره‌وه‌ .....لێدانه‌كه‌یان توند تر كرد هاواری لێ هه‌ستا ، جه‌سته‌ی له‌ ‏به‌رشاڵاوی توندی ئه‌شكه‌نجه‌كه‌دا خاو بوه‌وه‌ ...له‌ هۆش خۆی چوو.....ئاوی ساردیان به‌ سه‌ردا ‏كرد ....كاتێ به‌ ئاگا هاته‌وه‌ ، كاره‌بایان له‌ قورگییه‌وه‌ بۆ كه‌له‌كه‌ی .... ‏به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌ ناسكه‌كانی جه‌سته‌یی دا ده‌‌هێنا.
له‌ ناكاو گوێ له‌ ده‌نگێكی به‌رزبوو ، گه‌یاندیانه‌ به‌رده‌م موقه‌ده‌م عامر موسڵای سه‌رۆكی هه‌یئه‌ ، ‏ئه‌میش به‌ قسه‌ی نه‌رم ...دواتر به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و سیناریۆی جیا جیا ده‌یویست تالی داوی نهێنیه‌كی چنگ ‏بكه‌وێت و له‌وێوه‌ به‌رنامه‌ی كاره‌كانی هه‌ڵسوڕێنێت بۆ ئه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی پێ بدركێنێت.‏
له‌ وه‌ڵام دا ....مامۆستا هه‌ر ده‌یگوت : نازانم. هه‌موو جه‌لاده‌كانی توشی هیستریاكرد ، له‌ ‏تاوسوێی ئازاره‌كانی جه‌سته‌ی كه‌وتبوو ، جه‌لادێكیان داره‌كه‌ی له‌پشتی گیر كرد وتی : هه‌سته‌ ‏له‌ سسه‌ر زه‌وییه‌كه‌ ،به‌شه‌له‌شه‌ل به‌پاڵ بردیان . له‌ ناكاو یه‌ك له‌قه‌ی توندیان لێدا، ‏كه‌وته‌وه‌سه‌رزه‌وی ، هه‌ستایه‌وه‌ ، كردیانه‌وه‌ به‌ ژووره‌كه‌ی دا . هه‌موو زیندانییه‌كان ‏لێ كۆبوونه‌وه‌ . مامستا مه‌حمود زانی (قاله‌ ) جاسوسه‌و بۆ ئه‌وه‌ هێناویانه‌ته‌ ناو زیندانییه‌كان ‏زانیاری كۆبكاته‌وه‌و... بیگه‌یه‌نێته‌ جه‌لاده‌كان ، وتی ( زۆر سه‌یره‌ ئه‌مانه‌ بۆ وا ‏ده‌كه‌ن ...گه‌رسیاسه‌تم بكردایه‌ ... پێم ناخۆش نه‌ده‌بوو، من هیچم نه‌كردوه‌ ، بۆ وام لێ ده‌كه‌ن)‏
دواتر مامۆستامه‌حمود قه‌ره‌داغی و مه‌غد ید كوێخا عه‌بدوڵڵاو سه‌رداری حاجی قادر یان هێنایه‌ ژووری ‏ژماره‌ (1) ، ژماره‌یان بوو به‌ (28 ) زیندانی.
 ‏نوسه‌ر زۆر به‌ وردی باسی ئه‌شكه‌نجه‌ی هاورێ زیندانییه‌كانی و روداوه‌كانی ناو هه‌یئه‌ی ‏كردوه‌ كه‌ هه‌موی به‌ به‌رنامه‌و پلانی ورد بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌ی ببه‌ن به‌ تاڵه‌ داوێكی نهێنی زنجیره‌ی ‏رێكخستنه‌كانی ناو شار و دوای سه‌رهه‌ڵدانی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان...... باسی جه‌للاده‌كان ‏ده‌كات چۆن ئه‌شكه‌نجه‌ی بێ سنوور دڕندانه‌ی مامۆستا مه‌حمود قه‌ره‌داغی یان داوه‌ ، هه‌موو ‏جاره‌كان به‌ عه‌ مود ێكه‌وه‌ به‌سته‌ویانه‌ته‌وه.....له‌ به‌رده‌م ژووره‌كه‌یان دا ‌ ... بۆ ئه‌وی لایه‌نی ‏ده‌رونی زیندانییه‌كانی تر بڕوخێنن ....... به‌ڵام مامۆستا مه‌حمود قه‌ره‌داخی ئه‌شكه‌نجه‌و ‏جه‌للاده‌كانی به‌ جۆرێك تێك ‌شكاند ، ئه‌وان هه‌ستیان به‌لاوازی و بێ ده‌سه‌ڵاتی ده‌كرد :‏
‏-جه‌لاده‌كان له‌ كاتی ئه‌شكه‌نجه‌ داندا له‌ ناو خۆیان دا ده‌یانگوت ( بۆیه‌ ئیعتراف ناكات، له‌زه‌ت ‏له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دان وه‌رده‌گریت).‏
له‌دوا لێكۆڵینه‌وه‌دا.....ره‌ئیسی هه‌یئه‌ی كه‌ركوك ، هه‌موو پرسیاری لێكۆڵینه‌وه‌كانی كاتی ‏ئه‌شكه‌نجه‌دانی رووبه‌رووی مامۆستا مه‌حمود كرده‌وه‌، چه‌ند پرسیارێكی نوێ تیا بوو، دیاربوو ‏زانیاری تازه‌یان پێ گه‌یشتبوو:‏
ناوت چی یه‌:‏
مه‌حمود
ناوی باوكت و باپیرت:‏
مه‌لا عیزه‌ت مه‌حمود
كارت چییه‌:‏
موده‌ڕیس
له‌ كوێ:‏
له‌سانه‌وی ئه‌زمڕ
ره‌ئیس زوو زوو ...لاپه‌ڕه‌كانی فایله‌كه‌ی هه‌ڵده‌دایه‌وه‌ ، پڕ بوو له‌ راپۆرت و زانیاری ئه‌منی ‏سلێمانی...... له‌ یه‌كه‌م لێكۆ ڵینه‌وه‌ وه‌ تا دوا لێكۆڵینه‌وه‌.... وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كانی مامۆستا ‏مه‌حمودی مه‌لا عیزه‌ت....... ( به‌ڵێ .....نازانم .......ئاگادارنیم ) بوو.‏
له‌ دوا لێكۆڵینه‌وه‌دا..... ئه‌م جاره‌یان ره‌ئیسی هه‌یئه‌ ،وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كانی مامۆستای ‏وه‌ك خۆی ده‌وته‌وه‌و.... ئه‌منێكیش، هه‌مووی ده‌نوسییه‌وه‌.....‏
دواجار پێ یان وت : ده‌ستت بێنه‌ (په‌نجه‌ گه‌وره‌ی ده‌ستی چه‌پیان گرت ، به‌ قوماشێكی ‏مه‌ره‌كه‌باوی دا هێنایان،دوا كاغه‌زی ناو فایله‌كه‌یان پێ مۆر كرد.‏
دوای ماوه‌یه‌ك.... چاوی هه‌ر 26 زیندانییه‌كه‌یان به‌ست ،دوو..دوو كه‌له‌پچه‌یان كردنه‌ ده‌ست، ‏خزێنرانه‌‌‌ ‌ئۆتۆمبێلی تایبه‌تی و گوێزرانه‌وه‌، نه‌یانده‌زانی بۆ كوێیان ده‌به‌ن ،چاره‌نوسی یان ‏به‌ره‌و كوێ ده‌برێت ، نزیكه‌ی 3 كاتژمێر به‌ رێگاوه‌ بوون .....گه‌یشتنه‌ شوێنێك زۆر گه‌رم بوو، ئوتۆمۆبیله‌كه‌ وه‌ستا دایان به‌زاندن .....به‌ جنێو زله‌ و شه‌ق پێشوازیان لێ كردن.....هه‌موویان ‏بردنه‌ به‌رده‌م ‏
‏ *عه‌قید تارق ا لعزاوی - معاونی مدیری ئه‌منی عامه‌ ، بۆ كاروباری سیاسی
‏*ئه‌بو نه‌سر –مدیری شوعبه‌ی سێ( ئه‌م شوعبه‌یه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كورد وشۆڕشی كوردستان )‏
‏* نه‌قیب خه‌له‌ف – معاونی شوعبه‌ی سێ.‏
‏ ‏*چه‌ند ئه‌منێكی تر به‌ جلی سڤیله‌وه‌ له‌ پشت ئه‌ما نه‌وه ‌وه‌ستابوون ،سه‌یری زیندانییه‌كانیان ‏ده‌كرد.‏
عه‌قید تارق رووی كرده‌ هه‌ر 26 زیندانییه‌كه‌ و وتی:‏
‏( ده‌زانن ، چی له‌ ئێوه‌ ده‌كه‌ین)...............‏
له‌ قسه‌كردن......... وه‌ستا......زیندانییه‌كان هه‌موو بێ ده‌نگ بوون ‏
‏( ئێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌گیران ، لێره‌ بتان بینینه‌وه‌ ......ئێستا له‌ ژیان دابن، ئێوه‌ بۆیه‌ گیران....بێ ‏لێكۆڵینه‌وه‌ و دادگایی كردن .....بكوژرێن) ‏
‏(به‌ڵام سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ ، كه‌ ئه‌وه‌ نه‌كرا ،چونكه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ دا بۆمان ده‌ركه‌وت ،ئێوه‌ ‏هاوڵاتی باشن و بێ زیانن ، بۆیه‌ سه‌ركردایه‌تی حیزب و شۆڕش ئێوه‌ی عه‌فوكرد ...ئێستا ئێوه‌ ‏میوانی سه‌ركردایه‌تین ، ماوه‌یه‌ك لامان ده‌مێننه‌وه‌ ، دواتر ئازاد ده‌كرێن ،ئێستا ئێوه‌ ئازادن،ئێوه‌ ‏له‌ سه‌فه‌رێكی دوورو درێژه‌وه‌ هاتوون......،ئێستا برسیتانه‌ .....چی ده‌خۆن)‏
عه‌قید تارق سه‌یری روخساریی هه‌موو زیندانییه‌كانی كرد.....هیچیان نه‌وت
له‌ ناكاو گوێ له‌ ده‌نگێك بوو وتی : ئێمه‌ زۆر تینیوو .... برسین، هه‌رچی یه‌ك بێت ده‌یخۆین ، ‏وه‌ك خواردنی زیندانییه‌كان .‏
عه‌قید سه‌یرێكی .هه‌موویانی كردو وتی : ئێوه‌ زیندانی نیین...... میوانن.‏
له‌و كاته‌ یه‌كێك له‌ زیدانییه‌كان رووی كرده‌ مامۆستا مه‌حمود و وتی : بڵێ مریشك ده‌خۆین.‏
عه‌قید به‌ مامۆستای وت : ئه‌وه‌ ده‌ڵێ چی.‏
‏ ‏ده‌ڵێت مریشك ده‌خۆین.‏
دوای تاوێك مریشكی برژاویان بۆ هێنان.‏
ئه‌م میواندارییه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی كاریگه‌ری ئه‌و هه‌موو ئه‌شكه‌نجه‌ جه‌سه‌دی و ده‌رونیانه‌ بوو ‏، كه‌ له‌ روخسارو هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌موویان دا ده‌ركی پێ ده‌كرا.‏
كاتژمێر دووی شه‌وی 18 / 6 / 1981، هه‌ر 26 زیندانییه‌كانیان به‌ سه‌ر دوو پاسدا ‏دابه‌ش كرد ، دوای 8 مانگ له‌ دۆزه‌خی مه‌رگه‌وه‌ ئازاد كران ....7ی به‌یانی گه‌یشتنه‌ ‏كه‌ركوك .....نان و كه‌بایان ده‌خوارد ...... هه‌واڵی كوشتنی ( قاله‌ ) ی جاسوسی هه‌یئه‌یان ‏پێ گه‌یشت.....پاسه‌كان رێگای سلێمانیان گرته‌به‌ر.....گه‌یشتنه‌ ....باخی ‏به‌ختیاری ...پرده‌كه‌ی قلیاسان...دووڕیانه‌كه‌ی سه‌رچنار...شه‌قامی سالم ... .ئه‌منی ‏سلێمانی ......پاسه‌كان له‌ به‌رده‌م بینای حه‌سیب ساڵح دا وه‌ستان.....ماڵئاواییان له‌ یه‌كتر ‏كرد ...به‌خانه‌واده‌و كه‌س و كارو خه‌ڵكی شاره‌كه‌یان شادبوونه‌وه‌.‏
دواجار مامۆستا مه‌حمود بڕیاری دا له‌ گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی دا روو بكه‌نه‌ هه‌نده‌ران
سه‌رله‌به‌یانی 13 / 8/ 1981 گه‌لاوێژ خانی هاوسه‌ری و هه‌ر 5 منداڵه‌كه‌ی روو بكه‌نه‌ ‏قه‌ڵادزێ و ......له‌وێوه‌ له‌گه‌ڵ نه‌سرین خان بگه‌نه‌ ناوزه‌نگ .‏
مامۆستا مه‌حمود ، هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ له‌ سلێمانی رووی كرده‌ لای كوێخا حسه‌ین-ی ‏هه‌ناران . ئه‌ویش كاك بورهانی كوڕی له‌گه‌ڵ دا نارد...... رێگای ناوزه‌نگ – یان گرته‌ ‏به‌ر .....دوای ماندووبونێكی زۆر كه‌ گه‌یشته‌ ته‌ختایه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ ......كاك نه‌وشیروان و ‏كاك شازاد سائیب و كاك فه‌ره‌یدون پێشوازیان لێ كرد.‏
دواتر شه‌و و رۆژێكیش لای مام جه‌لال مایه‌وه‌ له‌ توژه‌ڵه‌ ، مام جه‌لال باسی ئه‌وه‌ی كرد ‏مامۆستا مه‌حمود ئیش و كاری شۆڕش وه‌ربگرێت، مامۆستاش وتی : با ئه‌وان بگه‌یه‌نمه‌ ‏سوید .....ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌.‏
مام جه‌لال وتی :راپۆرتێكی دوورو درێژ له‌ سه‌ر هه‌یئه‌ی كه‌ركوك بنووسه‌ بۆ( رێكخراوی ‏ئه‌منستی ) .‏
له‌ 10 / 10/ 1981 شێخ محه‌مه‌دی سه‌رگه‌ڵو و كاك به‌ختیاری مه‌لا عیزه‌ت، مامۆستا ‏مه‌حمود و خانه‌واده‌كه‌یان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی تارانه‌وه‌ به‌رێ كرد بۆ شام.‏ ده‌مه‌و به‌یانی22/ 10 /1981له‌فڕۆكانه‌ی شامه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ستۆكهۆڵم‏.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP