کوردبوون و ناسیۆنالیـزم
کوردبوون و ناسیۆنالیـزم ‌ 10/8/2017
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: (بوونی نـەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلـەتیکدا)ی 
د. عرفان مستەفـا
هەڵۆ بەرزنجەیی 
به‌شی یازده‌یه‌م
فەیلەسووف کانت باس لە ئۆتۆنۆمی تاکەکەس دەکات و بەڵام  نەتەوەخوازەکان باسی ئۆتۆنۆمی نەتەوە دەکەن.
« ئۆتۆنۆمی نەتەوە لای نەتەوەخوازەکان لەوەوە سەرچاوە ناگرێت کە رۆحی نەتەوەیی هەر نەتەوەیەک بەخۆی ئامانجە و دەبێت ئەم نەتەوەیە وەک بونەوەرێکی عەقڵی مامەڵەی لەگەڵ نەتەوەکانی تردا بکات و نەتەوەکانی تریش وەک غایەتێک مامەڵەی لەگەڵ بکەن و هیچیان ئەوەی تریان نەکات بە وەسیلە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی»(.١٩٤).
لە ڕاستیدا نەتەوەخوازی پێچەوانەی ئەم دەستوور و هاوکێشەیە کار دەکات، چونکە ئەرکی سەرەکی نەتەوەخوازی، وەک پێشتریش ڕوونکرایەوە، ئەوەیە کۆمەڵگا و گرووپەکانی دیکەی ناو سنووری دەوڵەتەکەی، لەناو خۆیدا بتوێنێتەوە. چ چیاوازی و فرەییەک نەهێڵێ. ئەوانی دیکە بکاتە بەردەبازی پەڕینەوە و زیاتر چنگ لە دەسەڵات و دەوڵەت گیرکردن و تواندنەوەی ئەوانەی دەرەوەی خۆی ئامانجێتی. 
وەک ئەوەی نەتەوەخوازی تورکی لە تورکیا و، فارسی لە ئێران و عەرەبی لە عێراق و سووریا دا، دەرهەق بە کورد و ناتورک و نافارس و ناعەرەبەکانی دیکەی دەیکەن،ئیسپانی لە هەمبەر باسک و کاتالانی و..تاد. یاخود ئینگلیز لە بەرامبەر سکۆتی و وێڵزی و ئیرلەندیدا لە فۆڕمێکی تردا دەیکات.
هەر یەکەیان لە خۆیاندا ئامانج بن
«بە پێی بنەمای نەتەوەخوازی لەناو دەوڵەتی نەتەوەیدا کۆمەڵە کۆمەڵگایەکی جیاواز دەبێت ببن بە وەسیلە بۆ وەدیهێنانی ئامانجی بوونی تاکە کۆمەڵگایەک بە نەتەوە جا نەتەوە دێتە ئاراوە، گەر کۆمەڵگا جیاوازەکانی ناو سنووری سیاسی دەوڵەتێک هەر یەکەیان لە خۆیاندا ئامانج بن و بەرەو ئەوە بڕۆن ببن بە نەتەوە،نەتەوە دروست نابێت»(١٩٤)
بە پێی ئەم سیستەمە ئاکارییەی کانت، لەناو دەوڵەت دا، کاتێ نەتەوە سەرهەڵ دەدات و بوون پەیدا دەکات، کە کۆمەڵگا جیاوازەکانی چوارچێوەی سنوورە سیاسییەکەی، وا مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، هەر یەکەیان کار بۆ بوون و نەتەوەی خۆی بکات و چ کاریگەرێتیی نەرێتی لەسەر ئەوی دیکەیان دروست نەکات، یاخود یەکێ  لەم لایەنانە، ئەوی تر نەکاتە پەیژەو بە هەر نرخێک بێت، بەسەریدا بۆ بوونە نەتەوەی زاڵ سەرکەوێ.
 ئەمەش کتومت پێچەوانەی کرۆکی ئامانجی نەتەوەخوازییە. چونکە نەتەوەخوازی گەرەکێتی هەموو تەنێکی نامۆ، بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بیتووێنێتەوە و بیکاتە پارچەیەکی هەمیشەیی لە خودی خۆی.

ـ لە کۆمەڵگای ئاکارییەوە بۆ نەتەوە
لە سیستەمی مۆنادەکانی لایبتنێزدا، دەگەینە سیستەمی تاکە کەسەکانی کانت، کە کۆمەڵگایەکی ئاکاریشی پێ دەڵێن، فیختە بەدوای ئەم دوانەدا دێ و بە پێی سەردەمەکەی خۆی، لەسەر بنچینەی دووبارەکردنەوەی بیرۆکەکانی ئەو دووانە، لێ بەرگێکی تر لەبەر گوزارشتەکەی دەکات، کە نەتەوەیە. جا بڕوانە، لە سەردەمێکی کورتدا تەنیا لە نێو فەیلەسووفانی ئەڵماندا، چ قەڵەمبازێ لە پێناوی چەسپاندن و بەرجەستەکردنی بیرۆکەی نەتەوە لەسەر دەستی فیختە دراوە و چیمان بۆ ئامادە دەکات. 
«فیختە لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لایبنێتز و کانت لە بارەی تاکی سەر بەو سیستەمە دەیڵێن، بەڵام ئەوەش رووندەکاتەوە کە هەمان ئەو سیستەمە دەبێت لە ئاستی کۆییشدا پەیڕەوی لێبکرێت. گەر لای کانت ئەو سیستەمە تەنها سیستەمی تاکەکان بێت، ئەوە لای فیختە سیستەمی میللەتەکانیشە و چۆن  تاکەکان دەبێت پەیڕەوی لەوە بکەن کە لەناو عەقڵیاندا بە شێوەیەکی  پێشینە و خۆڕسک هەیە،دەبێت میللەتەکانیش  پەیڕەوی لەوە بکەن کە بە شێوەیەکی خۆڕسک لەناو عەقڵی کۆییاندا بوونی هەیە و پەیڕەوی لە هیچ شتێک نەکەن کە لە دەرەوەی خۆیانەوە بۆیان دێت. ئەو میللەتەی توانی تەنها پەیڕەوی لەوە بکات کە لەناو عەقڵی کۆیی خۆیدا هەیە ئەوە نەتەوەیە و ئەوەش نەیتوانی پەیڕەوی لێبکات و پەیڕەوی لەوە کرد کە لە دەرەوە هاتووەتە ناوییەوە ئەوە نەتەوە نییە. میللەتێک کاتێک دەبێت بە نەتەوە کە تاکەکانی تەنها پەیڕەوی لەوە نەکەن کە لەناو عەقڵی خۆیاندا وەک سیستەمێکی عەقڵی بوونی هەیە،واتە مەرجی بوونی میللەتێک بە نەتەوە ئەوەیە کە تاکەکانی پەیڕەوی لەو سیستەمە ئاکارییە بکەن کە لایبێنتز بە سیستەمی مەملەکەتی خوا ناوی دەبات و کانت ناوی دەنێت مەملەکەتی غایەتەکان»(.١٩٦ ـ١٩٧).

شایانی ئاماژە پێدانە
لە شوێنێکی پێشووتردا باسمان لە  فیختە و هەلومەرجی پێش پێشکەشکردنی وتارەکانی کرد. شایانی ئاماژە پێدانە کە فەیلەسووفی ناوبراو، بایەخێکی زۆری بە  پەروەردە و فێرکردن داوە و لەم رێگایەشەوە ویستوویەتی  عیشقی قوتابی بجوڵێنی بۆ جیهانی ئەقلی و گەران بەدوای خۆدا و رزگاربوون لە نامۆیی و خۆناسینی ئەڵمانەکان. ئاماژەیەکی دیکەش بریتییە لەوەی بەو نەتەوەیە دەوترێت، نەتەوە، ئەوەی، کپێڕەو لەوە بکات، کە لە عەقڵیدا هەیە. واتە مەبەست خۆ خوێندنەوە و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی و بەرژەوەندی باڵای نەتەوە و ڕەهەندەکانی تری کۆمەڵایەتی فەرهەنگی و سیاسیشە. نەتەوە نابێت بە نەتەوە، گەر بێت و لە دەرەوەی خۆیەوە، سیگنالی بزواندن و فەرمانی کارکردن و نەخشەی جموجوڵەکانی بۆ بێت. گەرەکە نەتەوە لەسەرپێی خۆی هەڵسا بێت و ڕەفتار بکات، نەک داگیرکراو و پاشکۆ و ملکەچی، فەرمانی دەرەکی بێت.
شەڕ و داگیرکارییەکانی ناپلیۆن و فەرنسا بۆ سەر ئەڵمان و زۆربەی ئەوروپا، نەک هەر بە سەرەتای وریابوونەوەی نەتەوەکانی ئەوروپا دادەنرێت، بەڵکو بە وەرچەرخانێکی مێژوویی هەستیار و گرنگ، لە مێژووی جیهانیشدا، دەدرێتە قەڵەم.
«لای فیختە هۆکاری ئەو داگیرکردنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەڵمانەکان دەستبەرداری ژیانی عەقڵی خۆیان و تێرکردنی  غەریزە عەقڵییەکانیان بوو بوون و سەرقاڵبووبوون بە ژیانی ماددی و تێرکردنی غەریزە سروشتییەکانیانەوە.»(١٩٧)

ئەم نامۆ بوونە
بنۆڕە، چۆن بەزەقی پەنجە لەسەر ئەو برینە دادەنێ، کە بریتییە لە دوورکەوتنەوەی ئەڵمانەکان، لە کولتورە عەقڵییەکە. ئەم نامۆ بوونە، چۆن بەرەو بندەستی کێشیان دەکات و زەلیل خۆ دەنوێنن.
«لای فیختە  بۆ ئەوەی گەلێک لە کۆیلایەتی و ملکەچبوون رزگاری ببێت،دەبێت ئیرادەی کۆیی خۆی لە حەز و ئارەزوو و بەرژەوەندییە دنیاییەکان پاک بکاتەوە و بکەوێتە ژێر ڕکێفی یاسا    عەقڵییەکانی  ئەو جیهانە عەقڵییە.دابڕانی ئیرادەی  نەتەوە لە جیهانی عەقڵیی وا دەکات ئەو نەتەوەیە(ئەوە بزر بکات کە شوناسەکەی و سەربەخۆییەکەی پێکدەهێنێت)»(١٩٧)
جیهانێک بۆ بەرژەوەندییە شەخسییەکان، و تێرکردنی حەز و ئارەزووە ڕواڵەتیەکان بێت، سا مرۆڤێ لە سایە و سێبەری ئاوها جیهانێکدا پەروەردە بێت،لاواز و شکست خواردووە و جڵەوی ئیرادەی بەدەست خۆیەوە نییە. بە پێچەوانەوە، گەر یەکێ لە جیهانێکی پڕ عەقڵ دا پەروەردە بێت، پتەو و نەبەزیو  دەردەچێ. هەر بۆیە  ئامانجەکانی فیختە،  پەروردەکردن بووە بە ئیرادەی باش، کە هەمان ئیرادەی چاکەیە. تاکێکیش بەم بژێوییە تەیار بکرێ،گومانی تێدا نییە،لە نەتەوەدا و بۆ نەتەوە، خزمەتگووزار  بە سوود و گرنگ دەبێت.
«پەروردە دەبێت بە چاندنی خۆشەویستی و مەیل بۆ جیهانی عەقڵی،رووی قوتابی لە بەرژەوەندییە دنیاییەکان وەرگێڕێت و بیخاتە سەر رێی دۆزینەوەی یاسا ئاکارییەکانی ناو خۆی و دامەزراندنی ئیرادەی چاک»(١٩٩)

لە رێگای پەروەردە و فێربوونەوە
باشترین دەرمانی چارەسەریی بۆ نەتەوەیەکی بندەست، تا رزگاری بێت لە بندەستی، لە دیدی فیختەوە لە رێگای پەروەردە و فێربوونەوە بە ئەنجام دەگات. بۆیەکا فیختە قسەی جددی خۆی لەم کایەدا، بە ڕوونی دەکات و مانا و بەهایەکی تایبەتی پێ دەبەخشێ، تا قوتابیان و نەوەی نوێ، بە ئارەزووەوە بچن بەرەو پیری ئەو داوا و پێویستییە.
«دەبێت پەروەردە  خۆشەویستی چاکە بەوەی کە چاکەیە،نەک وەسیلەی گەیشتنە بە خۆشگوزەرانی،لەناو تاکدا بچێنێت»(١٩٩)
جیهانی عەقڵی لە بوونە مومکینەکەیەوە بەرەو بوونێکی کردەیی هەنگاو دەنێت. فیختە  بە پەرۆشەوە قسە لەسەر پاراستنی ڕەسەنایەتی ئەڵمان دەکات. لێرەشدا ئاماژە بە  زمان و گرنگییەکانی دەدات. چاکە و چاکە کردنیش بۆ نەتەوە و بۆ مرۆڤ، گەوهەر و ستراتیژی چالاکییە مرۆڤدۆستییەکانە.
« نەتەوەی ئەڵمان لەناو جەرمەنەکاندا تاکە نەتەوەیەکە کە بۆ هیچ شتێک و لە هیچ بارودۆخێکی سەختدا دەستبەرداری سروشتی خۆی و ئەوە نەبووە کە عەقڵییە و بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە خۆی ساز بکات تا لە رێگەیەوە بەدی بێت و شێوەگیر ببێت».(٢٠٩)
د. عرفان ئاماژە بە بۆچوونێکی هێگڵ لەسەر ئەم حاڵەتە تایبەتمەندییەی نەتەوەی ئەڵمان دەدات و پێی وایە، پرسە فەلسەفییەکان لەناو ئەڵماندا نەمردوون، وەک ئەوەی لای نەتەوەکانی تری ئەوروپا  بار و بنەیان پێچاوەتەوە. هێگڵ تەنانەت پێی وایە، سروشت ئەم ئەرکەی بە ئەڵمان سپاردووە، کار لەسەر فەلسەفە بکات. فەلسەفەش بەو مانایەی ئەو دیاردەیەکی عەقڵییە و لە جیهانی عەقڵدا هەیە. 
نووسەر دواتر دەڵێ:» نەتەوەخوازی نەتەوەی کردووە بە ئایدیاڵ و خەونی خۆی، نەک مەملەکەتی غایەتەکان». لای فیختە دەوڵەت دادوەری دەکات و ئاسایشی ناوخۆ دەپارێزێ. بە واتایەکی دیکە، دەوڵەت پێگە و مانایەکی هێندە جێی بایەخی لای فیختە نییە. فیختە دەوڵەت بە دیاردەیەکی دنیایی دادەنێ، لێ نەتەوەی لا بوونێکی عەقڵییە. ئەمەش لەوەوەیە، هەردەم سنووری سیاسی دەوڵەت هاوئاهەنگ و هارمۆنی نییە لەگەڵ بوونی نەتەوەدا. بۆ نموونە ئەڵمان لە دەوڵەتانی ئەڵمانیا و ئاوستریا/ نەمسا و سویسرا دا دەژین، لە نێو سنووری سیاسی ئەم دەوڵەتانەدا.بەس هیج لایەک لەمانە لە ئەڵمانیبوونی خۆیان نەکەوتوون و ناکەون. ئەمەش دوا تێزی قسەکردنی فیختەیە لەسەر ئەم خاڵە: 
«فیختە لە رووی ئەنتۆلۆجییەوە نەتەوە جیادەکاتەوە لە دەوڵەت و باس لەوە دەکات کە نەتەوە بوونێکی عەقڵی هەیە و سەر بە جیهانی سەروو هەستەکی مرۆڤە،بەڵام دەوڵەت بوونێکی مادیی و هەستەکی هەیە و سەر بە جیهانە ماددی و هەستەکییەکەی مرۆڤە».(٢١١)
کەواتە سنووری دەوڵەت چ مەرجێک لەسەر نەتەوەبوون دروست ناکات. کوردێکی باکووری کوردستان، خۆی بە هاوچارەنووسی کوردێکی باشوور و رۆژهەڵاتییەک بە  هی رۆژئاواییەک دەزانێ، ئەگەرچی کورد لە ئێستادا لە نێو سنووری سیاسی چوار دەوڵەتی جیاوازدا بە داگیرکراوی دەژی. ئەم بۆچوون و قسەیەش بۆ عەرەب هەمان شتە، کە ئیمڕۆ لە نێزیکی ٢٠ دەوڵەتی جیاوازدا دەژین. کەواتە هێڵێکی سوور، کە نەخشەی سیاسی دەوڵەتێک دیاری دەکات، ناتوانێ بێتە کەوشەن و لەمپەر لەبەردەم جیهانە کولتوورییەکە و ناسنامەی نەتەوەیەکی خەمڵیودا. یاخود هەستی خۆ بە بەشێک دانان، کوردبوون، ئەڵمان بوون...هتد،بە سنووری سیاسی ڕێگری لێ ناکرێ.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP