ڕازی‌ هۆشیاری‌ و هۆشمه‌ندی‌
ڕازی‌ هۆشیاری‌ و هۆشمه‌ندی‌ ‌ 9/8/2017
مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت
ئابی‌ 1983

كاتێك ویژدان ئه‌جوڵێ‌ و گیانی‌ مرۆڤ ئه‌بزوێنێ‌ و.. سۆزی‌ هه‌ستی‌ ناسك ئه‌له‌رێنێته‌وه‌ و… دڵی‌ ساردوسڕ گه‌رم و ووریا ئه‌كاته‌وه‌… كاتێك ویژدان هه‌ستی‌ مات و خامۆش ڕائه‌چڵه‌كێنێ‌ و هۆشیاری‌ ئه‌كاته‌وه‌ و.. ڕازی‌ زام و جه‌سته‌ی‌ ئازاردراوی‌ پێ‌ ئه‌گه‌یه‌نێت.. ئه‌و كاته‌ مرۆڤی‌ ناو ڕووداو و كاره‌سات سه‌رنجی‌ ده‌وروپشتی‌ خۆی‌ ئه‌دات و هۆشی‌ دێته‌وه‌به‌ر و ژیرانه‌ شوێن پێ‌ی‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ ئه‌بینێ‌ و باری‌ سه‌رنجی‌ چڕ و تیژ و ووردتر ئه‌بێت.. هه‌ر له‌و ساتانه‌شدا تێ‌ ئه‌گات… بۆچی‌ ویژدانی‌ هاتۆته‌ جوڵه‌ و چی‌ كاری‌ له‌سه‌ر كردووه‌.. هۆی‌ مات و خامۆشی‌.. و سڕو ووڕی‌ بۆ ده‌رئه‌كه‌وێت و ئه‌زانێت له‌ جیهانێكی‌ ئاڵۆز و جه‌نجاڵدا ئه‌ژی‌.. ئه‌بینێت و تێ‌ ئه‌گات جیهان هه‌مووی‌ تۆڕ و داوه‌.. هه‌موو ڕۆژ و هه‌موو ساتێك ده‌یان و سه‌دان بێتاوانی‌ تیا گیرۆده‌ ده‌كرێ‌ و به‌ ئازار و له‌شی‌ پوكاوه‌وه‌ بێگیان ئه‌كرێن.. تێ‌ی‌ ئه‌گات جیهانی‌ زۆرانبازی‌ ژیان و مردنه‌.. دیارده‌ی‌ پێكادانی‌ ئازادی‌ و كۆیله‌یه‌تی‌یه‌.. هی‌ به‌ختیاری‌ و ئاواره‌ییه‌.. ململانێ‌ی‌ چه‌وساوه‌ و چه‌وسێنه‌ره‌.. هی‌ داگیركراو و داگیركه‌ره‌.. شه‌ڕی‌ بێ‌ ده‌سه‌ڵات و ڕووت ڕه‌جاڵیه‌ دژی‌ ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن  سامانه‌ چاوچنۆكه‌كان.. له‌و ڕاستی‌یه‌ ئه‌گات كه‌ ئه‌و زۆرانبازی‌یه‌ سیمای‌ ژیانی‌ مرۆڤه‌.. ده‌ركی‌ پێ‌ ئه‌كات كه‌ «هه‌ستی‌ خه‌ڵك.. شوێن و جێگه‌یان دیار و ده‌ستنیشان ناكات، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، شوێن و جێگه‌یان هه‌ستیان دیار و ده‌ستنیشانی‌ ئه‌كات..» ئه‌و ساته‌ش خۆی‌ ساغ ئه‌كاته‌وه‌ و… به‌ره‌ی‌ چه‌وساوه‌ و زۆرلێكراوان هه‌ڵئه‌بژێرێت و هه‌روه‌كو ده‌رۆێشی‌ ناو ئه‌م شانۆگه‌ری‌یه‌ ئه‌بێته‌ سه‌ربازی‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ و تێكه‌ڵی‌ ئێش و ئازاره‌كانیان ئه‌بێت..
و واته‌: له‌ ناو ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ ئه‌و زۆرانبازی‌یه‌ و له‌ ناو قووڵایی‌ ئێشی‌ بێ‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ و ئازاری‌ ده‌ستی‌ خوێن ڕێژان و.. له‌ ناوجه‌رگه‌ی‌ چه‌رمه‌سه‌ری‌ و زه‌حمه‌تی‌ خۆگرتن و ووره‌ به‌رنه‌دان.. له‌به‌رده‌م كه‌ره‌سه‌ی‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و زه‌بر و په‌لاماری‌ بێ‌ به‌زه‌ییه‌كان.. هه‌ستی‌ هۆشمه‌ندی‌ زیاتر هه‌ستیار ئه‌بێت و ئه‌گه‌شێته‌وه‌ و چرۆ ئه‌كات.. هۆی‌ په‌ژاره‌یی‌ و نه‌هامه‌تی‌ و چه‌وسانه‌وه‌ی‌ بۆ ڕوون ئه‌بێته‌وه‌ و.. مرۆڤ ئه‌بێته‌ خاوه‌ن كێشه‌ و ئیتر ڕێبازی‌ خه‌بات و ئامانجی‌ به‌ره‌ی‌ چه‌وساوه‌كان هه‌ڵئه‌بژێرێ‌ و ئه‌بێته‌ سه‌ربازی‌ ئه‌و كاروانه‌.. ئه‌گه‌ر چه‌كی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بوو وا پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ سه‌نگه‌ری‌ پێشه‌وه‌ی‌ ئه‌و كاروانه‌ پڕ له‌ شانازی‌ و سه‌روه‌ری‌یه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پێنووسیشی‌ گرته‌ ده‌ست ئه‌وا ئه‌بێته‌ جوڵێنه‌ری‌ت وزه‌ی‌ مات دراوی‌ هه‌ژار و چه‌وساوه‌كان.. ئه‌بێته‌ مۆمی‌ ڕۆشن كه‌ره‌وه‌ی‌ ڕێبازی‌ زۆرلێكراوانا دژی‌ باری‌ ناله‌باری‌ ژیانی‌ هاوڕێ‌ و هه‌ڤاڵ‌ و براده‌رانی‌..
كێشه‌ی‌ ناو زۆرانبازی‌ مرۆڤیش، له‌ هه‌موو سه‌ده‌كانی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مرۆڤایه‌تی‌دا، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ كه‌ خاوه‌ندارێتی‌ تایبه‌تی‌ په‌یدا بووه‌، كێشه‌ و مه‌سه‌له‌ی‌ ژیان بووه‌.. ژیانیش مانای‌ ئازادی‌ و به‌ختیاری‌ و ئاسووده‌یی‌ و ئاسایش و سك نێری‌ بووه‌.. مانای‌ ژیانی‌ دوور له‌ ئازار و چه‌وسانه‌وه‌ی‌ مرۆڤ به‌ ده‌ستی‌ مرۆڤ بووه‌.. مانای‌ ژیانی‌ هاوسانی‌ و یه‌كشانی‌ بووه‌.. جا له‌ ناو زۆرانبازی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌دا، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ئێستا چه‌وساوه‌ و زۆرلێكراوان دژی‌ چه‌وسێنه‌ر و زۆردار و داگیركه‌ران جه‌نگاون.. چه‌ند مرۆڤ و خه‌باتی‌ و كێشه‌كه‌ی‌.. تووشی‌ نوشوستی‌ و هه‌ڵنوتان و گلان و كه‌وتن بووبێت.. له‌وه‌ زیاتر به‌توانا و ووزه‌تر له‌ژێر داروپه‌ردوی‌ نوشوستیه‌وه‌ هه‌ڵساوه‌ته‌وه‌ و به‌ره‌نگاری‌ زۆرداران بۆته‌وه‌.. كێشه‌كه‌ی‌ نه‌شونومای‌ كردووه‌ و گه‌شاوه‌ تر بووه‌ و ئیتر له‌ ووزه‌ی‌ هیچ كه‌سێكدا نه‌ماوه‌ كه‌ ده‌نگی‌ دلێری‌ مرۆڤ كپ بكات.. زیاتر له‌وه‌ش.. وه‌ له‌و ڕێره‌وه‌دا و له‌ دواپله‌ی‌ هێرشی‌ زۆه‌رداران ولوتكه‌ی‌ ته‌وژمی‌ چه‌وسانه‌وه‌دا.. له‌ توندوتیژترین كاتی‌ به‌كارهێنانی‌ ئاگر و ئاسندا.. له‌و بارودۆخه‌شدا كه‌ مرۆڤی‌ بێتاوان و بێ‌ ئاگا ئه‌كرانه‌ قۆچی‌ قوربانی‌.. زیاتر مرۆڤ هه‌ستیار و هۆشمه‌ند بووه‌ و باشتر هه‌ستی‌ ئازاردراوی‌ ژیاوه‌ته‌وه‌ و خوێنی‌ گه‌رم و نوێی‌ كردۆته‌ له‌شه‌وه‌ و.. بۆته‌ ئاگردانی‌ گه‌شاوه‌ی‌ خه‌بات و ژیله‌مۆی‌ سووتێنه‌ری‌ دوژمن و.. بڵێسه‌ی‌ خه‌باتی‌ مرۆڤ زیاتر كڵپه‌ی‌ سه‌ندووه‌ و.. كه‌م و زۆر قه‌ڵای‌ زۆردارانی‌ هه‌ژاندووه‌ و گه‌نده‌ڵ‌ و له‌رزۆكی‌ كردووه‌ و جاربه‌جارێكیش هه‌ره‌سی‌ پێهێناوه‌.. یا هه‌ر هیچ نه‌بێت، ده‌روێشانه‌.. به‌رامبه‌ریان وه‌ستاوه‌ و ملی‌ بۆ تاوانی‌ زۆرداران دانه‌نه‌واندووه‌ و خۆی‌ كردۆته‌ قوربانی‌ ده‌ستگرتن به‌ ڕاستی‌یه‌وه‌، به‌ڕاستی‌ بێتاوانی‌یه‌وه‌. به‌ بێتاوانی‌ چه‌وساوه‌كانه‌وه‌.. به‌ڕاستی‌ و ڕه‌وانی‌ خه‌باتی‌ هه‌ژارانه‌وه‌.. به‌وه‌ش هه‌ست و هۆشی‌ سه‌دان نووستووی‌ ئاگادار كردووه‌ و ڕاستی‌ كێشه‌ی‌ مرۆڤ و مه‌سه‌له‌ی‌ ژیانی‌ بۆ ده‌رخستوون و بۆته‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ گه‌یاندنی‌ ڕازی‌ هۆشیاری‌ و هۆشمه‌ندی‌.
چونكه‌ له‌ ناو ئه‌و زۆرانبازی‌ و خه‌باته‌دا.. له‌ ناو ئه‌و بوون و ژیانه‌دا، ئیتر له‌ ناو زیندان و سارداوه‌كانا بێت یا له‌ ناو ژیانی‌ ژێر سایه‌ و سێبه‌ری‌ دام و ده‌ستگای‌ تۆقێنه‌ری‌ داگیركه‌ر و چه‌وسێنه‌ردا بێت.. مرۆڤ.. سه‌رجه‌م مرۆڤ.. دوو ڕێگه‌ و دوو ئامانجی‌ له‌به‌رده‌مدا بووه‌:.. ڕێگه‌ی‌ خه‌به‌اتی‌ زۆرلێكراو و چه‌وساوه‌كان بۆ ڕزگاری‌ و سه‌رفرازی‌ و به‌دی‌هێنانی‌ ئاواته‌كان.. وه‌ یا ڕێگه‌ی‌ خۆمات كردن و ده‌ست گرتن به‌ كڵاوه‌وه‌ كه‌ با نه‌یبات.. بۆ ژیانی‌ ناو چه‌وسانه‌وه‌ و زۆرداری‌. ئه‌وانه‌ی‌ یه‌كه‌م ڕێ‌ ئه‌گرن و نه‌به‌زانه‌ ئه‌چنه‌ مه‌یدانی‌ خه‌باته‌وه‌.. ده‌رك به‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ته‌نها ڕێگه‌ی‌ سه‌رفرازی‌ و سه‌ربه‌رزی‌ و سه‌ركه‌وتنه‌ كه‌ له‌ ڕزگار بوونا یا له‌ نوشوستی‌ و تیاچوونا.. تێكه‌ڵی‌ خوێن و هه‌ستی‌ هه‌موو هاوڕێی‌ و ئاشنا و دۆسته‌كانی‌ ناو كێشه‌كه‌ی‌ مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌بێت و.. هه‌روه‌كو ئه‌ستێره‌یه‌كی‌ گه‌شی‌ ئاسمانی‌ جیهانه‌كه‌ی‌.. به‌زه‌رده‌خه‌نه‌ و جریوه‌ی‌ ناو شه‌وه‌زه‌نگ.. په‌یكه‌ری‌ هه‌میشه‌زیندووی‌ بۆ هه‌مووان ده‌رئه‌خات. ملكه‌چانی‌ ڕێگه‌ی‌ دووه‌میش هه‌موو ڕۆژێك سه‌دان جار ئه‌مرن و زیندوو ئه‌بنه‌وه‌ و.. هه‌میشه‌ تارمایی‌ مردن له‌به‌رچاویانه‌ و.. له‌ كۆتایی‌ ئه‌و ژیانه‌ پڕ له‌ چه‌رمه‌سه‌ری‌ و زه‌لیلی‌ و ترسنۆكیه‌شدا.. كفنی‌ دوا مردنی‌ له‌ نه‌فره‌تی‌ هه‌موو ئاشنا و دۆسته‌كانی‌ دروست ئه‌كرێت..
ئه‌م كێشه‌ی‌ ژیانی‌ مرۆڤه‌ش.. ئه‌و زۆرانبازی‌ و ململانێیه‌، له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكا.. له‌ ئێستا و دواڕۆژیشدا، له‌ چه‌ند وێنه‌ و شێوه‌ و ڕێچكه‌یه‌كدا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه‌ و خۆی‌ ئه‌نوێنێت.. وێنه‌ و شێوه‌ و ڕێچكه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ ئه‌و ڕه‌نگ دانه‌وه‌یه‌.. ئه‌ده‌به‌.. چڵێكی‌ به‌رز و سه‌وز و به‌رداری‌ ئه‌ده‌بیش، چیرۆك و شانۆگه‌ری‌یه‌.. ئه‌و چیرۆك و شانۆگه‌ریانه‌ش كه‌ زاده‌ی‌ بیر و نووسین و به‌رهه‌می‌ چه‌وساوه‌ و ئازاردراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵ‌ و.. هۆشمه‌ند و هۆشیاره‌كانی‌ ناو كاره‌سات بن…. وا له‌بار و ڕاستترین هه‌ست و نه‌ست و خواستی‌ مرۆڤ و هه‌ڵوێستی‌ مێژوویی‌ جه‌ماوه‌ر ده‌رئه‌خه‌ن.. و جوانترین و ڕاستگۆترین دیمه‌نی‌ ئه‌و زۆرانبازی‌یه‌ مێژوو كرده‌ ئه‌نه‌خشێنن.
وه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه‌ كێشه‌ی‌ مرۆڤی‌ چه‌وساوه‌ و ئازار دراو.. كێشه‌ی‌ ژیانی‌ مرۆڤه‌. كێشه‌ی‌ ئازادبوونه‌ له‌ ده‌ست كۆیله‌یه‌تی‌.. كێشه‌ی‌ ڕزگاری‌ و به‌ختیاری‌ و ئاسووده‌ییه‌.. كێشه‌ی‌ خه‌باتی‌ دژ به‌ داگیركردنه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری‌ جیهاندا.. بۆیه‌ هه‌رده‌م مرۆڤی‌ ناو ئه‌و بارودۆخه‌ له‌یه‌ك به‌ره‌دا یه‌كیان گرتووه‌.. به‌رامبه‌ر داگیركه‌ر و زۆردار.. ئیمپریالیزم و چه‌وسێنه‌ران. خه‌باتی‌ كردووه‌.. وه‌ دووبه‌ره‌ی‌ ئاشكرا و دژبه‌یه‌ك دوو بیر و دوو ڕێگه‌ی‌ جیاواز هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌.. هه‌موو مرۆڤ.. هه‌موو هه‌ژار و چه‌وساوه‌ و زۆرلێكراو و داگیركراوه‌كان له‌به‌ره‌یه‌ك.. هه‌موو داگیركه‌ر و زۆردار و چه‌وسێنه‌ر و ئیمپریالیزم له‌ به‌ره‌یه‌كی‌ جیاواز و دژدا.. بۆیه‌.. ئه‌م جیهانه‌ خۆی‌ بۆته‌ شانۆیه‌كی‌ گه‌وره‌ و.. مرۆڤ و مرۆڤایه‌تیش بۆته‌ پوخته‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ ڕووداوه‌كان «جه‌وهه‌ری‌ زۆرانبازیه‌كه‌ ئیتر له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان، له‌سه‌ر ئه‌م شانۆیه‌ سه‌دان و هه‌زاران شانۆگه‌ری‌ جۆر به‌ جۆر.. ڕووی‌داوه‌.
شانۆ بچكۆله‌كان مرۆڤیش بچوك كراوه‌ی‌ شانۆ گه‌وره‌كه‌ن.
شانۆگه‌ری‌ و چیرۆكه‌كانیش.. پوخته‌ی‌ كورت كراوه‌ی‌ ئه‌و ڕووداو و كاره‌ساتانه‌ی‌ مرۆڤن و دیمه‌نی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ ژیانی‌ مرۆڤن.. ئه‌و جیاوازیانه‌ش كه‌ له‌ كێشه‌ی‌ مرۆڤی‌ ئه‌م ووڵات و ئه‌و ووڵاتدا ده‌بینرێن.. سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ هۆی‌ جیاوازی‌ باری‌ خۆیی‌ و بابه‌تی‌ و تایبه‌تیه‌كانی‌ ناو هه‌ر كۆمه‌ڵ‌ و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌…
بۆیه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و یه‌كێتی‌ و یه‌ك بوون و یه‌ك گرتنه‌شدا له‌ كێشه‌ی‌ مرۆڤدا.. وه‌ له‌ ناو ئه‌و جیاوازی‌ و ڕووداوی‌ جۆربه‌جۆره‌دا.. ئه‌توانین بڵێین كێشه‌ی‌ مرۆڤی‌ كورد.. كێشه‌ی‌ نیشتمانی‌ی‌ كوردستان.. جێگه‌ و شوێنی‌ تاقیكردنه‌وه‌ و به‌كارهێنانی‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌وسانه‌وه‌ و ئازاردانێك بووه‌.. كه‌ له‌ ناو چه‌وساوه‌ و زۆرلێكراوه‌كانی‌ جیهاندا بێ‌ وێنه‌ و بێ‌ هاوتا بووه‌. ئه‌مه‌ش هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و باره‌ تایبه‌تی‌یه‌ بێ‌ هاوتایه‌ی‌ كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی‌ كورده‌وه‌یه‌.. سه‌باره‌ت به‌ ژیانه‌ پڕ له‌ كوێره‌وه‌ری‌ و مه‌ینه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورده‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌دا ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ داگیركردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی‌ هه‌موو جۆری‌ سێ‌ لایه‌نی‌: یه‌كه‌میان.. ئیمپریالیزم و ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیمپریالیستی‌ و داگیركردنی‌ ناوچه‌كه‌ و دابه‌شكردنی‌ كوردستان و به‌ستنه‌وه‌ی‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی‌ به‌ ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ویستویانه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ناوبه‌رن و هه‌ر ده‌نگێكی‌ ناڕه‌زاییش به‌رزببێته‌وه‌ خه‌فه‌ی‌ بكه‌ن. دووه‌مینیان: چینی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ نه‌ته‌وه‌وی‌ كاربه‌ده‌ست و سستێمی‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌یان و.. سه‌پاندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ توندوتیژی‌ ناوه‌ندی‌ و بێ‌به‌ش كردنی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ ساده‌ترین مافی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ و مافی‌ مرۆڤ و.. كه‌ بۆ به‌دی‌ هێنانی‌ مه‌به‌سته‌كانیان دڕندانه‌ترین شێوه‌ی‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و داگیركردنیان گرتووه‌ و.. بۆڕی‌ ئیمپریالیزمیان پێ‌ داوه‌.. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌.. به‌ڵكو هه‌رده‌م ویستویانه‌ قه‌واره‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ گه‌لی‌ كورد هه‌ڵ بته‌كێنن و له‌ ناوی‌ به‌رن و شوێنه‌واری‌ كوردستان وه‌كو نیشتمانی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد بسڕنه‌وه‌. سێهه‌مینیشیان: چه‌وسێنه‌ری‌ خۆماڵی‌ كورد خۆی‌ كه‌ چینی‌ ده‌ره‌به‌گ و به‌شه‌ پێگه‌یشتووه‌كه‌ی‌ چینی‌ بۆرژوایه‌.. هه‌رچه‌ند نه‌خه‌مڵیو و بێ‌ هێزیش بێت.. كه‌ بوونه‌ته‌ پایه‌گای‌ چه‌سپاندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پایته‌خت و گرێ‌دانی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئابووریان كه‌ به‌ هاوكاری‌ و هێز و توانای‌ هه‌ردوو لا جه‌ماوه‌ریان چه‌وساندۆته‌وه‌…
گه‌لی‌ كورد له‌ ناو گێژاوی‌ ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌ چه‌ند لایی‌ و جۆربه‌جۆره‌دا.. له‌گه‌ڵ‌ به‌كارهێنانی‌ ئایین و ململانێ‌ی‌ مه‌زه‌بی‌ و گه‌لێ‌ هۆی‌ تر.. له‌ شار و شارۆچكه‌ و دێهاته‌كانیان دوو چاری‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ و چینانی‌ و.. ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی‌ ئه‌وتۆ بووه‌ كه‌ بێ‌ وێنه‌ و بێ‌ هاوتایه‌… نه‌ك هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و باره‌ ئاڵۆز و دابه‌شكردن و فره‌ده‌سه‌ڵات و داگیركردن.. وه‌ نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌یان هه‌زار ڕۆڵه‌ی‌ كورد له‌م زیندان و ئه‌و زینداندا دووچاری‌ دڕندانه‌ترین ئه‌شكه‌نجه‌ بووه‌.. به‌ڵكو به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌شه‌وه‌ كه‌ هه‌ر نیشتمانه‌كه‌ی‌ لێ‌ كراوه‌ته‌ زیندانێكی‌ گه‌وره‌ و هه‌زاران كاره‌ساتی‌ ناهه‌موار و ڕووداوی‌ دژواری‌ له‌ ناوا ڕوو ئه‌دات و زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌زۆری‌ دانیشتوانی‌ خراپتر له‌ ده‌روێش دووچاری‌ ئه‌و جۆره‌ كێشانه‌ كراون.
له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ خوێنه‌ری‌ كورد كه‌ ئه‌م شانۆگه‌ری‌یه‌ ئه‌خوێنێته‌وه‌ یه‌كسه‌ر ئه‌چێته‌ ناو ڕووداوه‌كانیه‌وه‌ و بارودۆخی‌ كوردستانی‌ وێنه‌ و بیر و هه‌موو كاره‌ساته‌كان له‌به‌رچاویا دووباره‌ ئه‌بیته‌وه‌.. هه‌رچه‌نده‌ زۆر كوردی‌ هۆشمه‌ند گه‌لێ‌ ڕووداوی‌ له‌و جۆره‌ و زۆر خراپ و ئاڵۆز و ناهه‌موار تریشی‌ بیستووه‌ و بینیوه‌.. وه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ دووچاری‌ زیندانه‌كان بوون ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر خۆیاندا نه‌هاتبێ‌ وا به‌ چاوی‌ خۆیان بینیویانه‌ و له‌ ناویا ژیاون.. به‌ڵام لایه‌نی‌ گرنگ و بایه‌خدار له‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌م شانۆگه‌ریه‌دا.. وه‌ستایه‌ی‌ نووسه‌ره‌كه‌یه‌. كه‌ زیره‌كانه‌ به‌ باشترین شێوه‌ ڕووداوه‌كانی‌ داڕشتووه‌.. وه‌ وه‌كو خاوه‌ن تاقیكردنه‌وه‌ی‌ ناو زیندان.. شاره‌زایی‌ شێوه‌ی‌ لێكۆڵه‌ره‌ جه‌للاده‌كانه‌ و.. لێزانانه‌ ده‌وری‌ هه‌ریه‌كه‌یانی‌ ده‌رخستووه‌ كه‌ چۆن مه‌به‌ستیانه‌ بگه‌نه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی‌ قسه‌ به‌ زیندانیه‌كه‌ بكه‌ن.. و ئیعتیرافی‌ له‌ده‌م وه‌رگرن و به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌وه‌ی‌ مه‌به‌ستیانه‌ به‌سه‌ریا بتلێته‌وه‌.. به‌هره‌ و لێهاتووی‌ نووسه‌ر باشتر له‌ گواستنه‌وه‌ بۆ ناو ڕووداوی‌ سه‌یر كوتوپڕتر.. له‌ ئاڵۆزه‌وه‌ بۆ ئاڵۆزتر.. له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ بۆ ڕاستی‌.. له‌ بیرو خه‌وه‌وه‌ بۆ بوون و هه‌ست كردن.. ده‌رئه‌كه‌وێت.. سه‌لیقه‌ی‌ وورده‌كاری‌ و بیری‌ قووڵ‌ و تیژی‌ نووسه‌ر له‌ ناو ئاڵۆزیه‌كانی‌ ڕووداوه‌كاندا.. له‌ ناو ساته‌كانی‌ سۆزی‌ خۆشه‌ویستی‌ و زاڵ بوونی‌ عاتیفه‌دا.. و له‌ دواییدا زاڵ‌ بوونی‌ ڕاستی‌ بوونی‌ مرۆڤ له‌ مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی‌دا و هه‌ست كردن به‌ ئێش و ئازاری‌ خه‌ڵك.. و سه‌ركه‌وتنی‌ به‌سه‌ر سۆز و عاتیفه‌دا به‌جۆرێكی‌ ئه‌وتۆ كه‌ خۆشه‌ویستترین مرۆڤ له‌گه‌ڵ‌ خۆیدا بكاته‌ قوربانی‌ ڕێگه‌ی‌ ڕاستی‌ و ده‌ست گرتن به‌ مافی‌ ڕه‌وا و بێتاوانی‌ مرۆڤه‌وه‌.. ئا له‌وانه‌دا هه‌مووی‌ ده‌رئه‌كه‌وێ‌، جگه‌ له‌وه‌ نووسه‌ر هه‌موو مرۆڤ ئه‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ كێشه‌كه‌ی‌ ده‌روێشه‌وه‌ و ده‌روێش ئه‌كاته‌ نموونه‌یه‌ك بۆ هه‌مووان و بۆ هه‌موو كێشه‌ و كاره‌ساته‌كان.. بۆیه‌ ده‌روێشی‌ ناو ئه‌م ڕووداوه‌ والێ‌ ئه‌كات كه‌ زه‌نگی‌ هۆشیاری‌ بۆ هه‌موو نووستووه‌كان لێ‌ بدات و هاواریان بۆ بكات كه‌ پێش كاره‌سات و پێش ئه‌وه‌ی‌ لوتیان به‌ر به‌ردی‌ ئه‌لحه‌د بكه‌وێت.. ژیرانه‌ ڕاپه‌ڕن. هۆش و هه‌ست و تێگه‌یشتن بكه‌نه‌ چه‌كی‌ خه‌بات و خۆیان له‌ به‌ره‌ی‌ گه‌لدا ڕێك بخه‌ن و دژی‌ ژیانی‌ كۆیله‌یه‌تی‌ و چه‌وساندنه‌وه‌ بووه‌ستن..
منیش هه‌ر به‌و هیوایه‌ی‌ ده‌نگی‌ زه‌نگی‌ هۆشیاری‌ و ووریا بوونه‌وه‌ی‌ ده‌روێش بگاته‌ گوێی‌ ئه‌وانه‌ی‌ تا ئێستا له‌ ناو ده‌ریای‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ و دووره‌ په‌رێزیا ئه‌ژین.. ئه‌م شاكاره‌ی‌ مسته‌فا حه‌للاجم كرد به‌ كوردی‌.. به‌ تایبه‌تی‌، وه‌كو خاوه‌ن تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ دوور و درێژی‌ دووسه‌د و پێنج ڕۆژی‌ ناو زیندانه‌كانی‌ (هه‌یئه‌ی‌ ته‌حقیقی‌ خاصه‌ له‌ كركوك)، ڕووداوه‌كانی‌ ناو ئه‌م شانۆگه‌ری‌یه‌م وه‌كو دیمه‌نێك له‌و هه‌زاره‌ها ڕووداو و كاره‌ساتانه‌ی‌ ناو ئه‌و زیندانه‌ هاته‌ پێش چاو و ڕوویه‌كی‌ ڕاستی‌ ڕێگه‌ و شوێنی‌ فاشیسته‌كان ئه‌خاته‌ به‌رچاو..
ئه‌وه‌نده‌ی‌ توانیویشمه‌ پارێزگاری‌ ناوه‌ڕۆك و مانا و مه‌به‌ستم كردووه‌ و ئه‌وه‌ی‌ زۆرتر بایه‌خم پێدابێت هه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ گرنگه‌ بووه‌.. به‌ڵام داخم ناچێت كه‌ خوێنه‌ری‌ به‌ڕێز له‌و پێشه‌كی‌یه‌ نایاب و به‌نرخه‌ی‌ نووسه‌ری‌ به‌ناوبانگی‌ عه‌ره‌ب-حه‌ننا مینه‌- بۆ ئه‌م شانۆگه‌ری‌یه‌ی‌ نووسیوه‌، بێ‌ به‌ش بوو.. چونكه‌ ئه‌و كاته‌م به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بوو كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ‌ شانۆگه‌ری‌یه‌كه‌دا وه‌ری‌ گێڕمه‌ سه‌ر كوردی‌ و پێكه‌وه‌ چاپیان بكه‌م..
هیوام وایه‌ هه‌نگاوێكی‌ سوودبه‌خش بێت.. به‌ تایبه‌تی‌ بۆ هونه‌رمه‌نده‌كانمان.. ئومێدم وایه‌ بتوانن زوو گیان بكه‌نه‌وه‌ به‌ر ڕووداوه‌ وه‌ له‌سه‌ر شانۆ زۆرانبازی‌ نێوان مرۆڤ و زۆرداران له‌ باشترین شێوه‌دا ده‌ربخه‌ن.. به‌تایبه‌تی‌ ده‌ست پێشكه‌ری‌ پێشنیاری‌ وه‌رگێڕانی‌ ئه‌م شانۆگه‌ری‌یه‌ بۆ كوردی‌ له‌ یه‌كێك له‌ برا هونه‌رمه‌نده‌كانه‌وه‌ بوو.. منیش زیاتر هه‌ر ئه‌و داخوازی‌ و مه‌به‌سته‌ هانی‌ دام كه‌ په‌له‌ بكه‌م له‌ ته‌واو كردنی‌ ئه‌م كاره‌..


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP